ئەگەری سەرھەڵدانی ئاڵۆزی لە فرە ژنییدا.؟

ئەگەری سەرھەڵدانی ئاڵۆزی لە فرە ژنییدا.؟

ھیچ گومانێک نییە کە فرەژنی – لەگەلڕ ئەو پاساوانەدا بۆی ھێنرایەوە – ئەگەری سەرھەڵدانی کۆمەڵێ باری خراپ و نالەباریشی ھەیە، لەوانە:

١- سەرھەڵدانی ناکۆکی و دژایەتی لە نێوان ژنەکاندا، بەشێوەیەک خەریکە خانوولانەیان بەسەرا بڕووخێنێ و، پیاوەکەش دنیای لێ دەبێتە جەحەندەم و، ھەمیشە بیر لەوە دەکاتەوە، چۆن خۆی ڕزگار بکات لە دەستیان، ئەم شاعیرە چەندە جوان و واقیعیانە نمونەی پیاوی دووژنە باس دەکات:

تزوَجت اثنتين لفرط جهلى *      فقلت أعيش بينهما خروفاً
فجاءَ الأمر عكس القصد دوماً *  لهذي ليلة وتلك أخرى
رضا هذى يهيج سخط هذى *    وَقد حاز البلاء زوج اثنتين
أنَعَّمُ بين أكرم نعــــــــــــجتين * عذاباً دائماً ببلــــــــــيَّتــــين
نقار دائم في الليـــــلتين *          فلا أخلو من إحدى السختطين

واتە: لەبەر نەزانین ونەشارەزاییم، ھەستام دوو ژنم ھێنا، کەچی نەھامەتی ھەردووکیانی گرتەوە ! گوتم: بۆ خۆم وەکو بەرخێک لەنێوان دوو مەڕی چاکدا بۆ خۆم دەژیم، کەچی بە پێچەوانەوە بۆم ھات و، ھەمیشەش گیرۆدەی دەستی دووبەڵابووم، شەوێکم بۆ ئەمیان داناو، شەوێکیش بۆ ئەویان، کەچی ھەردوو شەوەکە شەڕە دەنووک بوو، ھەرکامێکیان رازی بکەیت، ئەوی دیکە تووڕەیە! کەوابوو لە یەکێک لەو دووانە ھەرگیز نەجاتم نابێ.

٢- ئەگەری پەیدابوونی ناکۆکی و بەربەرەکانێ لەناو منداڵەکانیاندا، بە شێوەیەک قابیلی چارەسەر نەبێ، دیارە ئەوەش بەپلەی یەکەم، ژنی یەکەم ئەوەدەکات و، دڵی منداڵەکانی پڕ دەکات لە رک و کینە، بەمەبەستی تۆڵە وەرگرتنەوە لەو ژنە دووەمەی شووی بەسەر ئەمدا کردووە، دەگەنە حاڵەتی دژایەتی لەگەڵ یەکتر، بگرە ھێندێ جار دەچنە سەنگەر بۆ یەکتر.

بەڵێ یاسای فرەژنی – لەگەڵ رەچاوکردنی عەدل و عەدالەت – یاسایەکە پڕە لە ئەخلاق و قییەم، بۆ مرۆڤی ڕەسەن و دەست پاک و داوێن پاک، چونکە رێ بە پیاو نادات بە ئارەزووی خۆی و، ھەرکات ویستی و، حەزی لە ھەر ژنێک بوو پەیوەندی پێوە بکاو، دەست درێژی بەسەر ژنەکەیدا بکاو، گوێ بەوە نەدا، ئاخۆ ئەو ڕازی بێت یانا؟ دەرەنجام دوای بکەوێ و واز لەم بھێنێ ؟ ئەم یاسایە مرۆڤ دەبەستێتەوەو ناھێلێ لە سنووری خۆی بچێتەدەر، ڕێگە بە ھیچ پیاوێک نادات، بە نھێنی و پەنامەکی و لەژێرەوە پەیوەندی لەگەڵ ژنانی خراپ و نارەسەندا ببەستێ، تەنانەتی بۆ تەنھا ژنێکیش دەبێ بەئاشکرا مارە بکرێ و دەفی بۆ لێ بدرێ و زەماوەندی بۆ بکرێ و، خەڵکی گوند، یا گەڕەکی لێ بزڕێنێ و، بەر لە ھەموو شتێک دەبێ براو خزم و کەسوکاری ژنەکە ئاگاداربن.
بەڵام (خۆراوا) کە ئەوەندە لە فرە ژنی دەترسێ و، ئێستاش – بەڕەواڵەت ھێندێکی لای خۆمان شین و گریە دەکەن بۆ کڵۆڵی ژنان! – ڕازی نابن پیاوێک بچێتە دادگاو، عەقدی ژنێکی دووەم، یان سێیەم بەپێی کۆمەڵێ یاسای شەرعیی و یاسایی، گرێ بداو، بەشێوەیەکی ڕەسمیی و بە ئاشکرا پەیوەندی پێوە بکاو، ھەر منداڵێکیشی بـوو مـافی نـەفـەوتێ و، لای کۆمەڵــگـەش بەدنــــاو نــەبن، بۆ ئەمە ڕازی نین، کەچی بە غەیرە شەرعیی و نایاسایی لەبەردەم یاسای ئەو وڵاتەداو، لە پێش چاو سەرۆک کۆمارو، سەرۆک وەزیران و، باب و دایک و خزم و کەس و کاریەوە رێگە دەدات بە پیاوان بە ئارەزووی خۆیان لەگەلڕ دەیان و سەدان کیژۆڵەدا دەست تێکەلڕ بکاو، لەگەڵیا – بەھەموو شێوەیەک – ڕابوێرێ ! نابێ ھیچ کەسیش فزەبکا، سەد جار ژنەکەی، یان کچەکەی بەدەستی ئەم و ئەوەوە ببینێ، بۆی نییە بە شێوەیەکی پێناخۆش بوون، چاو بەرزبکاتەوە !
سەیر ئەوەیە، ئەوانە کە دیفاع لەژنان دەکەن و، ڕێگە نادەن بەفرە ژنیی، ھەر کامێکیان بگری، لەوانەیە بە دەیان ژنی، بۆ خۆیان – بێ سنوور – لەگەلڕ ئەم و ئەودا ڕادەبوێرن و، گوێ بە باوک و دایک وخزم و کەس و کار نادەن، تەنانەتی لەلایەن پیاوانی (حیزب و دەوڵەتەوە) ڕێگرتن لە فرە ژنی، بۆتە پسووڵەیەکی خۆھەڵکێشان و، خۆبردنە پێشەوە لەناو کۆمەڵگەی ژناندا، لەوانەیە بەو ڕێگرتنە ھەزاران ھەزار دەنگ بۆ خۆی مسۆگەر بکات بۆ کاتی ھەڵبژاردن و، لەوانەیە خۆیشی دوو سێ ژنی ڕەسمیی ھەبێ، غەیرە ڕەسمیش خوا دەیزانێ. خۆ زیانی فرە ژنیش ھەرگیز ناگاتە ئەو بێ سنووری و بەرەڵڵایی یە کە ئەمڕۆ لەلایەن دەیان و سەدان کچ و کوڕەوە – ژێر بە ژێر – دەکرێ و لەگەلڕ یەک ڕادەبوێرن، وادەزانم ئەگەر پزیشک و دەرمانخانەکان نەبووبان، ئێستا ڕێژەی منداڵی ناشەرعیی و لاکۆڵانیی، مەگەر خوا خۆی زانیبای، دەباشە، ئەگەر چوار کچ لەوانە بە شێوەی شەرعیی لە کوڕێکی لاو مارە بکرێن باشتر نییە ؟ باشە کێ بەر پرسە لەو ھەموو داوێن تەڕی و بەرەڵڵایی و منداڵە ناشەرعیانە – کە لێرەو لەوێ- لەدایک دەبن ؟ نابێ دەوڵەت و کار بەدەستانی سەردەم بیرێ لەو ئازادیە بێ سنوورە بۆگەنەیە بکەنەوەو، ئەوەندە نەھێڵن کچ و کوڕ بەو شێوەیە تێکەلڕ ببن و وڵاتەکەمان پڕ بکەن لە کاری ناپەسەندو دزێو ؟ دەبێ دەوڵەت پێش ھەموو شتێک خەمی کچ و کوڕە لاوەکان بخوات، ئاسانکاری بە یەکگەیاندنیان بۆ بکات، تا بتوانن ببنە خاوەنی خێزان، ھەر لاوەی پێویستی بەچەندەیە لە پێداویستییەکانی بۆ ئەو کارە، بۆی دابین بکات، تا زالڕ دەبن بە سەر ئەو حاڵەتە دزێوو نامۆیەدا، ھاتۆتە وڵاتەکەمانەوە.

ئازادی بۆ ڕابواردنی کچ و کوڕ – ھەرچۆنێکیان ویست – زۆر بە ھەرزان و ئازادانە دەست دەکەوێ ! بەڵام ئازادی بۆ دەربڕینی ڕاوبۆچوون و بیروفیکرەو، بیرکردنەوە بۆ ئایندە و چارەنووس،بۆ دینداریی و خواپەرستیی، کارێکی قەدەغەو بڤەیە !.

تێبینی:
(ئیبن جەریر) سەبارەت بە فرەژنی لەتەفسیری ئایەتێکدا دەڵێت: (وَأولى الأقوال التى ذكرناها فى ذلك بتأويل الآية قول من قال: تأويلها: وَإن خفتم ألاتقسطوا فى اليَتامى، فكذلك فخافوا فى النساء فلا تنكحوا منهن إلا مالا تخافون أن تجوروا منهن من واحدة إلى الأربع، فإن خفتم الجور فى الواحدة أيضاً فلاتنكحوها ولكن عليكم بما ملكت أيمانكم،فإنه أحرى ألاتجوروا عليهن) واتە: تەفسیری شیاوو پەسەند – لەناو گشت راکاندا – قسەی ئەو کەسەیە دەڵێت: کە ترسان لە مارە کردنی کچە ھەتیوەکاندا دادگەر نەبن، دەبێ ھەر ئاواش لەکاروباری ژنانی تردا ترستان ھەبێ و، نابێ ئەو ژنانە مارە بکەن – یەک ھەتا چوار – کە دەزانن ستەمیان لێ دەکەن، تـەنـانەتـی ئـەگـەر دەتـانزانـی ئەر ژنێکیش بێت، ئێوە ھەر ستەمی لێ دەکەن نابێ ئەویش مارە بکەن، بچن لەباتی ئەوان کەنیزە مارە بکەن، چونکە ئەوان حسێبی سەرجێیان جیاوازە.
دەبا ئەوانەش لە ڕێساو یاسای ئیسلام، دژ دەدوێن و، پێچەوانەی ئەو، پەروەردەی کچ و کوڕ دەکەن و، دەیانەوێ ھەر بە منداڵی پێکەوە گەورەببن و، پێکەوەش بژین و، پێکەوەش لە قوتابخانەدا بخوێنن، ھەتا شەرم و شکۆو حەیایان لانەمێنێ و، سبەینێش زۆر بە ئاسایی لە سەر جادەکان و کۆڵانەکان و، لەشاری گەمەداو لەزانکۆو لە قوتابخانەکاندا، بە بێ پەردە ڕەفتاری ناشیرین و قێزەون بکەن و، غیرەتی بەرگریی لە خۆیی و، ڕەتکردنەوەی دەستەناپاکەکانی نەمێنێ، بابێن لەباتی ئەوە، بیر لەمافی ژیانی ئەو کچ و کـوڕانە بـکـەنەوە، بێـن بیر لەوە بکەنەوە: کـچ و کـوڕێـک ھـەتـا قــۆنـاغــەکانی خوێنـدن تەواو دەکەن (لەسەرەتاییەوە، بۆ زانکۆو باڵاتریش) تەمەنیان دەگاتە نزیکەی (٢٥-٣٠) سالڕ، بەپێی ئەو کەش و ھەوایە خەریکی تاوان و گوناح بن بۆ تێرکردنی ئارەزووی (سێکسی)یان، بێن ھاوکارییان بکەن و ئاسانکارییان بۆ بکەن، سووکە ژیانێکی ژن و مێردیان بۆ دابین بکەن و، ھانیان بدەن – بابەشێوەی شەرعیی – یەکبگرن و، ئەو کاتە دلڕ ئاسوودەتر دەبن و، باشتر دەتوانن درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن وببنە خزمەتکاری دین و وڵات و نیشتمان و، گیروگرفتی کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیش زۆر کەم دەبێ، بە داخەوە باب وبراو کەس وکارو بەر پرسانی کارو باری دەوڵەت وباری کۆمەڵایەتی، چەندە بیر لە گەواھینامەو شەھادە دەکەنەوە بۆ کچ و کوڕ، لە سەدا یەکی ئەوە، خەمی ئەخلاق وقییەمی رۆڵەکانیان ناخۆن، خەمی مەسەلە سێکسیەکەیان ناخۆن!! باشە ئەگەر بمانەوێ لاوێک قۆناغەکانی خوێندنمان بۆ تەواو بکا لەو کەش وھەوا گەنیوو گەندەڵەدا، دەبێ چۆنی تەواو بکات؟ ئایادەتوانێ پاک وخاوێن خۆی راگرێ وشتێکیش روونەدات؟! کاتێ روویدا دەبێ کێ ئەو تاوان وتۆڵەیە ھەڵگرێ لای خوا؟ دەبێ کێ بەر پرس بێت لە پیس نەبوونی ژینگە؟ مەگەر کەش و ھەوای ژینگە تەنھابە فڕێدانی چوار (عەلاگە)و توێکڵە مۆز دەبێ بۆ سەر شەقام و کۆڵانەکان؟ بۆ بەردەم دووکانەکان؟ ئەی کەش وھەوای ژینگە بەو ھەموو کارە نارەواو ناشەرعییانە- لە زانکۆو پەیمانگا و بەشە ناوخۆییەکاندا روو دەدەن- پیس نابێ وگیرو گرفتمان بۆ دروست ناکات؟ بە تایبەتی خۆیان واتەنی ئازادییەکی بێ وێنە بۆ رابواردن و سێکسبازی دەرگا لە سەر پشتە؟!.

ئەحمەد کاکە مەحموود 


بەروار2020/04/01سەردان 1145