بۆچی لەمیراتدا ژنان وەک پیاوان حسابیان بۆ ناکرێ.؟


بۆچی لەمیراتدا ژنان  وەک پیاوان حسابیان بۆ ناکرێ.؟

لێرەدا پرسیارێک دەکرێ: بۆچی لەمیراتدا ژنان  وەک پیاوان حسابیان بۆ ناکرێ؟ لە کاتێکدا ژن لاوازترو موحتاج ترە بە دارایی؟! جا بۆ ئەمە وەڵامێکی کورت دەدەینەوە و دەڵێین: ئیسلام بەپێی  تەکلیف و ئەرکی سەرشانی مرۆڤەکان ئەو میراتەى داناوە، گومانیش نییە لەوەدا کە پیاوان خەرج و ئەرکی سەرشانیان زۆرترو گەورەترە و، پابەندبوونی داراییشیان زیاترە، چوون لە ئیسلامدا تەنها پیاو داوای بژێویى و ژیانی ژن و منداڵی لێدەکرێ، هەر پیاو مارەیى وەک فەرزێکى خوایى پێشکەش بە ژن دەکا، دابینکردنی خان و بەرەو جل و بەرگ و خواردن و خۆراک و پێداویستییەکانى تر، ئەمانە هەر هەموو لەسەرشانی پیاوە، خۆ هەڵگرتنی ئەو تەکلیفەش لەلایەن پیاوەوە، بێ ڕێزیی و کەم قەدریى ژنان نییە وەک دەڵێن! بەڵکو سروشتی ئادەمزاد کە یاسای کۆمەڵگەی لەسەر بنیات نراوە وایە کە ئافرەت خانمی ناو ماڵ بێ و سەرپەرشتی منداڵ بکاو نەبرێتە بەر ئەو خۆرە گەرمەی عەرەبستان و ئەفریقیاو دەشتى شارەزوور و بیتوێن، نابێ پاچەکۆڵەو دروێنەو گێرەو کێشەو هەر ئیشێکى تر لەگەڵ سروشتیدا نەگونجێت، پێى بکرێ، ئیش و کارەکانی دەرەوەی ماڵیش بدرآ بەسەرشانی پیاواندا "کە بەراستیی ئەگەر سەیرێکى وردیى یاسای فسیۆلۆجیای هەردوولا بکرێ، بەباشى دەردەکەوێ کە ئەو دابەشکرنە بەو شێوەیە پڕ بە باڵای هەردوو کیانە ئیش و کارى دەرەوەی ماڵ کە بێگومان ئەوکاتەو ئێستایش لە 95%ی هەر ئاوا قورس و سەخت بووە، ئاشکرایشە تەواوی ژنانی جیهان نابنە دکتۆرەو پارێزەرو وەزیرو سەرەک وەزیران..هتد، تا لە ئەرک و کێشەی ئاژەڵداری ڕزگار ببن، لەولایشەوە ئیسلام بەرنامەی گشت شارو لادێیەکە، ئەوانەیش وا داوا دەکەن کە ژنان لە دەرەوەی ماڵەوە کار بکەن، دەبێ ئامادەیش بن کە هەر بەیانی تا ئێوارە شان بدەنە بەر گێرەو کێشەو پاچەکۆڵەو شوانیی مەڕو ماڵات و کارە جۆراوجۆرە قورسەکانى تر. نە تەنها بۆ کاری دەوڵەتیی و دائیرەکان کە بەیانیان بە سەیارەو ئاراییشەوە بکەونە رێ، وا دەزانم ژنان چەواشە کرابن، بۆیە داوای کاری دەرەوەی ماڵەوە دەکەن، چونکە دەزانم نە لێیان دێت ئەو کارانە بکەن، وە نە ئامادەش دەبن، بێگومان ئەو ژنانەی دابەش بوون بە تەواوی جیهاندا، ئەگەر لە ماڵەوە بهێننە دەرەوە پڕ بەباڵایان تووشی زەرەرو زیان دەبن، دیارە ئەو میراتەیش بەو رێژەیە پاش رەچاوکردنی ئەو هەموو ئیعتیبارانە دانراوە, وە ئەوەش بەزەیى ئیسلامە بەرامبەر بە ژن.، نەک سەیرکردنى بەمرۆڤى ژمارە دوو.! جا بۆ پتر ئاگادار بوون لە وردەکارییەکانى مەسەلەى میرات، دەتوانى بگەڕێیتەوە بۆ ئایەتى (11،12)ى سوورەتى (ژنان) ئەگەرچى رەخنەگران و (عەلمانیەکان) لەبەر خۆشەویستییەکى شەهوانیى و کوێرانەى ژنان، خۆیان کەڕو کوێر کردووەو، هەرگیز هەق نابیسن، ئەگینە وا دەزانم ئەوەندە لەو بابەتە نووسراوە بۆ مرۆڤى ژیرو ئاقڵ بەس بێت، سەرەڕاى ئەمانەیش، دەبێ بزانن کە هەموو مەسەلەکانى ژنان، وە میراتیش یەکێکیانە، بەگۆترەو سادە بڕیاریان لەسەر نەدراوە، بەڵکو زۆر وردەکارى تیا بەکار هێنراوە، کە ئەر لەوە کەمتر، یان زیاتر بێت ژیانى ئەو دوو مرۆڤە (نێروو مێیە) تێک دەچێ و لارە سەنگ دەبێ و، ژنانیش "بۆ خۆیان" هاواریان لێ بەرز دەبێتەوە، بۆ نموونە: (نەفەقە)ى ژنان لەسەر باوک و براو کەس و کارو مێردە، دیارە ئێستا ئەو ژنانە کە لە دەزگایەکدا کارمەندن و هاوکارى باش دەکرێن، قبووڵیان نییەو بەسووکایەتى ژنانى دەزانن و دەڵێن: ژنان دەبێ بۆ خۆیان بژێوى پەیدا بکەن! وا دەزانم ئەو خانمانە کە ئەو قسەیە دەکەن، هەر ئەو کاتەیە رازى دەبن بژێویان لەسەر خۆیان بێت لە جێگایەک کارمەند بن، چونکە ئەگەر ببنە کشتیارو کرێکار، کۆڵکێشى و پاچەکۆڵەو شوانى پێ بکەن، ئەوا لە باتى جارێک هەزارجار هاواریان لێ بەرز دەبێتەوەو داوا دەکەن کە: ژنان خانمى ماڵ بن و نان و نەفەقەیان لە سەر پیاوان بێ و نەچنە بەر سەرماى زستان و، گەرماى گەرمى هاوین، جا من نامەوێ لەم جێگایەدا زیاتر بچم، وەکو گوتم کتێبى زۆرى لەسەر نووسراوە، با خانمەکان و، ئەوانەى گریەیان بۆ دەکەن خۆیان بچن بەویژدانەوە دیراسەیەکیان بکەن.

ئەحمەد كاكە مەحموود
 

بەروار2020/03/30سەردان 1515