ژنانی ئاكار چاك و ناودار له‌ ئیسلامدا.! (1+2)

ژنانی ئاكار چاك و ناودار له‌ ئیسلامدا

به‌شی یه‌كه‌م:

 له‌پێشه‌وه‌ گه‌لێ جار گوتمان: ژن وپیاو هه‌ردوو دروستكراوی خوان و، یه‌كێكیانی خۆشناوێ‌ و ڕكی له‌ویان بێت، نه‌خێر، به‌ڵكو هه‌ردوو بۆ به‌هه‌شت به‌دیهاتوون، وه‌كو (بابه‌ ئاده‌م) و دایه‌ (حه‌وا) – سه‌لامی‌ خوایان لێ بێت – به‌ڵام بۆ دوایی به‌هۆی كاروكرده‌وه‌ی‌ خۆیانه‌وه‌، چاكیان ده‌بێته‌ چاك و، خراپیشیان ده‌بێته‌ خراپ، زۆر جاریش ده‌كرێ، هێندێ ئافره‌ت له‌سه‌دان پیاو باشترو به‌خزمه‌ت ترن، صاڵحترو چاكترن، بۆ ئه‌مه‌ش مێژوو پڕه‌، جا ئێمه‌ بۆ ئه‌م باسه‌ له‌ قورئانی پیرۆزدا چه‌ند ژنێ وه‌بیر دێنین، تا ئێمه‌ش چاكمان به‌لاوه‌ چاك بێ و، خراپیشمان به‌لاوه‌ خراپ بێت،گه‌رچی ژنی پێغه‌مبه‌ر ﷺ یش بێت، نه‌ك وه‌كو سه‌رده‌می جاهیلیه‌ت كه‌ هه‌موو كارێكی ئافره‌تیان به‌لاوه‌ خراپ بوو!
فه‌رموون ئه‌مه‌ش چه‌ند ژنێكی‌ ئاكار چاكن:

1- (ساره‌) خاتوونی ژنی (ئیبراهیم) پێغه‌مبه‌ر – درودو سڵاوی لێ بێت-
 ئه‌م ژنه‌ به‌ڕێزه‌ وه‌ك ده‌ڵێن ته‌مه‌نی (99) ساڵ‌ و، زۆریش صاڵح و ڕێك و پێك بوو، تا ده‌گاته‌ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ش هیچ منداڵێكی نابێ‌ و، ئه‌و ته‌مه‌نه‌ش به‌ پێی سروشت و باوی ژنان، ساڵی نه‌مانی هیوا به‌منداڵ بوونه‌، وه‌كو ته‌مه‌نه‌كه‌ی (ئیبراهیم)یش هه‌روا، مه‌گه‌ر به‌ده‌گمه‌ن.. گه‌رچی له‌تواناو ده‌سه‌ڵاتی دروستكه‌ری بوونه‌وه‌ردا زۆر ئاسانه‌، به‌ڵێ خوای گه‌وره‌ هه‌موو شتێكی ئه‌ندازه‌گیر كردووه‌و هۆكارو سه‌به‌بی بۆ داناوه‌، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵكیی بیناسن، بڕێ جار هێندێ شت ده‌كات، به‌ده‌ر له‌بۆچوونی ئه‌وانه‌، بۆیه‌ ئیمانداره‌كانیان به‌ئاسانی ته‌سلیم ده‌بن و، بێ دینه‌كانیشیان یاخیی، بۆ نموونه‌: له‌گڵ‌ بابه‌ ئاده‌م و، له‌ (مه‌ریه‌م) عیسا - بێ په‌یوه‌ندی نێرو مێیی - وه‌دی دێنێ، خۆ ژنانیش له‌ده‌وروبه‌ری په‌نجاكاندا له‌زاوزێ‌ ده‌كه‌ون، به‌ڵام ئه‌وه‌ته‌ له‌وته‌مه‌نه‌دا منداڵ‌ ده‌داته‌ خاتوو (ساره‌) بۆئه‌وه‌ ده‌وروبه‌ر ڕاچڵه‌كێنێ و، بیانخاته‌ سه‌ر بیركردنه‌وه‌و ئیمان هێنان به‌خوای تاك و ته‌نیا، بۆئه‌مه‌یه‌ كه‌ خوای گه‌وره‌و میهره‌بان له‌ سووره‌تی (هوود)دا ده‌فه‌رمووێ: [وامرأته قائمة فضحكت فبشرناها بإسحاق ومن ورا‌ء إسحاق یعقوب. قالت یاویلتا أألد وأنا عجوز وهذا بعلی‌ شیخا إن هذا لشی‌ء عجیب. قالوا أتعجبین من أمر الله رحمة الله وبركاته علیكم أهل البیت إنهُ حمیدٌ مجید]/71-73. واته‌: ژنه‌كه‌ی ئیبراهیم – درودوسڵاویان لێبێ – كه‌ له‌ كاتی هاتنی فریشته‌كاندا هه‌ڵویستا بوو – له‌و مژده‌ خۆشه‌ پێكه‌نی (فریشته‌كان هاتبوون بۆ فه‌وتاندنی خه‌ڵكه‌ خراپه‌ نێربازه‌كه‌ی قه‌ومی (لووط)، ئه‌میش ژنێكی صاڵح و چاك و باش بوو، له‌خۆشی ئه‌وه‌دا هاته‌ پێكه‌نین)، بۆ دواییش مزگێنیان پێدا به‌ له‌دایكبوونی منداڵێك، ناوی (ئیسحاق) ده‌بێ و، سه‌ره‌ڕای ئیسحاقیش به‌یه‌عقووبی كوڕی ئیسحاق. ئه‌ویش – به‌پێی ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی هه‌یبوو، له‌بار نه‌بوو بۆ منداڵ بوون – بۆیه‌ گوتی: های له‌من ! ئاخۆ منی پیره‌ژن منداڵم ده‌بێ و، ئه‌مه‌یش شووه‌كه‌مه‌ پیره‌ مێردێكه‌، به‌ڕاستی ئه‌م كاره‌، كارێكی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه‌ ! فریشته‌كانیش به‌ (ساره‌)یان گوت: ئاخۆ فه‌رمانی خوات پێ سه‌یره‌ ! ئه‌ی خێزانی ئه‌م ماڵه‌ ! به‌ربه‌زه‌یی و به‌ره‌كه‌تی خوا بكه‌ون، به‌ڕاستی پایه‌ به‌رزی و پێ هه‌ڵگوتن هه‌ر له‌خۆی دێ.
له‌سووره‌تی (زاریات)یشدا ده‌فه‌رمووێ: [فأقبلت امرأته فی‌ صرة فصَكت وجهها وقالت عجوزٌ عقیم. قالوا كذلك قال ربك إنه هو الحكیم العلیم] 51/29-30. واته‌: ژنه‌كه‌ی ئیبراهیم – پاش مژده‌كه‌ به‌ منداڵ‌ – به‌هاوار هاوار هات و چه‌مۆڵه‌یه‌ (پووكاوڵ‌)ێكی له‌خۆی داگرت و گوتی: من پیره‌ ژنێكم بێ زك وزا، ئاخۆ چۆن منداڵم ده‌بێ...؟ دیاره‌ ژنێك ته‌مه‌نی گه‌یشتبێته‌ ئه‌وه‌نده‌ ساڵ و، هێمان منداڵی نه‌بووبێ و، ئێستا پێی‌ بڵێن منداڵت ده‌بێ، بێ شك ئه‌و قسه‌یه‌ جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌! ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی خوا نه‌بێ شتی وا كه‌ی‌ ده‌بێت، بۆیه‌ فریشته‌كانیش گوتیان: په‌روه‌ردگاری تۆ وای فه‌رمووه‌و بڕاوه‌ته‌وه‌، بۆخۆیشی كارزان و زانایه‌.

تێبینی:
1) (قورتوبی) ده‌ڵێ: وشه‌ی (أهل البیت) كه‌ له‌ سووره‌تی (ئه‌حزاب)یشدا هاتووه‌: [إنما یرید الله لیذهب عنكم الرجس أهل البیت ویطهركم تطهیرا] 33/33. ژنی پێغه‌مبه‌ره‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی هێندێ به‌رهه‌ڵستی له‌مه‌ ده‌كه‌ن !

2) بوخاری له‌ كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێ: (باب القیام المرأة علی‌ الرجال فی‌ العرس وخدمتهم بالنفس). واته‌: ژنان هه‌ڵسن به‌خزمه‌تی پیاوانی صاڵح و چاك و دۆس له‌ زه‌ماوه‌ندا. پێشه‌وا (موسلیم)یش له‌ (سه‌هل ی كوڕی سه‌عد)ـه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ده‌ڵێ: (ئه‌بوو ئوسه‌یدی ساعیدیی) زه‌ماوه‌ندی كردو پێغه‌مبه‌ری‌ ﷺ ده‌عوه‌تكردو، ژنه‌كه‌ی‌ (بووكه‌كه‌) خزمه‌تی ده‌كرد... زاناكانیش له‌مه‌وه‌وه‌ریان گرتووه‌ كه‌: ژنان ده‌توانن له‌ زه‌ماوه‌ندا خزمه‌تی مێردیان و هاوه‌ڵانی مێردیان بكه‌ن، هه‌روه‌ها ده‌شكرێ ئافره‌ت له‌به‌رده‌م میوانی صاڵح و موسڵماندا هات‌و چۆ‌و خزمه‌ت بكات، ئه‌گه‌رچی له‌وانه‌یه‌ ئه‌م ڕووداوه‌ پێش ئایه‌تی (حیجاب)یش هاتبێ.

ژنانی ئاكار چاك و ناودار له‌ ئیسلامدا.. به‌شی (2)
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
2- ژنه‌ ئیمانداره‌كه‌ی فیرعه‌ون:

ئه‌م ژنه‌ش – ئاخۆ ئاسیه‌ی كچی موزاحێم بێت، یان (ئیخناتوون) بێت – نموونه‌ی ئیمان وقاره‌مانیه‌تییه‌ بۆ ژنان، چونكه‌ باوه‌ڕدارێكی ڕاسته‌قینه‌ بوو به‌په‌روه‌ردگاری خۆی، ئه‌گه‌رچی ژنی فیرعه‌ونیش بووو له‌ كۆشكی پاشایه‌تیدا ده‌ژیا، وه‌له‌ هیچیش كه‌می نه‌بوو، وه‌هه‌رچی ژنانیش حه‌زی لێ بكه‌ن له‌ ڕابواردن‌وخواردن ‌و جل‌وبه‌رگ ‌و زێڕوزیو‌و، حورمه‌ت‌وڕێز، له‌ كۆشكی پاشایه‌تیدا، ده‌ستی ئه‌و كه‌وتبوو، به‌ڵام ئه‌مانه‌ گشت نه‌بوونه‌ ئه‌سته‌م وله‌مپه‌ڕێك له‌به‌رده‌م ئیمانداریدا، ئیتر سه‌رباری ئه‌وه‌كه‌ (فیرعه‌ون) داوای خوایه‌تی ده‌كردو ده‌یگوت: [ما علمت لكم من إله غیري. أنا ربكم الأعلی‌]، كاتێكیش فیرعه‌ون زانی ئه‌و ژنه‌ باوه‌ڕی به‌و نییه‌و، ده‌زانێ ئه‌ویش یه‌كێكه‌ له‌ دروستكراوه‌كانی خواو، خوا له‌و مه‌زنتره‌، ئازارو بێزارێكی زۆریدا، بۆئه‌وه‌ له‌وه‌ په‌شیمان ببێته‌وه‌و باوه‌ڕ به‌ده‌سه‌ڵات و خوایه‌تی فیرعه‌ون بێنێت! به‌ڵام ئاسیه‌خان وه‌كو كێوه‌ سه‌ربه‌رزه‌كان وه‌ستاو نه‌له‌رزیی‌و، ددانی به‌خۆدا گرت‌و ده‌یگوت: خوایه‌ ! له‌ فیرعه‌ون‌و، له‌كاروكرده‌وه‌ی فیرعه‌ون‌و، له‌گه‌ل ‌و نه‌ته‌وه‌ی سته‌مكارێكی وه‌ك فیرعه‌ون نه‌جاتم بده‌، خوایه‌ ! له‌لای خۆت ماڵوكه‌یه‌كم – له‌به‌هه‌شتدا – بۆ بنیاتنه‌.
به‌ڵێ هه‌ڵوێستی ئه‌م ژنه‌ دلێرو قاره‌مانه‌، كه‌ هێماو ئاماژه‌ی پیرۆزی‌ و سه‌رفرازییه‌ بۆ دنیاو قیامه‌ت، ڕه‌مزی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژنانیش – ئاره‌زوویان هه‌بێ – خۆ زاڵ‌ ده‌كه‌ن به‌سه‌ر گشت ڕابواردن و ناو‌و نازناوێكی دنیادا، ئه‌گه‌ر به‌ باشی‌ لێبڕێن پاشاو گشت موڵكه‌كه‌ی، ناتوانێ‌ له‌خشته‌یان به‌رن‌و، ده‌توانن مێژوویه‌كی پڕله‌ سه‌روه‌ریی‌و خه‌بات،بۆ گشت ژنانی دنیا تۆمار بكه‌ن و له‌ قیامه‌تیشدا پله‌ی به‌ختیاریی‌و سه‌ربه‌رزیی به‌ده‌ست دێنێ، پێغه‌مبه‌ری خواش  له‌به‌رامبه‌رئه‌و ژنه‌ ئاكارچاك و به‌رزانه‌وه‌ ده‌فه‌رمووێ: ((أفضل نسا‌ء الجنة: خدیجة بنت خویلد، وفاطمة بنت محمد، ومریم ابنت عمران، وآسیة بنت مزاحم فرعون)).
ده‌سا هه‌زاران هه‌زار دروودو سڵاو بۆ ئه‌و خانمه‌ ئیمانداره‌ چاكه‌ پاكانه‌ كه‌ هه‌رگیز مادده‌و كۆشك‌و ته‌لار نایانخه‌ڵه‌تێنێ. سلاَو بۆژنانێ‌ له‌ پَێناو ئاقیده‌و باوه‌ڕدا ده‌كۆشن وخۆ ته‌سلیمی‌ زۆردارانی‌ سه‌رده‌م ناكه‌ن.

بەروار2020/04/01سەردان 662