پرس و راوێژ لەسەر نوێژ گێڕانەوە.؟


11- پرس و راوێژ  لەسەر نوێژ گێڕانەوە.؟


نووسین و وەڵامدانەوەی شێخ ئەحمەد کاکە مەحموود


وەڵام/
1- ئەگەر ژنێکى زەیسان، یان خاوەن حەیز، بەر لە بانگى بەیانى پاکەوە بوو، دەبێ نوێژەکانى شێوان و خەوتنانیش بکاتەوە.
2- ئەگەر ژنێک بەر لە مەغریب پاکەوە بوو، دەبێ نوێژەکانى (نیوەڕۆ)و (عەسر)یش بکاتەوە.
3- ئەگەر ژنێک بە هۆى ئێش و ئازارى منداڵبوونەوە، رۆژێ دوو رۆژ بێ تواناو بێ ئاگابوو لە نوێژەکانى و خوێنیشى نەبوو، دەبێ قەزاى نوێژەکانى بکاتەوە، چونکە ئەو حاڵەتە نابێتە هۆکار بۆ نوێژ نەکردن، ئەمە لە لایەکەوە، لە لایەکى ترەوە، ئەو چەند رۆژە خوێنى نەبووە، تا بە زەیسان دابنرێ.
4- ئەگەر ژنێک کات ژمێر (1)ى پاش نیوەڕۆ کەوتە بێ نوێژییەوەو، هێمان نوێژى نیوەڕۆى نەکردبوو، ئایا هەقە نوێژەکەى نیوەڕۆى بکاتەوە؟ بەڵێ پێویستە نوێژەکەى بکاتەوە.

12- پرس و راوێژ لەسەر نوێژ گێڕانەوە بە قەزا.؟

وەڵام/
1- هەر نوێژێک لە کاتى خۆیدا نەکرا، پێویستە بە شێوەى تەرتیب (واتە: یەک لە دواى یەک) قەزا بکرێتەوە، بۆ نموونە: بەیانى، نیوەڕۆ، ئینجا عەسر..تاد.
2- ئەو کەسەى لە دواى هەڵاتنى خۆرەوە نوێژى بەیانى دەکات، (شێخ بن باز) دەڵێ: ئەگەر بە دەست ئەنقەست و تەمەڵى بێت، بەلاى تەواوى زانایانەوە پێى کافر دەبێ، بۆیە حەرام و قەدەغەیە کە موسڵمان لە کاتى خۆیدا شەو نەخەوێ، تابتوانێ بە رێک و پێکى لە کاتى خۆیدا نوێژەکانى بکات.
3- (شێخ بن باز) دەڵێ: هەر کەسێک دەست ئەنقەست نوێژ تەرک بکات، ناتوانێ قەزاى بکاتەوە، بەڵکو دەبێ تەوبە بکات و پەشیمان ببێتەوەو بریار بدات جارێکى تر کارى وانەکات.. خۆ ئەگەر نوێژێکى لە بیر چوو، یان لەبەر نەخۆشى بۆى نەکرا، یان لە خەو خەبەرى نەبووەوە.. دەبێ ئەوانە قەزا بکاتەوە.
4- ئەگەر ژنێک لە حەیز پاکەوە بوو و هێمان کاتیش ئەوەندەى مابوو خۆى بشۆرێ و نوێژەکەى بکات، کەچى نەیکرد، دەبێ ئەو نوێژە بە پەلە بکاتەوە.


والله أعلم

ئەحمەد كاكە مەحموود


بەروار2020/04/02سەردان 2236