دیداری‌ به‌رێز دكتۆر ئه‌حمه‌د نیعمه‌تی‌
دیداری‌ به‌رێز دكتۆر ئه‌حمه‌د نیعمه‌تی‌

دیداری‌ به‌رێز دكتۆر ئه‌حمه‌د نیعمه‌تی‌ مامۆستا له‌ زانكۆی تاران و كرمانشاه

بسم الله‌ الرحمن الرحیم                                                        
خودایه‌ هه‌ر تۆ كارسازی‌، هه‌ر تۆ فریاد ڕه‌سی‌ بۆ بێ‌ ده‌ره‌تانان، سوپاست ده‌كه‌م كه‌ له‌م دنیا په‌شێوه‌دا، له‌م رۆژگاره‌ ڕه‌ش و تاڵه‌دا كه‌ كه‌س به‌ هاواری‌ كه‌سه‌وه‌ نایێ‌ و له‌ دۆعاو نزاو ئاهو ناڵه‌ به‌ولاوه‌ هیچ له‌ ده‌س نایێ‌ و، له‌م رۆژانه‌دا كه‌خه‌ڵكی‌ موسڵمانی‌ شاری‌ غه‌ززه‌ی‌ فه‌له‌ستین له‌به‌ر سوتان و برژان، چاوی‌ سورو ته‌ڕیان ده‌بڕیه‌ ئاسمان و ده‌ستی‌ كه‌م هێزیان به‌ له‌رزۆكی‌ پان ده‌كرده‌وه‌و له‌ خوا ده‌پاڕانه‌وه‌: خوایه‌ ئه‌م هه‌موو زوڵمه‌ زۆره‌ له‌ تاقه‌تی‌ ئێمه‌ به‌ ده‌ره‌و به‌ده‌ستی‌ توانای‌ پڕ میهرو محه‌ببه‌تی‌ خۆت، ئه‌و زوڵمه‌ ناحه‌قه‌ی‌ ئیسرائیل و ئه‌م ڕه‌نجه‌ دڵ ته‌زێنه‌ی‌ بێ‌ ده‌نگییه‌ی‌ حاكمانی‌ موسڵمانان له‌به‌ر بڕوێنه‌و له‌سه‌رمان لابه‌، به‌ لوتف و كه‌ره‌می‌ خۆت ته‌می‌ نه‌گبه‌ت له‌سه‌رمان بڕوینه‌. امین.
سه‌باره‌ت به‌ مامۆستای‌ گه‌وره‌ی‌ ئایینی‌ و موجاهیدی‌ زه‌مان مه‌رحووم مه‌لا ئه‌حمه‌دی‌ حاجی‌ كاكه‌ پێویستم زانی‌ چه‌ند دێرێك بنوسم.
ئه‌م زانا پایه‌ به‌رزه‌ خواناسه‌، یه‌كێك له‌ مامۆستا باش و موده‌ڕیسه‌كانی‌ فه‌رهه‌نگ و مه‌عاریفی‌ ئیسلامیی‌ ڕۆژگاری‌ خۆی‌ بوو،خزمه‌تێكی‌ زۆری‌ به‌زانست و دین و عیلم و شه‌ریعه‌ت كردوه‌و خه‌ڵكێكی‌ زۆری‌ بۆ رێگای‌ دین و قورئان و ئیسلام رێنوێنی‌ كردووه‌،چه‌ندین فه‌قێ‌ و مه‌لای‌ چاك و موجاهیدانی‌ دینی‌ پێگه‌یاندووه‌و به‌ قه‌ڵه‌م و زمان، فه‌رهه‌نگ و زانستی‌ له‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ كوردستاندا به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ی‌ شاره‌زووردا به‌رز كردۆته‌وه‌. مه‌لا ئه‌حمه‌د ناوێكی‌ ناسراوه‌ چ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌ سه‌رده‌می‌ خوێندنداو له‌ مه‌لایه‌تیدا ده‌نگێكی‌ به‌رزی‌ بووه‌، چ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ دوای‌ ڕاپه‌رین وه‌ك مه‌لایه‌كی‌ موجته‌هید، خاوه‌ن ره‌ئێكی‌ توندو كارسازی‌ بووه‌و تێكه‌ڵبوونی‌ به‌كاری‌ سیاسیی‌ و دامه‌زراندنی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌ و هه‌ڵوێستی‌ به‌رانبه‌ر به‌ حیزبه‌كانی‌ كوردستان حیكایه‌تێكی‌ دوورو درێژی‌ هه‌یه‌. خوا لێخۆشبوو ئینسانێكی‌ واقیعیی‌ و مه‌لایه‌كی‌ خاوه‌ن ڕاو زاناو له‌ عیلمی‌ ئه‌ده‌بیاتی‌ عه‌ره‌ب و حیكمه‌ت و كه‌لام و ته‌فسیری‌ قورئان و مه‌عاریفی‌ ئیسلامیدا مامۆستایه‌كی‌ بلیمه‌ت بوو.
چه‌ند ساڵێك خوێندنمان پێكه‌وه‌ بووه‌و له‌ سالاَنی‌ 1964 تا 1966 له‌ ده‌وره‌ی‌ سوخته‌یی‌ و موسته‌عیدیمان له‌ شاری‌ خورماڵ و گوندی‌ بالكی‌ شاری‌ مه‌ریوان پێكه‌وه‌ بوین و له‌ ده‌رسه‌كاندا سه‌ماعی‌ یه‌كتریمان ده‌كرد.
له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ خزمایه‌تیم له‌ گه‌ڵ ماڵی‌ مه‌لا ئه‌حمه‌دا بوو، زۆرجار ئامۆشۆی‌ دێی‌ هێلاَنپێم ده‌كرد و مه‌رحوم حاجی‌ كاكه‌و براو خزمانی‌ بۆ من وه‌كو ماڵی‌ باوكی‌ خۆم وابوون.
مه‌لا ئه‌حمه‌د صاحیب قه‌ڵه‌م و فیكره‌و ده‌عوه‌ت بوو، هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا ژیانی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڵ ته‌فسیر ( فی‌ ظلال القرآن)ی‌ سه‌یید قوتبا ته‌تبیق ئه‌داو له‌ سنووری‌ (ته‌ربیه‌ی‌ ئیسلامیی‌) خۆی ئاراسته‌ كرد. ناوی‌ (إبن تیمیه‌)و به‌نناو سه‌ییدو زه‌یدان له‌سه‌ر زمانی‌ بوو، ئیجتهادو بزووتنه‌وه‌و شه‌هاده‌ت له‌سه‌ر زمان و قه‌ڵه‌مه‌كه‌یدا بوو. ڕیزێكی‌ تایبه‌تی‌ بۆ مه‌شاییخ و مه‌دره‌سه‌ی‌ بیاره‌ هه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ خزمه‌تیان بۆ مه‌لاو فه‌قێی ئه‌م ناوچه‌یه‌ زۆر بووه‌. پێكه‌وه‌ گوێڕایه‌ڵی‌ وتاره‌ به‌ نرخه‌كانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی‌ مامۆستای‌ گه‌وره‌ی‌ خورماڵ بوین كه‌زۆرجار له‌ ئیجازه‌ نامه‌ی‌ مامۆستایه‌كدا، یا له‌ ته‌قریرات ته‌دریس دا ئه‌یفه‌رموو: مه‌لا ئه‌بێ‌ یا ئیحترامی‌ خه‌ڵكی‌ گه‌ره‌ك بگرێ‌، یا ته‌ماع ماددی‌، ئه‌م دووانه‌ قه‌ت پێكه‌وه‌ نابن ، مه‌لا ئه‌بێ‌ له‌ وتاریا جامیعه‌ شناس و ڕه‌وانشناس بێت، مه‌لا ئه‌بێ‌ واقیعی‌ بێت، كتێبیی‌ و خه‌یاڵی‌ نه‌بێت، مه‌لا نابێ‌ بێ‌ دیراسه‌ فه‌توا بدات، مه‌لا ئه‌بێ‌ جل و به‌رگی‌ مه‌لایی‌ له‌به‌رابێت، مه‌لا ئه‌بێت ئیصلاحی‌ بێت و بنه‌ماڵه‌ی‌ شاهیدی‌ ووتاره‌كه‌ی‌ بن، چون مه‌سه‌له‌ سیاسیه‌كان، گۆڕانكاریه‌كان له‌ساحه‌ی‌ جیهانیی‌ و ناوخۆییدا پێویستی‌ به‌ ئیجتهادات و بۆچون و ئارای‌ تازه‌ هه‌یه‌، ته‌كه‌بوورو غرور بۆ مه‌لا مانیع ته‌غییره‌و عیلمی‌ قه‌ت زیاد نابێ‌، مه‌لا ئه‌حمه‌دی‌ خوا لێخۆشبوو زۆرجار ئه‌م وتارانه‌ی‌ مامۆستا مه‌لا موحه‌ممه‌دی‌ بۆ دیراسه‌ ئه‌كردین. ماوه‌یه‌ك پێكه‌وه‌ چوین بۆ مه‌ریوان و له‌ فێرگه‌ی‌ دێی‌ بالك نیشته‌جێ‌ بووین و له‌لای‌ خوا لێخۆشبوو مامۆستا سه‌یید مه‌سعود ته‌مته‌می‌ ده‌رسمان خوێند. من له‌وێ‌ نیشته‌ جێ بووم له‌لای‌ مامۆستا مه‌لا باقر ده‌رسم ئه‌خوێندو ئه‌و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ عێراق و له‌لای‌ مامۆستا مه‌لا عوسمانی‌ – خوا لێخۆشبوو – له‌ مزگه‌وتی‌ كانی‌ ئه‌شقان ئیدامه‌ به‌ده‌رس داو هه‌ڵس و كه‌وتوو بیروبڕوای‌ مامۆستا له‌ دڵیا جێگیر بوو، خوای‌ گه‌وره‌ ئێمه‌یش و  ئه‌وانیش به‌ به‌هه‌شت شادكات و له‌ بنه‌مای‌ ئیسلام، قورئان و سوننه‌ت لامان نه‌دات.

د.ئه‌حمه‌د نیعمه‌تی‌ مامۆستای‌ كۆلێژی ئیلاهیات له‌ تاران و كرماشان و هاوڕێی‌ كاك ئه‌حمه‌دی‌ حاج كاكه‌

بەروار2020/03/30سەردان 589