پرس و راوێژ لەسەر ئەحكامی ژنانی زەیسان.؟


8- پرس و راوێژ  لەسەر ئەحکامى ژنانى زەیسان.؟


نووسین و وەڵامدانەوەی شێخ ئەحمەد کاکە مەحموود


وەڵام/
خوێنى زەیسانى، خوێنەکە لە منداڵدان بەر دەبێتەوە بەهۆى منداڵبوونەوە، جا لەگەڵ منداڵەکە بێت، یان دواى ئەو، یان دوو سێ رۆژ بەر لە دایکبوون.
1- ژنانى زەیسان سێ حاڵەتیان هەیە:
- پاش چل رۆژ بە یەکجارەکى وشک دەبێ و ناگەرێتەوە، جا هەرکە خوێنەکە وشک بوو ژنەکە دەچێ خۆى دەشۆرێ و نوێژ دەکات.
- بەر لە تەواوبوونى چل رۆژەکە وشک دەبێ، پاشان پێش تەواو بوونى چل رۆژەکە پەیدا دەبێتەوە.. لە حاڵەتى ئاوادا هەرکە وشک بوو و نەما، خۆى دەشۆرێ و نوێژو خواپەرستى خۆى دەکا، خۆ ئەگەر سەرى هەڵدایەوە، دەبێتە (نیفاس) و زەیسانیى و دەست لە نوێژو رۆژووى هەڵدەگرێ.
- تا چل رۆژ تەواو دەکات بەردەوام خوێنى هەیە.. لەم حاڵەتەدا واز لە نوێژو جۆرە خواپەرستییەکانى تر دەهێنێ، جا کۆتایى هات و پاکەوە بوو و دەست دەکاتەوە بە نوێژو رۆژووى خۆى.
* چل رۆژ تێدەپەڕێ.. ئەمەیش دوو حاڵەتى هەیە:
أ- ئەگەر لەگەڵ  کاتى حەیزیدا یەکیان گرت، ئەوە حەیزە.
ب- ئەگەر لەگەڵ  کاتى حەیزیدا یەکیان نەگرت، ئەوە پاش چل رۆژ خۆى دەشۆرێ و نوێژو رۆژوو ئەنجام دەدات.
2- دوو رۆژ، یان سێ رۆژ بەر لە دایکبوونى منداڵەکە خوێنى دیت.. ئەوە زەیسانییەو دەست لە نوێژو رۆژوو هەڵدەگرێت.
3- ئەگەر (ژانى) لەگەڵ نەبوو، ئەو خوێنە بەخوێنى (فاسید) دادەنرێ و ژنەکەش دەبێ نوێژو رۆژووى خۆى ئەنجام بدات.
4- ژنى زەیسان هەرکە خوێنى نەما دەبێ خۆى بشۆرێت.
5- ژنێک بەنەشتەرگەرى منداڵیان لێ دەرهێنا، پاشان خوێنى هەبوو، ئەوە بە زەیسان دادەنرێ، خۆئەگەر خوێنى نەبوو نوێژو رۆژووى خۆى دەگرێ.
6- ژنێک کۆرپەلەیەکى خست.. ئەگەر دەست و پێ و ئەندامەکانى ترى جودا ببوونەوە، دیارە هەر خوێنێک بێتە دەر بەخوێنى (نیفاس) دادەنرێ، ئەگەر وا نەبوو بەخوێنى (نیفاس) دا نانرێ و دەبێ بۆ هەموو نوێژێک دەستنوێژ بگرێ و خۆى ببەستێ و نوێژو رۆژوو بگرێ، ئەو رۆژانە نەبێ لەگەڵ سورى مانگانەیدا یەک دەگرنەوە.
7- کۆرپەلە تەمەنى گەیشتە (90) رۆژ، زیاتر وایە لەو تەمەنەدا گیانى بە بەردا دەکرێ.
8- ئەگەر ژنێک پارچە گۆشتێک، یان پارەیەکى لێ داکەوت، واتە: نیشانەى دروستبوونى مرۆڤى تێدا دیار نەبوو خوێنیشى هەبوو، ئەو خوێنە بە خوێنى (فاسید) دادەنرێت و دەبێ بۆ هەموو نوێژێک دەستنوێژ بگرێتەوەو خۆى شەتەک بدا، تا خوێنەکە نەیەتە دەرو پیسى بکات.
9- ئایا ژن لە کاتى زەیسانیدا تەڵاق دەدرێ.. زاناکان دەڵێن: وەکو ژنى حەیزدار وایە. واتە: تەڵاقەکەى (بدعیە)و هەندێ لە زانایانیش دەڵێن: تەڵاقى ناکەوێ، ئەگەرچى جەماوەرى زانایان دەیخەن.
10- (شێخ بن باز) دەڵێ: سنوورێک نییە بۆلاى خوارووى پاکبوونەوەى ژنان، کەوابوو ئەگەر دواى (10) رۆژ لە منداڵ بوون، یان کەمتر یان زیاتر، پاکەوە بوو، دەبێ خۆ بشۆرێ و خواپەرستیى خۆى بکات.
11- بەر لە چل رۆژ، لە زەیسانى پاکەوە بوو، پاشان خوێن هاتەوەو ئەویش بە رۆژوو بوو.. دەبێ لەو رۆژانەدا خوێنەکە پەیدا بۆتەوە، دەست لە نوێژ و رۆژوو هەڵگرێت، چونکە بە خوێنى نیفاس دادەنرێت، تا پاک دەبێتەوە، یان چل رۆژەکە تەواو دەبێ.
12- ئایا ژنى زەیسان دەتوانێ قورئان بخوێنێ..؟ قسەى راست ئەوەیە کە دەتوانێ، تا لە پاداشى گەورەیى قورئان خوێندن و بەجێهێنانى ئەحکامەکانى ترى ئیسلام بێ بەش نەبێ.
13- ئەو خوێنە لێڵ و زەردە لەماوەى زەیسانیدا بە درێژایى چل رۆژ دێتەدەر بە نیفاس دادەنرێ، وە پاش چل رۆژیش ئەگەر بە خوێنێکى ئاسایى دادەنراو بەیناو بەین نەدەبڕا، هەر خوێنى زەیسانیە، ئەگینە خوێنى (ئیستیحازە)یە.
14- ژنێک پاش دە رۆژ لە پاکبوونەوەى لە زەیسانى چەند دڵۆپێ خوێنى دیت، ئەگەر ئەو رۆژانە هاوکات نەبوون لەگەڵ سوڕى مانگانەدا، خوێنەکە بە (فاسید) دادەنرێ. واتە: دەبێ درێژە بە نوێژو رۆژووى خۆى بدات، ئەگەر لەو رۆژانەشدا دەستى لە نوێژ هەڵگرتبێت، دەبێ قەزاى بکاتەوە.
15- دواى چل رۆژ لە منداڵبوون خوێنەکەى گۆڕا، ئایا نوێژو رۆژوو بگرێ..؟ بەڵێ ژنى زەیسان ئەگەر لە سەرووى چل رۆژەوە خوێنى دیت و نەگۆڕا بوو، جا ئەگەر هاوکات بوو لەگەڵ ماوەى سووڕانەوەى خوێنیدا، بە حەیز دادەنرێ، خۆ ئەگەر هاوکات نەبوو لەگەڵیا، دەبێ خۆى بشۆرێ و نوێژ بکاو رۆژوو بگرێ.


والله أعلم

ئەحمەد كاكە مەحموود



بەروار2020/04/01سەردان 655