دیداری‌ به‌رێز كاك حاجی‌ عیرفان عه‌لی‌ عبدالعزیز محمد
دیداری‌ به‌رێز كاك حاجی‌ عیرفان عه‌لی‌ عبدالعزیز محمد


دیداری‌ به‌رێز كاك حاجی‌ عیرفان عه‌لی‌ عبدالعزیز محمد رابه‌ری‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی
بسم الله الرحمن الرحيم

- الحمدلله والصلاة والسلام علی رسول الله وعلی اله وصحبه اجمعین .. جه‌نابی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د (رحمه الله ) هه‌ر له‌کاتی لاوێتیه‌وه که دێته هه‌ڵه‌بجه به مه‌به‌ستی ده‌رس خوێندن سه‌رده‌مێک له خزمه‌ت جه‌نابی مامۆستا مه‌لاعوسمان (رحمه الله) ده‌رس ده‌خوێنێت، وه ئاشنا ده‌بێت به مه‌دره‌سه‌ی جه‌نابی ڕابه‌رو دواتریش ده بێته یه‌کێک له قوتابییه دڵسۆزه‌کانی ئه‌و مه‌دره‌سه، کاتێک خوێندن ته‌واو ده‌کات له شارۆچکه‌ی سیروان نیشته جێ ده‌بێت، وه ده‌بێته یه‌کێک له پایه سه‌ره‌کییه‌کانی ڕابوون، له ناوچه‌ی سیروان و هه‌ورامان، به‌هۆی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی‌ که هه‌بووه هه‌میشه وه‌ک کوڕێکی دڵسۆزی مامۆستا مه‌لاعوسمان سه‌یرمان کردووه، هه‌ر له کۆتایی هه‌فتاکانه‌وه په‌یوه‌ندی زۆر به‌هێز‌ هه‌بووه له نێوانماندا .
- ئه‌وه‌ی که زۆر گرنگبوو له ژیانی مامۆستادا ئه‌وه بوو که گوفتارو کرداری یه‌کێک بوو، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاکاندا کاتێک رابوون بۆ جارێکی تر خۆی رێکخسته‌وه، وه به‌شێوازێکی نوێ ده‌ستکرایه‌وه به کارکردن، جه‌نابیان له‌مزگه‌وتی گه‌وره‌ی سیروان رۆلێکی گه‌وره‌ی هه‌بوو له وشیارکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک چ به گوفتار چ به‌نووسین، نوسینه‌کانی به‌رێزیان له سه‌رانسه‌ری‌ کوردستان خوێنه‌ری هه‌بوو، وتاره‌کانی له رۆژانی هه‌ینیی هانده‌رێکی گرنک بوو بۆ هاندان و ئاماده‌کردنی موسڵمانان بۆ راپه‌رینه جه‌ماوه‌ریه‌که‌ی 11/5 /87 که جه‌نابیان به‌و په‌ڕی لێهاتوویی له سیروان و هه‌ورامان خۆیان بۆ ئاماده‌کردبوو ...
- مامۆستا وه‌ک باسمانکرد چ به وتاره‌کانی چ به نوسینه‌کانی بانگخوازێکی لێهاتووی سه‌نگه‌ری رابوون بوو، هیچکات سه‌ری نه‌وی نه‌کرد بۆ حیزبی به‌عس، وه هاوشێوه‌کانی کاتێکیش خه‌ڵکی شاره‌زوورو هه‌ڵه‌بجه به‌فرمانی مامۆستا مه‌لا عوسمان و مامۆستا مه‌لا عه‌لی (رحمهم الله ) ڕاپه‌رین به‌رامبه‌ر به زوڵم و زۆری به‌عسی عه‌فله‌قی له 11/5/87 جه‌نابی مامۆستا یه‌کێک بوو له‌و عالیمه عامیلانه‌ی که به‌ده‌م ئه‌م بانگه‌وازه‌وه هاتوو، به ئه‌وپه‌ڕی لێـهاتوویی و گیان فیدایی، هانی خه‌ڵکی ده‌دا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی به‌عسـی عه‌فله‌قی، کاتێکیش بریاری هیجره‌ت درا، جه‌نابیان وه‌ک خه‌ڵکی موسڵمانی ناوچه‌که ماڵو سامانی خۆی به جێهیشت و به‌ره‌و شاخه‌كانی‌ هه‌ورامان هیجره‌تی فه‌رموو، دوای هیجره‌تیشی بوویه‌ فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری هه‌ورامان، که‌واته له ژیانی رۆژانه‌ی خۆیدا (رحمه الله) بانگه‌وازو هیجره‌ت و جیهادی به یه‌که‌وه گرێدابوو ...
- جه‌نابی مامۆستا له بواری رۆشنفیکری ئیسلامیشدا رۆڵێکی به‌رچاوی هه‌بوو هه‌ر کتێبێکی ده‌ستبکه‌وتایه ده‌یخوێنده‌وه‌و زۆریش نیگه‌رانی لاوازی موسڵمانان بوو، له‌و بواره‌دا به‌تایبه‌ت به‌زمانی کوردی هه‌وڵی ده‌دا به‌شدار بێت له ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی کتێبخانه‌ی کوردی له رێگه‌ی نووسینه‌کانییه‌وه کاتێک به‌رێزیان له‌سه‌ر مافی ژنان له ئیسلامدا ....په‌روه‌رده‌.. خواپه‌رستی ...سه‌ربه‌ستی... سیاسه ت.. هتد...  ده‌نووسی، له‌وانه‌یه لای زۆرکه‌س تازه بوبێت .
- دوای راپه‌ڕینه جه‌ماوه‌رییه مه‌زنه‌که‌ی 11/5/87  حه‌وزه‌ی شاره‌زوور به رابه‌رایه‌تی زانایانی پایه به‌رزی ناوچه‌که‌و هیجره‌تی خه‌ڵکی موسڵمان و ڕاپه‌ریوی، له یه‌که‌مین دانیشتندا بۆ ئاشکراکردنی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی کوردستان مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د هه‌ڵبژێرا به‌ ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیی وه چه‌ندین پۆستی هه‌ستیاری له ناو بزووتنه‌وه‌دا گرتووه‌ته ئه‌ستۆی خۆی چ پێش ڕاپه‌رینی‌ 91، وه چ له‌دوای راپه‌ڕین، هه‌ر کارێکی پێ سپێردرابێت به ئه‌و په‌ڕی دڵسۆزیی و لێهاتوویی ئه‌نجامی داوه، جه‌نابیان له هه‌موو خۆشیی و ناخۆشییه‌کانی باسکدا هه‌بووه‌و له رۆژه سه‌خته‌کاندا به صه‌برو موقاوه‌مه‌تی خۆی، بوونی خۆی سه‌لماندووه‌و بۆته جێگه‌ی دڵخۆشیی و وره به‌رزی ئه‌ندامانی باسک..
- دیاره له دنیا ده‌رچوونی که‌سایه‌تییه‌کی ئاوه‌ها به تواناو خاوه‌ن ئه‌زموون له ژیانی شه‌خصیشدا پیاوێکی زاهیدو پاکو بێگه‌رد.. له کاتێکی ئاوه‌ها هه‌ستیار له ژیانی باسک، که‌لێنێکی گه‌وره‌ی درووستکرد، به‌تایبه‌ت که جه‌نابی باوکم (رحمه الله ) زۆر دڵی پێی خۆش بوو، وه جێگه‌ی ئومێدی بوو له دوای خۆی . وه‌فاتی مامۆستا ئه‌حمه‌د (رحمه الله ) ئه‌وه‌نده کتوپڕو جه‌رگ بڕ بوو، ئێمه نه‌مان توانی ئه‌و هه‌واڵه بده‌ینه باوکم (رحمه الله )، وه هه‌تا ئه‌ویش وه‌فاتی کرد هه‌رپێمان نه‌وت بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ناره‌حه‌ت نه‌بێت، داواکارین له خودای گه‌وره‌و میهره‌بان له گوناهیان خوشببێت و له ژێر عه‌رشی خۆیدا کۆیان بکاته‌وه، چونكه‌ ئه‌وه‌ی توانییان ئه‌نجامیاندا، به‌سه‌ر به‌رزی ژیان وه به‌سه‌ر به‌رزی وه‌فاتیان کرد. ..نحسبهم کذالک ولانزکی علی الله احدا.....
                                              عیرفان عه‌لی‌ عبدالعزیز محمد
بەروار2020/03/30سەردان 920