پرس و راوێژ لەسەر ئەحكامی سووڕی خوێنی مانگانەی ژنان.؟

4- پرس و راوێژ لەسەر ئەحکامى سووڕى خوێنى مانگانەى ژنان.؟

نووسین و وەڵامدانەوەی شێخ ئەحمەد کاکە مەحموود

وەڵام/
1- قسەى راست ئەوەیە کە ماوەى (حەیز) سنوورى کەم و زۆرى بۆ نییە.
2- بەر لە تەمەنى (9) ساڵى کچان، خوێنى حەیز پەیدا نابێت، چونکە بەر لە تەمەنى (9) ساڵیى، هیچ ئافرەتێک ناگونجێ منداڵى ببێت، خۆئەگەر تەمەنى گەیشتە (9) ساڵ و خوێنى بە خۆیەوە دیت، دەکرێ بگوترێ: ئەوە حەیزە.
3- تێکچوونى یاساو سیستمى حەیز - دواى تەمەنى (50) ساڵ- هەر خوێنێ هات، بە خوێنى حەیز دا نانرێت، بەڵکو خوێنی (فاسید)ەو، دەبێ ئەو ژنە نوێژ بکاو رۆژوو بگرێ.
4- نیشانەکانى خوێنى حەیز:
- بۆگەنە.
- ئەوەند سوورە، رەش دەنوێنێت.
- خەست و چڕە.
5- ئەگەر ئافرەتێک خوێنى بەخۆیەوە دیت، دەشگونجا حەیز بێ و یەکەمجاریشى بوو، ئەوە بەحەیز دادەنرێ، وە دەبێ چاوەروانى بکات تادوایى دێت، وە پێوەیست بە دووبارە بوونەوە ناکات.
6- ئەگەر ژنێک بۆ ماوەى چەند کاتژمێرێک خوێن هات و ئینجا نەما، ئەوە حەیزەو دەبێ چاوەروانى بکات، چونکە دیسان دێتەوە.
7- وا دەبێ پاشخۆشتن لەخوێنى حەیز، خوێنێکى زەرد و لێڵ دێت، ئەوە بەحەیز دانانرێ و، پێویست بە خۆشۆردن ناکات. بەڵام ئەگەر بە رەنگ خوێنى تەواو بوو، دەبێ سەر لەنوێ خۆى بشواتەوە، چونکە بەحەیز دادەنرێت.
8- ئەگەر ژنێک بە هۆى تەمەن زۆرییەوە خوێنى نەما، ئەوە بەسەردەمى مەئیووس بوون لە حەیز (سن الیأس) دادەنرێ.
9- ژنى بێ نوێژ تا پاک نەبێتەوەو خۆى نەشۆرێت، نابێ سەرجێى لەگەڵدا بکرێت.
10- ئەو کتێب و نامیلکانە کە هەندێ ئایەتى قورئانیان تێدایە، ژنانى حەیزدارو خەڵکانى لەشگران و بێ دەستنوێژ، دەتوانن دەستیان لێبدەن، چونکە (مصحف) نییە.
11- ژنى حەیزدار دەتوانێ خەنە لە دەست و پێ و سەرى بگرێت.
12- ژنان دەتوانن بۆئەوەى بکەونە حەیزەوە دەرمان بخۆن، ئەگەر بزانن تووشى زیان نابن پێى.
13- لە بەکارهێنانى (دەرمان) بۆ راگرتنى حەیز، پزیشکەکان (14) جۆر زەرەرو زیانیان باسکردووە، بۆیە دەبێ ئاگادار بن.
14- لە مانگى رەمەزان و حەجدا، خواردنى حەبى راگرى حەیز، قەیدى نییە، بەمەرجێ لە رووى تەندروستییەوە زیانبەخش نەبێ.
15- ئەگەر ژنێک حەبى بەکار هێنا بۆ ئەوە بکەوێتە حەیزەوە، پاشان خوێن هات، دەبێ بچێت لە پزیشک بپرسێت: ئەگەر ئەو گوتى ئەو خوێنە، خوێنى حەیزە، ئەوا باشە، ئەگینە کاریگەرى حەبەکانەو حەیز نییە.
16- ئەگەر ژنێک دەرمانى بەکار هێناو کەوتە حەیزەوە، دیارە ئەو ماوەیە بە حەیز بۆى دادەنرێ و گێڕانەوەى نوێژى لەسەر نییە، چونکە مادەم خوێنى حەیز هات، ئیتر بەهەر شێوەیەک بێت دەبێتە حەیز، هەر کاتێکیش نەما بە هۆى هەر شتێکەوە بێت، دەبێ نوێژو رۆژووى خۆى ئەنجام بدات.
17- ژنى حەیزدار دەتوانێ تەواوى ویردو زیکرە شەرعییەکان و زیکرەکانى بەیانیان و ئێواران و دوعاکانى تر لەگەڵ کتێبى زانستیى و فیقهو فەرموودەو تەفسیرەکاندا بخوێنێتەوە.
18- ژنى حەیزدارو زەیسان، هیچ جۆرە نوێژێکى لەسەر نییەو نابێ بیکات، بۆ دواى پاکبوونەوەیشى گێرانەوەى ناوێ.
19- ژنى خاوەن حەیز رۆژووى لەسەر نییە، بەڵام دەبێ پاش پاکبوونەوە بیگێڕێتەوە.
20- ژنى بێ نوێژ: نابێ چەرخەو (تەواف)ى دەورى ماڵى خودا بکات، بەڵام کردەوەکانى ترى حەج، وەکو (هاتووچۆى نێوان (صەفا)و (مەروە)و وەستانى (عەرەفە)و شەومانەوە لە (مزدەلیفە)... تاد. دەتوانێ ئەنجامیان بدات.
21- ئەگەر ژنێک مەناسکى حەجى تەواو کردو پاشان کەوتە حەیزەوە، ئیتر نابێ (طواف الوداع) بکات.
22- لە مزگەوتدا -تەنانەتى لە (مصلى) شدا- ژنى حەیزدار حەرامە بمێنێتەوە. بەڵام (داود الظاهرى)و (مزنى) دەڵێن: لە مزگەوتدا دەتوانێ بمێنێتەوە، وە (إبن حزم الظاهرى) رێگە دەدات بە ژنانى حەیزدار کە دەورى قورئان بکەنەوە، (مالک)یەکانیش هەروا.
23- ژنى حەیزدار نابێ رێ بە مێردەکەى بدات (جیماع)ى لەگەڵ بکات، چونکە حەرامە.
24- مێرد دەتوانێ – جگە لە جیماع- هەموو لەزەتێک لە ژنى حەیزدارو زەیسان وەرگرێ و لەگەڵیا بخەوێت.
25- ژنى حەیزدار حەرامە لەو کاتەدا تەڵاق بدرێت، تەنانەتى هەندێ لە زاناکان دەڵێن تەڵاقى ناکەوێ.
26- هەرکات ژنى حەیزدار پاکبوویەوە، دەبێ تەواوى جەستەى بشۆرێت.
27- زیادو کەمکردنى ماوەى حەیز: بۆ نموونە: عادەتى (7) رۆژ بووە، کەچى دواى شەش رۆژ خوێنەکەى نەما، یان بە پێچەوانەوە، قسەى راست ئەوەیە کە هەرکات خوێنى دیت حەیزە، هەرکاتێکیش نەما بە پاک دادەنرێ، واتە: زیادو کەم دەور نابینێت.
28- پاش و پێشکردنى کاتى حەیز (جارێ لە سەرەتاى مانگەوە، جارێکى تر لە کۆتایى مانگەوە) قەیدى نییە، هەرکات خوێن پەیدا بوو حەیزە، هەرکاتێکیش نەما، حەیز تەواو بووە.
29- ژنان وا دەبێ خوێنەکەیان بە زەرد رەنگ دەبینن، وایش دەبێ لێڵە لە نێوان زەردو رەشدا.. ئەوە ئەگەر لەناو ماوەى حەیزەکەدا بوو، یان هێمان پاک نەبوبوویەوە، بەحەیز دادەنرێت، خۆ ئەگەر پاش پاکبوونەوە بوو، حەیز نییە.
30- بچڕبچڕى خوێن (ئەمرۆ خوێن هەیە، سبەینێ خوێنى نییە) ئەمە ئەگەر هەمووکات ئاوا بوو، ئەوە بە (ئيستيحاضه) دادەنرێت، خۆ ئەگەر بەیناوبەین بوو، ئەوە ئەگەر نەمانى خوێنەکە کەمتر لە رۆژێک بوو، بەپاک دانانرێ، مەگەر لە ئاخرو ئۆخرى عادەتى خۆیەوە بێت.
31- تەڕیى و (رطوبه)ى عەورەت: ئەگەر لەناو کاتى حەیزدا بوو و پێش پاکبوونەوە، بەحەیز دادەنرێت، خۆ ئەگەر پاش پاکبوونەوە بوو، حەیز نییە.
32- ئەگەر لە غەیرى رۆژەکانى حەیزیدا چەند دڵۆپێ خوێنى دیت، دەبێ دەست لە نوێژو رۆژووى خۆى هەڵنەگرێ، چونکە ئەوە خوێنى حەیز نییە.
33- پێنج رۆژ بەر لە سووڕى مانگانەى خۆى، خوێنى دیت، ئەوە ئەگەر بەر لەوە خوێنى نەبوو، بە حەیز دانانرێت، واتە: دەبێ رۆژوو نوێژ بکات و بۆ هەموو نوێژێکیش دەستنوێژ بگرێت.
تێبینى: گەلێ جار ئەم شتانە عادەتى ژنان دەشێوێنن:
- بەکارهێنانى حەب بۆ رێگرتن لە حەیز (پێشى دەخەن، دواى دەخەن، زیادو کەمى دەکەن).
- بەکارهێنانى (لەولەب) بۆ رێگرتن لە منداڵبوون، چونکە بەهۆى ئەوەوە خوێنەکە بەکەمى دێتە دەر، ئەوساش لەباتى (7) رۆژ، دە رۆژ دەخایەنێت.
34- وادەبێ سێ رۆژ بەر لە عادەتى سوڕى مانگانەى خۆى، خوێن پەیدا دەبێ ئایا چى بکرێ؟.. بۆ وەڵامى ئەم پرسیارە دەڵێین: ئەگەر ژنەکە عادەتى خۆى بە ژمارە بزانێت، یان بە رەنگى خوێنەکە، یان بەکات و زەمان، دەبێ لەوکاتەدا نوێژ نەکا، پاشان غوسڵ بکات و نوێژ بکات، ئەو خوێنەش پێش عادەت دێت، خوێنێکى (فاسد)ـەو کارى پێناکرێ. واتە: لەبەر ئەو، واز لە نوێژو رۆژوو ناهێڵرێت، بەڵکو دەبێ خوێنەکەى بشۆرێ و پاشان خۆى ببەستێ و بۆ هەموو نوێژێکیش دەستنوێژ هەڵبگرێت، چونکە حسابى (مستحاضه)ى بۆ دەکرێت.
35- ژنێک لە رۆژەکانى سووڕى مانگانەیدا، دوو رۆژ خوێن دەبینێ، پاشان دەبڕێ و نامێنێ، دیسان بۆ رۆژى چوارەم پەیدا دەبێتەوە، دەبێ بۆ رۆژى سێیەم چى بکات.؟ ئەگەر ئەو ژنە رۆژەکانى عادەتى خۆى بزانێت، دەبێ لەو رۆژانەدا دەست لە نوێژکردن هەڵگرێ و رۆژو نەگرێ، ئەگەرچى هەندێ رۆژیش خوێن نەیەت.
36- خوێنى کەم لە رۆژەکانى عادەتى خۆیدا بەحەیز دادەنرێت.
37- لەکاتى عادەتى خۆیدا خوێن دێت و دەبڕێت، دەبێ چى بکات؟.. بەڵێ هەرکات خوێن هات، بەحەیز دادەنرێت، ئیتر نێوان ئەم حەیزەو حەیزى پێشووى زۆر بێت یان کەم.. ئەگەر کەوتە حەیزەوەو پاکەوە بوو، پاشان دواى پێنج رۆژ، یان شەش رۆژ خوێن پەیدا بووەوە، دەبێ دەست لە نوێژو رۆژو هەڵبگرێت، چونکە ئەوە حەیزە.
38- ئەگەر پاش نەمانى خوێنى حەیز، خوێنێکى زەرد، یان خوێنێکى لێڵ، یان رەشى دیت، ئەوە بەحەیز دانانرێت، بەڵکو پێویستە نوێژ بکاو رۆژوو بگرێت.
39- پاش دوو رۆژ لە رۆژەکانى عادەتى مانگانەى خۆى پاکبوویەوە، ئەنجا دواى رۆژێ، یان دوو رۆژ، خوێن پەیدا بوویەوە، دەبێ لەو دوو رۆژەدا کە خوێن هەیە، دەست لە نوێژ و رۆژوو هەڵگرێت.. لەو رۆژانەشدا کە خوێن نییە خۆى بشۆرێ و نوێژەکان بکات.
40- ژنێک لە سەرەتاى هەموو مانگێکەوە بەپێى عادەتى خۆى (6) رۆژ دەکەوێتە حەیز، پاشان هەندێ جار درێژە دەکێشێ، دەبێ چى بکات؟.. بۆ ئەوە دەبێ لەسەرەتاى هەموو مانگێکەوە (6) رۆژ دانیشێ و نوێژ نەکات، چونکە ئەوە حەیزە، بەڵام لە رۆژەکانى تردا، دەبێ غوسڵ بکاو نوێژ بکات و گوێ بە خوێنەکەى نەدات.
41- ژنێک لەبەر پیریى و چوونە ساڵەوە خوێنى نەما، پاشان چووە سەفەرو خوێنى پەیدا بوو و درێژەى کێشا، دەبێ چى بکات..؟ دەبێ گوێ بەو خوێنە نەدات، چونکە زۆربەى زاناکان دەڵێن: کە ئافرەت گەیشتە (50) ساڵ حەیزى نامێنێ.
42- ژنێک عادەتى خۆى (9) رۆژ، یان (10) رۆژ بوو و پاک بویەوە، پاشان بە بچڕ بچڕ خوێنەکەى هاتەوە.... بەڵێ پاش تەواوکردنى ماوەى خۆى، هەر خوێنێک هات، کارى پێناکرێ و فاسیدە.

والله أعلم

ئەحمەد كاكە مەحموود



بەروار2020/04/01سەردان 903