جل‌ و به‌رگی باڵاپۆشي ئيسلاميي (حیجاب).؟

جل‌ و به‌رگی باڵاپۆش (حیجاب).؟


نووسینی‌: شێخ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود

پاراستنی ئه‌خلاق‌ و قییه‌می كۆمه‌ڵگه‌ی خاوه‌ن ئه‌خلاق، یه‌كێكه‌ له‌و شته‌ زۆر گرنگانه‌ كه‌ دینی ئیسلام زۆر بایه‌خی‌ ده‌داتێ، ته‌نانه‌تی خوای میهره‌بان هه‌موو صیفه‌ته‌كانی پێغه‌مبه‌رمان (محمد ـ ﷺ) كورت ده‌كاته‌وه‌ له‌م ئایه‌ته‌داو ده‌فه‌رمووێ: [وإنك لعلی‌ خلق عظیم] واته‌: بیگومان تۆ ئه‌ی‌ پێغه‌مبه‌ر! خلوق‌و ڕه‌وشتت گه‌وره‌و مه‌زنه‌، له‌ مامه‌ڵه‌و كڕین‌و فرۆشتندا، له‌ئاشتیی‌و له‌ جه‌نگدا، له‌په‌یداكردنی‌ ماڵ‌‌و ساماندا، له‌په‌یمان‌و په‌یماننامه‌دا، له‌گه‌ڵ‌ دۆست‌و دوژمندا، له‌گه‌ڵ‌ دیندارو بێ دیندا، له‌گه‌ڵ خێزان‌ و هاوسه‌ردا.
ئیسلام زۆر له‌ لای‌ مه‌به‌سته‌ كه‌ (نێرومێ)ی ژن‌و پیاو، له‌كاتی خۆیدا به‌یه‌ك بگه‌یه‌نرێن، پێش ئه‌وه‌ (فاسید) ببن، پێش ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ پیس ببێ، بریاریداوه‌ كه‌ هه‌ر كچ‌و كوڕێك به‌كه‌ڵك بێت پێكه‌وه‌ بژین، نابێ له‌لایه‌ن باوك‌و دایك‌و برا‌و كه‌س و كاریانه‌وه‌ ڕێیان لێ بگیردرێ، هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌وه‌یشه‌ فه‌رمانده‌دا كه‌ پێغه‌مبه‌ر ﷺ به‌ ئیمانداران بفه‌رموێ: [قل للمؤمنین یغضوا من أبصارهم ویحفظوا فروجهم ذلك أزكی‌ لهم إن الله خبیر بما یصنعون] 24/30. ده‌بێ چاویان له‌ ئاستی ژنانی نامه‌حره‌م دابخه‌ن، ته‌ماشایان نه‌كه‌ن ‌و عه‌وره‌تیشیان له‌ ئاستی هه‌موو شتێكی حه‌رام بپارێزن، كاری ئاوا مایه‌ی پاك‌و خاوێنیه‌ بۆیان، ئه‌وه‌ پاكتره‌ بۆیان (هه‌تا چاو چنۆكی‌و چاو له‌وه‌ڕاندن به‌سه‌ر كچان‌و ژنانی نامه‌حره‌مه‌وه‌، مرۆڤ وه‌كو ئاژه‌ڵ‌ بێ سنوور نیه‌، بۆیه‌ له‌ هه‌موو جیهاندا یاسای بۆ دیاریكراوه‌) به‌ڕاستی خوا به‌ئاگایه‌ به‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یكه‌ن.
ته‌ماشای ژنانی نامه‌حره‌م به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك كارێكی‌ یاساغ و حه‌رامه‌، مه‌گه‌ر كتوپڕ، بێ نییه‌ت‌و نیاز بێت، ئه‌ویش ده‌بێ خێرا چاوی لێ‌ كلا بكات. چونكه‌ سه‌ره‌نجام سه‌ر ده‌كێشێ بۆ گوناحی زۆر گه‌وره‌ی دزێوو ناشیرین، هه‌زار ڕه‌حمه‌ت له‌ شاعیری گه‌وره‌ی كورد (ئه‌حمه‌د شه‌وقی) كه‌ له‌و باره‌وه‌ ده‌ڵێ:
(نظرة، فابتسامة، فسلام، فكلام، فموعد، فلقا‌ء)
یان شاعیرێكی تر ده‌ڵێت:
(كل الحوادث مبدأها من النظر ، ومعظم النار من مستصغر الشرر).
(جه‌ریری كوڕی‌ عه‌بدوڵڵا – وه‌كو ئیمامی موسلیم ڕیوایه‌تی كردووه‌ – ده‌ڵێ: له‌ پێغه‌مبه‌رم پرسی: له‌ حوكمی چاوكه‌وتن به‌ژنان كتوپڕ؟ فه‌رمانی پێكردم كه‌: به‌ په‌له‌ چاوت هه‌ڵبڕه‌‌و ته‌ماشای مه‌كه‌. له‌بوخاریدا هاتووه‌: پێغه‌مبه‌ر ﷺ فه‌رمووی: ((إیاكم والجلوس علی‌ الطرقات)) وریابن له‌سه‌ره‌ ڕێگاكاندا دامه‌نیشن ! گوتیان: جێگه‌ی ترمان نیه‌ تیا دانیشین‌و قسه‌و باسی خۆمانی تێدا بكه‌ین، فه‌رمووی ((إن أبیتم فأعطوا الطریق حقه)) ئه‌گه‌ر هه‌ر دانیشتن، وریابن مافی ڕێگاكه‌ بده‌ن. گوتیان: مافی ڕێگا چیه‌ ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا ؟! فه‌رمووی: ((غض البصر، وكف الأذی‌، وردّ السلام، والأمر بالمعروف، والنهی‌ عن المنكر)) چاوداخستن له‌ حه‌رام، ئازار نه‌دانی مه‌ردم، وه‌ڵامی (سه‌ڵاو)، فه‌رمان به‌ چاكه‌، ڕیگرتن له‌ خراپه‌. فه‌رمووده‌ له‌مباره‌وه‌ زۆر زۆره‌، بۆ ڕوونه‌دانی (زینا)‌و شه‌ڕواڵ‌ پیسی، چونكه‌ هه‌ر روانین‌و ته‌ماشا كردنه‌ ژن‌و پیاو له‌ یه‌ك نزیك ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وسایش تووشی ئه‌وكاره‌ دژواره‌ ده‌بن، بۆیه‌ فه‌رمان به‌چاو داخستن ده‌كات له‌ ئاست نامه‌حره‌م، وه‌ به‌ژنانیش ده‌فه‌رمووێ: [وقل للمؤمنات یغضضن من أبصارهن ویحفظن فروجهن ولایبدین زینتهن إلا ما ظهرمنها ولیضربن بخمرهن علی‌ جیوبهن ولایبدین زینتهن إلا لبعولتهن أو آبائهن أو آبا‌ء بعولتهن أو أبنائهن أو أبنا‌ء بعولتهن أو إخوانهن أو بنی‌ إخوانهن أو بنی‌ أخواتهن أو نسائهن أو ماملكت أیمانهن أو التابعین غیر أولی‌ الإربة من الرجال أو الطفل الذین لم یظهروا علی‌ عورات النسا‌ء ولایضربن بأرجلهن لیعلم مایخفین من رینتهن وتوبوا إلی‌ الله جمیعا أیها المؤمنون لعلكم تفلحون)24/31. واته‌: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر ﷺ! به‌ ژنه‌ ئیمانداره‌كان بڵێ: چاویان له‌ئاست نامه‌حره‌م قه‌ده‌غه‌ بكه‌ن، عه‌وره‌تیشیان له‌هه‌ر كارێكی حه‌رام بپارێزن، (زینه‌ت)یشیان: گواره‌ی گوێیان‌و، ملوانكه‌ی ملیان‌و، سینگ و برۆكیان‌و بازنه‌‌و خڵخالی قاچ ‌و ده‌ستیان ده‌ر نه‌خه‌ن، مه‌گه‌ر ئه‌وشتانه‌ كه‌ به‌پێی باوو نه‌ریت بۆ خۆی ده‌رده‌كه‌وێت (وه‌ك ده‌م ‌و چاوو هه‌ردوو پێ) وه‌ ده‌بێ به‌ له‌چك و سه‌رپۆشه‌كه‌یان – سه‌ره‌ڕای سه‌رو ملیان – گه‌ردن‌و سینگیشیان‌و ئه‌و زێڕو زیوو خشڵه‌ش پێوه‌یه‌تی دایپۆشن‌و ده‌ری نه‌خه‌ن، لای ئه‌مانه‌ نه‌بێ: مێردو باب ‌و خه‌زوورو كوڕی خۆیان، یان زڕ كوڕیان، وه‌ لای‌ براو برازاو خوشكه‌زا، یان لای‌ ژنانی موسڵمانان – وه‌ك خۆیان – جاریه‌و كه‌نیزه‌كیان‌و ئه‌وانه‌ی مشه‌خۆرن‌و ئاوه‌زی ژنان نیه‌، وه‌ئه‌و منداڵانه‌ش هێشتا – له‌به‌ر گچكه‌ییان – عه‌وره‌تی ژن‌و شتی تر لێكناكه‌نه‌وه‌ (چونكه‌ منداڵ‌) بێ ئاوه‌زن (لای ئه‌مانه‌ ده‌رخستنی سینگ‌و لاق‌و سه‌رو مل‌و گه‌ردن) قه‌یدی نیه‌، وه‌ نابێ ژنان پێیان به‌زه‌ویدا بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی زڕه‌ی خڵخاڵه‌كه‌ی قاچیان بێ‌و خه‌ڵكانی نامه‌حره‌م به‌ئاگا بكه‌نه‌وه‌ له‌ خۆیان، ده‌سا هه‌موو – به‌ژن‌و به‌ پیاوه‌وه‌ – ته‌وبه‌ بكه‌ن‌و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆلای خوای گوناهپۆش ئه‌ی ئیمانداران ! به‌شكو سه‌رفرازببن.
بۆ هۆكاری دابه‌زینی ئه‌م ئایه‌ته‌ (جابیری كوڕی عبدالله‌ی ئه‌نصاریی) ده‌ڵێت: (ئه‌سمای كچی مرشیده‌) باخه‌ خورمایه‌كی هه‌بوو، جا به‌و بۆنه‌وه‌ ژنان لێی كۆده‌بوونه‌وه‌و جل‌و به‌رگه‌كانیشیان ئه‌وند درێژو ره‌سا نه‌بوو قاچیان داپۆشێ‌و خه‌ڵخاڵه‌كانیان ده‌رنه‌كه‌وێت ! له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا سینگ‌و قژو په‌لكه‌كانیان به‌ده‌ره‌وه‌ بوو، (ئه‌سما) گوتی: ئای ئه‌مه‌ چ كارێكی خراپ‌و ناشیرینه‌؟! ئیتر ئایه‌تی (وقل للمؤمنات....) دابه‌زی.
زۆرینه‌ی زاناكان ده‌ڵێن: نابێ‌ ئافره‌ت، نه‌ به‌ئاره‌زوو، نه‌ به‌غه‌یری ئاره‌زوو ته‌ماشای پیاوی نامه‌حره‌م بكات، به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌م فه‌رمووده‌ (ئه‌بووداود)‌و(ترمذی‌) ڕیوایه‌تیان كردووه‌: (ئوم سه‌له‌مه‌) ‌و(مه‌یموونه‌)ی دایكی موسڵمانان – خ – له‌خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ردا بوون، (عبدالله ئوم مه‌كتوم)ی نابیناش - دوای دابه‌زینی ئایه‌تی (حیجاب) – هات، پێغه‌مبه‌ر ﷺ پێی‌ فه‌رموون: خۆتان داپۆشن لێى! (ئوم سه‌له‌مه‌) ده‌ڵێ گوتم: ئه‌ی مه‌گه‌ر ئه‌و نابیناو كوێر نیه‌؟! پێغه‌مبه‌ر ﷺ فه‌رمووی: ئه‌ی مه‌گه‌ر ئێوه‌ش كوێر‌و نابینان؟ ئایا ئێوه‌ ئه‌و نابینن؟. ده‌سته‌یه‌كیش له‌زاناكان ده‌ڵێن: ژنان ده‌توانن بێ‌ ئاره‌زوو ته‌ماشای پیاوانی نامه‌حره‌م بكه‌ن. به‌ڵگه‌شیان ئه‌و ڕۆژه‌یه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر ﷺ ته‌ماشای (حه‌به‌شیه‌)كانی ده‌كرد كه‌ رۆژی‌ جه‌ژن له‌مزگه‌وتدا یارییان به‌تیری رمه‌كانیان ده‌كرد، خاتوو (عایشه‌)یشه‌ش له‌پشت سه‌ریه‌وه‌ سه‌یری ده‌كردن. فتح الباری/1/454.
زینه‌ت‌و زێڕو زیوو خشڵ‌و خۆڕازاندنه‌وه‌ بۆ خودی‌ ژنان حه‌ڵاڵ‌‌و ڕێگا پێدراوه‌، چونكه‌ به‌ (فیطره ت) ‌و سر‌وشت وا دروستكراوه‌ حه‌زی له‌و شتانه‌ بێ، كه‌وابوو ده‌بێ بۆیشی حه‌ڵاڵ‌ بكرێت، وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی (فیطره ت). به‌ڵێ هه‌موو مێینه‌یه‌ك حه‌زی به‌جوانی‌و خۆ ڕازاندنه‌وه‌یه‌، حه‌زیش ده‌كات ئه‌و جوانیه‌ی ده‌ركه‌وێت‌و پیاوانیش بیبینن، دیاره‌ زینه‌تیش ئه‌مڕۆ بۆ سه‌رده‌مێكی دی‌ ده‌گۆڕدرێ، به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌تدا، بۆ جوانی‌و ده‌رخستنی بۆ پیاوان یه‌ك شت ده‌گرێته‌وه‌.
جا ئیسلام له‌ڕێی ئه‌و داخوازیه‌ (فیطره)یه‌دا ناوه‌ستێ‌و له‌مپه‌ڕی بۆ دروست ناكات، به‌ڵكو ڕێكی ده‌خات‌و ده‌یه‌وێ ته‌نها بۆ یه‌ك پیاوبه‌كار بێت وده‌رخرێت – كه‌ ئه‌ویش شه‌ریك‌و هاوبه‌شی ژینیه‌تی‌ – ده‌یه‌وێ یه‌ك كه‌س زینه‌ت‌و جوانیه‌كه‌ی ببینێ، ئه‌ویش مێردو پیاویه‌تی، ئیسلام ڕێنادات كه‌ ژنان هه‌ر كات‌و ساتێك به‌ده‌ست یه‌كێكه‌وه‌ بن، له‌باخه‌ڵی كه‌سێكدا ببینرێنه‌وه‌، چونكه‌ سروشتی مرۆڤ ‌و ئاژه‌ڵ له‌یه‌ك جیاوازن.
ژنانی ئیماندار – كاتێ كه‌خوا فه‌رمانی دا به‌چارشێوه‌كانیان سه‌رو مل‌و سێنگ‌و جوانیان داپۆشن – بوونه‌ ئه‌و ژنانه‌ خاتوو (عایشه‌) /خ) ده‌فه‌رموێ: ((خوا روحم به‌ژنه‌ كۆچكردووه‌ به‌رایی یه‌كان بكات، هه‌ركه‌ خوا ئایه‌تی [ولیضربن بخمرهن علی‌ جیوبهن....] دابه‌زاند، له‌خواره‌وه‌ جل‌و به‌رگه‌كانیان ده‌دڕان‌و له‌سه‌ره‌وه‌ سه‌روسینگیان پێ داده‌پۆشی. (بوخاری) ڕیوایه‌تی ده‌كات: ((یرحم الله نسا‌ء المهاجرات الأول، لما أنزل الله: (ولیضربن بخمرهن علی‌ جیوبهن)، شققن مروطهن (إزارهن) فاختمرن به) فتح الباری‌ /تفسیر سوره‌ النور 8/4758.
ژنانی سه‌رده‌می جاهیلیه‌ت سه‌رپۆشه‌كانیان له‌پشته‌وه‌ به‌رده‌دایه‌وه‌، ئه‌وسا خوا فه‌رمانیدا كه‌ – له‌باتی ئه‌وه‌ – گه‌ردن‌و سێنگیانی پێداپۆشن.
ئه‌مه‌یه‌ شێوه‌و سه‌روسیمای ژنانی موسڵمان‌و ئیمانداری ڕاسته‌قینه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ده‌بینی‌ ژنانی بێ ئیمان‌و بێ باوه‌ڕی ئه‌وروپا له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانی میدیاكانی جیهان‌و ڕۆژنامه‌كان، چۆن خۆیان به‌ڕووت‌و قووتی نیشان ده‌ده‌ن!، به‌تایبه‌تی چۆن سه‌رو گه‌ردن‌و سینگیان ڕووت ده‌كه‌ن، هه‌ر ئاوایش خانمه‌كانی لای خۆمان له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنی كورده‌ عه‌لمانیه‌كان ،خۆیان نمایش ده‌كه‌ن! له‌وانه‌یشه‌ زۆربه‌یان موسڵمان بن ! هیوادارم ئه‌و خانمه‌ به‌ڕێزانه‌ كارێ نه‌كه‌ن له‌سنووری ئیمان‌و ئیسلام ده‌رچێت، كاتی خۆی ژنه‌ له‌شفرۆشه‌كانیش ئاوا وه‌ك ئه‌مان خۆیان نمایش ده‌كرد، خوای میهره‌بان فه‌رمانیدا ژنه‌ داوێن پاكه‌كان، ده‌بێ‌ خۆیان له‌وان جیا بكه‌نه‌وه‌‌و به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ بن:[یاأیها النبی‌ قل لأزواجك وبناتك ونسا‌ء المؤمنین یدنین علیهن من جلا بیبهن ذلك أدنی‌ أن یعرفن فلا یؤذین وكان اللهُ غفوراً رحیماً] الأحزاب/59. واته‌: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر ﷺ ژنه‌كانت‌و كچه‌كانت‌و خێزانی ئیمانداران تێ بگه‌یه‌نه‌، بابه‌ چارشێوه‌كانیان خۆیان داپۆشن، كاری وا باشتر ده‌بێته‌ هۆی به‌چاك ناسینیان‌و ئازارنه‌دانیان، خواش – هه‌میشه‌ – خه‌تا پۆش‌و دلۆڤان.


سه‌رچاوه‌ / ژنان و كاروباری‌ ژنان له‌ ئیسلامدا .. نووسینی‌: مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود


بەروار2020/04/01سەردان 1085