ژنانی ئاكار چاك و ناودار له‌ ئیسلامدا..! (3)

ژنانی ئاكار چاك و ناودار له‌ ئیسلامدا.. به‌شی سێیه‌م

3- دوو كیژه‌كه‌ی (شوعه‌یب):
به‌ر له‌وه‌ باسی ئه‌و دوو كیژه‌یه‌ بكه‌ین، پێویسته‌ كه‌مێ پێشتر بچین و وه‌كو ده‌سپێكێك، له‌ڕووداوی پێش ئه‌و بدوێین.
مووسا – كه‌ بۆ دوایی ده‌بێته‌ پێغه‌مبه‌ر، پاڵه‌وانی ڕووداوه‌كه‌یه‌ – لاوێكی (به‌نی ئیسرائیل)ـه‌و له‌ماڵی (فیرعه‌ون) ی‌ (میسر) گه‌وره‌ ده‌بێ‌‌و، پاشان به‌هۆی كێشه‌و ڕووداوێكه‌وه‌ لای فیرعه‌ون قاچاخ ده‌بێ‌‌و، به‌ناچاری رێی (مه‌دیه‌ن) ده‌داته‌به‌ر، شیاوی باسه‌ نێوانی (مه‌دیه‌ن) و (میسر) (8) ڕۆژان ڕێ ده‌بێ، دیاره‌ ڕێگاوبانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش، چۆڵ‌وبیابان دوورو، بێ ئاوونان بووه‌و، هیچ خزمه‌ت گوزارییه‌كی تیا ده‌س نه‌كه‌وتووه‌، بۆیه‌ زۆر به‌خه‌سته‌و به‌ماندوویه‌تی ده‌گاته‌ لای ئاوێك – كه‌ خه‌ڵكی مه‌دیه‌ن له‌وئاوه‌ كه‌ڵكیان وه‌رده‌گرن – ده‌گاته‌ ئه‌وێ، هێمان نه‌حه‌واوه‌ته‌وه‌، چاوی به‌ دیمه‌نێك ده‌كه‌وێ، ویژدانی پیاوی جوامێرو به‌شه‌هامه‌ت بۆی قبووڵ‌ نابێت، به‌تایبه‌تی نه‌فس پاكێكی وه‌ك ئه‌و، بۆیه‌ دڵ‌‌و ده‌روونی هه‌ژاند ! چونكه‌ خه‌ڵكێكی زۆری دیت له‌سه‌ر ئاوه‌كه‌ن و هه‌ریه‌كه‌ مه‌ڕوماڵاتی خۆی ئاو ده‌داو، دووكیژیش به‌ر له‌مه‌ڕه‌كانی خۆیان ده‌گرن‌و له‌ئاوه‌كه‌ دووریان ده‌خه‌نه‌وه‌، سا به‌ڵكو چۆڵ ببێ‌و، پاش ئه‌وان، ئه‌مانیش بچنه‌ سه‌ر ئاوه‌كه‌، دیاره‌ لای مرۆڤی فیتره‌ت پاك، ده‌بوو پیاوه‌كان – به‌ر له‌خۆیان – ڕێیان به‌كیژه‌كان دابا كه‌ ئاوی مه‌ڕه‌كانیان بده‌ن.
مووسا كه‌ ئه‌وه‌ ده‌بینێ – له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌یشدا قاچاخه‌و هه‌ڵهاتووه‌و غه‌ریب‌و ئاواره‌یه‌ – له‌كیژه‌كان ده‌چێته‌ پێشێ‌و له‌و كاره‌ساته‌ ده‌پرسێ ؟ ده‌پرسێ بۆچی ئێوه‌ به‌ته‌نها خۆتانن‌و، بۆچی له‌دووره‌وه‌ مه‌ڕه‌كانتان ڕاگرتووه‌...؟!
ئه‌وانیش گوتیان: ئه‌وانه‌ كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكێكی به‌هێزن، به‌زۆری خۆیان مه‌ڕه‌كانیان ده‌به‌نه‌ پێش‌و، ئه‌وه‌ش بۆ ئێمه‌ نه‌گونجاوه‌و ده‌س نادات، بۆیه‌ هه‌ر خۆشمانین، چونكه‌ (باب)مان پیرێكی به‌ساڵاچووه‌و، وزه‌ی بگره‌و به‌رده‌ی نه‌ماوه‌، ئێمه‌ش له‌به‌ر بێ كه‌سی هاتینه‌ ئێره‌.
ئه‌مه‌ پتر شه‌هامه‌تی مووسای هه‌ژاندو، چوویه‌ پێش، بۆ ئاودانی مه‌ڕه‌كانیان – كه‌ هه‌قه‌ هه‌موو كاتێ پیاوان به‌رامبه‌ر به‌ژنان، خاوه‌ن میهرو به‌به‌زه‌یی بن، ئاسانكاریان بۆ بكه‌ن – بۆ خۆیشی ئاواره‌و بێ هاوكارو بێ پاڵپشته‌، له‌وانه‌یشه‌ زۆر پاڵ‌ پاڵێنێ بكات، تووشی شتێكی تر سناك ببێ، به‌ڵام گشت ئه‌مانه‌ نه‌یانتوانی له‌ ئه‌نجامدانی كاره‌ خێره‌كه‌ی خۆی ببنه‌ له‌مپه‌ڕ، بۆیه‌ وه‌كو پاڵه‌وانێك مه‌ڕه‌كانی دایه‌به‌رو له‌ناو ئه‌و حه‌شامه‌ته‌دا گه‌یاندنیه‌ سه‌رئاوه‌كه‌و، ئاوی دان بۆیان‌و،دڵ‌وده‌روونی خۆی ئاسووده‌ كرد، پاشان – له‌به‌ر ئه‌وه‌ كه‌كاتێكی زۆر گه‌رم بوو، ماندووی ڕێگایشه‌، پشتی له‌وان كردو چوویه‌ بن سێبه‌رێك، به‌ڵكو كه‌مێ بحه‌وێته‌وه‌، له‌وێ ته‌نها په‌نایه‌ك شك ده‌با كه‌ هاواری بۆ به‌رێ‌وداوای ناته‌واوی‌و كه‌م‌وكورتیه‌كانی خۆی لا بكات، بۆیه‌ گوتی: په‌روه‌ردگاره‌كه‌م ! بۆ خۆت ده‌زانی زۆر گه‌رمه‌، بۆ خۆت ده‌زانی ته‌نیاو بێكه‌سم، بێ هێزو بێ تواناو لاوازم، زۆر ئاتاج ‌وموحتاجی لوتف‌و فه‌زڵی تۆم: [ربّ إني لما أنزلت الی‌ّ من خیر فقیر].
جا پاش موناجات‌و پاڕانه‌وه‌ی مووسا ﷺ ئه‌وه‌نده‌ی نه‌خایه‌ند، هه‌تا جه‌ڕه‌س‌و زه‌نگی ڕزگاریی‌و ده‌رووی خێری بۆ نێردرا ! خێرا كیژه‌كان ئه‌و ڕووداوه‌ بۆ بابیان ده‌گێرنه‌وه‌و، بابیشیان ئه‌و كاره‌ به‌كاری مرۆڤێكی ساده‌و بێ به‌رنامه‌ دانانێت، بۆیه‌ یه‌كێ له‌ كیژه‌كانی به‌ئه‌وپه‌ڕی ئه‌ده‌ب‌و وێڵ‌‌و شه‌رمه‌وه‌ ده‌نێرێ‌و دێته‌ لای مووساو پێی ده‌ڵێت: بابم بانگت ده‌كات بۆ لای خۆی‌و ده‌یه‌وێ پاداشتی ئه‌و كاره‌ جوامێرانه‌یه‌ت بداته‌وه‌ !
به‌ڵێ به‌هه‌قیقه‌ت خانمێكی زۆر به‌حه‌یاو به‌شه‌رم بوو، دیاره‌ شێره‌ ژن بوو، بۆیه‌ بابی هه‌ڵیبژارد بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌ی‌و، ئه‌ویش زۆر به‌ئازایانه‌ هات‌و له‌چه‌ند ڕسته‌یه‌كی كورتدا مه‌به‌سته‌كه‌ی به‌ مووسا گوت: [إن أبی‌ یدعوك لیجزیك أجرماسقیت لنا].. خۆ ئافره‌ت هه‌ر به‌ فیتره‌ت وا دروست بووه‌ له‌كاتی به‌یه‌كگه‌یشتنی له‌گه‌ڵ‌ پیاودا، جۆره‌ شه‌رم‌و حه‌یایه‌ك ده‌یگرێت، به‌ڵام ئه‌وشێره‌ ژنه‌، زه‌حمه‌تكێشه‌ی‌ بابی له‌ئه‌وپه‌ڕی متمانه‌ به‌ پاك‌و خاوێنی، بێ هیچ جۆره‌ شڵه‌ژانێك هه‌واڵه‌كه‌ی گه‌یاند.
لێره‌دا ئه‌م دیمه‌نه‌ ته‌واو ده‌بێ‌و، دیمه‌نی به‌یه‌ك گه‌یشتنی مووساو پیره‌ به‌ته‌مه‌نه‌كه‌یه‌ (بابی كیژه‌كان). به‌ڵێ‌ جاكه‌ مووسا هاته‌ لای‌و داستانه‌كه‌ی خۆی بۆ گێرایه‌وه‌... هه‌ستی كرد، هه‌روه‌كو پێویستی به‌ خواردن‌و خۆراك هه‌یه‌، پێویستی به‌ ئه‌من‌و ئاسووده‌یی هه‌یه‌و، پێویسته‌ په‌نا بدرێ‌و خه‌می نه‌مێنێت، بۆیه‌ خێرا پێی‌ گوت: [لا تخف نجوت من القوم الظالمین]. ترست نه‌بێ، له‌و خه‌ڵكه‌ سته‌مكارانه‌ ڕزگارت بوو، ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر (مه‌دیه‌ن)دا نیه‌.
پاش ئه‌م قسه‌و دیالۆكه‌یه‌و پاڵبه‌ستن به‌شه‌هامه‌ت‌و كاره‌جوامێرانه‌كانی، ڕۆژی ئاودانی مه‌ڕوماڵاته‌كه‌یان، یه‌كێ له‌ كیژه‌كان، زۆر به‌ئازایانه‌و، بێ په‌رده‌و بێ ترس له‌ هیچ تۆمه‌تێك بدرێته‌ پاڵی، گوتی: بابه‌ ! به‌كرێی بگره‌، با ئیش‌و كاره‌كانمان بۆ بكات، با مه‌ڕه‌كان به‌خێو بكات، با ئێمه‌ جارێكی تر نه‌چینه‌وه‌ ناو حه‌شامه‌ته‌ بێ میهره‌كه‌، دیاره‌ ئه‌و كیژه‌ ژیره‌یه‌ ده‌یه‌وێ بێ زه‌رووره‌ت له‌ماڵ ده‌رنه‌چێ، ده‌یه‌وێ به‌پاك‌و خاوێنی بمێنێته‌وه‌و، به‌پیاوانی نه‌یاردا هه‌ڵنه‌ته‌قێت، بائامۆژگاری‌و وانه‌یه‌كیش بێت بۆ ئه‌وانه‌ی شوانێكی نامه‌حره‌م دێننه‌ ناوماڵ‌‌و، گه‌لێ جاریش ئه‌نجامی باشی نابێت. ڕاسته‌ ئافره‌تی قورس‌و ژیر‌و فامیده‌، حه‌ز ده‌كات هه‌میشه‌ خۆی له‌ماڵ دانێ‌و، هه‌تا زۆر پێویست نه‌بێ له‌ماڵ‌ ده‌رنه‌چێ‌و له‌گه‌ڵ‌ پیاواندا شان له‌ شان نه‌دات، بۆیه‌ ئه‌م كیژه‌ش ئه‌و داوایه‌ی‌ له‌بابی كردو، بۆسه‌ر خستنی كاره‌كه‌یشی دوو سیفه‌تی گرنگی باسكرد كه‌ هه‌ردووبۆ پیاوی كرێكار‌و كارمه‌ند پێویستن، به‌تایبه‌تی ئه‌و ڕۆژه‌ كه‌ به‌هاوار ئه‌وانه‌وه‌ هات‌و زۆر به‌ بوێرانه‌و، پاكانه‌ مه‌ڕه‌كانی بۆ ئاودان.

یه‌كه‌م: بۆ تێپه‌ڕاندنی ئیش‌وكار، لاوێكی زۆر به‌هێزه‌، ده‌توانێ بێ دامان‌و بێ ئه‌وه‌ كه‌سێك ڕێی لێ بگرێ‌ كاره‌كان ئه‌نجام بدات.
دووه‌م: ده‌سپاك‌و ئه‌مینه‌.. به‌تایبه‌تی ئه‌و ڕۆژه‌، زۆر به‌ لاوێكی سه‌نگین‌و ئه‌مین كه‌وته‌ به‌رچاوی. كه‌وابوو ده‌شێ ماڵه‌كه‌ی بدرێته‌ ده‌ست.

به‌ڵێ.. ئافره‌ت – ئه‌گه‌رچی كیژیش بێت – ده‌توانێ به‌ ئازادانه‌ له‌گه‌ڵ‌ باب‌وبراو خزم‌و كه‌س‌وكاری خۆیدا، باسی كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و چاره‌سه‌ریان بكات‌و، ئه‌وانیش گوێی بۆ بگرن‌و جێبه‌جێی بكه‌ن، بۆیه‌ ئه‌میش له‌م دیمه‌نه‌دا، بێ ئه‌وه‌ له‌ تۆمه‌تێك بترسێت پێشنیازی خۆی پێشكه‌ش كردو بابیشی وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌.
له‌وه‌ ده‌چێت (شوعه‌یب) به‌ ژیرانه‌ی خۆی‌ زانیبێتی‌، ئه‌م قسه‌و باسانه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌و كیژه‌ حه‌ز ده‌كات له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و لاوه‌دا ببنه‌ هاوسه‌ر، به‌تایبه‌تی كه‌ دوو صیفه‌ته‌ به‌رزه‌ جوامێرانه‌كه‌ی مووسای باس كرد، باسیكرد كه‌: پیاوێكی به‌هێزو چاو نه‌ترسه‌، ئه‌مین‌و ده‌سپاك‌و دڵپاكه‌.. خۆ ئه‌گه‌ر وایش بێت كیژان هه‌قیانه‌، مێردی ئاوا بۆ خۆ هه‌ڵبژێرن‌و، بده‌ن به‌ گوێی بابیاندا، بابیش هه‌قه‌ به‌گوێی كچی ئاوای ژیرو فامیده‌ بكاو، هاوسه‌ری ئاوای بۆ بگرێ.
هه‌قیه‌تی زۆر به‌ساده‌و به‌ئاسانیه‌كه‌وه‌ به‌ مووسا ﷺ بڵێت: ده‌مه‌وێ یه‌كێ له‌م كیژانه‌مت لێ ماره‌ بكه‌م، ئه‌گه‌رچی ئه‌و كیژه‌ی ده‌یه‌وێ لێی ماره‌ بكات دیاری‌ نه‌كرد، به‌ڵام پێده‌چێت هه‌موو هه‌ست بكه‌ن، به‌و مه‌ڕاسیم ‌ونیكاح‌و ماره‌كردنه‌.
به‌ڵێ به‌ مێرددانی كیژ، ده‌بێ زۆر ئاسان بێت، ده‌بێ باوك‌و براو خزم‌و كه‌س‌وكاری تر، به‌ پیاوی باش‌و به‌دین‌و به‌ته‌قواو به‌خزمه‌ت بڵێن: ده‌مه‌وێ ئه‌م كچه‌مت لێ ماره‌ بكه‌م، بێ هیچ شه‌رم‌و سه‌رلێكردنه‌وه‌یه‌ك، ئه‌گه‌رچی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێستاش ئه‌مه‌ قبووڵ‌ ناكات، به‌ڵكو ده‌بێ مێردو لایه‌نی مێرد، بێنه‌ خوازبێنی‌و مه‌منوونیه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ كه‌س‌وكاری كیژه‌كه‌ ده‌ربڕن.
ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ڕێناده‌ن باب‌و كه‌س‌وكاری كیژ، یان كیژه‌كه‌ خۆی، به‌ئازادانه‌ مێرد دیاری بكه‌ن، به‌ڵام بێ خوازبێنی‌و، بێ هیوای به‌ژن‌ومێردبوون، ڕێگا ئازاده‌ بۆ تێكه‌ڵ‌‌و قۆڵ‌ به‌ قۆڵ‌ كردنا!
به‌ڵێ مه‌سه‌له‌ی ژنان، مه‌سه‌له‌یه‌كه‌، تا ئێستاش هه‌قیقه‌ته‌كه‌ی – وه‌كو پێویست نه‌خراوه‌ته‌ ڕوو، به‌ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌كه‌ له‌ قورئان ‌و له‌ فه‌رمووده‌دا ڕوونكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو باوونه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌ – له‌باتی قورئان‌و سوونه‌تی پێغه‌مبه‌ر ﷺ حاكم‌و بڕیارده‌ره‌، بڕیاری داوه‌: لایه‌نی كچ نابێ خوازبێنی له‌ كوڕێك، یان له‌كه‌س‌وكاره‌كه‌ی بكه‌ن بۆ كچه‌كه‌یان، ئه‌وه‌ كه‌ كچ بۆ خۆی لاوێكی باش‌و خواناس‌و هه‌ڵكه‌وته‌ بۆ خۆی هه‌ڵبژێرێ، باسی شتی وا هه‌ر نیه‌، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر بوو ده‌بێته‌ مایه‌ی سووكبوونی ئه‌و كیژه‌، یان خزم‌وكه‌س‌و كاره‌كه‌ی لای كۆمه‌ڵگه‌ !
خۆ گوتیشمان قورئان – به‌تایبه‌تی داستانی ئه‌م دوو كیژه‌ – ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ كیژ هه‌قیه‌تی لاوی باش‌و تێگه‌یشت‌و پاك‌و خاوێن بۆ خۆی هه‌ڵبژێرێ، ڕاوبۆچوونی له‌دیاریكردنی چاره‌نووس‌و ئاینده‌ی خۆی به‌ ئازادانه‌ ده‌ربڕێ، بتوانێ بۆ ته‌مه‌نێكی یه‌كجاره‌كی (ئه‌رێ‌ و، نه‌رێی) هه‌بێ، عه‌یب نه‌بێ بڵێ: به‌فڵان مێرد ده‌كاو، به‌فڵانی‌ نایكات، قه‌ت شیاوو گونجاو نیه‌ ئافره‌ت له‌به‌شووداندا ڕای نه‌بێت، به‌خۆی نه‌زانێ ماره‌ بكرێت، هه‌ست‌و شعووری نه‌بێ ژن به‌ ژنی پێ بكرێت، به‌خوێندا بدرێ...!
هه‌زار ڕه‌حمه‌ت له‌ (شوعه‌یب) كاتێ كچه‌كه‌ گوتی: به‌كرێی بگره‌ (واته‌ مووسا)، چونكه‌ به‌ڕاستی به‌هێزو ئازاو ئه‌مین‌و ده‌سپاكه‌، ئه‌ویش وه‌ڵامی دایه‌وه‌و به‌مووسای گوت: ده‌مه‌وێ یه‌كێ له‌م كیژانه‌مت لێ ماره‌ بكه‌م.
به‌ڵێ ئاسانكاری له‌به‌رده‌م كچ‌ و كوڕدا، ژن‌ و پیاودا، بۆبه‌ هاوسه‌ریی بوون‌و به‌مێرد بوون، له‌ناو چین‌و نه‌وه‌ی سه‌ره‌تاكانی ئیسلامدا، زۆر زۆربوو گرنگیشی ده‌درایه‌، ژنی ژیرو دیندار ده‌یكرده‌ سه‌ر پیاوی دیندار: ده‌یه‌وێ شووی پێ بكات، خۆ ئه‌و ژنه‌ به‌رێزه‌ كه‌كردیه‌ سه‌ر پێغه‌مبه‌ر ﷺ ده‌یه‌وێ مێردی له‌گه‌ڵ‌ بكات، زۆر به‌ده‌نگ‌و باسه‌، خۆ (عومه‌ر) كچه‌كه‌ی خۆی خاتوو(حه‌فصه‌) ده‌داته‌ (ئه‌بوبه‌كر)و پاشانیش (عوسمان)، هه‌ردوو پۆزشی بۆ ده‌هێننه‌وه‌، جا كه‌ هه‌ردوو داوای لێبوردنیان كردو ئه‌میش دڵ‌ نیگه‌ران بوو و، چوو بۆ پێغه‌مبه‌ری گێڕایه‌وه‌ ﷺ پێغه‌مبه‌ریش ﷺ بۆ دڵدانه‌وه‌ی (عومه‌ر) گوتی: به‌شكوم خوا له‌وان باشتری كردبێته‌ به‌شی (حه‌فصه‌)، ئه‌وه‌ بوو دوایی له‌به‌ر عومه‌ر خۆی ماره‌یكرد،ئه‌مه‌ له‌ (سیره‌)دا زۆر باسكراوه‌.
ئاسانكاری بۆ كیژان‌و كوڕان، سوننه‌تێكی گه‌وره‌ی ﷺشه‌ریعه‌تی ئیسلامه‌، ئه‌وه‌ته‌ پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ ژنێك – له‌سه‌ر دوو سووره‌تی قورئان – له‌پیاوێك ماره‌ ده‌كات !هه‌زار سڵاو له‌و ژنانه‌ كه‌ له‌به‌رده‌م سه‌ختی ژیاندا وره‌یان ناڕوخێ‌و، ده‌ست ده‌ده‌نه‌ كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ماڵ‌، ئه‌گه‌رچی شوانیش بێت، خۆ دیتت ئه‌و دوو كیژه‌ به‌ڕێزه‌، سه‌ربه‌رزه‌ی (شوعه‌یب) چۆن په‌زه‌كانیان به‌خێوكردو ئاو ده‌دا؟. دیسان هه‌زار سڵاو له‌و كیژانه‌ش له‌ نه‌خشه‌ی بابیان ده‌رناچن‌و مێردی قاره‌مان‌و ئه‌مین‌و دڵپاك ‌و ده‌ست پاك هه‌ڵده‌بژێرن، هه‌زار سڵاو له‌ باوكانه‌ش، كه‌ بێ ڕه‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندی كیژه‌كانیان، به‌شوویان ناده‌ن.
له‌ماڵ‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی ژنان بۆ ناو ئیش‌وكارو كۆمپانیه‌كان‌و دام‌و ده‌زگاكان، هه‌تا زۆر پێویست‌و زه‌روور نه‌بێ، هه‌ق نیه‌ ده‌رفه‌ت‌و ڕێگا بدرێ، چونكه‌ كاری وا گه‌لێ جار له‌توانای جه‌سته‌یی‌و (ئوونوسه‌ت)ی ئه‌و خانمانه‌دا ناگونجێت، واده‌زانم ئه‌گه‌ر له‌به‌ر [وأبونا شیخ كبیر] نه‌بووبا، ئه‌و كیژانه‌ی شوعه‌یبیش ناچاری پاڵه‌په‌ستوَی ئه‌و كه‌م ویژدانانه‌ نه‌ده‌بوون‌و ئه‌وه‌ند گوشاریان نه‌ده‌كه‌وته‌ سه‌ر، كه‌هاتنه‌ ده‌ریش خۆدیتتان چه‌نده‌ به‌ئه‌ده‌ب‌و خاوه‌ن وێڵ‌‌و ڕه‌وشت به‌رز بوون: [لانسقی حتی‌ یصدر الرعا‌ء...] له‌گه‌ڵ‌: [تمشی‌ علی‌ استحیا‌ء] ئه‌وڕاستیه‌مان پێ ده‌ڵێن.
به‌ڵێ ئافره‌تی چاك ‌و خاوه‌ن شه‌هامه‌ت، به‌شه‌هامه‌ت‌و چاكه‌، ئافره‌ت ده‌بێ له‌گه‌ڵ‌ كاروانی ژیاندا به‌جێ نه‌مێنێ‌و، له‌ڕێگایه‌كی شه‌رعیه‌وه‌ خۆی‌و منداڵی به‌خێو بكات، ئه‌گه‌رچی له‌ڕێی شوانی‌و كشتوكاڵیشه‌وه‌ بێت، گه‌لێ ژنه‌ كوردی خۆمان هه‌یه‌، كه‌مێردیان ده‌مرێ‌، شێرانه‌ ده‌چنه‌ گۆڕه‌پانی كرد‌وكۆششه‌وه‌‌و ناهێڵن، ئاتاج‌و موحتاجی ده‌رگای نامه‌رد ببن‌و سه‌ربه‌رزانه‌ بۆ خۆیان ده‌ژین.


سه‌رچاوه‌: ژنان و كاروباری‌ ژنان له‌ ئیسلامدا ..  له‌ نووسینی‌ شێخ ئه‌حمه‌د كاكه‌ محموود

بەروار2020/04/01سەردان 581