چه‌ند خوویه‌كی‌ جاهیلیه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ ژنان و چاره‌سه‌ریان له‌ ئیسلامدا (5+6)

چه‌ند خوویه‌كی‌ جاهیلیه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ ژنان و چاره‌سه‌ریان له‌ ئیسلامدا (5+6)


ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود

پێنجه‌م - ئه‌گه‌ر پاش ئه‌و دوو ته‌ڵاقه‌ – بۆ جاری‌ سێیه‌م - ته‌ڵاقی‌ سێیه‌میدا، واته‌: به‌و دوجاره‌ جیابونه‌وه‌و لێكبڕانه‌، پیاوه‌كه‌ نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ڕوشدی‌ خۆیی‌ و، هێمان ڕێزی‌ له‌ژنه‌كه‌ نه‌گرت و، كردیه‌وه‌ هه‌راو كێشه‌و ته‌ڵاقی‌ سێهه‌میشی‌ پیا كێشا، له‌وه‌وه‌ دیار ده‌كه‌وێ‌ كه‌ ئیتر چاكسازی‌ له‌ نێوان ئه‌و ژن و پیاوه‌دا بێ‌ كه‌ڵكه‌، جا له‌ به‌رئه‌وه‌ به‌ یه‌كجاری‌ لێكیان جیا ده‌كاته‌وه‌و ڕێگه‌ به‌ (موراجه‌عه‌)و گه‌ڕانه‌ویان بۆ لای‌ یه‌كدی‌ نادرێ‌، مه‌گه‌ر ژنه‌كه‌ بچێ‌ مێردێكی‌ تر بكاو پاشان ئه‌و مێرده‌ به‌ویست و ئیراده‌ی‌ خۆی‌ ته‌ڵاقی‌ بدات، جا ئه‌گه‌ر پاش ته‌ڵاقدان رازی‌ بویه‌وه‌ به‌و كابرا لارولاسارو ته‌ڵاقخۆره‌یه‌، ئه‌وا به‌عه‌قدێكی‌ نوێ‌ و به‌ماره‌یه‌كی‌ تر، بۆی‌ ماره‌ده‌كرێته‌وه‌و ده‌ست ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ ژیانی‌ خۆیان، به‌ڵام كام ژیان؟ ئه‌و ژیانه‌ی‌ كه‌پڕه‌ له‌ بێ‌ به‌هایی‌ و ریسوابوونی‌ ناو كومه‌ڵگه‌، چونكه‌ ژنه‌كه‌ی‌ له‌ ده‌ست داو مێردی‌ كرده‌وه‌و چویه‌ باوه‌شی‌ پیاوێكی‌ تر، ده‌شكرێت ئه‌و پیاوه‌ نه‌یارو ناحه‌زیشی‌ بوبێت!.
بێ‌ له‌وه‌ش، بێگومانه‌ كه‌ ئه‌م ژنه‌، ژنه‌كه‌ی‌ جاران نییه‌، كه‌ به‌هه‌موو شتێكی‌ ئه‌و پیاوه‌ رازی‌ بێت و ماڵی‌ تری‌ نه‌دیبێت، ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ئه‌فه‌رموێ‌ [فإن طلقها فلا تحل له من بعد حتی‌ تنكح زوجا غیره، فإن طلقها فلا جناح علیهما أن یتراجعا إن ظنا أن یقیما حدودالله وتلك حدود الله یبینها لقوم یعلمون]. 2/230. ئه‌م زه‌جرو ته‌وبیخه‌ – به‌و شێوه‌یه‌- له‌م پیاوو ژنه‌ لاساره‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆمه‌ڵ و كۆمه‌ڵگه‌ی‌ پێ ژیر بكاو، ڕێز له‌ یاساو مافی‌ ژن و مێردی‌ نێوانیان بگرن و، گاڵته‌ به‌ ته‌ڵاق و به‌رنامه‌ی‌ ته‌ڵاق نه‌كه‌ن، وه‌ نان و ئاویان نه‌بێته‌ ته‌ڵاق و ئه‌وه‌نده‌ش به‌كه‌م و بێ‌ به‌ها سه‌یری‌ ژنان نه‌كه‌ن.. به‌ڵێ‌ بۆ حه‌ڵاڵ بوونه‌وه‌ی‌ ئه‌م ژنه‌ سێ‌ ته‌ڵاقدراوه‌ بۆ مێرده‌كه‌ی‌، چاره‌سه‌ر هه‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ قورئان فه‌رمووی‌: ده‌بێ‌ بێ‌ فێڵ و فه‌ره‌ج شوو بكات به‌كابرایه‌كی‌ تر، ئه‌وسا ئه‌گه‌ر ئه‌و كابرایه‌ش به‌ویست و ئیراده‌ی‌ خۆی‌ ته‌ڵاقیدا، پاشان ئه‌و ژنه‌ رازی‌ بوو شوو بكاته‌وه‌ به‌و، ئه‌وا بۆی‌ ماره‌ ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌مه‌یه‌ زاناكان به‌ شه‌رعیی‌ ده‌زانن و پێی ده‌ڵێن (ته‌حلیل). خۆ ئه‌گه‌ر به‌حیله‌و فێڵ له‌ پیاوێكیان ماره‌ كرد، ئه‌ویش پاش مه‌رج له‌گه‌ڵ كردنی‌ ته‌ڵاقی‌ دایه‌وه‌و بۆ ئه‌م ماره‌ كرایه‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌حاڵه‌تی‌ ئاوادا به‌ توندی‌ به‌ر ئه‌و هه‌ره‌شانه‌ ده‌كه‌وێ‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر ﷺ ده‌یانكات و ده‌فه‌رموێت: ((لعنَ الله الواشمة والمستوشمة، والواصلة والمستوصلة، والمحلل والمحلل له، وآكل الربا وموكله)) پێشه‌وا ئه‌حمه‌د، ترمزیی‌، نه‌سایی‌. یان فه‌رمووی‌: (ألا أخبركم بالتیس المستعار ؟ قالوا: بلی‌ یارسول الله! قال: هوالمحلل والمحلل له)). ئیبن ماجه، كتاب النكاح. واته‌: نه‌فره‌ت و نه‌عله‌ت له‌و كه‌سانه‌ بێت كه‌ژنێ‌ به‌نیازی‌ حه‌ڵاڵ كردنه‌وه‌ی‌ بۆ مێردی‌ پێشووی‌، ماره‌ بكاو پاشان ته‌ڵاقی‌ بدات. وه‌ نه‌عله‌ت له‌و پیاوه‌ش كه‌ به‌ خه‌یاڵی‌ خۆیان ژنه‌كه‌ی‌ بۆ حه‌ڵال ده‌كه‌نه‌وه‌ (واته‌: مێردی‌ یه‌كه‌م) چونكه‌ ئه‌وه‌ لادانه‌ له‌ ئامانجی‌ سه‌ره‌كیی‌ و یه‌كه‌می‌ نیكاح و ماره‌كردن. مه‌به‌ست وئامانجی‌ (نیكاح) له‌ ئیسلامدا ژیانێكی‌ هه‌تا هه‌تایی‌ و، بێ‌ فێل و فه‌ره‌جه‌، به‌ڵام دیاره‌ كه‌ مه‌به‌ست له‌م جۆره‌ نیكاحانه‌، ته‌نها حه‌ڵالكردنه‌وه‌یه‌تی‌ بۆ مێردی‌ یه‌كه‌م، نه‌ك سكوونه‌ت و ژیان پێكه‌وه‌ به‌سه‌ربردن، له‌ولایشه‌وه‌ ئه‌و فێڵ و فه‌ره‌جه‌ (به‌ نهێنی‌ ماره‌ بكرێ‌ له‌ پیاوێكی‌ ناشیرین و بێكه‌س بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ند ساتێك، پاشان پێی ته‌ڵاق بدرێته‌وه‌و، له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌شدا كاری‌ وا ئه‌وه‌ند سووك بێت پێی‌ بگوترێ‌ (جاش) بێگومان ئه‌و ئیهانه‌و سووكایه‌تییه‌ به‌ شان و شه‌وكه‌تی‌ ژنه‌كه‌، چونكه‌ تاده‌مرێ‌ ده‌ڵێن ژنه‌ جاشكراوه‌كه‌. (ته‌فسیری‌ مه‌نار) ده‌ڵێت: ئه‌و جۆره‌ نیكاحانه‌ دانامه‌زرێن و ژنه‌كه‌ش حه‌ڵال نابێته‌وه‌ بۆ مێرده‌كه‌ی‌.(بۆ دوایی‌ زیاتر له‌ سه‌ری‌ رۆییشتوین).

شه‌شه‌م- ئافره‌ت هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ تا گه‌وره‌ بوون و، ده‌ست پێكردنی‌ قۆناغه‌كانی‌ ژیانی‌، لای‌ كه‌س و كاریی‌ و، پاشان لای‌ مێردی‌، هه‌ر له‌ ئازارو بێزاردابوو: تا منداڵ بوو زینده‌ به‌ چاڵ ده‌كرا، یان زۆر به‌كه‌م به‌هاو سووك داده‌نراو راده‌گیراو، نه‌شیان ده‌هێشت ئه‌گه‌ر ویستبای‌ به‌ ئاره‌زووی‌ خۆی‌ شوو بكات، كورتتر بڵێین، باوو نه‌ریتی‌ (جاهیلیه‌ت) و نه‌فامیی‌ (ته‌حه‌ككومی‌) ده‌كرد به‌سه‌ریا، ئینجا ئیسلام هات پله‌ی‌ به‌رزكرده‌وه‌و گه‌یاندیه‌ پله‌ی‌ پیاوان، پیاوی‌ تێگه‌یاند كه‌ ئافره‌تیش بێ‌ زیادو كه‌م له‌و په‌یدابووه‌: [وخلق منها زوجها..] تێیگه‌یاند كه‌ نابێ‌ ئازاری‌ بدات، نابێ‌ ئه‌و خوو ڕه‌وشته‌ جاهیلیه‌ته‌ شوێنه‌واریان بمێنێ‌، هه‌یان بوو كه‌ژنی‌ ته‌ڵاق ده‌داو نزیكبوو عیده‌ی‌ به‌ره‌و ته‌واوبون بچێت، خێرا به‌ر له‌وه‌ی‌ عیدده‌كه‌ی‌ ته‌واوببێت ده‌یهێنایه‌وه‌ لای‌ خۆی‌، به‌ڵام مامه‌ڵه‌ی‌ ژن و مێردیان له‌گه‌ڵ نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو ته‌نها مه‌به‌ستیان ئازاردانی‌ بوو، ئیتر خۆ ئه‌م كاره‌یان نه‌جارێك و نه‌دوو جاربوو، به‌ڵكو چه‌ند جار سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه‌، ئه‌و ژنه‌ داماوه‌ش هه‌ر له‌ عه‌زیه‌تی‌ رۆحیی‌ و جه‌سته‌ییدا بوو، كه‌سێك نه‌بوو ئاوڕێكی‌ به‌لا بداته‌وه‌ و كێشه‌كه‌ی‌ چاره‌سه‌ر بكات و، پیاوه‌كه‌ی‌ ته‌مێ‌ بكات، تا خوای‌ گه‌وره‌و دلۆڤان ئه‌م ئایه‌ته‌ی‌ نارده‌ خواره‌وه‌و فه‌رمووی‌: [و إذا طلقتم النسا‌ء فبلغن أجلهن فأمسكوهن بمعروف أوسرحوهن بمعروف ولا تمسكوهن ضرارا لتعتدوا ومن یفعل ذلك فقد ظلم نفسه ولا تتخذوا آیات الله هزوا...] 2/231. واته‌: هه‌ركه‌ ژنانتان ته‌لاَق داو به‌ماوه‌ی‌ چاوه‌ڕوانییان له‌(عیدده‌) نزیكبوونه‌وه‌، ئێوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ باش و خواپه‌سه‌ند رایان بگرن و (بیان هێننه‌وه‌ لای‌ خۆتان) یا هه‌م دیسان به‌ جوامێرانه‌و په‌سه‌ندی‌ خوا، ئازادیان بكه‌ن و ته‌ڵاقیان بده‌ن، وه‌ نابێ‌ به‌ نیازی‌ ئازارو لێدان رایانگرن و له‌ حه‌ق لاده‌ن، وه‌كو ئه‌و پیاوه‌ (ئه‌نصار)ـه‌ كه‌ به‌ ژنه‌كه‌ی‌ خۆی‌ گوت: سوێند به‌خوا نه‌ وه‌ك ژنی‌ خۆم رات ده‌گرم، وه‌ نه‌ ته‌ڵاقیشت ده‌ده‌م! هه‌رئاوا به‌یناوبه‌ین ته‌ڵاقت ده‌ده‌م، هه‌ركه‌ عیدده‌كه‌ت نزیك بوویه‌وه‌، دیسان ده‌تهێنمه‌وه‌و، هیچ روویه‌كی‌ خۆشیشت ناده‌مێ‌ و مامه‌ڵه‌ی‌ ژن و مێردیت له‌ گه‌ڵدا ناكه‌م.!
 له‌سووره‌تی‌ 65/66 شدا جه‌خت له‌و دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌فه‌رموێ‌: [ولا تضاروهن لتضیقوا علیهن...] ئینجا هه‌ركه‌سێك ره‌فتاری‌ وایكرد، دیاره‌ ناهه‌قیی‌ له‌ خۆیكردووه‌و، دۆزه‌خی‌ بۆ خۆی‌ كڵداوه‌، ئه‌مانه‌ باسكران بڕیاری‌ خوان و نابێ‌ به‌ گاڵته‌یان بزانین، مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ ژنان به‌و جۆره‌ كارێكی‌ گه‌نده‌ڵ و فه‌ساده‌و، پێچه‌وانه‌ی‌ حوكم و فه‌رمانی‌ خوایه‌، خوا رازی‌ نییه‌ به‌و جۆره‌ ره‌فتاریان له‌گه‌ڵدا بكه‌ین، كه‌وابوو پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ گه‌مه‌ كردنه‌ به‌ فه‌رمانه‌كانی‌ خوا، بێگومان خواش شتی‌ وا قبوڵ ناكات، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و ژنه‌ دادو بێدادی‌ خۆی‌ به‌رێته‌ لای‌ دادوه‌ر، ئه‌ویش ئه‌و پیاوه‌ لارو لاساره‌ بانگ ده‌كاو ده‌یترسێنێ‌ به‌ زیندانیی‌، به‌ هه‌ره‌شه‌ی‌ دارایی‌، یان پێی‌ ته‌ڵاق ده‌دات. له‌به‌ر ئه‌مه‌بوو كه‌ پێغه‌مبه‌ری‌ خوا ﷺ له‌ (ئه‌شعه‌ریه‌كان) توڕه‌بوو، چونكه‌ ئه‌وانیش جۆره‌ هه‌ڵسوكه‌وت و ره‌فتارێكی ئاوایان له‌گه‌ڵ ژناندا هه‌بوو، ئه‌ویش فه‌رمووی‌: ((لیس هذا طلاق المسلمین، طلقوا المرأة فی‌ قبل عدتها)). به‌ده‌ر له‌وه‌ش، جۆره‌ ره‌فتارێكی‌ تریان وه‌ك ئه‌مه‌ هه‌بوو، ده‌چوون رۆژ تا ئێواره‌ به‌گاڵته‌وه‌ ته‌لاَقیان ده‌خوارد، یان كچیان به‌ مێرد ده‌دا، یان كۆیله‌یان ئازاد ده‌كرد، كه‌چی‌ بۆدوایی‌ ده‌یان وت گاڵته‌مان كردووه‌ ! جا بۆ گێڕانه‌وه‌یان بۆ هه‌ق و راستییه‌كان، پێغه‌مبه‌ری‌ خودا فه‌رمووی‌: ((ثلاث جدهن جد، وهزلهن جد: النكاح، والطلاق، والرجعة)). ئه‌بوو داود، ئیبن ماجه‌، ترمیزی‌. یان فه‌رمووی‌ ((ثلاث من قالهن لاعبا أو غیر لاعب، فهن جائزات علیه: الطلاق، والعتاق، والنكاح)).
به‌ڵێ‌ له‌به‌ر گرنگی‌ مافی‌ ژنان بوو، خوا فه‌رمووی‌: ((.. ولا تتخذوا آیات الله هزوا..)) دیسان پاش به‌یانكردنی‌ بڕیاره‌كه‌ فه‌رمووی‌: [یعظكم به..] خوا ئامۆژگارییتان ده‌كاو، سۆزو دلۆڤانی‌ و خۆشه‌ویستیی‌، و ئولفه‌تی‌ نێوان ژن و مێردتان وه‌ بیر دێنێته‌وه‌: [ومن ێ‌یاته‌ أن خلق لكم من أنفسكم أزواجا لتسكنوا إلیها و جعل بینكم موده‌ ورحمه‌ إن فی‌ ژلك ڵایات لقوم یتفكرون] 30/21.
یان كه‌ ده‌فه‌رمووێ‌: [هوالذی‌ خلقكم من نفس واحدة وجعل منها زوجها لیسكن إلیها..] 7/189.هه‌ر جه‌خته‌ له‌ سه‌ر ڕه‌چاوكردنی‌ مافی‌ ژنان. گرێدانی‌ ژیانی‌ دوو كه‌س (ژن و مێرد) بۆ ته‌مه‌نێك پێكه‌وه‌، بێ شك ژیانی‌ وا كومه‌ڵێ‌ یاساو رێسای‌ ده‌وێت بۆی‌ دابنرێت. بۆ ئه‌وه‌ بزانن چۆن ره‌فتار له‌گه‌ڵ یه‌ك ده‌كه‌ن، چۆن بۆ یه‌كتر دڵسۆزبن، چۆن حورمه‌ت و رێزی‌ یه‌كتر بگرن، چۆن خانه‌و لانه‌كه‌یان پڕكه‌ن له‌ میهره‌بانیی‌ و دلۆڤانیی‌، چۆن ئاماده‌ی بكه‌ن بۆ هاتنه‌ دنیای‌ ئه‌و نه‌وه‌و كۆرپه‌له‌یه‌ چاوه‌ڕوانی‌ ده‌كه‌ن، هه‌ر دوو به‌ دڵپاكیی‌ و بێ‌ فێڵ و فه‌ره‌ج پێكه‌وه‌ بژین، تا له‌ نێوان ئه‌و حاڵه‌ته‌ پڕ له‌ خۆشه‌ویستیه‌ی‌ نێوانیاندا ئه‌میش په‌روه‌رده‌ ببێ، گوێ‌ و چاوی‌ له‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی‌ سازگاردا بكرێته‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر كه‌ش و هه‌وای‌ ناو خێزانه‌كه‌، سنووره‌كانی‌ خوای‌ تێدا نه‌ پارێزرا، ئه‌وسا سۆزو دلۆڤانیان نامێنێ‌، ئه‌وسا ململانێ‌ و به‌ربه‌ركانێ‌ ده‌ست پێ‌ ده‌كات، پیاو سوور ده‌بێته‌وه‌.له‌ ژن، ژن ده‌نگ به‌رز ده‌كاته‌وه‌ به‌سه‌ر پیاودا، قسه‌ی‌ ناشیرین بۆ یه‌ك هه‌ڵ ده‌به‌ستن، یه‌كتر سووك ده‌كه‌ن، كۆرپه‌له‌كه‌یان بێ‌ ناز ده‌بێ‌ و، له‌رقی‌ یه‌كتردا هیچیان لێی ناپرسنه‌وه‌، كۆڵان و گه‌ڕه‌ك له‌ ده‌س قیژو قاوی‌ ئه‌وان وه‌ره‌س ده‌بن و دادوه‌رو دادگا هه‌راسان ده‌كه‌ن، ته‌نها چاره‌یه‌كیان ته‌لاَق و جیابوونه‌وه‌ ده‌بێ‌، ئه‌وسا كۆرپه‌له‌كه‌شیان سه‌ر گه‌ردان ده‌بێ‌: دایك ده‌یه‌وێ‌ بیباته‌ لای‌ خۆی‌، باوك ناهێڵی‌، هۆزی‌ خاڵوان قبووڵ ناكه‌ن و رازییان نییه‌، ئیتر مه‌گه‌ر ته‌نها خوا بزانێ‌ چاره‌نووسی‌ منداڵی‌ دوور له‌ سۆزی‌ دایك و باوك چۆن بێت ؟ ئه‌ویش وه‌كو ئه‌و باوك و دایكه‌ دڵ ڕه‌ق و كه‌لله‌ ڕه‌قه‌ ده‌رده‌چێت، یان خوا به‌ موعجیزه‌ ده‌یگۆڕێ‌ ؟.(ته‌فسیری‌ ته‌به‌ری‌، ئیبن كه‌سیر). هه‌رله‌ به‌رئه‌مه‌یه‌ كه‌ (فوقه‌ها)كان ده‌یان (فه‌صل) و (ده‌روازه‌)یان له‌نیكاحدا داناوه‌، وه‌ كو ((باب اختیار الزوجة، الخطبة، شروط الصیغة، العقد، الشهود، الشروط الشهود، الكفا‌ءة فی‌ الزواج) هه‌تا به‌ده‌یان مه‌رج و خاڵی‌ تر، چونكه‌ ئیسلام ده‌یه‌وێ‌ ئه‌و (زه‌واج)ـه‌ له‌ سه‌ر دیوارێكی‌ پۆلاَیین دارێژرێ، نه‌ك له‌سه‌ر دیواری‌ به‌ فرو دوو سبه‌ی‌ بتوێته‌وه‌و هه‌ره‌س بێنێ‌، ده‌بێ‌ بنج و بناغه‌ی‌ ئه‌ستورو مه‌حكه‌م بێت، هیچ هه‌راو كێشه‌یه‌كی‌ تێدا نه‌بێت، هه‌تا به‌رگه‌ی‌ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ درێژه‌ی‌ چه‌ندین ساڵه‌یه‌ بگرێت، بۆیه‌ كتێبه‌كان پڕن له‌ باسی‌ مافی‌ ژن و مێرد به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتر. هیوادارم كچ و كوڕو لاوه‌كانمان به‌ هه‌ڵه‌و په‌ڵه‌ ئه‌و بناغه‌یه‌ پڕ نه‌كه‌نه‌وه‌، زۆر به‌ ژیرانه‌ بچنه‌ پێشه‌وه‌و دایرێژن، چونكه‌ ئه‌م ژیانه‌ ژیانێكه‌ له‌گه‌ڵ ته‌مه‌ندایه‌، ده‌بێ‌ به‌ نیازی‌ پێكه‌وه‌ بوون بێت به‌ خۆشی‌، نابێت وه‌كو ئه‌وه‌ ته‌ماشا بكرێت كچ و كوڕێك له‌سه‌ر شه‌قامێك به‌ یه‌ك ده‌گه‌ن بۆ چه‌ند ساتێك، پاشان بڵاوه‌ی‌ لێ‌ ده‌كه‌ن و هه‌ركه‌س به‌لای‌ كاری‌ خۆیا ده‌چێ‌، به‌نیازم إن شا‌‌ولله له‌ كاتی باسی‌ (نیكاح) گرێداندا، ئه‌م یاساو رێسایه‌ چڕو پڕتر بكه‌ینه‌وه‌.


بەروار2020/04/01سەردان 1175