فره‌ ژنێتی پێغه‌مبه‌ر "صلى الله عليه وسلم"

فره‌ ژنێتی پێغه‌مبه‌ر "صلى الله عليه وسلم"


ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود

دكتۆر (سباعی) ده‌ڵێ: ساڵی (1956) له‌ (ئه‌رله‌ندا) گفت و گۆیه‌ك – له‌گه‌ڵ‌ قه‌شه‌كانی ئه‌وێدا – كه‌وته‌ نێوانمانه‌وه‌، له‌و گوفت و گۆیه‌دا پێمگوتن: باشه‌ ! بۆچی ئێوه‌ له‌ قوتابخانه‌كانتاندا، قوتابییه‌كان دژی ئیسلام په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ن و هانیان ده‌ده‌ن و، پێغه‌مبه‌ری ئیسلامیان لا ناشیرین ده‌كه‌ن و، گه‌لێ شتی نا په‌سه‌ندو نابه‌جێ بۆ ئیسلام و بۆ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی موحه‌مدمان ﷺ هه‌ڵده‌به‌ستن؟ گوتی: ئاخر ئێمه‌ی خۆرئاوایی ناتوانین ڕێز له‌ پیاوێك بگرین (9) ژنی بووبێ‌! گوتم باشه‌ ! ڕێز له‌ (داود) و (سوله‌یمان) پێغه‌مبه‌ر ده‌گرن؟ گوتی: به‌ڵێ ! چونكه‌ ئه‌وانه‌ ناویان له‌ (ته‌ورات)دا هاتووه‌و پێغه‌مبه‌رن! گوتم: ده‌سا بێگومانبه‌ كه‌ (داود) پێغه‌مبه‌ر ﷺ (99) ژنی هه‌بووه‌، (سوله‌یمان)یش –سلاَوی‌ لێ بێت – وه‌كو له‌ ته‌وراتدا هاتووه‌، (700) ژنی ئازا و (300) كه‌نیزه‌ی هه‌بووه‌! كه‌وابوو بۆچی ڕێز له‌ كه‌سێك ده‌گرن (700) ژنی هه‌بووه‌، به‌ڵام ڕێز له‌ كه‌سێك ناگرن (9) ژنی بووبێ‌ ؟! به‌مه‌رجێ (8)یان بێوه‌ژن بوون و، ته‌نها یه‌كێكیان كچ بووه‌؟ پێغه‌مبه‌ری خوا (محمد ﷺ) سه‌رباری ئه‌ركی پێغه‌مبه‌رێتی و، ئه‌و گشت كێشه‌و گرفتانه‌ رووبه‌رووی ده‌بوونه‌وه‌، كه‌له‌ ته‌مه‌نی لاسه‌رووی (40) ساڵه‌وه‌، ده‌چێته‌ ژێر ئه‌ركی (9) ژنه‌وه‌، ده‌ئه‌وه‌نده‌ی تر باری سه‌رشانی قورس ده‌كات، دڵنیابن كه‌ كاری ئاوا له‌ خۆیه‌وه‌ نییه‌ و، بۆ ڕابواردن و خۆشی نییه‌، به‌ڵكو هه‌ریه‌كه‌ – له‌و ژنانه‌ – له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی ئیسلام بووه‌، پێش هه‌موو شتێك قازانجی ئیسلامی له‌وه‌دا دیتووه‌، جا ئیتر بۆ ئه‌وه‌ بووبێ كه‌ به‌جارێ (9) ژن ده‌ست بكه‌نه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی دینه‌كه‌ی به‌ناو ژناندا، یان بۆ دروستكردنی خزمایه‌تیی له‌گه‌ڵ‌ هۆزو خێڵه‌كانی سه‌رده‌مدا، یان وه‌كو وه‌فایه‌ك له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و هاوه‌ڵانه‌دا ئه‌وسا ماڵ و منداڵیان بێ سه‌رپه‌رست جێماوه‌و، ئه‌وان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ لای خوا، یان له‌به‌ر ئه‌مانه‌ هه‌موو و، ده‌یان به‌رژه‌وه‌ندی تری دینه‌كه‌ی بووبێ؟؟ بێگومان – وه‌كو یه‌كه‌ یه‌كه‌ی‌ خێزانه‌كانی‌ باس ده‌كه‌ن – هه‌ریه‌كه‌یان چه‌ندین حیكمه‌ت و فه‌لسه‌فه‌ له‌ هێنانیدا هه‌بووه‌، وه‌ ئه‌وه‌ی به‌خه‌یاڵی مرۆڤی ژیردا نه‌یه‌ت، مه‌سه‌له‌ی ئاره‌زوو (سێكس)ـه‌، ئینجابه‌م شێوه‌یه‌ له‌یه‌كه‌یه‌كه‌یان ده‌دوێن:

 1- خاتوو (خه‌دیجه‌):
 خاتوو خه‌دیجه‌ مێژووی به‌رزو پاكی دیارو ئاشكرایه‌و، هه‌موو كه‌سیش ده‌زانێ ئه‌و كردیه‌ سه‌ر (محمد ﷺ) ماره‌ی بكات، به‌تایبه‌تی ئه‌و ده‌مه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ‌ (مه‌یسه‌ره‌)ی خوڵامیدا چوونه‌ شام بۆ بازرگانیی و، له‌ گه‌ڕانه‌وه‌دا (مه‌یسه‌ره‌) گه‌لێ ئاكاری جوامێرانه‌و مه‌ردانه‌ی موحه‌مه‌دی بۆ گێڕایه‌وه‌، ئه‌ویش بۆ خۆی ژیربوو، زانی كه‌ ئه‌گه‌رچی تـه‌مـه‌نیـشـی چـل ساڵه‌و، هێمای ته‌مه‌نی ئه‌و – محمد ﷺ (25) ساڵه‌، به‌لاَم هه‌رگیز هاوسه‌رێكی ئاوای ده‌ست ناكه‌وێ، كه‌ ڕێزو حورمه‌تی لێ بگرێ و ببێته‌ قه‌ڵایه‌كی مه‌حكه‌م بۆی، ئه‌ڵبه‌ته‌ له‌ولایشه‌وه‌ –كه‌ بێ شك وایه‌– ده‌ستێكی نهێنی هه‌بووه‌، كه‌ موحه‌ممه‌د ﷺ – لای خه‌دیجه‌ خۆشه‌ویست بكاو، حه‌ز به‌ هاوسه‌رێتی بكا، چونكه‌ بۆ دوایی ده‌بێته‌ پاڵپشت و هاوكارو یارمه‌تی ده‌رێكی باش و دڵسۆز بۆ خۆیی و بۆ بانگه‌وازه‌كه‌ی، سه‌رباری ئه‌قڵ و ژیری خۆی، ماڵ‌ و داراییه‌كه‌شی خسته‌ گه‌ڕ بۆ خزمه‌تی دینه‌كه‌ی – پاش ئه‌وه‌ كه‌ كرایه‌ پێغه‌مبه‌ر، ته‌نانه‌ت كاتێ له‌ ئه‌شكه‌وتی حیڕا وه‌حی بۆ هات و ده‌م به‌ له‌رزه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵ‌، چونكه‌ یه‌كه‌مجاری بوو فریشته‌ ببینێ، زۆر ماندوو شه‌كه‌ت و دڵ نیگه‌ران ببوو، هه‌ر خاتوونه‌ (خه‌دیجه‌) بوو دڵی دایه‌وه‌و پێیگوت: دڵنیابه‌، هه‌رگیز پیاوی وه‌كو تۆ – به‌ میهره‌بان و دلۆڤان له‌گه‌ڵ‌ هه‌ژاران و كه‌م نه‌وایان و هه‌تیوان و لێقه‌وماوان – تووشی دڵزویری و ناڕه‌حه‌تی نابێ‌و، خواش پشتیوانی لێده‌كاو، بردیشی بۆ لای (وه‌ره‌قه‌ی كوڕی نه‌وفه‌ڵ‌)ی ئامۆزای، زانا به‌ ته‌ورات و ئنجیل و كاروباری وه‌حی پێغه‌مبه‌رێتی. شیاوی‌ ئاماژه‌ بۆكردنه‌ تاخه‌دیجه‌ له‌ ژیاندابوو – خوا لێ خۆش بێت – ژنی تری به‌سه‌را نه‌هێنا، ئه‌وه‌بوو له‌ته‌مه‌نی پتر له‌ (50) ساڵی و، سێ ساڵ‌ به‌ر له‌ هیجره‌ت، كۆچی دواییكرد، هه‌زاران دروودو ڕه‌حمه‌تی خوای له‌سه‌ر بێت.

2- خاتوو (سه‌وده‌ی كچی زه‌معه‌):
 ئه‌م به‌ڕێزه‌ش پاش كۆچی دوایی خاتوونه‌ خه‌دیجه‌، پێغه‌مبه‌ر ﷺ خواستیی و ماره‌یكرد، خۆ هیچ ڕیوایه‌تێك نه‌هاتووه‌ باسی جه‌مال و جوانیی و شه‌نگ و شۆخی و لاویه‌تی بكات، تا بڵێین ئه‌وه‌ وایكردبێت كه‌ پێغه‌مبه‌ر ماره‌ی‌ بكات، به‌ڵكو بێوه‌ژنێك بوو مێرده‌كه‌ی - كه‌ ئامۆزای خۆی بوو ناوی (سه‌كرانی كوڕی عه‌مر) بوو – له‌ موسڵمانه‌ سه‌ره‌تایییه‌كانی ئیسلام بووو، كۆچی بۆ حه‌به‌شه‌ كرد، كاتێ گه‌ڕانه‌وه‌ (سه‌كران) كۆچی دوایی كرد، ئه‌ویش بێ سه‌رپه‌رست مایه‌وه‌و، له‌وانه‌بوو ئه‌گه‌ر بچێته‌وه‌ لای خزمه‌كانی ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌ی بده‌ن و، له‌دینی وه‌ریگێڕن، جاوه‌كو وه‌فایه‌ك بۆ ئه‌و خێزانه‌ به‌ڕێزه‌، پێغه‌مبه‌ری خوا ﷺ ماره‌ی كردو، به‌هاوسه‌رێتی خۆی ڕێزی لێنا (خوای لێ ڕازی بێ).

3- خاتوو (عایشه‌ی كچی ئه‌بووبه‌كری صدیق):
 ئه‌میشی‌ له‌ مه‌ككه‌ ماره‌ كردو، له‌مه‌دینه‌ گواستییه‌وه‌، شیاوی‌ باسه‌ له‌ناو ژنه‌كانیدا ته‌نها ئه‌م كچ بوو، وه‌پاش نۆ ساڵ‌ و پێنج مانگ له‌ هاوسه‌رێتی له‌گه‌ڵ‌ پێغه‌مبه‌ر (ﷺ)، پێغه‌مبه‌ری‌ خودا – درودو سڵاوی له‌سه‌ر بێت – كۆچی دواییكرد، شیاوی باسه‌ – له‌به‌ر كۆمه‌ڵێ هۆكار – زۆری‌ خۆش ده‌ویست، دیاره‌ حیكمه‌تی ماره‌كردنیشی ته‌نها نزیك بوونه‌وه‌بوو به‌ (ئه‌بووبه‌كر)ی زه‌حمه‌تكێشی بابیه‌وه‌، ئه‌و ئه‌بوبه‌كره‌ كه‌ به‌ گیان و ماڵ‌ له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نیدا خزمه‌تی پێغه‌مبه‌ری‌ ﷺ كرد ئینجا ئه‌میش وه‌كو ڕێز لێنانێك له‌ ئه‌بووبه‌كر، عایشه‌ی ماره‌ كرد، هه‌ر وه‌كو ئه‌میش بۆ ڕێزلێنان كچی خۆی له‌ (عوسمان) و (عه‌لی) ـ خوای‌ لێ‌ ڕازی‌ بێ‌ ـ ماره‌ كرد.

4- خاتوو (حه‌فصه‌ی كچی عومه‌ر):
 به‌ڵێ پاش دووساڵ‌ و چه‌ند مانگێك له‌ كۆچ بۆ مه‌دینه‌، حه‌فسه‌خانی ماره‌كرد، پاش ئه‌وه‌ كه‌ (عومه‌ر)ی بابی ڕاسته‌وخۆ دای به‌ (ئه‌بووبه‌كر)و (عوسمان)، ئه‌وانیش پۆزشیان بۆ هێنایه‌وه‌و ماره‌یان نه‌كرد، ئه‌وجا پێغه‌مبه‌ر ﷺ له‌به‌ر خاتری بابی ماره‌ی كرد، شیاوی باسه‌ خاتوو حه‌فصه‌ش هه‌ر بێوه‌ژن بوو.

5- خاتوو (زه‌ینه‌ب):
 خاتوونه‌ زه‌ینه‌بیش ژنی (زه‌یدی كوڕی حاریس) بوو، (زه‌ید)یش به‌پێی یاساو باوی ئه‌و سه‌رده‌مه‌، پێغه‌مبه‌ر ﷺ كردبووی به‌ كوڕی خۆی، جا كه‌ زه‌ینه‌ب له‌گه‌ڵ‌ (زه‌ید)ا ڕێك نه‌كه‌وتن و له‌لای خواوه‌ بڕیار درا كه‌ پاش ته‌ڵاقدانی - له‌لایه‌ن زه‌یده‌وه‌- ده‌بێ‌ موحه‌مه‌د ﷺ ماره‌ی بكا، دیاره‌ له‌یاساو عورفی ناوچه‌كه‌دا ژنی به‌كوڕكراو، نه‌ده‌بوو ماره‌ بكرێت، خواش ده‌یه‌وێت ئه‌و باوو نه‌ریته‌ نه‌فامییه‌یان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌وسا به‌ بڕیاری خوای كارزان ماره‌ی كرد، ئه‌گه‌ر چی خوانه‌ناسه‌كان كردیانه‌ هه‌را كه‌: گوایا بووكی خۆی ماره‌ كردووه‌ !

6- جووه‌یریه‌ی كچی حاریس:
 ئه‌م به‌ڕێزه‌ كچی سه‌رۆكی هۆزی (به‌نی المصطلق)ـه‌، له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی‌ شه‌شه‌می كۆچی – دوای غه‌زاكردنی‌ هۆزه‌كه‌ی له‌لایه‌ن موسڵمانه‌كانه‌وه‌، پێغه‌مبه‌ر ﷺ ماره‌ی كرد، له‌و لایشه‌وه‌ نزیكه‌ی دووسه‌د ماڵ‌ له‌ خزمانی له‌و غه‌زایه‌دا دیلكرا بوون، پێغه‌مبه‌ر ﷺ ویستی به‌و ماره‌ كردنه‌ی (جووه‌یریه‌) ئه‌وانه‌ ببنه‌ خه‌زورانی و، هاوه‌ڵانیش دڵیان نه‌رم ببێ بۆ ئازاد كردنیان، دیاربوو هه‌رواش ده‌رچوو، گوتیان: چۆن ده‌بێ خه‌زوورانی پێغه‌مبه‌ر ﷺ دیل بن؟ بۆیه‌ سه‌رجه‌م ئازاد كران و ده‌ره‌نجام ئه‌و ماره‌كردنه‌ی (جووه‌یریه‌)و، ئه‌و ئازاد كردنه‌یان پاڵی پێوه‌نان بۆ نزیك بوونه‌وه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ر ﷺ و ئیمانیان هێناو بوونه‌ هاوكارو یارمه‌تیده‌ری موسڵمانان، پاش ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌یارو دژیان بوون.

7- خاتوو (زه‌ینه‌بی كچی خوزه‌یمه‌):
 ئه‌م خانمه‌ش دایكی موسڵمانان، پاش شه‌هیدبوونی مێرده‌كه‌ی (عبدالله)، له‌ (ئوحود)دا، پێغه‌مبه‌ر ﷺ وه‌كو وه‌فایه‌ك به‌رامبه‌ر كاره‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی به‌ كۆمه‌ڵگه‌ ماره‌ی كرد، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌ خزمه‌ت بوو، پێیان ده‌گووت (أم المساكین = دایكی هه‌ژاران)، له‌ولایشه‌وه‌ ژنی ئه‌و به‌ڕێزه‌ بووه‌.

8- ئوم سه‌له‌مه‌ (هند):
 ئه‌میش خێزانی (عه‌بوڵڵای كوڕی ئه‌سه‌د) بوو، كه‌ یه‌كه‌م كه‌سێك بوو – له‌به‌ر خوا – كۆچی كرد بۆ (حه‌به‌شه‌)، پاشان له‌ جه‌نگی (ئوحود)دا به‌سه‌ختی بریندار بوو، هه‌ر به‌و برینه‌ش كۆچی دوایی كرد، (ئوم سه‌له‌مه‌) (عبدالله)ی زۆر خۆش ده‌ویست و، ڕێزی زۆری لێ ده‌ناو، خۆیشی ئافره‌تێكی جوامێر بوو، بۆیه‌ (ئه‌بوبه‌كر) و (عومه‌ر) خواستیان – پاش شه‌هیدبوونی (عبدالله) - شووی پێ نه‌كردن، ئینجا پێغه‌مبه‌ر ﷺ بۆ ئـه‌وه‌ی دڵی دامركێ و خه‌م و خه‌فه‌ته‌كه‌ی بۆ (عبدالله) كه‌م بكاته‌وه‌ – وه‌كو وه‌فایه‌ك بۆی - ماری كرد، ئه‌گه‌ر چی پۆزشی بۆ هێنایه‌وه‌، چونكه‌ ژنێكی منداڵ‌ دارو پیربوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌یشدا پێغه‌مبه‌ر ﷺ ماره‌ی كرد، بۆ دواییش له‌ كێشه‌كه‌ی (حوده‌یبه‌)دا، ڕۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بوو، بۆ چاره‌سه‌ری و كۆتایی پێهێنانی.

9- خاتوو ئوم حه‌بیبه‌ی كچی ئه‌بی سفیان:
 خاتوو ئوم حه‌بیبه‌ (ره‌مله‌) كچی ئه‌بوو سفیانه‌و له‌و هۆزه‌یه‌، كه‌ دۆزی گرنگیان – له‌ دژایه‌تی پێغه‌مبه‌رو ئیسلامدا – هه‌بوو، ئه‌میش خێزانی (عوبه‌یدوالله) ناوێك بوو، كه‌ هه‌ردوو پێكه‌وه‌ كۆچیان كرد بۆ (حه‌به‌شه‌)، به‌ڵام مێرده‌كه‌ی له‌وێ، بوویه‌ عیسایی و، ئه‌م وه‌كو كێو – قایه‌م و مه‌حكه‌م – له‌سه‌ر دینی ئیسلام مایه‌وه‌، ئینجا پێغه‌مبه‌ر ﷺ بۆ نزیك خستنه‌وه‌ی هۆزه‌كه‌ی له‌ خۆیی و، وه‌فایه‌كیش بۆ (ره‌مله‌)خان، هه‌ر له‌ (حه‌به‌شه‌) ماره‌ی كردو، ماره‌یه‌كه‌شی (نه‌جاش)ی حه‌به‌شه‌ بۆی دابین كرد، پاشان له‌ حه‌به‌شه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ مه‌دینه‌. باشه‌ ئافره‌تێكی ئاوا، هه‌قه‌ وێڵ بكرێ و ڕێزو حورمه‌تی لێ نه‌گیردرێ ؟، له‌كاتێكدا تووشی ئه‌و دوو به‌ڵایه‌ بووه‌: له‌لایه‌كه‌وه‌ هۆزه‌كه‌ی دژایه‌تی پیغه‌مبه‌ر ﷺ ده‌كه‌ن، له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ مێرده‌كه‌ی له‌دین وه‌رگه‌ڕاوه‌و بۆته‌ عیسایی.

 10- صه‌فیه‌ خانی كچی (حویه‌ی) سه‌رداری (به‌نی نه‌زیر):
هه‌ر دوا به‌دوای (خه‌یبه‌ر)و پاش ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی (حوده‌یبیه‌)، پێغه‌مبه‌ری ئیسلام ﷺ ماره‌ی كرد، شیاوی باسه‌، هه‌م باوك و، هه‌م مێرده‌كه‌ی (كینانه‌)، كه‌ یه‌كێ بوو له‌ سه‌رۆكانی جووله‌كه‌ له‌ خه‌یبه‌ردا كوژران، پاشان له‌ به‌سه‌رهاته‌كه‌ی (به‌نی قوره‌یزه‌ و به‌نی نه‌زیر)دا دیلكراو، بۆ دوایی پێغه‌مبه‌رمان محمد ﷺ له‌به‌ر دروستكردنی په‌یوه‌نديی و نزیكبوونه‌وه‌ به‌ جووه‌كانه‌وه‌ خواستیی و كردیه‌ هاوسه‌ری شه‌رعیی خۆی.

11- خاتوونه‌ (مه‌یموونه‌):
ئه‌م به‌رێزه‌ش ناوی (به‌رره‌)یه‌، پێغه‌مبه‌ر ﷺ ناوی گۆڕی به‌ (مه‌یموونه‌)، كاتی خۆیشی خێزانی (ئه‌بی به‌رهه‌م) بوو، پوری (عبداڵڵای كوڕی عه‌باس) و (خالیدی كوڕی وه‌لید) بوو، له‌وه‌ ده‌چێ ویستوویه‌تی تێكه‌ڵی له‌ نێوان (به‌نی هاشم) و (به‌نی مه‌خزوم)دا دروست بكاو، هه‌ردوو باشتر ببنه‌ پشتیوانی دینه‌كه‌ی.

كورته‌ی ئه‌م باسه‌:
پێغه‌مبه‌ری‌ خوا ﷺ له‌ماره‌ كردنی هه‌ر یه‌كێ له‌و ژنه‌ به‌ڕێزانه‌دا، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی گه‌وره‌و مه‌زنی ڕه‌چاوكردووه‌، ویستوویه‌تی خۆی بكاته‌ زاوای ئه‌و گشت پیاو ماقووڵ و سه‌ردارانه‌ی ناوچه‌كه‌، له‌ولایشه‌وه‌، هه‌ریه‌ك له‌ خێزانه‌كانی ببنه‌ مه‌شخه‌ڵێك بۆ ناو ژنان و كاروباری دینیان فێربكه‌ن، له‌مه‌ به‌ولاوه‌ – له‌وه‌ ناچێ مه‌به‌ستێكی تری هه‌بووبێ، چونكه‌ بێ شك ئه‌گه‌ر ڕابواردن و له‌زه‌تی دنیای مه‌به‌ست بووبا، نه‌ ده‌چوو ئه‌و گشت بێوه‌ژن و، هه‌تیوبارانه‌ له‌ خۆی كۆبكاته‌وه‌ ! به‌ڵكو ده‌چوو – وه‌كو پاشاو سه‌رداره‌كانی دنیا– كام ژن زۆر جوان و شۆخ و شه‌نگ و هه‌ڵكه‌وته‌ بووبا، ئه‌وه‌ی ده‌هێنا، یان ده‌چوو كۆمه‌ڵه‌ كچێكی ماره‌ ده‌كرد، دیاره‌ ئه‌مانه‌ی وه‌لا نان له‌به‌ر خاتری دینه‌كه‌ی خواو، په‌یداكردنی پاڵپشت و پشتیوان بۆی.
خاتوو (عایشه‌) خوا لێی ڕازی بێت چه‌ند جوان پێناسه‌ی پێغه‌مبه‌ر ﷺ ده‌كا، كاتێ ده‌چوویه‌ لای ژنه‌كانی و سه‌ردانی ده‌كردن: ((كان إذا خلا بنسائه ألین الناس، وأكرم الناس ضحاكا)) واته‌ له‌ هه‌موو خه‌ڵكی دنیا نه‌رم و نیانترو، به‌ڕێزترو ڕوخۆشتر بوو. ژیانیشیان، شتێكی كه‌م و خودكه‌فایی بوو، ئه‌وه‌بوو –كه‌ له‌ده‌وڵه‌تدا ده‌سه‌ڵات په‌یدابوو– وایان ده‌زانی، ده‌بێ ئه‌مانیش وه‌كو ژنه‌كانی (كیسرا) و (قه‌یصه‌ر) ڕابوێرن و بژین، بۆیه‌ داوایان له‌ پێغه‌مبه‌ركرد كه‌ خۆشگوزه‌رانتریان بكات، به‌ڵام پێغه‌مبه‌ری خوا، قیامه‌تیان وه‌بیر دێنێ و، بێ به‌هایی و بێ نرخی دنیاشیان ده‌خاته‌ پێش چاوو، سه‌ربه‌رستیشیان ده‌كات كه‌: هه‌ر كه‌سێكیان ئاوا ده‌ژی‌ و ئه‌و ژیانه‌ی قبووڵه‌، بادانیشێ، هه‌ر كه‌سێكیش ڕازی نییه‌و دنیای ده‌وێ، بابێته‌ پێش، به‌ شێوه‌یه‌كی خوا په‌سه‌ندانه‌ لێكجودا ببنه‌وه‌، درێژه‌ی ئه‌م باسه‌ له‌ سووره‌تی (ئه‌حزاب)دا هه‌یه‌.

بەروار2020/04/01سەردان 1934