پیاو سالاری‌ له‌ ئیسلامدا چۆنە.؟

پیاو سالاری‌ له‌ ئیسلامدا چۆنە.؟

قه‌ووامه‌ چییه‌ ؟!

بێ شك یه‌كخستنی هه‌ر ژن و پیاوێك و بوونیان به‌ خێزانێك و، ئه‌وساش بۆ ماوه‌ی ته‌مه‌نیان پێكه‌وه‌ بژین، هه‌روا كارێكی ئاسان و ساده‌و ساكار نییه‌، ده‌بێ – پاش ئه‌وه‌ كه‌ هه‌ردوو هاوبه‌شی ژیانن - یاساو ڕێسایه‌كیان بۆ دابنرێت، ئیشه‌كانیان – هه‌ریه‌كه‌ به‌پێی‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانیان – بۆ دابه‌ش بكرێ و، هیچ كامێكیشیان سته‌می لێ نه‌كرێت... دیاره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ كه‌ ژنان زاوزێ ده‌كه‌ن و منداڵ‌ وه‌به‌ر دێنن و، پاشان ده‌بێ په‌روه‌رده‌ی بكه‌ن، خوای دلۆڤان – به‌پێی‌ سروشت – جۆره‌ ئارام و سۆزو میهربانی و دلۆڤانیه‌كی به‌ ژنان به‌خشیوه‌، كه‌ له‌ پیاواندا به‌دی ناكرێت، پیاویش له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێ له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵدا كار بكاو، نان و بژێوی بۆ ئه‌و ژنه‌ دووگیانه‌ - كه‌ منداڵی بۆ به‌رهه‌م دێنێ – په‌یدا بكات، دیسان ئه‌میش له‌ش و قه‌واره‌یه‌كی تایبه‌ت – به‌و كاره‌وه‌ – پێ به‌خشیوه‌.. وای دروست كردووه‌ به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌مووسه‌رماو گه‌رماو وه‌به‌رهێنانی كشت و كاڵ‌ و بازرگانی‌ و ئه‌م به‌رو ئه‌وبه‌ره‌ بگرێت، به‌ شێوه‌یه‌ك درووستی كردووه‌ به‌رگه‌ی ئه‌و گیروگرفتانه‌ بگرێت دێنه‌ ڕێگای، به‌ڵێ دووكه‌سی ئاوا – زه‌حمه‌تكێش – ژنه‌كه‌ به‌حه‌یزو بێ نوێژی و زه‌یسانی و دووگیانی و به‌رهه‌م هێنانی منداڵه‌وه‌ سه‌رقاڵه‌، پیاوه‌كه‌ش ده‌بێ بژێوی بۆ ئه‌و ژن و منداڵه‌ پێكه‌وه‌ په‌یدا بكات، بێگومان ده‌بێ كاره‌كانیان بۆ ڕێك بخرێ و، یه‌كێكیان بكرێته‌ به‌ر پرسی بژێوی و نان وتوفاق، تا له‌ پشێوی و فه‌وزا ڕزگارببن، خۆ دیاره‌ كه‌ ئیسلام هیچ شتێ بێ ئیداره‌و سه‌رپه‌رست و چاودێر ناهێلێ، ته‌نانه‌تی دووكه‌س سه‌فه‌رێ بكه‌ن، ده‌بێ یه‌كێكیان به‌رپرس بێت.. جاباشه‌ ! ئه‌ی چۆن ماڵ‌ و حاڵێكی ئاوا بێ سه‌رپه‌رست ده‌بێ....؟ ئێستا ئه‌گه‌ر بڵێین با ژنه‌كه‌ سه‌رپه‌رست بێ و (قه‌ووامه‌) به‌ده‌ست ئه‌و بێ، واده‌زانم سته‌م له‌ ژنه‌كه‌ ده‌كرێ، چونكه‌ ئه‌و له‌لایه‌كه‌وه‌ دووگیان ده‌بێ و منداڵ‌ وه‌به‌ردێنێ، له‌و لایشه‌وه‌ به‌رپرسیه‌تی بژێوی نان و توفاقیشی‌ بدرێتێ – هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ كه‌ حه‌ز ناكا پیاو كوێخایی به‌سه‌ردا بكات – بێ سۆ له‌حاڵه‌تی ئاوادا سته‌م له‌ژنه‌كه‌ ده‌كرێ و، پیاوه‌كه‌ش بێ ئیش وكار ده‌مێنێته‌وه‌و، ده‌بێته‌ ئاغاو كوێخای ناهه‌ق به‌سه‌ر ژنه‌كه‌وه‌، ئه‌گه‌ر نا پێشتر ڕه‌نجبه‌رو خزمه‌تكاربوو، خۆ ناشكرێ كاره‌كانیان بگۆڕنه‌وه‌، منداڵ‌ بوون بدرێته‌ پیاوو، هه‌ڵسوڕانی كاروباری بژێویش بدرێته‌ ژنان، چونكه‌ دووباره‌ هه‌ر ده‌بێ وه‌كو ئێستا كاره‌كانیان بۆ دابه‌ش بكه‌ین و، هێندێ ڕازی ده‌بێ و، هێندێ ناڕازی.
له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ كه‌ خوای كارزانیش ده‌فه‌رمووێ: [الرجال قوامون علی‌ النسا‌ء بما فضل الله بعضهم علی‌ بعض وبما أنفقوا من أموالهم فالصالحات قانتات حافظات للغیب بما حفظ الله، واللاتی تخافون نشوزهن فعظوهن واهجروهن فی‌ المضاجع واضربوهن فإن أطعنكم فلا تبغوا علیهن سبیلا إن الله كان علیاً كبیراً] 41/34. واته‌: پیاوان ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر ژناندا هه‌یه‌و، سه‌رپه‌رستیی كاروباریان ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ كه‌:
 یه‌كه‌م:  هێندێ له‌ هێندێ، له‌له‌ش و قه‌واره‌و پێكهاته‌ی جه‌سته‌یی و بیرو هۆش و، هه‌وڵ‌ بۆ بژێوی كامڵتروخوا به‌تواناتر به‌دیهێناون.
 دووه‌م: پیاوان ئه‌ركی به‌ڕێ چوونی ماڵیان له‌سه‌ر شانه‌، جا ژنانی باش ئه‌وانه‌ن كه‌ گوێ بیستن و – وه‌كو خواش فه‌رمانی داوه‌ – به‌تایبه‌تی گه‌ر شووه‌كه‌یان نادیاربوو- شه‌رمی خۆیان ده‌پارێزن و ئاگاشیان له‌ماڵ‌ و حاڵی ده‌بێ. ئه‌و ژنانه‌ش كه‌ ئێوه‌ ده‌ترسن ئه‌شقی ببن، ئامۆژگاریان بكه‌ن و جێگه‌یان لێ جیا بكه‌نه‌وه‌، پاش بێ سوودی ئه‌و دووخاڵه‌یه‌، هه‌ر له‌به‌ر دامركانه‌وه‌ی كێشه‌و هه‌را كه‌، ده‌كرێ ئه‌ر لێشیان بده‌ن، جا ئه‌گه‌ر گوێ بیست بوونه‌وه‌، ئێوه‌ بیانوویان لێ مه‌گرن، به‌ڕاستی‌ خوا به‌رزو بڵندو زانایه‌.
ئه‌م (قه‌ووامه‌)یه‌ له‌به‌ر چاكیی و رێكو پێكی‌ پیاوان و خراپی‌ ژنان نییه‌، به‌ڵكو ته‌نها له‌به‌ر ئه‌و دوو خاڵه‌یه‌ كه‌ قورئانی‌ پیرۆز باسی كردوون، جگه‌ له‌وه‌ش به‌پێی باوونه‌ریتی سه‌رجه‌م هۆزو خێڵه‌كانی سه‌رده‌میش، هه‌ر پیاوان به‌ده‌م رووداوه‌ سروشتیه‌كانه‌وه‌ بوون، هه‌ر پیاوان –به‌پله‌ی یه‌كه‌م– به‌شداری شه‌ڕو شۆڕه‌ی خێڵه‌كانیان كردووه‌، هه‌ر پیاوان زیاتر له‌ماڵ‌ چوونه‌ته‌ ده‌ر، بۆپه‌یداكردنی نان و بژێوی، خۆ په‌یداكردنی نان وبژێوی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش، وه‌كو ئێستا ئاسان نه‌بووه‌، ژنێك به‌یانی دره‌نگانێك له‌ خه‌و هه‌ستێ و، سواری سه‌یاره‌كه‌ی ببێ و، به‌سه‌ر جاده‌ی قیردا بچێته‌ مه‌ڵبه‌ندی كاره‌كه‌یه‌وه‌ و پارێزه‌ریشی هه‌بێ و، له‌ولایشه‌وه‌ به‌ سووك و ئاسان بگه‌ڕێته‌وه‌ – ئه‌گه‌ر چی ئه‌م ژنانه‌ش له‌چاو ژنانی دنیادا ڕێژه‌یه‌كی زۆر كه‌من، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلام یاساو ڕێسای گشتگیر داده‌نێ وده‌بێ‌ بۆ هه‌موو كات وساتێك به‌ كه‌ڵك بێت.
خۆ ژنانیش كه‌متر ده‌توانن – وه‌كو پیاوان ده‌شت و ده‌رو، شاخ و چیاو، به‌رزایی و نزمایی بكه‌ن، جا له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌، ئه‌و ئه‌ركانه‌ بڕاون به‌سه‌ر پیاواندا و بوونه‌ته‌ خزمه‌تكاری ژنان و، ژنانیش بۆ خۆیان ڕۆژ تا ئێواره‌، خانمانه‌ بۆ خۆیان ڕاده‌بوێرن...
له‌ كاتێكدا (قه‌ووامه‌) به‌ پیاوان سپێردراوه‌، له‌به‌رامبه‌ریه‌وه‌ ماره‌یی ژنان و بژێوی و گشت پێداویستیه‌كانیشیان خراوه‌ته‌ سه‌ر شان، له‌ولایشه‌وه‌ ئه‌م كوێخایییه‌، ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئیتر ژنه‌كه‌ هیچ ئیراده‌و ویستێكی نه‌بێ و، نه‌توانێ به‌ویستی پیاوه‌كه‌ نه‌بێ بجوڵَێته‌وه‌، نه‌خێر. چونكه‌ سه‌رپه‌رستیاری ئیش و كار، ته‌نها چاودێری ده‌كاو، ئه‌ویش بۆ خۆی كار ده‌كات.
 مه‌سه‌له‌ی‌ قه‌ووامه‌ – پاش ره‌چاو كردنی‌ هه‌موو صیفه‌تێكی به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئه‌و ئه‌ركه‌ مه‌زنه‌ – ئه‌وجا دراوه‌ته‌ پیاوان، بۆیه‌ سه‌رپێچی و لادان لێی، كارێكی ئاسان و ساده‌وساكار نییه‌و، ده‌ره‌نجامێكی باشی‌ نابێت بۆ ئه‌و خانه‌واده‌یه‌ سه‌رپێچی لێ ده‌كات... چونكه‌ ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ ژێر چاودێری بابدا گه‌وره‌ – نابن و په‌روه‌رده‌ ناكرێن – ده‌ره‌نجام شه‌خصییه‌تێكی لاوازده‌رده‌چن، یان به‌ده‌گمه‌ن ڕێك و پێك و صاڵح و كامڵ‌ ده‌رچن.
ئینجا له‌و كه‌ش و هه‌وا سازگاره‌دا، ژنه‌كه‌ به‌ (قه‌ووامه‌) ی پیاوه‌كه‌ رازیی‌ و، پیاوه‌كه‌ش به‌رامبه‌ر به‌ ژنه‌كه‌ دلۆڤان و میهره‌بان، ده‌بێ ئیتر ژنان گوێ بیست بن و، لاساری نه‌كه‌ن وكه‌ش و هه‌وای ماڵه‌كه‌ نه‌شێوێنن، بۆیه‌ له‌ (أحكام القرآن)ی (جه‌صاص)دا هاتووه‌و له‌ ته‌فسیری (قه‌ووامه‌)دا ده‌ڵێ: (أی‌ أن علیها طاعته وقبول أمره مالم تكن معصیة) واته‌: قه‌وامه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌: ژنه‌كه‌ گوێ بیستی مێرده‌كه‌ی بێ و سه‌رپێچی نه‌كا، مه‌گه‌ر له‌ كاری خراپ و تاواندا، خوای‌ میهره‌بان به‌و ژنانه‌ ده‌فه‌رمووی: [فالصالحات قانتات حافظات للغیب بما حفظ الله]. (ئیبن عه‌باس) له‌ ته‌فسیری‌ (الرجال قوامون..) ده‌ڵێ‌: (علیها أن تطیعه فیما أمر الله به من طاعته، وطاعته: أن تكون محسنة إلی‌ أهله، حافظة لماله، وفضله علیها بنفقته وسعیه).


سه‌رچاوه‌/ ژنان و كاروباری‌ ژنان له‌ ئیسلامدا.. نووسینی‌: شێخ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود


بەروار2020/04/01سەردان 2492