پرس و راوێژ لەسەر دەستنوێژو خۆ ششتنى ئافرەتان.؟


1- پرس و راوێژ لەسەر دەستنوێژو خۆ ششتنى ئافرەتان.؟


نووسین و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ شێخ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود

وەڵام/

1- هەر شتێک نەهێڵێت ئەندامێک، یان بەشێک لە ئەندامەکانى جەستەى مرۆڤ، لە کاتى دەستنوێژو خۆ شۆریندا تەڕ ببێ (وەک: بۆیە، خەنە - ئەگەر جورمى هەبوو- یان هەر شتێکى تر)، پێویستە بەر لەوە لاببرێ، چونکە ژێرەکەى تەڕ نابێت، کە تەڕیش نەبوو، نە دەستنوێژى دادەمەزرێ، نە خۆ شۆرینى.
2- ژنانى حەیزدار، یان زەیسان، دەتوانن لەو مایەدا هەم خەنە بەکار بێنن، هەم نینۆکیان بۆیە بکەن، چونکە نەنوێژیان لە سەرە نە خۆ شۆرین.
3- بۆ دەستنوێژ سەرى خەناوى (مەسح) دەکرێ، بەڵام بۆ خۆشۆرین دەبێ لا ببرێت، چونکە ژێرى تەڕ نابێت.
4- کاتى سەرما، یان کاتێ سەرپۆشەکە -ئەگەر لاببرێ- بە سەخڵەت بدرێتەوە بە سەردا، دەتوانرێ مەسح بەسەریا بکرێ و لا نەبرێ.
5- ئەگەر بۆیەى سەر، ژێرەکەى تەڕ نەبێ، دەبێ بۆ مەسحى سەرو خۆ شۆرین لاببرێن، هەروەها (زەیت)یش ئەگەر بەستیى و ژێرەکەى تەڕ نەدەبوو پێویستە لاببرێت.
6- ئەگەر لە نوێژدا شتێکى پیسى بەجل و بەرگەکەیەوە دیت، پێویستە خێرا لە نوێژەکەى بچێتە دەرو بیشۆرێ، ئینجا دەست بکاتەوە بە نوێژەکەى.
7- ئەگەر لە نوێژەکەدا، دوودڵ بوو کە شتێکى پیس وا بەجل و بەرگەکەیەوە، دەبێ تا یەقین پەیدا نەکات، درێژە بە نوێژەکەى بدات.
8- ئەگەر شتێکى پیس بکەوێتە سەر رایەخێک، دەبێ بۆ پاکبوونەوەى ئاوى بە سەرا بکرێ، ئەگینە بە سڕین پاک نابێتەوە.
9- ئەگەر شتێکى وشکى پیس بکەوێتە سەر جەستە، یان بکەوێتە سەر جل و بەرگ، قەیدى نییە، بەڵام دەبێ لاببرێت.
10- شۆرینى جل و بەرگى پاک و پیس پێکەوە، قەیدى نییە، ئەگەرچى بە جودا بشۆردرێن باشترە.
11- ژنان دەتوانن مەسحى سەریان بکەن، ئەگەرچى قژیان لوولکرابێ، ئیتر شۆڕ بووبێتەوە بۆ خوارەوە، یان لە عاستى خۆیدا بێت.
12- دەستدان بە پاش، یان بە پێشەوە (هى خۆى، یان هى کەسێکى تر، بچووک بێ، یان گەورە) دەستنوێژ هەڵدەوەشێنێتەوە.
13- ئەو هەوایە کە لە (فەرج)ى ژنانەوە دێتە دەر، دەستنوێژ هەڵناوەشێنێتەوە.
14- قسەى راست ئەوەیە کە ژنان دەستنوێژ ناشکێنن، ئیتر خێزانى خۆى بێت، یان بێگانەو حەرامى بێت، بە ئارەزوو دەست ئەنقەست بێ یانا، مەگەر لەوەوە (مەنیى، یان (مذى) و (ودى) پەیدا ببێت.
15- ئەگەر ژنێک غوسڵى سەرجێیى لە سەربوو، تا خۆى نەشۆرێ، بۆى نییە قورئان بخوێنێت، چ لە بەر، چ لە ناو قورئاندا.
16- ئەو کەسە میز راناگرێ، یان هەمیشە (با)ى لێدەبێتەوە، دەبێ لە کاتى بانگدا دەستنوێژ بگرێ و، خێرا دەست بکات بە نوێژەکە، پاشان ئەگەر هەرکامێکیان پەیدا بوون، نوێژەکەى دروستەو قەیدێکى نییە.
17- دەستنوێژ گرتن، یان خۆشۆرین بە ئاوى (کلۆر)اوى، دروستەو قەیدى نییە.
18- تەنها بۆ میزو ئەوى تریان خۆ پاککردنەوە پێویستە... ئیتر نووستن و دەستدان بەپاش و پێشەوەو، دەرچوونى (با بە هەردوو جۆرەکەیەوە) تەهارەتى ناوێت، بەڵکو تەنها دەستنوێژگرتنەوەى دەوێ.
19- نییەت هێنان بۆنوێژو دەستنوێژ، تەنها بەدڵە، واتە: پیویست نییە بە زمان بگوترێ.
20- خەوە نووچکەو وەنەوز، دەستنویژ ناشکێنن.
21- راخستنى بەرماڵ لەسەر جێگایەکى پیس و، ئنجا نوێژ لەسەر کردنى دروستە.
22- مردوو شۆرین دەستنوێژ هەڵَناوەشێنێتەوە، مەگەر دەستى لە (عەورەت)ى مردووەکە بکەوێت، ئەگەر چى ناشبێت دەست بدات بە عەورەتیەیەوەو سەیرى بکات، بەڵکو دەبێ لە کاتى شۆریینیدا دەستکێش لەدەست بکات.
23- مانەوەى خۆراک لە نێوان دداندا بۆ دەستنوێژ زیانى نییە، ئەگەر چى هەقە دواى نانخواردن چاک و پاک دەم و ددانى بشۆرێت، تا خۆیى و ددانەکانى لە نەخۆشیى بپارێزرێن.


والله أعلم

ئەحمەد كاكە مەحموود



بەروار2020/04/01سەردان 1197