پرس و راوێژ لەسەر ژنان و نوێژکردن.؟


10- پرس و راوێژ  لەسەر ژنان و نوێژکردن.؟


نووسین و وەڵامدانەوەی شێخ ئەحمەد کاکە مەحموود


وەڵام/
1- (شێخ بن باز) دەڵێ: هیچ جیاوازییەک لە نێوان نوێژی ژن و پیاودا نییە، وە ئەو جیاوازییەش کە هەندێ لەزاناکان باسی دەکەن، هیچ بەڵگەیەکی لەسەر نییە، وەئەو فەرموودەیەی: ((.. وصلوا كما رأيتموني أصلي...)). (صحيح البخاري، كتاب الأدب، حديث : ‏5668) گشتگیرەو ژن و پیاو تێیدا یەکسانە، سوننەت ئەوەیە ژنان وەکو پیاوان نوێژ بکەن، وە لە رکوع و سوژدەو خوێندندا وەکو یەکن.
2- ئەگەر نوێژی کردو هەندێ لە (عەورەت)ی بەدەرەوە بوو، وەکو لاق و پێى و سەرو..تاد، ئەو نوێژەی نادرووستە.
3 - ژنان دەبێ لە نوێژدا تەواوی جەستەیان داپۆشن، دەمو چاوو دەستییان نەبێ، خۆ ئەگەر پیاوێکی نامەحرەم لەوێ ئامادەبوو، دەبێ ئەوانیش داپۆشرێن.
4- لەو جێگانەدا سوننەتە دەنگ بەرز کردنەوە لە نوێژدا بۆ پیاوان – بەسوننەت و فەرزەوە – بۆ ژنانیش سوننەتە، مەگەر نامەحرەم لەوێ بێ و بەدەنگەکەی لەخشتە بچێت، یان مەگەر سەر لە خەڵکی تر تێک بچێت بەهۆی دەنگ بەرزکردنەوەی ئەو.
5- لەبەر کردنی ئەو جل و بەرگەی وێنەو خاچی پێوەیە حەرامە، ئەگەر بەو جل و بەرگەوە نوێژ کرا، نوێژەکە دروستە، بەڵام گوناهبار دەبێ.
6- ئەگەر لە نوێژدا (پژمى).. دەتوانێ بە هێواش و نهێنى لەدڵا (الحمد للە) بکات.
7- ئاماژە لەنوێژدا.. تۆ لە نوێژدایت، کەسێک پرسیارێکت لێ دەکات، تۆش بەسەر، یان بەدەست ئاماژەى بۆ دەکەیت و بەوە تێیدەگەیەنیت، قەیدی نییە.
8- (شێخ بن باز) دەڵێ: جموجووڵى زۆر، نوێژ بەتاڵ دەکاتەوە، بۆیە ئەگەر کەسێک وایزانى زۆر جووڵاوەتەوە، دەبێ نوێژەکەى بکاتەوە.. بەڵام دیارییکردنى جموجووڵ بە سێ جار بۆ بەتاڵکردنەوەی نوێژ، قسەیەکى لاوازەو بەڵگەیەکی لەسەر نییە.
9- پێویستە لەو جێگانەدا – لەکاتی نوێژدا بەتایبەت – دوورەوە کەوین کە دڵمان رادەکێشێ و سەرقاڵمان دەکات لە نوێژەکە، بۆیە دەبێ هەر جێگایەک وێنەى تیا هەڵواسرابێ، یان شتێکى سەرنج راکێشەرى تێدا بێت، دەبێ لێى دوورکەوینەوە.
10- لەکاتی سوژدەدا، سوننەتە (ژن و پیاو)، هەردوو ئانیشکیان لە زەوى بەرز بکەنەوەو هێز بخەنە سەر هەردوو لەپى دەستیان.
11- ئەگەر کەسێک لە نوێژدا خوێنى (لووت)ى بەربوو.. ئەگەر خوێنەکە کەمبوو، دەتوانێ بە شتێک بیسڕێ و بەردەوام بێت لەسەر نوێژەکەى، خۆ ئەگەر زۆر بوو، دەبێ نوێژەکەى ببڕێ و خۆى خاوێن و پاک بکاتەوە، پاشان لە سەرەتاوە تێهەڵچێتەوە.
12- ئەگەر کەسێک لە نوێژدا بوو و زەنگى دەرگا لێدرا، ئەوە ئەگەر ئەو نوێژە، نوێژى سوننەت بوو، دەتوانێ بیبڕێ و بچێ بزانێ کێیە، خۆ ئەگەر نوێژى فەرزبوو، نابێ پەلە بکات، مەگەر زۆر زەروورو و پێویست بێت، واتە: ئەگەر بەدەمیەوە نەچێت، کارەکەى لە دەست بچێت، خۆ ئەگەر بەچەپڵەو (تەصفیق) ئاگادار دەبوو، قەیدى نییە، ئەگەرچى نوێژ خوێنەکە ژنیش بێت.
13- ئەگەر ژنێکى دووگیان تووشى میزە چرکێ هات، پێویستە بۆ هەموو نوێژێک (وەکو خاوەن ئیستیحازە) دەستنوێژ بگرێ و، بە (لۆکە) توند خۆى شەتەک بداو نوێژەکانى بکات.
14- ئەگەر لە دەشت و چۆڵایەکا بوو، نەیدەزانى (ڕووگە) لە کوێوەیە، ئینجا پاش هەوڵێکى زۆر بۆ دۆزینەوەى، (جیهەت)ێکى هەڵبژارد بۆ رووگەو رووى تێکرد، جا بۆ دوایى دەرکەوت قیبلە نەبووە، ئەوە نوێژەکەى دروستەو قەزاى ناوێ، خۆ ئەگەر لە ماڵەوە بوو، دەبێ قەزاى بکاتەوە.
15- دزى نوێژ لە هەموو دزێک خراپترە، دزى نوێژ ئەو کەسەیە کە مافى نوێژ نەپارێزێ، واتە: ئەندازەى مانەوەى نێوان رکووع و سوژدەو.. تاد. رەچاو نەکات، لە بەر ئەوە پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێ: ((أسوأ الناس سرقة الذي يسرق من صلاته، قالوا: يارسول الله كيف يسرق من صلاته ؟ قال: لايتم ركوعها ولا سجودها)). (رواه أحمد. قال شعيب الأرنؤوط: حديث صحيح/ 22695).
16- ئەگەر لە نوێژدا (باویشک)ی بۆهات، دەبێ هەوڵبدا نەهێڵێ، چونکە شەیتان لەوێوە خۆى دەکاتە ژوورەوە، مەبەست ئەوەیە لەو کاتەدا دەست بگرە بە دەمتەوەو مەهێڵە بێت، ئەوەیە کە پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێ:(( إذا تثائب أحدكم في الصلاة، فليكظم مااستطاع فإن الشيطان يدخل)). (صحيح، صححه الالباني في صحيح الجامع: 427).
17- ئەگەر لە ناو فڕۆکەدا بووو جل و بەرگەکەى نوێژى نەبوو، ترسی ئەوەشى هەبوو تا دەگاتە جێ و خۆى خاوێن دەکات، کاتى نوێژەکە لە دەست دەچوو، لە حاڵەتى وادا دەتوانێ بەو جل و بەرگەوە نوێژ بکات.
18- ئەگەر لەناو فڕۆکەدا بوو و کاتى نوێژ هات و، فڕۆکە هەر لە رۆیشتندا بوو، لەوانەشبوو بەر لە نیشتنەوەى فڕۆکەکە نوێژەکەى لە کیس بچێت، دەبێ چەندە بۆى دەکرێ، ڕووى بکاتە رووگەو نوێژەکەى بکات.
19- ئەگەر دەیزانى بەر لە رۆیشتنى کاتى نوێژەکەى، فڕۆکەکە لە جێگایەک دەنیشێتەوەو دەتوانێ نوێژەکەى بکات، یان ئەو نوێژە لەگەڵ نوێژى تردا کۆ دەکرێتەوە، (وەکو نیوەڕۆ لەگەڵ عەسر، مەغریب لەگەڵ عیشا)و فریاى کردنیان دەکەوت بەر لە نەمانى کاتى نوێژى دووەم، ئەوە وەکو زانایان دەڵێن، لە ناو فڕۆکەکەدا چۆن بۆى دەلوێ بیکات.
20- ژنان لە کاتى نوێژدا دەتوانن، منداڵ بە کۆڵ، یان بە باوش هەڵبگرن، بەمەرجێ:
- پاک و خاوێن بێت.
– پێویست بە هەڵگرتن بکات، واتە: ئەگەر هەڵ نەگیردرێ، بیکاتە هەراو کێشەو نوێژەکەى لێ تێک بدات.
21- (شێخ ئیبن عثيمين) دەڵێ: ئەگەر ژنێک مێردەکەى نوێژ نەکەربوو، دروست نییە لە لاى بمێنێتەوە (ئەگەرچى منداڵیشى لێى ببێ)، وە نابێ ڕێ بدات سەرجێیى لەگەڵ بکات، چونکە نوێژ نەکەر – بە پێى راو بۆچوونى هەندێ لە هاوەڵان و پاشینان- بەکافر دادەنرێت.
22- ئەگەر ژنێک لە (حەرەم)ى کابەدا خەریکى نوێژ بوو و منداڵەکەى دیار نەما، ئایا دەتوانێ نوێژەکەى ببڕێ و بە دوایدا بچێت؟ بەڵێ هەقە بەر لەوە دەست بکات بە نوێژ، هەوڵبدات منداڵەکەى دامرکێنێ، بۆ ئەوە ون نەبێ، جا ئەگەر پاش ئەو هەوڵانە ونبوو، دەتوانێ نوێژەکەى ببڕێ و دواى بکەوێ.
23- لە کاتى نوێژى نیوەڕۆدا خوێندکارێک دەچێتە ژوورى تاقییکردنەوەوە، تاقییکردنەوەکەشیان دوو کات ژمێر دەخایینێ، دەبێ چى بکات لە بارەى نوێژەکانیەوە؟ ئەگەر دەرفەت هەبوو لەو ماوەیەدا نوێژەکەى بکات، هەوڵبدات بیکات، ئەگینە لەگەڵ عەسر کۆى بکاتەوە.
24- ئەگەر ژنێکى نەخۆش بیەوێ نوێژ بکات، لە کاتى سوژدەدا پێویست دەکات پشتییەک یان هەر شتێکى دى لە بەردەمیا دابنێ و سوژدەى لەسەر ببات؟ نەخێر نابێ شتى وا بکات، چونکە کارى وا لە سوننەتدا نەهاتووە، بەڵکو بە (کەراهەت)ـەوە نزیکە، بەڵکو هەر ئەوەند پێویستە کە لە کاتى سوژدەدا پتر لە رکووع بچەمێتەوە.
25- دواخستنى نوێژ بە هۆى نەخۆشییەوە دروست نییە، بەڵکو هەرکات نوێژ بوو، دەبێ چۆن دەتوانێ خێرا بیکات، بە راوەستانەوە، بە دانیشتنەوە، لەسەر تەنیشت، لەسەر پشت، سەرەڕاى ئەمەیش دەتوانێ نیوەڕۆ و عەسر، شێوان و خەوتنان، پێکەوە بە (جمع التأخیر) یان بە (جمع التقدیم) بکات.
26- ئەگەر ژنێک کاتێ لە خەو هەستا، خۆر کەوتبوو، ئایا دەتوانێ پێش نوێژە فەرزەکە سوننەتەکەى بەیانى بکات.؟ بەڵێ هەرکەسێک بە خەبەر نەیەت، دواى خۆرهەڵاتن نەبێ، دەتوانێ لە پێشەوە سوننەتەکەى پێش بەیانى بکات، ئینجا فەرزەکە بکات.
27- ئایا پیاو دەتوانێ ڕێ لە ژنەکەى بگرێ بچێت بۆ مزگەوت.؟ ئەگەر بە شێوەى شەرعیى خۆى داپۆشێ، بۆى نییە رێى لێ بگرێ.
28- ئایا ژنى حەیزدار دەتوانێ بچێتە ناومزگەوتەوە.؟ وەڵام: هەر جێگایەک ئامادەکرابێ بۆ نوێژ، ژنى زەیسان و حەیزدار بۆیان نییە بچنە ناویى و تێیدا بمێننەوە، بەڵام بە شێوەى تێپەڕبوون قەیدى نییە.
29- چاو نووقاندن لە نوێژدا (مەکرووهە)، بەڵکو خووو باوى ئاگر پەرستەکانە، یان خووى یەهوودە، بۆیە بێ هیچ هۆکارێک نابێ.
30- لاکردنەوە لە نوێژدا – بەلاى راستدا، یان بەلاى چەپدا – بەبى هۆکارى پەسەند، مەکرووهەو هەقە نەکرێ.
31- ئەو چرکانەى لە نوێژدا پەیدا دەبن و لە چرکەى میز دەچن، تا یەقینمان نەبێ میزە، نە دەستنوێژ هەڵدەوەشێنێتەوە، نە نوێژ بەتاڵ دەبێتەوە.
32- ئەگەر کەسێک لە نوێژەکەیدا کەوتە گومانەوە: ئاخۆ سوورەتى (فاتحە)ى خوێندووە؟ ئەو دوودڵیى و گومانە هیچ کاریگەرى بۆ نوێژەکە نابێ و قەیناکات، خۆ ئەگەر دووبارەى کردەوە، سوژدەى سەهووى ناوێ.
33- ژنێک رۆژێک یان دوو رۆژ بەر لە منداڵبوون، خوێنى بە خۆیەوە دیت، ئەوە حسابى زەیسانى بۆ دەکرێ و نابێ نوێژ کات، خۆ ئەگەر ئێش و ئازارى هەبوو و خوێنى نەبوو، ئەوە دەبێ نوێژ کات.
34- ئەو هەوایە لە (فەرج)ى ژنانەوە دەردەچێ، ئەگەرچى دەنگیشى لێوە بێت دەستنوێژ ناشکێنى.
35- ئەو تەڕاییە - پاش دەستنوێژ - لە فەرجى ژنانەوە دەردەچێ، رێ لە قورئان خوێندن و نوێژە فەرزو سوننەتەکان ناگرێ.
36- نوێژ کردن بە نیقابەوە مەکرووهە، چونکە پێویستە بە رووتى تەوێل و لووت بخرێتە زەویى.
37- ئەگەر ژنێک بە هۆى رۆیشتنى بۆ نوێژى تەراویح، هەندێ لە ئیش و کارەکانى ماڵەوەى بۆ نەدەکرا، هەقە لە کاتى ئاوادا نەچێ، چونکە ئیش و کارى ماڵەوە (واجب)ـە، بەڵام رۆیشتن بۆ مزگەوت (مباح)و رێ پێدراوە، خۆ دیارە لەبەر کارى موباح، دەست لە واجب هەڵناگیردرێ.
38- ئەگەر ژنیک لە کاتى سوژدە بردندا قژى بەردابوویەوەو، بەرى سوژدەکەى لێگرت..ئەوە ئەگەر لەکاتى سوژدەدا تەوێڵى رووت بێت باشترە.
39- ئەگەر ژنێک لە نوێژدا ئاوێکى سپیى لە فەرجیەوە هاتە دەر، بێگومان ئەو ئاوە پیسە، واتە: دەبێ دەستنوێژ بگرێتەوەو بەر هەر جێگایەکیشى کەوتبێ، دەبێ بیشۆرێت.


والله أعلم

ئەحمەد كاكە مەحموود



بەروار2020/04/02سەردان 1103