باسێک دەربارەى (قەووامە) و دەسەڵاتى پیاوان بەسەر ژناندا.؟

باسێک دەربارەى (قەووامە) و دەسەڵاتى پیاوان بەسەر ژناندا.؟

وا دەزانم ئەم مافى چاودێریى و کار بەدەستیەى پیاوان بەسەر ژنانەوە، سەردڵى زۆرێک لەعەلمانیەکانى گرتووەو زۆریش پێیان قورسەو بۆیان قبوڵ ناکرێ! بەتایبەت ئەوانەیان وا دەیانەوێ خۆیان لاى ژنان خۆشەویست کەن و، رۆژ تا ئێوارە گریەیان بۆ دەکەن، بۆیەش هەرئەوانە بێ سنوور ژنانیان بەرەڵڵا کردوو ناردنیانە سەنگەرى دژى مێردەکانیانەوەو بەڵێنیان پێداون کە بە یەک وشەیش گوێرایەڵى نەکەن!! عەلمانییەکان بەوجۆرە! ئەوخەڵکە دیندارەیش کە بەوردى یاساى (قەووامە)یان وەرنەگرتوە، ئەمەیان بەهەل قۆستەوەو لاى زۆربەیان ژن بووە بە کۆیلەو دەبێ هەمووشتێکى ژنان هەر بەدەستى ئەوان بێت! ئەگەرچى جەنابیشى هیچى لێ نەزانێت..! جا لەبەر ئەمە لەم جێگایەدا بە کورتەیەک دەڵێین:
(قەووامە) ماناى ژن بە کۆیلەو بە بەندەکردنى نییە بۆ پیاوان وەک ئەوانە لێى تێگەشتوون بەڵکو ئاراستەو رێنماییەکى خواییە بۆ شێوەى کارو رەفتارى پیاوان لەگەڵ ژناندا، (تەوجیە)ى خواییە بۆیان کە دەبێ زۆر بە چاوى رێزەوە ئەو سپاردەو ئەمانەتە خواییە، لە چاویان باشتر بپارێزن، مافیان دابین کەن لە خانوو جلوبەرگ و خواردن و خۆراک و پەروەردەو هۆشیارکردنەوەى لە گیروگرفت و رووداوەکانى گێتیان بۆ مسۆگەر بکەن، وە لە سەرماو گەرماو برسیەتى و تینویەتى بیانپارێزن، هیچ کات بێ نازیان نەکەن، کەمتر نەبن لە ژنانى هاوشانى سەردەمى خۆیان، پیاوان ناهێڵن هەست بەنەبوونى و موحتاجى بکەن، هەربۆیە لەکاتى بێ (نەفەقە)ییدا دەسەڵات بەژن دراوە دەست لە پیاوەکەى هەڵبگرێ، وەیان بەکورتتر بڵێین: ئەو پلەو دەسەڵات و پایە کە بە پیاوان دراوە، بەرپرس بوون و ئەرک لەسەر شان نانە، (مسؤلية التكليف)ـه، نەک بەزیاتر دانانى پیاوانە بەسەر ژناندا (تەفزیل) و (تەشریف).، گومانیش نییە بۆ پیاوان کە هەر خێزانەى دەبێ بەڕێوەبەرو چاودێرێکى هەبێ، بۆ ئەوەى ئیش و کارەکانى بەرێکى جێبەجێ ببن تا نەبێتە (فەوزا)و کێ بەرکێ، وایش دەزانم پاش هەموو لێکدانەوەیەک ئەوجا پیاوان ئەو (تکلیف)ـە کراون.. خوشکانى بەرێز! ئەگەر ژیان هەر بریتى بێت لەوە کە لە دەزگایەکى دەوڵەتیدا ببیتە کارمەند، پاشان بەسەیارە بێیت و بڕۆیت و سەرى هەموو مانگێک پارەیەکى باش بخەیتە گیرفانتەوە، ئەوە لەوحاڵەتەدا نەک هەر پیاوان بەڵکو تۆیش دەتوانى (قەووامە)و ئەرکەکانى ناو خێزان بەدەست بگرى.. بەڵام خۆ ئاشکرایە کە نان پەیداکردن هەروەک لە دەزگایەکى دەوڵەتدا دەبێت، خۆ دیارە ئەمەیش رێژەیەکى کەمە لە نێو ژناندا چونکە بەشێکى زۆریان بەبازرگانیى و، پیشەسازیى و، کشتوکاڵ و، گێرەوکێشەو، هەزاران جۆرى ترى ژیانى لادێ و گوند نشینەکانیشەوە خەریکن، دڵنیام لەوکاتەدا هەرگیز تۆ بەو (قەووامە)یە رازى نابیت ئەگەرچى زۆریشت لێبکەن، بەڵکو خۆت بەناسک و نۆڵ دادەنێیت و, پیاویش بە مرۆڤێکى جەستە بەهێزو زەبر، دەڵێیت هەقى پیاوە هەستێ بەئیش و کارى مەزراو کشتوکاڵ.. هتد. ئومێدەوارم چ عەلمانیى چ ئیسلامیى لەم مەسەلەدا زیادە ڕەوى نەکەن و پڕ بەپڕ مافى خۆى بدەنێ.


ئەحمەد كاكە مەحموود


بەروار2020/03/30سەردان 763