ئایا مارەیی سنووری بۆ دادەنرێت ؟

ئایا مارەیی سنووری بۆ دادەنرێت ؟

ئەحمەد كاكە مەحموود

کتێبەکانی فیقە و تەفسیر دەڵێن: لەسەردەمی (عومەر)ی پێشەوادا (خوای لێ ڕازی بێت) مارەیی تەکانێکی سەیرو سەمەرەیداو، لەوانەبوو ئەستەمێک بخاتە بەردەم نیکاح و بەیەکگەیشتنی کچ و کوڕەکان، لەبەر ئەوە پێشەوا عومەر – وەکو سەرپەرستیاری موسڵمانان و چاودێری خێرو شەڕی کۆمەڵگە – لای سنووری دیاری کردوو، بڕیاریدا: ئەر لە مارەیی ژنەکانی پێغەمبەر ﷺ زیاتر بێت، زیادەکەی بخاتە (بیت المال)ـەوە، ئەم بڕیارەی لەسەر میمبەر خوێندەوەو، دەست بەجێ ژنێکی شارەزای قورئان ھەڵسایەوە سەر پێ و پێیگووت: تۆ چۆن سنووری مارەیی دیاری دەکەیت بۆ ژنان؟ ئەی ئەوە نییە خوا ئەفەرمووێ [وڕتیتم إحداھن قنگارا...] واتە: ئەربە کلوو ڕێک زێڕتان دابوو بە ژنانی پێشوو، نابێ لێیان بسێننەوە، کەوابوو ژنان دەتوانن بەئارەزووی خۆیان مارەیی بخەنە سەر پیاو، پاشان (عومەر) قسەکەی پەسەند کردو بڕیارەکەی خۆی ھەڵوەشاندەوە! (ئەم مەسەلە زیاتر لە فتح الباری، بەرگی (٩) لاپەرە (٢٥٦) ھەیە.
من وادەزانم ئەو شتانەی کە لە بەرژەوەندی کۆمەڵ و کۆمەڵگەن و، مایەی ژیانی ئاسوودەیی ئەو خەڵکەن، ھەرکات گرفتێک پەیدابوو لە پیادەکردنیاندا، پێشەوای موسڵمانان (تەعدیل)ی بکاو، ڕای بگرێ، ئەم مەسەلەی مارەیییەش – کە ئەمڕۆ ھیچ کچ و کوڕێک بەئاسانی ناتوانن بگەنەیەک – یەکێکە لەو گرفتانەو، پێویستە سەرپەرستیارو چاودێر، ڕاستی بکاتەوەو، سەروخوارێکی پێ بکات، بەپێی ڕۆژگاری کۆمەڵگە، ئەگەرچی بەداخەوە زۆرێکی کیژەکان خۆیان دەبنە لەمپەرو بەربەست لە بەردەم شووکردندا، چونکە لەگەلڕ ئەوەیشدا کە لە دەسەڵاتی باوک و دایک و خزم وبرا و کەس و کار، ئەندازەیەک ئازادن و دەتوانن بۆ خۆیان چارەنوسی خۆیان ھەڵبژێرن، بەڵام ھەر کیژەکان خۆیان ئەوەندە داوای زێڕو زیوو خانوو سەیارەو.... ھتد دەکەن، ھیچ لاوێک نەتوانێ نزیک ببێتەوەو مارەیان بکات.
گەڕانە دواوەو پەشیمانی پێشەوا عومەریش لەو بڕیارەی – سەبارەت بە دیاریکردنی لای سەرووی مارەیی – ئەگەر ڕاست بێت، جێگەی سەرسوڕمانە، چونکە بڕیاری ڕاگرتنی بڕینی دەستی دزو، ڕاگرتنی بەشی (مؤلفة القلوب)یش، ھەر لە کاروباری کۆمەڵگەن و، بارودۆخەکەی جارانیان گۆڕاو، ئەمیش حوکم و بڕیارەکەی ڕاگرت، تا ئەو ھۆیانە – ڕێیان بۆ خۆش دەکەن – پەیدا دەبنەوە.
مارەیی – بەپێی باوونەریتی ناوچەکە – دەتوانرێ ھێندێکی حازر بێ و، ھێندێکیشی قەرز وماوەی بۆ دیاری بکا، یان ھەر بێدەنگ بێت لێی، بەڵام دەبێ بزانرێ: ئاخۆ چەندەی حازر دەبێ و، چەندەیش قەرز؟
ئافرەت، دەتوانێ ھەتا مارەیییە حازرەکەی وەرنەگرێ، خۆی نەدات بەدەستی زاواوە.
ئافرەت، بۆ دڵنیایی خۆی لەمەڕ مارەیییەکەیەوە – بۆی ھەیە داوای کەسێک بکات، ببێتە کەفیل و دەسەبەر بۆ نەفەوتانی مارەیییەکەی. 
ئافرەت، ھەر مارەکرا، دەتوانێ داوای مارەیییەکەی بکا.

بە یەکێ لەم شتانە ھەموو مارەیی، دەکەوێتە سەر مێرد:

١- سەرجێیی لەگەڵکردن.
٢- ژن وپیاوەکە ھەرکامێکیان بمرێ– ئەگەرچی بەر لە پێکەوە نووستنیش بێ– ھەر شتێ لە (عەقد)ەکەدا ناوبرابێ، بۆی سابت دەبێ، خۆی یان میراتگری داوای دەکاو وەری دەگرێ.
٣- ھێندێ مەزەبەکانیش – خەڵوەی تەواوو بێ ھیچ لەمپەرێک، دەکەنە ھۆیەکی تری سابتبوونی مارەیی.

ھەر ئەم تاقمە زانایە دەڵێن: ھەرکە کەش و ھەوا بۆ سەرجێیی ژن و پیاوەکە جێبەجێبووو، ھیچ ئەستەمێک نەبوو بۆ ئەنجامدانی ئەو کارەیەو، ئەوسا بەر لەوە لێک جیابوونەوە، دەبێ ئەو ژنە (عیددە) ببینێ.

بە یەکێ لەمانە نیوەی مارەیی دەکەوێتە سەر زاوا:

١- بەر لە پێکەوە نووستن، تەڵاقیداو، لەھەمانکاتیشدا لە گرێ بەستی عەقدەکەدا، مارەییان باسکردبوو. (لەپێشەوە لە سوورەتی بەقەرە، ئایەتی: ٢٣٧ دا باسێکی ئەمە کرا).
٢- خەڵوەی شەرعیی و بێ ئەستەم لەبەردەمدا بۆ سەرجێیی، ئەوسا بەر لە ئەنجامدانی تەڵاقیدا و، دیسان ژنەکە نیوەی مارەیییە ناوبراوەکە دەبات.
٣- ھە جیابوونەوەیەک، مێردەکە ببێتە ھۆو سەبەب، بەر لە پێکەوە نووستنیش بێ، ھەمیسان خانمەکە نیوەی مارەیی ناوبراوی پێ دەبڕێت.

لەم حاڵەتانەشدا ھەموو مارەیی لە کیس دەچێ:

١- خانمەکە لە دین وەرگەڕێ و واز لە ئیسلام بێنێت.
٢- مێردەکە موسڵمان ببێ و، ژنەکە موسڵمان نەبێت.
٣- ژنەکە لەگەلڕ یەکێ لە خزمانی مێردەکەی، دەست تێکەلڕ بکاو بگەنە سەرجێیی!.
٤- ژنەکە – لەبەر ھەژاریی مێردەکەی، یان لەبەر ھەر عەیب و ناتەواوییەکی – نیکاحەکە ھەڵوەشێنێتەوە.

ئەمانە، لەگەڵ چەند حاڵەتێکی تردا، کە لە کتێبە فیقھیەکاندا باسکراون، دەبنە ھۆی لە دەستدانی مارەیی ژنەکە.

بەکورتیی: مارەیی ڕێزو حورمەتێکە، دینی ئسلام – بەر لە (١٥) سەدە، چەسپاندوویەتیی وقایەلبووە پێی بۆ خانمەکان و، دەبێ مێرد – لە یەکەم بەیەکگەییشتندا– ئەو میوانداریی و ڕێزە پێشکەش بکا، خۆ ئەگەر ژنەکە بۆ خۆی نەیویست و قبووڵی نەکرد، ھیچ تاوان و گوناحێک لە سەر ھیچکامێکیان نییە، بەڵکو جێی سوپاس و پێزانینە، ھەم لەلایەن شەریعەتی ئیسلامەوە، ھەم لەلایەن کۆمەڵگەوە –بە گشتیی-، چونکە ھاوکاری و بارسوکیەکە لەبەردەم ئەو سووننەتە گەورەدا، ڕێ ئاسانکردنە لەبەردەم کچان و کوڕاندا، شکاندنی ئەو بەربەست و کۆت و زنجیرەیە کە لاوان ناتوانن لە سەرەتای تەمەنیانەوە جورئەت بکەن، بیر لە خێزان و خانەوادە بکەنەوە..
خوشکی بەڕێز! دڵنیابە ئەگەر ھەردوو لاتان بە پێی ئاڕاستەکانی ئیسلام ڕەفتار بکەن و، بەرنامەی ئیسلام حاکم و بڕیار دەربێ، ھەرگیز گیروگرفتێکی وا نایەتە بەردەم لاو پیرو سەرجەم کۆمەڵگە، ئەگەر تۆی بەڕێز گوآ بۆ ئەو فەرموودانە بگریت کە: پێغەمبەر ﷺ لەبارەی قایەلبوون بە مارەییەکی کەم فەرموویەتی، یان ھەر ھیچت لە زاوا نەوێ، ئیتر چ گرفتێک ھەیە ڕێ لە تۆ بگرێ، ھەتا ببیتە گەورە کچ و، پاشان بۆ خۆت داکەویی و، کاتی بەشووکردنت بەسەر بچێت، یان ئەو کوڕە تەمەنی بچێتە (٣٠-٤٠) ساڵ، ھێمان ھەژارەو ناتوانێ داخوازییەکانی تۆ: ٥٠ میسقاڵ ئاڵتوون، خانووبەرە، کەلووپەلی ناوماڵ، بەئەندازەی ماڵێکی (٤٠) ساڵ، سەیارە و مۆدێلاتی تر – جێبەجێ بکات ! ئەی بۆچی زۆر بەئاسانی (عەقد)ەکە ئەنجام نادەن و، خێرا بگەنە یەکتر، ئەگەر ئاوا بکەن، ھیچ کامێکتان تەمەنتان لە کیس ناچآو، لەکاتی خۆیدا سوود لە تەمەن و جەستەتان وەردەگرن.
شیاوی ئاماژە بۆکردنە کە لە سەرەتای ئیسلامەوە (جەھازیی) و کەلووپەلی ڕێک خستنی بووک، لەسەر ماڵی باب و خزم و کەس وکاری ژنان بووە، ئیمامی (نەسایی) لە (عەلی کوڕی ئەبی تالیب)ـەوە –خوای لێ ڕازی بێت– دەگێڕێتەوە: ((جهّّزَ رسول الله ﷺ فاطمة فى خميل، وقرته، ووسادة حشوها إذْخَرٌ)) واتە: پێغەمبەر ﷺ بۆ خۆی خاتوونە (فاتمە)ی کچی ڕێکخست و جەھازی بۆ ئامادەکرد، جەھازیەکەشی بۆ ئەو ڕۆژە: لێفۆڵکەیەکی کورک و، پشتییەک و، جەوەندەیەکی ئاوخواردنەوە بوو.

بەروار2020/04/01سەردان 2490