بوون و حەقیقەت و ڕاستیى سیحر.؟

بوون و حەقیقەت و ڕاستیى سیحر.؟

1- هەندێک لە زانایان دەڵێن: سیحر شتێکەو حەقیقەتێکى هەیە، دەشتوانێ بەواقیعى و بەبەرچاوى بینەرەوە رۆڵى خۆى ببینێ و، بۆیشى هەیە لە حاڵەتێکەوە بۆحاڵەتێکى دى هەرشتێ بگوڕێ.

2- هەندێکى دى پێچەوانەى راى ئەوانەن، وەک ئیمامى (ئیبن جەریر) -رەحمەتى خواى لێ بێ- کە دەڵێ: ناڕێکیى و جیاوازى لە پێناسە کردنى (سیحر)دا زۆر زۆرە، هەندێک لە زانایان دەڵێن: سیحر کۆمەڵێک فڕوفێڵ و چەواشەگەریی و خیدعەیە ساحیر بەسەلیقەى خۆى، وا دەکا لە سیحرلێکراوەکە، تا وابزانێ کە ئەوەى ئەیکات حەقیقەتەو بنەڕەتێکى هەیە، وەک کەسێک لە دوورەوە (سەراب) تراویلکەیەک دەبینێ و بۆخۆى وا دەزانێ ئاوە، کەچى کاتێک لێى نزیک دەبێتەوە، ئەوجا دەزانێ ئاو نیە.! هەندێکى دى ئەڵێن: ساحیر دەتوانێ تەنانەت ئینسانیش بکاتە گوێدرێژ.!، یان ئینسان و گوێدریژ بگۆڕێ بەشتێکى دى، دواتریش زاناى پایەبەرز (لالەکائى) دەڵێ: ئەگەر نەیتوانیبا ئەم جۆرە شتانە بکات، هەرگیز نەیشیدەتوانى جیاوازى بخاتە نێوان ژن و مێردەوە، کەوابوو دەشتوانێ چۆلەکە بکات بە مرۆڤ ، یا.. هتد. (ئیبن قەیم)یش (ڕەحمەتى خواى لێبى) لە تەفسیرى سوورەتى (فلق) دەڵێ: ئەم ئایەتەى: (ومن شر النفاثات في العقد) و ئەو فەرموودەیەش خاتوو عائیشە- رەزاى خواى لێبى- دەگێڕێتەوە کە: سیحر لە پێغەمبەرى خوا ﷺ کرا، ئەمانە هەردووکیان بەڵگەن لەسەر ئەوە کە سیحر هەیەو ڕاستە. بەهەرحاڵ ئەهلى (تەفسیر) و (حەدیس) هەردوولا دەڵێن: ئەو ریوایەتانەى کە لە هاوەڵان و سەلەفەوە هاتوون بەڵگەن لەسەر ئەوە کە سیحر حقیقەتى هەیە، وە ئەو ئایەتەش کە خواى گەورە دەفەرموێ: (فيتعلمون منهما ما يفرقون به بين المرء وزوجه) دیسانەوە هەر ئەوە دەسەلمێنێ کە سیحر لە تێکدانى پەیوەندى ژن و مێردا کاریگەریى خۆى هەیەو، وە بێجگە لەمانەش فەرموودەى ڕاست و دروستیش هەیە کە پێغەمبەرى خوا ﷺ سیحرى لێکراوە. جەماوەرى زانایانیش لەسەر ئەوەن کە: سیحر کاریگەریى خۆى هەیە. بۆ نموونە/ ئیمامى نەوەوى (ڕەحمەتى خواى لێبى) لە شەرحى (موسلیم)دا دەڵێ: (والصحيح أن له حقيقة وبه قطع الجمهور وعليه عامة العلماء، ويدل عليه الكتاب والسنة المشهورة)، بەڵام هەر (نەوەوى) خۆى دەڵێ: ئەو ڕاو بۆچوونە کە دەڵێ: ساحیر دەتوانێ ئینسان بگۆڕێ بە غەیرى خۆى، لە واقیعەوە زۆر دوورە، ئیتر خواى گەوەریش باشتر دەزانێ. (ئیبن حەزم)یش -رەحمەتى خواى لێبێ- دەڵێ: (وذهب أهل الحق إلى أنه لا يقلب أحدا عينا ولا يحيل طبيعة إلا الله عزوجل لأنبيائه فقط). (ئیبن حەجەر) یش- رەحمەتى خواى لێبێ- دەڵێ: شتێ کە جێگەى قسەو باس بێت ئەوەیە کە ئایا ساحیر دەتوانێ شتێک لە حاڵەتێکەوە بۆ حاڵەتێکى دیکە بگۆڕێ؟ پاشان دەڵێ: جەماوەرى زانایان لەسەر ئەوەن کە سیحر راستەو حەقیقەتێکى هەیەو کاریگەریى خۆیشى هەیە، بەڵام ناتوانێ هیچ شتێک لە حاڵەتێکەوە بۆ حاڵەتێکى دى بگۆڕێ، خوایش باشتر دەزانێ. دەبێ ئەوەش بزانین کە سیحر یەکێکە لە گوناهە زۆر گەورەکان و دەبێ مۆسڵمان زۆر خۆى لێ بپارێزێ، هەر وەکو لە (صەحیح)ـى موسلیم و بوخاریى)دا هاتووە، وە ئیمامى (عومەرو، ئیمامى عوسمان و، جندوب و، خاتوو عائیشەو، خاتوو حەفصە)یش- خوایان لێ ڕازى بێ- لەسەر ئەوەن کە دەبێ ساحیر بکوژرێ.
لەکتێبەکەى ئیمامى (ترمزى)یشدا هاتووە کە پێغەمبەرى خوا ﷺ فەرموویەتى: ((حد الساحر ضربة بالسيف)) جا ئەم فەرموودە هەرچەندە (ضعيف الإسناد)ـە، بەڵام ئیمامى (زەهەبی) دەڵێ: (والصحيح أنه موقوف على جندب بن عبدالله). (ضعيف، ضعفه الألباني في الجامع الصحيح لسنن الترمذي 1460) سەبارەت بە حوکمى ساحیریش ئیمامى (ئەحمەد)و ئیمامى (مالیک) - رەحمەتى خوایان لێ بێ- دەڵێن: دەبێ ساحیر بکوژرێ، بەڵام ئیمامى ئەحمەد ئەم قسەیەش دەکاو دەڵێ: ئەگەر ساحیرە کە لە (أهل الذمة) بوو، ئەوە ناکوژرێ، بەڵگەشى ئەو فەرموودە صەحیحەیە کە (لبيد بن الأعصم)ـى یەهوودى سیحرى لە پێغەمبەرى خوا کردو ﷺ نەشیکوشت، بەڵام ئیمامى شافیعیى و ئیمامى ئەبو حەنیفە- رەحمەتى خوایان لێبێ- دەڵێن: ساحیر ناکوژرێت، جا لە هەر میللەتێک بێت (أهل الذمة) بێ یان نا.. بەڵگەشیان ئەوەیە کە پێغەمبەر ﷺ کاتێ ساحیرەکە سیحرى لێکرد نەیکوشت، خوایش باشتر دەزانێت. منیش دەڵێم: حوکمەکە دەدرێتە دەستى ئەمیرو رابەرى دەستەى زانایانى سەردەم، ئەگەر ئەوان کوشتنیان پێ باش بوو، ئەوە دەکوژرێ، ئەگینا ئازاد دەکرێ. 

والله أعلم.

ئەحمەد كاكە مەحموود



بەروار2020/03/31سەردان 530