حوکمى دوعا و نووشتە کردن.؟
وەڵام: دوعاو نوشتەکردن یەکێکە لەو رێگاو هۆکارانەى کە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیی و ئێش و ئازار و تەندروستیی بەکار دەهێنرێ، بۆیە بەچاکمزانی کورتە باسێکی دوعا و نویشتەش باس بکەم – کە بەتایبەتی ژنان زۆرتر لە پیاوان بەکاریان دێنن، لەپاڵ ئەوەیشدا گەلێ جار ڕێیان لە (فاڵچی و کوڵەنانی و دەستبڕەکان دەکەوێ و چاک و خراپ تێکەڵ دەکەن) و هەندێ کاری دزێوو قێزەون و ناشیرینی لێدەکەوێتەوە و دەدرێ بەسەرشانی ئیسلامدا و، ئیسلام دەبێتە (ئوسطوره) و (خورافه)، جا بەو بۆنەوە ئیسلام بە گشتی خۆی و پیاو چاک و خاوەن مێژووەکانیشی دەبنە قۆڵبڕ لای عەلمانیەکان، ئەگەرچی زیاتر ئەوانیش – ژن و پیاویان – پەنا دەبەنە بەریان بۆ بەخت و چارەنووس و دوعای (چەور و شیرینی و جادوو لە مێردو لەدەسگیران)، وە بۆ هەڵگەڕانەوەی ژنی ئەم و ئەو بۆ خۆیان!.
خۆ دیارە کە ئایینی پیرۆزی ئیسلام چەندە دژی ئەو جۆرە کارانەیەو چۆن جەنگاوە لە گەڵیان و چەندە داواو هاوار دەکات کە شیفای نەخۆشیی و لەشساغیی و تەندروستیی و منداڵ بوون و نەبوون و سەرکەوتن و سەرنەکەوتن، تەنها بەئیرادەو خواستی خودای گەورەیە، وە بۆ هەریەک لەوانە تەنها (صەدەقە)و خێرو خێرات و دەسگیرۆیی هەژارو خەڵکانی بێ نەواو ئاوڕدانەوە بەلای پێویستییەکانی کۆمەڵدا پەسەندە لای.
ئینجا لەبارەی دوعاو نوشتەوە کە بەداخەوە ئەمڕۆ زۆر بۆتە باوو عادەت، دەڵێین:
1- دوعا: واتە: خوێندنی هەندێ لە قورئان، یان لە فەرموودە بەسەر نەخۆشدا بەو نییەتەوە خودا شیفای بدات، یان بۆ (حيفظ) و پاراستن لە هەر شتێکی زیانبەخش، کارێکی ڕەواو پەسەندە، بەبەڵگەی ئەوە کە خاتوو (عائیشە) دەڵێ: پێغەمبەر ﷺ لەو نەخۆشییەیدا کە کۆچی دواییکرد، سوورەتی (فەلەق) و سوورەتی (ناس)ی دەخوێند بەدەستی خۆیدا و، دەیهێنا بەجەستەیدا، جا کە نەخۆشییەکەی قورس بوو، من کارەکەم بۆ ئەنجام دەداو خۆیشی دەستی دەهێنا بەلاشەیدا.(بوخاری ڕیوایەتى کردووە، 5735.) وە لە ڕیوایەتێکی تردا هاتووە: پێغەمبەر ﷺ دوعای بۆ هەندێ لە ماڵ و منداڵ دەخوێند و دەستی ڕاستی دەهێنا بە جێگەی ئازارەکەیدا و دەیفەرموو: ((اذهب البأس رب الناس، اشف أنت الشافي، لا شفاء إلا شفاؤك شفاء لا يغادر سقما)).(سنن أبي داود - كتاب الطب، باب في تعليق التمائم - حديث : 3403. وصححه الألباني في سنن أبي داوود، برقم: 3883).
2- عەوفی کوڕی مالک دەڵێ: گوتم: ئەی پێغەمبەری خودا ﷺ! ئێمە بەر لە ئیسلام نوشتەمان دەکرد بەلاتەوە چۆنە؟ فەرمووی: بابیبینم چۆنتان دەکرد؟ دەبێ بشزانن کە هەرچی (شیرک) نەبێ قەیدی نییە دوعای پێ بکەن: ((..أعرضوا عليّ رقاكم، لابأس بالرقي ما لم يكن شركا)).(صحيح مسلم- كتاب السلام، باب لا بأس بالرقى ما لم يكن فيه شرك - حديث : 4173).
مەرجەکانی دوعا و چارەسەرى نەخۆشیى:
یەکەم: دەبێ بە ناوە پیرۆزو صیفەتە جوانەکانی خودا بێت، وە یان شەریعەت پەسەندی بکات.
دووەم: ماناکەی ئاشکراو ڕوون بێت، نەوەک شتێکی تیا بێت (شیرک) بێت و پێی نەزانرێ.
سێیەم: دەبێ دوعا خوێن و نەخۆشەکە، تەنها خودا بە خاوەن شیفا بزانن.
ئەوەمان لەبیر نەچێت کە ژنیش وەکو پیاو دەتوانێ دوعا بخوێنێ بە دەستیاو پاشان بیهێنێ بەو شوێنەدا ئازاری هەیە، بەمەرجێ مەحرەم بن بەیەکدی.
دوو تێبینی:
1- ئاخۆ لەبەرامبەر ئەو دووعا خوێندنەو چارەسەرەدا، ڕەوایە داوای کرێ و مزە لە بەرامبەرەکە بکرێت (ئەگەر شیفای بۆ هات بەو دوعاو چارەسەرەی ئەو؟ بۆ وەڵامى ئەمە زاناکان دەڵێن: ئەگەر بەمەرجی شیفا بوو، واتە: ئەگەر بەو دوعایە چاکبوویەوەو، شتێکی لێوەرگرت و ئەویش قبوڵی بوو، ئەوە ڕەوایە، خۆ ئەگەر چاک نەبوو، نابێ هیچ وەرگرێت، بەڵگەشیان: ئەوەیە کە جارێکیان یەکێ لە هاوەڵان سوورەتی (فاتیحە)ی خوێند بەسەر کابرایەکی مار پێوەدراودا و خودا شیفایدا، ئەویش چەند مەڕێکی بۆ نارد، چونکە پێشتر واتەی بۆ کردبوو کە ئەگەر چاکبوویەوە ئەو مەڕانەی بداتێ، ئەوجا هاوەڵەکە بەخۆیی و بەمەڕەکانیەوە چوو بۆ لای پێغەمبەر ﷺ و ئەو مامەڵەیەی بۆ گێڕایەوە، ئەویش ددانی هەم بەدوعاکەو هەم بەمەڕەکاندا نا بەو مەرج و مامەڵەیە وەریگرتووە.(بوخارى ڕیوایەتى کردووە، (2276، 5736، 5763)).
2- ئایا هەر وەکو دوعا بەخوێندنی ئایەتێک، یان فەرموودەیەک بەسەر نەخۆشدا ڕەوایەو ڕێى پێدراوە، هەر ئاوا بە نوسینیش ڕێپێدراوە؟
بەڵێ.. بەپێی ئەوە کەگەلێ پیاوچاکان نوسیوویانەو کاریان پێکردووە، حەڵاڵ و ڕەوایە، بەڵام قوتابخانەیە لە هاوەڵان بە هیچ کام لەو دوو شێوەی دوعاو نوشتەکردنەیە ڕێگە نادەن و دەڵێن: دەبێ مرۆڤ لە هەموو شتێکدا تەنهاو تەنها پشت بە خوداى خۆى ببەستێ، بەبەڵگەی ئەو فەرموودەیەی ژمارە: (5705) ی ئیمامی (بوخاری) دەیهێنێ: ((..لا يسترقون، ولا يتطيرون، ولا يكتوون، وعلى ربهم يتوكلون)).(صحيح مسلم، كتاب الإيمان، باب الدليل على دخول طوائف من المسلمين الجنة بغير حساب ولا - حديث : 347).
والله أعلم.
ئەحمەد كاكە مەحموود