دیداری‌ به‌رێز دكتۆر فایه‌ق گوڵپی
دیداری‌ به‌رێز دكتۆر فایه‌ق گوڵپی

له‌ ساڵیادی‌ كۆچی‌ دوایی‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموودا

كاتێك منداڵ بوم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئاره‌زووی‌ كوردایه‌تی‌ له‌ دڵمدا چه‌كه‌ره‌ی‌ كردبوو، له‌ ناو كۆڕ و كۆمه‌ڵدا چاك گوێم بۆ ئه‌و ناوانه‌ شل ده‌كرد كه‌ له‌ رێگه‌ی‌ ده‌می‌ خه‌ڵكه‌وه‌ باسیان ده‌كرا له‌ شۆرشی‌ گه‌لی‌ كوردا به‌شداریان كردووه‌، ناوی‌ یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د بوو. ده‌مبیست كه‌ مامۆستا له‌گه‌ڵ چه‌ندان زانای‌ ئاینی‌ تر له‌ شۆرشی‌ ئه‌یلولدا پێشمه‌رگه‌ بووه‌. پاش كاره‌ساتی‌ ساڵی‌ 1975 كزبوونی‌ تێكۆشانی‌ چه‌كداری‌ و سیاسی‌، ناوی‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌دم ده‌بیست كه‌ له‌ وتاره‌كانی‌ مزگه‌وتدا سه‌ره‌رای‌ په‌روه‌رده‌كردنی‌ خه‌ڵك به‌ بنه‌ماكانی‌ ئاینی‌ ئیسلام، له‌ وریاكردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكدا ده‌رباره‌ی‌ باری‌ سیاسی‌ و ناساندنی‌ رژێمی‌ به‌عس به‌خه‌ڵك درێغی‌ نه‌ده‌كرد. له‌ ڕاپه‌رینی‌ به‌هاری‌ ساڵی‌ 1987ی‌ شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا كاتێك من له‌ ناوچه‌ی‌ قه‌ره‌داغ پێشمه‌رگه‌ بووم، بیستم كه‌ مامۆستا رۆڵێكی‌ كاریگه‌ری‌ له‌و ڕاپه‌رینه‌دا هه‌بووه‌. له‌ گه‌رمه‌ی‌ شه‌ری‌ ناوخۆیی‌ هێزه‌ كوردیه‌كاندا له‌ دوای‌ راپه‌رین، ئه‌گه‌ر چی‌ تا ئه‌و كات چاوم به‌ ره‌حمه‌تی‌ نه‌كه‌وتبوو، به‌ڵام له‌ دووره‌وه‌ یه‌كترمان ده‌ناسی‌، هێنده‌ بڕوامان به‌ یه‌كتر هه‌بوو له‌ رێگه‌ی‌ كه‌سی‌ سێهه‌مه‌وه‌ كارێكمان كرد له‌ شارۆچكه‌ی‌ خورماڵ جارێكی‌ تر شه‌ری‌ براكوژی‌  ڕوو نه‌دات و گیانی‌ چه‌ندان رۆڵه‌ی‌ گه‌لی‌ كوردمان له‌ مه‌رگ پاراست. به‌هۆی‌ راگواستنی‌ گونده‌كانی‌ ناوچه‌ی‌ هه‌ورامان و به‌ هۆی‌ ئه‌وه‌وه‌ كه‌ من له‌ زانكۆ بووم و دواتر بوومه‌ پێشمه‌رگه‌و دوای‌ راپه‌رینیش جارێكی‌ تر شه‌ری‌ براكوژی به‌رۆكی‌ گرتینه‌وه‌، ده‌رفه‌تم بۆ نه‌لوا له‌ نزیكه‌وه‌ مامۆستا ببینم، تا ساڵی‌ 2006 له‌ شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ شه‌هید چاوم پێكه‌وت، ئه‌و كات بۆ ماوه‌یه‌كی‌ كورت پێكه‌وه‌ دانیشتین و ده‌رباره‌ی‌ ره‌وشی‌ سیاسی‌ به‌ كورتی‌ هه‌ندێك دواین، رووی‌ خۆش و روونی‌ بۆچون و قوڵی‌ بیركردنه‌وه‌ی‌ مامۆستا واكاریگه‌ری‌ له‌ سه‌رم دانا خۆزگه‌م ده‌خواست چه‌ندان ساڵ پێش دیدارم له‌گه‌ڵ بكردایه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ مامۆستا پێشینه‌یه‌كی‌ سیاسی‌ هه‌بوو یه‌كێ‌ له‌ زانا ئایینیه‌ ناوداره‌كانی‌ باشوری‌ كوردستان بوو، خه‌ڵكی‌ ناوچه‌ شاخاویه‌كه‌ی‌ هه‌ورامان بوو، كه‌ به‌رده‌وام سه‌نگه‌ری‌ خۆپاراستنی‌ شۆرش و حزب و رێكخراوه‌ سیاسیه‌كانی‌ باشوری‌ كوردستان بووه‌، رۆڵی‌ مامۆستا له‌ پێكهێنان و پاراستنی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌  ئیسلامیدا بنه‌ره‌تی‌ بوو،له‌ هه‌وڵدان بۆ ئاشتی‌ و ته‌بایی‌ و كۆتاییهێنان به‌ شه‌ری‌ ناوخۆ، ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی‌ كه‌ له‌گه‌رمه‌ی‌ شه‌ری‌ ناوخۆدا له‌ رێگه‌ی‌ كه‌سی‌ سێهه‌مه‌وه‌ له‌ نێوان من و مامۆستای‌ ره‌حمه‌تیدا به‌ ده‌ست پێشخه‌ری‌ ره‌حمه‌تی‌ بۆ رێگرتن له‌ په‌ره‌سه‌ندنی‌ شه‌ره‌كه‌ درووستبوو، بۆ ئه‌وه‌ی‌ شه‌رێكی‌ تر له‌ خورماڵ له‌ نێوان هێزه‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌ و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستاندا روونه‌دات، ده‌یسه‌لمێنی‌  كه‌ تا چه‌ند مامۆستای‌ ره‌حه‌مه‌تی‌ به‌ ته‌نگ ئاشتیی‌ و یه‌كریزی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ باشوری‌ كوردستانه‌وه‌ بووه‌.له‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند گرووپێك له‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌ جیابوونه‌وه‌، مامۆستا له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ مایه‌وه‌و له‌ ناو بزووتنه‌وه‌دا له‌ كه‌سه‌یاتیه‌ نزیكه‌كانی‌ رێبه‌ری‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌ ره‌حمه‌تی‌ مامۆستا مه‌لا عه‌لی‌ بوو، له‌و كاته‌وه‌ ته‌بایی‌ و یه‌كریزی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان وه‌ك چه‌مك به‌ پراكتیك له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی كوردستاندا پێشكه‌وت و هیچ شه‌ڕو ناكۆكیه‌ك له‌ نێوان بزووتنه‌وه‌ و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ تردا نه‌هاته‌ ئاراوه‌.
من وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا ته‌نها یه‌ك جار به‌ دیداری‌ مامۆستا شاد بووم، به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ناراسته‌وخۆ ئاگام له‌چالاكیه‌ سیاسیی‌ و ئایینی‌ و رۆشنبیریه‌كانی‌ بووه‌، مرۆڤێكی‌ به‌ توانا و سه‌ركه‌وتوو بوو، وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی‌ هه‌ڵكه‌وتووی‌ ناوچه‌ی‌ هه‌ورامان شانازیم پێوه‌كردووه‌ و ئێسته‌ش  شانازی‌ پێوه‌ ده‌كه‌م.
پێوانه‌ی‌ پێشكه‌وتن و زیندوویی‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك و هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی‌ كۆمه‌لایه‌تی‌، به‌ چه‌ندان فاكته‌ره‌وه‌ گرێدراوه‌، یه‌ك له‌و فاكته‌ره‌ هه‌ستیارانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ یان ئه‌و پێكهاته‌یه‌ خاوه‌نی‌ چه‌نده‌ مرۆڤی‌ به‌ تواناو هه‌ڵكه‌وتووه‌، زوو له‌ ده‌ستدانی‌ كه‌سانی‌ وه‌ك مامۆستا كه‌ به‌ تواناو هه‌ڵكه‌وتوو بوون، پێش ئه‌وه‌ی‌ به‌رنامه‌كانی‌ به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت، بۆشایی له‌ناو كۆمه‌ڵگای‌ سیاسیی‌ كوردستان و له‌ ناو پێكهاته‌ی‌ ئیسلامیی‌ سیاسیی‌ كوردستاندا درووستده‌كات، هیوادارم قوتابیه‌كانی‌ مامۆستاو په‌یره‌وكه‌رانی‌ رێبازه‌كه‌ی‌ تێكۆشان چرَوپڕ بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و بۆشاییه‌ پڕبكه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌كۆچی‌ دوایی‌ ناوه‌ختی‌ مامۆستای‌ ره‌حمه‌تی‌ درووستبوو.
له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی‌ مامۆستا خاوه‌نی‌ پێشینه‌یه‌كی‌ سیاسیی‌ و قوڵبونێكی‌ ئایینی‌ و رۆشنبیری‌  گشتی‌ بوو،له‌ دامه‌زراندنی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیدا رۆڵێكی‌ كاریگه‌ری‌ هه‌بوو،له‌ دوای‌ دامه‌زراندنی‌ بزووتنه‌وه‌،له‌كاتی‌ تێكۆشاندا به‌رده‌وام پله‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ و پله‌ی‌ باڵاتری‌ حزبی‌ وه‌رگرتووه‌، ئه‌مه‌ نیشانی‌ ئه‌دات كه‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان بۆ دامه‌زراندن و بۆ تێكۆشان سوودی‌ له‌ تواناو ئه‌زمونی‌ مامۆستای‌ ره‌حه‌متی‌ وه‌رگرتووه‌.
داوا له‌ هه‌وادارن و قوتابیانی‌ مامۆستای‌ ره‌حمه‌تی‌ و ئه‌و كه‌س و لایه‌نه‌ سیاسیی‌ و ئیسلامیانه‌ی‌ كوردستان ده‌كه‌م كه‌ ئاشتی‌ و پێكه‌وه‌ ژیانی‌ دیموكراتیانه‌ی‌ نێوان حزبه‌ ئایینی‌ و عیلمانیه‌كان و پێكه‌وه‌ هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ گه‌لی‌ كورد له‌ چوارچێوه‌ی‌ سیاسه‌تێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ دیموكراتدا، بكه‌نه‌ بنه‌مای‌ تێكۆشانی‌ سیاسیی ئاینده‌یان.
له‌گه‌ڵ رێزو خۆشه‌ویستی‌ : د.فائیق محه‌مه‌د گوڵپی‌ 9-2-2009 
بەروار2020/03/30سەردان 676