پرس و راوێژ لەسەر ژنان و ئیستیحاضة.؟


5- پرس و راوێژ لەسەر ژنان و ئيستيحاضه.؟

نووسین و وەڵامدانەوەی شێخ ئەحمەد کاکە مەحموود


وەڵام/
1- ئيستيحاضه: بەو خوێنە دەڵێن لە جێگەى حەیزەوە بە دەوام دێتە دەر، وەیان ئەگەر رۆژێ دوو رۆژ ببڕێت، دیسان دێتەوە.
2- لە ماوەى ئیستیحازەدا وا دادەنرێت ئەو ژنە پاکەو، دەبێ بۆ نوێژەکان هەمووجار چاوەروان بێت تا بانگ دەبێت، ئەوسا بۆ هەموو نوێژێکى کات بۆ دیارییکراو دەستنوێژ دەگرێت، بەڵام بۆ نوێژى کات بۆ دیاریی نەکراو، هەرکات ویستى نوێژ بکات، دەستنوێژ دەگرێ و نوێژ دەکات.
3- هەرکات ویستى دەستنوێژ بگرێ، دەبێ ئەو جێگایە خوێنى بەرکەوتووە بیشۆرێ و، پاشان پارچەیە لۆکە بخاتە دەرگاى (فەرج)یى و بە شتێک شەتەکى بدات، بۆ ئەوە خوێنەکە راگرێ و نەیەتە دەر، خۆ ئەگەر پاش ئەوە هەر هات، هیچ زیانێکى نییە.
4- هەندێ جار بەهۆى نەشتەرگەرى منداڵدانى ژنانەوە یان هى جێگایەکى تر، خوێن بە (فەرج)یانەوە دێتە دەر، جا بۆ ئەم خوێنەیە دوو حاڵەت هەیە:
- دەبێ بزانێ کاتێ کە نەشتەرگەرى منداڵدانى دەکاو فرێى دەدات، یان دەیبەستێ و ناگونجێ خوێنى لێ بێتە دەر، لەم حاڵەتانەدا ناکرێ لەگەڵ ئەو خوێنەدا مامەڵەى (ئيستيحاضه) بکرێ، بەڵکو دەبێ وەکو ئەو ژنانە بکەن کە پاش (طهارة) خوێنێکى زەرد، یان تەڕایى دەبینن، واتە: دەبێ نوێژ بخوێنن و رۆژوو بگرن و رێ لە تێکەڵى مێرد نەگرن، وە خۆ شتنیان لەسەر نیە، بەڵام لەکاتى نوێژەکاندا خوێنەکەیان دەشۆن و بەشێک لە (فەرج)یان شەتەک دەدەن و کاتى نوێژ دەستنوێژ دەگرن.
- دەبێ وا نەزانێت پاش نەشتەرگەرى، حەیز نابێت، بەڵکو دەکرێ خوێنى حەیز پەیدا بێ، جا ئەوکاتە وەکو ژنانى خاوەن ئيستيحاضه مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ.
5- ژنانى خاوەن ئيستيحاضه بۆ ئەنجامدانى نوێژەکان – لەو ماوەدا – خۆ ششتنیان لەسەر نیە، مەگەر کاتێ خۆى بشۆرێ بۆ تەواوکردنى ماوەى سوڕى خوێنیان.
6- ژنانى خاوەن ئيستيحاضه دەتوانن لەگەڵ مێردەکانیاندا سەرجێى بکەن.

7- ژنانى خاوەن ئيستيحاضه سێ حاڵەتیان بۆ هەیە:

- عادەو سوڕی مانگانەى خۆى هەیە، ئینجا هەرکات کەوتە ئەو رۆژانەوە دەست لە نوێژ هەڵدەگرێت و پاشان خۆى دەشۆرێت و نوێژەکانى دەکات، ئیتر سوڕى خوێنەکەى زۆر بێت یان کەم، ژنى وا هەیە لە مانگێکدا (5) رۆژ لە حەیزدایەو (15) رۆژى پاکە پاشان دیسان (5) رۆژ دەکەوێتەوە حەیزەوەو (15) رۆژ پاک دەبێ، ئیتر هەر بەو پێیە، ژنى وایش هەیە مانگەکەى (35) رۆژەو (7) رۆژى لە حەیزدایە و (28) رۆژى پاکە، هەر بەوپێیە.

- ماوەى کاتى خۆى لە بیر کردووە، یان دەیزانێ بەڵام هەر جارەى جۆرێکە، جارێ (4) رۆژە، جارێ تر (6) رۆژە، پاشان لێى تێکدەچێ و بەردەوام خوێنى لێ دێت.. ژنانى ئاوا بەم شێوەیە مامەڵە بکەن پێیان دەڵێن: (محيرة) – هەموو خوێنێکى زۆر ڕەش حەیزە، خوێنێکى سورى کاڵیش (رەقیق) نەخۆشییە.. کەوابوو لەکاتى خوێنە رەش و (غەليظ)ـەکاندا دەست لە نوێژو..هتد، هەڵبگرێ، وە لە رۆژەکانى خوێنە تەنکە (رەقیق)ـەکەدا نوێژەکانى بکات.

- ئەو ژنانەش بەتەواوى سوڕى مانگانەى خۆیان لێ تێکدەچێت، زاناکان پێیان دەڵێن: (محيرة)، واتە: سەرگەردان و رێگە نەزان، ئەمانە دەبێ پتر لەماوەى زۆربەى ژنانى خزمى خۆیان (دایک و دایە گەورەو خوشک..) چاوەروان بکەن و دەست لە نوێژو..هتد، هەڵبگرن، بەو مانایە ئەگەر سورى مانگانەى ئەوان (7) رۆژ بێت، با ئەمانیش (7) رۆژى ناو بنێن حەیزو نوێژو رۆژوو ئەحکامەکانى حەیزى تێدا راگرن.


والله أعلم

ئەحمەد كاكە مەحموود


بەروار2020/04/01سەردان 794