حوكمی زینا كردنی ژن و پیاو له ئیسلامدا.!
حوكمی زینا كردنی ژن و پیاو له ئیسلامدا.!
ژن و پیاوی داوێن ته‌ڕ:
پاش ئه‌وه‌ی كه ژنان، به‌تایبه‌تی له‌كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بیدا، به‌سووك‌و تاوانبار ته‌ماشا ده‌كران‌و، به‌هۆكاری تاوان داده‌نران ! ئایینی پیرۆزی ئیسلام دێت، ئه‌و ڕاوبۆچوونانه‌یان به هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره داده‌نێ‌و، ئه‌و دوو (جنس)ـه هه‌ردوو وه‌كو یه‌ك سه‌یر ده‌كاو، فه‌زڵی هیچ كامێكیان نادات به‌سه‌ر ئه‌وی تریاندا، مه‌گه‌ر به‌ته‌قواو ئه‌نجامدانی كاری چاكه، هه‌روه‌ك هیچ لایه‌كیشیان به‌كارگه‌ی شه‌ڕوخراپه دانانێ، به‌ڵكو هه‌ردوولا ده‌توانن كاری چاك بكه‌ن‌و خراپه‌ش بكه‌ن، وه‌كو له پێشه‌وه گه‌لێك له‌وباره‌یه‌وه دواین، ئێستاش ده‌چینه خزمه‌تی سووره‌تی (نوور) كه ئه‌حكامگه‌لێكی تێدایه – به‌تایبه‌تی بۆ ژنان، بۆ یه‌كێ له‌و ئه‌حكامانه ده‌فه‌رمووێ: [الزانیة والزانی فاجلدوا كل واحد منهما مأة جلدة ولا تأخذكم بهما رأفة فی دین الله إن كنتم تؤمنون بالله والیوم الاخر ولیشهد عذابهما طائفة من المؤمنین] 2. واته: له هه‌ریه‌كه ژن‌وپیاوی داوێن پیس، سه‌د شه‌لاق بده‌ن، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕتان به‌خواو به‌ڕۆژی دوایی هه‌یه، وه بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م حوكمی خوایه نابێ به‌زه‌یی بتانگرێ به‌رامبه‌ریان‌و، كاره‌كه‌تان بۆ پیاده نه‌كرێت.
له سه‌ره‌تای هاتنی ئیسلامدا تۆڵه‌ی ژن‌و پیاوی زیناكار ئه‌وه‌بوو له‌سووره‌تی (نیسا‌ء)دا، ئایه‌تی: [واللاتی یأتین الفاحشة من نسائكم فاستشهدوا علیهن أربعة منكم. فإن شهدوا فأمسكوهن فی البیوت حتی یتوفاهن الموت أو یجعل الله لهن سبیلا] ده‌بوو ژنان له‌ماڵ نه‌یه‌نه ده‌ر، پیاویش قسه‌ی تاڵ‌و تفتی پێ بگوترێ. جا بۆ دوایی ئه‌م حوكم و بڕیاره نوێیه، له سووره‌تی (نوور)دا هات‌و سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ش به كۆتا بڕیار داده‌نرێ: شه‌لاق (قامچی = تازیانه) تۆڵه‌ی كچ‌وكوڕه، به‌مه‌رجێ موسڵمان‌وباڵغ‌و ژیر‌و ئازاد (حوڕ) بن. ژن‌و پیاویش (واته: ئه‌وانه‌ی له‌ماره بڕینێكی شه‌رعیدا جووتبوون) ڕه‌جم‌و به‌رده‌باران ده‌كرێن، به‌پێی ئه‌وه كه پێغه‌مبه‌رمان (محمد-)، ده‌رباره‌ی (ماعیز) و (غامدیه) كاری پێكردووه، وه پێی ئه‌م فه‌رمووده‌یه ئه‌و حوكمه‌ی دامه‌زراند: ((خذوا عنی، خذوا عنی، قد جعل اللهُ لهن سبیلا: البكرُ بالبكر: جلدُ مأة وتقریبُ سنة، والثیبُ بالثیب جلدُ مأة والرجمُ)) مسند احمد ومسلم، وسنن أبی داود، وابن ماجة، وعارضة الاحوذی.
ئه‌م بڕیاره‌ش! چونكه ژن‌و پیاو (واته: جووتبوو له نیكاحێكی صه‌حیحدا) ڕێگه‌ی پاك و حه‌ڵاڵ شاره‌زان، بۆیه پاش ئه‌وه ئه‌گه‌ر لایانداو زینایان كرد، واده‌گه‌یه‌نێت (فیطره‌ت)یان تێكچووه، ده‌بێ ئه‌و تۆڵه سه‌خته‌یه بچێژن، به‌ڵام چونكه كچ‌و كوڕ هێمان به‌و ڕێگایه‌دا نه‌چوون، تۆڵه‌كه‌شیان سووكه‌و ته‌نها جه‌لده‌و شه‌لاقه.
شیاوی باسه ده‌بێ كۆمه‌ڵێك له ئیمانداران – له‌كاتی تۆڵه سه‌ندنه‌كه لێیان – ئاماده‌بن، بۆئه‌وه پتر كۆمه‌ڵگه عیبره‌ت‌و وانه‌ی لێوه‌رگرن‌و نه‌هێڵێن ئه‌و جۆره كارانه ڕووبده‌ن، ژن‌و پیاوه‌كه، یان كچ‌و كوڕه‌كه‌ش ئه‌وه دووباره نه‌كه‌نه‌وه. درێژه‌ی ئه‌م باسه له‌كتێبه فیقهییه‌كاندا هه‌یه.
پاشان له‌به‌ر خراپی‌و دزێوی زیناو زه‌ره‌رو زیانه‌كانی و، پتر قێزه‌ونی ده‌كاو له‌مپه‌ڕێك ده‌خاته نێوان كۆمه‌ڵگه‌و زیناكاره‌وه، بۆیه ده‌فه‌رمووێ: [الزاني لاینكح إلا زانیة أو مشركة والزانیة لا ینكحها إلا زان أو مشرك وحرّم ذلك علی المؤمنین] واته: پیاوی داوێن پیس، هه‌رده‌بێ ژنی داوێن پیس، یان بت په‌رست بخوازێ، ژنی داوێن ته‌ڕیش هه‌رده‌بێ: یان مێرد به داوێن پیس بكات، یان مێرد به بت په‌رست بكات، ئه‌وكاره‌ش بۆ ئیمانداران حه‌رام‌و به‌ربه‌رستكراوه.
ڕاگرتنی كۆمه‌ڵگه به‌پاك‌و خاوێنی‌و، ئه‌نجامدانی كاری (سێكس)یی له ڕێگای شه‌رعیی خۆیه‌وه، خاڵێكه له خاڵه هه‌ره گرنگه‌كانی ئیسلام، بۆیه ئه‌وه ند جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌و به‌و شێوه‌ش تۆڵه ده‌دات.
ئیسلام له‌گه‌ڵ (غه‌ریزه)و هێزی ئاره‌زوو و سێكسدا دژ ناوه‌ستێ‌و به‌شتێكی خراپ‌و قێزه‌ونی دانانێت، به‌ڵكو ئیسلام ده‌یه‌وێ به شێوه‌یه‌كی په‌سه‌ندو دوور له زیانی ڕۆحیی‌و جه‌سته‌یی ڕێكی بخات، مرۆڤ له‌شكڵ‌و بچمی ئاژه‌ڵ جیا بكاته‌وه، چونكه هه‌ر ئاژه‌ڵ جیاوازی ناخات له‌نێوان ئه‌م جه‌سته‌و ئه‌و جه‌سته‌دا بۆ تێركردنی ئاره‌زووه سێكسیه‌كانی، یان له پێكه‌وه‌نانی ماڵ‌و حاڵ‌و خێزان بیر ناكاته‌وه، ئیسلام بێ هیچ (ضمانات)و ده‌سته‌به‌ربوونێك ئه‌و تۆڵه‌یه نادات، بۆیه به‌ر له هه‌موو شتێك كۆمه‌ڵگه له‌و كاروكرده ناشیرین‌و ناپه‌سه‌ندانه پاك ده‌كاته‌وه: (كچ له كوڕ، پیاو له‌ژنان جیاده‌كاته‌وه، ڕێ له‌تێكه‌ڵی ده‌گرێ، ڕێ له‌ڕوانین‌و ئه‌وینبازیی – بۆ تێركردنی ئاره‌زوو – ده‌گرێ، به‌كه‌س‌وكاری كچ‌و كوڕ فه‌رمان ده‌دات كه ئاسانكاری بكه‌ن بۆیان‌و، زوو به‌یه‌كیان بگه‌یه‌نن‌و ئه‌سته‌م‌و له‌مپه‌ڕ مه‌هێننه به‌رده‌میان، بروبیانوویان لێ مه‌گرن، له‌ده‌وڵه‌ت – بگره له ژن‌و پیاو به‌گشتیی داوا ده‌كات – كه له‌لاوو جوانه‌كان بپرسێته‌وه..) پاش ئه‌مانه هه‌موو، ئینجا تۆڵه‌ی داناوه، جا ئه‌گه‌ر دوای ئه‌و هه‌موو (ضمانات)ـه شتێكی وا ڕوویدا، هێشتای ده‌گه‌ڕێ چاره‌سه‌رێك بۆ ده‌ربازبوون له تۆڵه بدۆزێته‌وه، بۆیه پێغه‌مبه‌رمان (محمد-) ده‌فه‌مووێ: ((إدرأوا الحدود عن المسلمین مااستطعتم فإن كان له مخرج فخلوا سبیله، فإن الإمام أن یخطی‌ء فی العفو خیر من أن یخطی‌ء فی العقوبة)) ترمزی. واته: هه‌تا ده‌توانن ڕێ چاره‌سه‌رێك بدۆزنه‌وه بۆ راگرتنی تۆڵه، ئه‌گه‌ر رێی ده‌ربازبوونتان چنگ كه‌وت، له تۆڵه واز بێنن، چونكه پێشه‌وا (دادوه‌ر) له ئازادكردن و عه‌فوودا هه‌ڵه بكات، گه‌لێ له‌وه باشتره به‌هه‌ڵه تۆڵه بسێنێت، خۆ ده‌زانی پێغه‌مبه‌ر (ص) له‌گه‌ڵ (ماعیز)دا چه‌نده هه‌وڵیدا بۆ ئه‌وه تۆڵه‌ی لێ نه‌سێنێ ! به‌لام (ماعیز) هه‌ر سوور بوو له‌سه‌ر ئیقرار به زینا.
سه‌رچاوه / ژنان و كاروباری ژنان له ئیسلامدا.. نووسینی: مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه مه‌حموود
بەروار2020/04/01سەردان 2586
پێشەکیی - ژنان و كاروبارى ژنان لە ئيسلام‌دا قورئان گرنگی بە ژنان و کاروباری ژنان دەدات.! پێکھاتەی جەستەی ژن و پیاو لێکجودایە.! بێحورمەتی کەناڵە سێکسیە بازرگانیەکان بەرامبەر بە ژنان.! چه‌ند خوویه‌كی جاهیلیه‌ت به‌رامبه‌ر به ژنان و چاره‌سه‌ریان له ئیسلامدا (1+2) چه‌ند خوویه‌كی جاهیلیه‌ت به‌رامبه‌ر به ژنان و چاره‌سه‌ریان له ئیسلامدا (3+4) چه‌ند خوویه‌كی جاهیلیه‌ت به‌رامبه‌ر به ژنان و چاره‌سه‌ریان له ئیسلامدا (5+6) چه‌ند خوویه‌كی جاهیلیه‌ت به‌رامبه‌ر به ژنان و چاره‌سه‌ریان له ئیسلامدا (7+8) کیژانی ھەتیوو بێ باب، گەلێ ستەم وناھەقیان لێدەکرا.! فره ژنێتی..! فره ژنی له چه‌ند ڕوویه‌كه‌وه پێویسته.! پرسیارێكی سه‌یرو سه‌مه‌ره لەسەر فرە پياوى؟! ئەگەری سەرھەڵدانی ئاڵۆزی لە فرە ژنییدا.؟ فره ژنێتی پێغه‌مبه‌ر "صلى الله عليه وسلم" ماره‌یی ژنان.! ئایا مارەیی سنووری بۆ دادەنرێت ؟