بەرلە ئیسلام ژنی "باب" مارە دەکرا..!


بەرلە ئیسلام ژنی "باب" مارە دەکرا..!

بەر لە ھاتنی ئیسلام – وەکو ئاماژەمان پێکرد – ژنان کرابوونە میرات و کەلەپوور و زۆر جاران کە باوک دەمرد، نەیان دەھێشت ژنەکەی – بەئارەزووی خۆی – شوو بکاتەوە، ھەتا منداڵە بچکۆڵەکەی گەورە دەبوو، ئەوسا یان مارەی دەکرد، یان دەیکردە کەلەپوورو بەشووی دەدا، جا کە ئیسلام ھات، زۆر بەخەستی چوو بە گژیانداو، بەسەختیش ئەو کارەی حەرام کردو فەرمووی [ولاتنکحوا مانکحَ آباؤکم من النسا‌ء الإ ماقد سلف، إنە کان فاحشة و مقتا وسا‌ء سبیلا]٢٠/٢٢ بەواتای: ئەو ژنانە کە بابتان مارەیکردوون، ھەرگیز ئێوە مارەیان مەکەن – مەگەر ئەوی تێپەڕیوە – بەڕاستی کاری وا زۆر دزیوو مایەی رک و تووڕەبوونی نێوانتانە و، ڕێگاو ڕەوشتێکی خراپ و ناپەسەندە. دەکرێ ھۆی حەرام بوونی ژنی باوک لە سێ شتاندا کۆبکەینەوە، ئەگەرچی لەوانەیە گەلێ ھۆی تریش ھەبێ و، ئێستا ئێمە درکیان نەکەین:

یەکەم: لە ئیسلامدا باوەژن حیسابی دایکی ھەیە.
دووەم: نابێ کوڕ بچێتە جێگەی بابی و بێتە نیارو دژی، چونکە مرۆڤ – بەپێی سروشت – رکی لەو کەسە دەبێتەوە ژنەکەی مارە دەکاتەوە.
سێیەم: کاری وا لە کاری جاھیلیەتی بەر لە ئیسلام دەچێ کە: ئەوان ژنی بابیان دەکردە میرات و مارەیان دەکردو، بەوە لە ڕێزی ژنانیان کەم دەکرد. پاشان خوای گەورە پتر لەسەر مەسەلەی حەڵاڵ و حەرامی ژنان دەچێ و دەفەرمووێ: [حرمت علیکم أمھاتکم وبناتکم وأخواتکم وعماتکم وخالاتکم وبنات الأخ وبنات الأخت وأمھاتکم اللاتی أرضعنکم وأخواتکم من الرضاعة وأمھات نسائکم وربائبکم اللاتی فی حجورکم من نسائکم اللاتی دخلتم بھن فإن لم تکونوا دخلتم بھن فلا جناح علیکم وحلائل أبنائکم الذین من أصلابکم وأن تجمعوا بین الأختین إلاما قد سلف إن اللە کان غفوراً رحیما]٤/٢٣. واتە: ئەم ژنانەتان لەسەر حەرام کراوەو پێتان ناشێن: دایک و کچ و خوشک و پوور – لەھەردوولاوە – وکچی براو کچی خوشک و، ئەو ژنانەش بە ساوایی شیرتان خواردون و، ئەو کیژەی ھاوشیرتان بووەو، خەسووتان و، ئەو کیژانەی خۆتان بەخێوتان کردوون و، لەو ژنانەن سەرجێیتان لەگەلڕ کردون، خۆ ئەر دایکەکانیانتان مارە کردو نەکرا لەگەڵیان بنوون ئەوە قەیدی نیەو دەتوانن کیژەکانیان بخوازن، وەژنی کوڕی پشتی خۆیشتان، دووخوشکیش پێکەوە قەدەغەیە بکرێنە ھاوسەر – مەگەر بەر لە ئیسلام ئەو کارانە کرابن – بێ شک خواش لە ھەڵەو پەڵە دەبوورێ و دلۆڤانە. بەڵێ مەسەلەی ژنانی مەحرەم، لە ھەموو گەلێکی سەرەتایی و پێشکەوتوودا حیسابی خۆی بۆ کراوە، لە ئیسلامیشدا ئەمانەن لەم ئایەتەداو، لەئایەتی پێشوویداو، دواتریش ھێندێکیان باس دەکرێن.
ئەو ژنانەی حەرامە مارەکردنیان ئیسلام کردوونی بەسێ بەشەوە: بەشێکیان تا دنیا دنیا بێ حەرامن، یان لەسات و کاتێکی تایبەتدا - مارەکردنیان حەرامە- بەھۆی ڕشتەو ڕەگەزەوە. یان بەھۆی شیر خواردنەوە. یان بەھۆی ژن و ژنخواستنەوە ئیتر بەدەر لەوانە، ئیسلام ھەموو ئیعتیبارێکی تری ھەڵوەشاندۆتەوە – کەلەناو کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکاندا باوبوون -.

 وە بەھۆی خزمایەتی زۆر نزیکیشەوە چوار جۆریانی قەدەغە کردووە:

یەکەم: لە بنەڕەت و بنچینەوە (أصول)، ئەمانەش دایکی خۆیی و، دایکی باوکیی و، دایکی دایکیی و، دایە گەورە لە ھەردوولاوەوە: [حرمت علیکم أمھاتکم].
دووەم: لق و وەچە (فروع). ئەمانەش: کچی خۆیی و، کچەزاو کوڕەزا دەگرێتەوە: [وبناتکم]. 
سێیەم: لق و وەچەی باوک و دایکیی، کەوابوو مارەکردنی کچی خوشکی خۆی و، خوشکەزایی و برازایی و نەوەی ئەوانیش: [وأخواتکم]... [وبنات الأخ وبنات الأخت] یاساغە.
چوارەم: لق و نەوەی ڕاستەوخۆی باپیرە، بۆیە مارەکردنی پوور – لەھەردووسەرەوە – قەدەغەیە، ھەروەھا پووری باوک خۆی، پووری باپیرەی باوک ودایکیی... [وعـماتـکم وخـالاتـکم]. بـەڵام لق و نەوەی ناڕاستەوخۆ، ڕەوایە ژن ومێردی بکەن، کەوابوو ژن وژنخواستن لە نێوان ئامۆزاو، پورزاو خاڵۆزادا ڕەوایە.

سەرچاوە/ ژنان و کاروباری ژنان لە ئیسلامدا  - نووسینی شێخ ئەحمەد کاکە مەحموود


بەروار2020/04/01سەردان 855