پرس و راوێژ لەسەر ژنان و سكبوون.؟


7- پرس و راوێژ  لەسەر ژنان و سکبوون.؟

نووسین و وەڵامدانەوەی شێخ ئەحمەد کاکە مەحموود


وەڵام/
1- ئەو خوێنەى بەهەر هۆیەکەوە لە ژنى دووگیان پەیدا ببێ، بۆ نموونە: دەکەوێتە خوارەوە لە شوێنێک، بە حەیز دانانرێت، واتە: پاکەو نوێژو رۆژو ئەنجام دەدات.
2- یەکێ لەزاناکان دەڵێ: حیکمەت لە خوێنى حەیزدا ئەوەیە کاتێ سک دەبێ منداڵەکە بەو خوێنە نەش و نماو گەشە دەکاو زرۆبەى ژنان خوێنیان نامێنێ.
3- ژنى دووگیان ناکەوێتە حەیزەوە.
4- ئەگەر خوێنى بەربوو پێویستە بەئەندازەى سووڕى خوێنى خۆى دەست لەنوێژو رۆژوو هەڵبگرێت، ئەوسا خۆى بشۆرێت و دەست بکاتەوە بە نوێژو رۆژووەکەى.
5- شێوەى جێبەجێکردنى نوێژەکەى: (فەرج)ى پاک دەشۆرێ و پارچەیە لۆکە دەخاتە سەریى و شەتەکى دەدات.
6- ئەو ژنەى تووشى بەربوونى خوێن (نەزیف) دەبێ، دەتوانێ نوێژى نیوەرۆ لەگەڵ عەسر، یان عەسر لەگەڵ نیوەرۆ بکات، نوێژەکانى شێوان و خەوتنانیش هەروا.
7- دەرهێنانى منداڵدان ئەگەر زەروورەتێک هەبوو بۆ دەرهێنانى قەیدى نییە، ئەگینا واجبە کارى وا نەکرێت، واتە: (حەرامە بەبێ هۆ دەرهێنانی).
8- بەستنى دەرگاى منداڵدان.. لەکاتى زەروورەت و پێویستدا وەکو تووش بوونى ژنەکە بەنەخۆشیى: شەکرە، پاڵەپەستۆى خوێن، قەیدى نییە، چونکە منداڵ نائاسایى دەبێ.
9- بەکارهێنانى دەرمان بۆ راگرتنى منداڵبوون.. لەکاتى زەروورەت بەشێوەیەکى کاتى قەیدى نیە.
10- رێکخستنى شێوەى منداڵبوون (تنظيم الحمل).. هیچ قەیدێکى نیە، بەتایبەتى ساڵى یەکەم و دووەمى شیردان بە منداڵ، بۆ ئەوەى دووبارە سکى نەبێتەوە تا ئەم لە شیر دەبرێتەوە.
11- متووربە کردنى ژن (التلقيح الصناعى).. (ئیبن باز) دەڵێ: من خۆم رێگە نادەم و ئامۆژگارییان دەکەم بەکارى نەهێنن، بەڵام هەندێ لە زانایانى هاوچەرخ لەگەڵ ریعایەتى یاساو رێساى ئیسلام رێگە دەدەن.
12- منداڵ لە باربردن (الإجهاض).. لەباربردنى منداڵ – ئەگەر لە زیناش بێت – دروست نییەو منداڵەکەش دەدرێ بەو کەسە لەگەڵى جووتبووە.
13- لەباربردنى کۆرپەلەى کەمئەندام و ناتەواو (المعوق).. لیژنەى فەتواى هەمیشەیى لە (سعوودیە) دەڵێن: رێ بە لەباربردنى ئەو کۆرپەلە ناتەواوە نادرێت، ئەگەرچى پزیشکیش بڵێ چەند رۆژێکى تر لە سکیا دەمرێت، یان بە (معوق)ى لەدایک دەبێ، چونکە کوشتنى هیچ (نەفس)ێک بە ناهەق حەڵاڵ نەکراوە.
14- دانانى سنوورێک بۆ منداڵ بوون (دوان، سییان، چوار..) بێ هۆیەکى شەرعیى و پەسەند، وەکو ئەوە دایک نەخۆش بێت، یان منداڵى زۆریان هەبێت – دروست نییە، بەڵام لەو حاڵەتەدا دەتوانێ دەرمان بەکار بهێنێ بۆ ماوەیەک رایگرێ، واتە: بۆ هەتا هەتایى رێ نەدراوە بۆ راگرتنى.
15- منداڵى ناو شوشە (طفل الأنابيب) زاناکان رێیان لێگرتووە، چونکە (عەورەت)ى تێدا دەردەکەوێ و، دەست بە (عەورەت)ەوە دەدرێت.
16- ئەگەر ژنێک دووگیان بێت لە (زینا)، ئایا دەتوانرێ مارە بکرێت بۆ پیاوێکى تر؟ بێگومان نیکاحى وا دا نامەزرێت، چونکە لە فەرموودەدا هاتووە: ((لا توطأ حامل حتى تضع)). (صحيح، صححه الألباني في سنن أبي داوود 2157).
17- ئایا ژنى دووگیان سەرجێیى لەگەڵ دەکرێ..؟ بەڵێ ئەگەر (حەمل)ـەکە تووشى زیان نەبێت.
18- ژنى دوو گیان تەڵاقى دەکەوێ..؟ بەڵێ لەو ماوەیەشدا دەبێ نەفەقەى ژنەکە بدات تا سکەکەى دا دەنێت.
19- لاى کەمى ماوەى منداڵ لە سکدا (6) مانگە.
20- ئایا لەبەر دەست کورتى دەکرێ ڕێ لە منداڵ بوون بگیردرێ..؟ نەخێر، چونکە رزق و رۆزیى هەمووان لەسەر خودایە.
21- ژنێک بێ خوێن منداڵى بوو، ئاخۆ دروستە نوێژەکانى بکاو مێردەکەى سەرجێیى لەگەڵ بکا.؟ بەڵێ ئەگەر ژنێک بێ خوێن منداڵى بوو، دەبێ خۆى بشۆرێ و نوێژ بکاو رۆژوو بگرێت، مێردەکەشى دەتوانێ سەرجێیى لەگەڵ بکات.
22- ئەگەر پاش تەڵاقدانى ژنەکەى (بە یەک تەڵاق) دەرکەوت دووگیان بووە.. ئایا مێردەکەى دەتوانێ بیگێرێتەوە لاى خۆى؟ بەڵێ بەر لەدانانى سکەکەى دەتوانێ، ژنەکە رازیى بێت یان رازى نەبێت، بەڵام پاش دانانى سکەکەى بۆى نییە بیگێرێتەوە، مەگەر بە نیکاحێکى تازەو مارەیى و ئامادەبوونى (وەلیى)و شایەت.
23- ئەگەر ژنێکى دووگیان کۆرپەلەیەکى واى لەبارچوو بەرەو دروستبوون و دەرکەوتنى ئەندامەکانى دەچوو، ئەوا بە زەیسان دادەنرێت، خۆ ئەگەر نیشانەى دروست بوون (تخلق)ى لێ دەرنەکەوتبوو خوێنى هەبوو بە (موستەحازە) دادەنرێت.
24- ژنێکى دووگیان زۆر نارەحەت و قەڵسە بە سکەکەى ئاخۆ دەتوانێ لە بارى ببات؟ بەڵێ لە تەمەنى چل رۆژى سکەکەیدا دەتوانێ، هەروەها پاش ئەوەیش ئەگەر پزیشکەکان بڵێن بە مانەوەى ئەو کەسە دایکەکەى تیا دەچێ، یان زیان بە جەستەى دەگەیەنێت.
25- بۆ لە ناوبردنى سکێکى تەمەن چوار مانگ، دەبێ کۆیلەیەک ئازاد بکات، ئەنجا ئەگەر دەست نەکەوت، دوو مانگ بەدواى یەکەوە رۆژوو فەرز کراوە.
26- ژنێکى دووگیان بۆ ماوەى یەک مانگ ئاوێک لە (فەرج)یەوە دێت.. ئەو ئاوە پاکە، واتە: جل و بەرگ و جەستە پیس ناکات، بەڵام دەستنوێژ دەشکێنێ.
27- ژنێک لە تەمەنى مانگ و نیوێکى سکیدا کورپەلەیەکى خست، پاشان پزیشک دەستکارى کردو منداڵدانى بۆ شۆرى، ئینجا بۆ ماوەى (11) رۆژ خوێن هات، ئەمیش لەو ماوەیەدا دەستى لە نوێژەکانى هەڵگرت، ئایا چى بکات..؟ پێویستە هەموو نوێژەکانى قەزا بکاتەوە، چونکە زاناکان ئەو خوێنە بە خوێنى (نەزیف) دادەنێن، وە دەڵێن: ئەگەر تەمەنى ئەو کۆرپەلەیە لە (81) رۆژ کەمتر بوو، ئەوا هەر خوێنێک پاش ئەو بێت خوێنى (نەزیف)ـە، واتە: حەیز نییە، کەوابوو نوێژەکانیشى بکات، خۆ ئەگەر تەمەنى سکەکەى زۆرتر بوو لە (81) رۆژ، هەر خوێنێ بێت بە خوێنى زەیسانى دادەنرێت، واتە: دەبێ تا نەمانى خوێنەکە، یان تا چل رۆژ نوێژ نەکات، ئەوسا خۆى دەشۆرێ و نوێژ دەکات.


والله أعلم

ئەحمەد كاكە مەحموود



بەروار2020/04/01سەردان 727