حوکمى خۆ پاراستن لە نەخۆشیی و چارەسەرکردن.؟

حوکمى خۆ پاراستن لە نەخۆشیی و چارەسەرکردن.؟

وەڵام: خۆپاراستن لە توشبوونی نەخۆشییەکان، هەمیشە باشترە لە هەموو چارەسەرێک دوای تووشبوون، خۆ پاراستن  و دوورگرتن لەو شتانەى دەزانی دەبنە هۆی تووشبوونی نەخۆشیی، پەسەندە و (موباح)ـە، بەڵکو (مندوبە)، واتە: پێغەمبەر ﷺ موسوڵمانی دنە داوە بۆی. (أم المنذر بنت قيس الأنصارية) دەڵێت: پێغەمبەر ﷺ هاتە ماڵمان و (عەلی کوڕی ئەبی تالیب)یشى لەگەڵ بوو، (عەلی) نەخۆشبوو و هێمان تەواو چاک نەبوو بوویەوە، هێشووی جۆرە خورمایەکمان هەبوو هەڵمان واسیبوو بۆ خواردن، پێغەمبەر ﷺ هەستا لێی بخوات، پاشان (عەلی)یش هەستا ویستی لێی بخوات، پێغەمبەر ﷺ بە (عەلی) فەرموو: ((مه إنك ناقه)) واز بێنە (تۆ نەیخۆیت)، چونکە لە نەخۆشییەکەت بەتەواوی چاک نەبوویتەوە، (أم االمنذر) دەڵێ منیش جۆو سڵقم تێکەڵ کردو لێماننا و هێنام، ئینجا پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: ((يا علي! أصب من هذا فهذا أنفع لك)). (سنن أبي داود - كتاب الطب، باب في الحمية - حديث : ‏3376‏. وحسنه الألباني في سنن أبي داوود، برقم: 3856) واتە: عەلی ! لەمە بخۆ، بۆت باشە.

ئیمامی (موسلیم) لە (عمرو بن الشدید) دەگێرێتەوە و دەڵێ: شاندەکەی (ثقيف، کە هاتبوون بۆلای پێغەمبەر ﷺ بۆ بەیعەت پێدان)، پیاوێکی (گەڕ)یان لەگەڵ بوو، پێغەمبەر ﷺ ناردی بۆ لای  و فەرمووی: ((إنا قد بايعناك، فارجع)). (صحيح مسلم- كتاب السلام، باب اجتناب المجذوم ونحوه، حديث : ‏4233) پێی بڵێن: بەیعەتمان لێ قبووڵکرد، دەبا بگەڕێتەوە.
ئیمامی (بوخاری) یش لە ئەبوو هورەیرەوە دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: ((..وفر من المجذوم كما تفر من الأسد)). (رواه البخارى، باب الجذام، كتاب الطب) هەر چۆنێ لەشێر هەڵدێیت، ئاوایش لە مرۆڤی (گول) هەڵبێ.

زاناکان ئەم چەند فەرموودەو بە دەیان فەرموودەی تر دەکەنە بەڵگە بۆ خۆپاراستن و تەداوی و چارەسەر لە نەخۆشییەکان، وە دەڵێن پێویستە بۆ مرۆڤ خۆ بپارێزێ لەهەر شتێک بزانێ زیانبەخشە بۆی، وەیان تێکەڵی ئەو خەڵکە نەخۆشانە نەکات، نەخۆشییەکەیان پەتایەو دەڕوا بۆ کەسێکی تر، هەروەک پێویستە ئەو نەخۆشانەیش خۆ دوور بگرن لە تێکەڵی خزم و کەس و کار و شوێنە قەرەباڵغیى و گشتییەکان، بۆ ئەوەی خەڵکانی تر تووشی ئەو نەخۆشیە نەبن، بەتایبەتی ئەوانە وا دەزانن بەنزیکبوونەوە لەو نەخۆشانە تووش دەبن، ئەمەیە کە ئیمامی (بوخارى) ئەم فەرموودەیە دەهێنێ:
((لا توردوا الممرض على المصح)) (صحيح البخاري - كتاب الطب، باب لا عدوى - حديث : ‏5446) واتە: با خاوەنی حوشترو مەڕو ماڵاتی نەخۆش، نەهێلێ تێکەڵی حوشترو مەڕو ماڵاتە ساغەکان ببن، چونکە لەوانەوە- ئەگەر خودا بیەوێ – دەچێ بۆ ساغەکانیش.
ئەم فەرموودەیە گەورەترین ئاڕاستەو (تەوجیە)ی تێدایە بۆ مرۆڤەکان کە هەوڵ بدەن هەمیشە لەش و جەستەیان سەلامەت و دوور بێ لە نەخۆشیی، وە ئەو کەسانەشیان نەخۆشیی پەتایانە جێگاو ڕێگای تایبەتیان بۆ جیا بکەنەوە، با تێکەڵیی ئەمانی تر نەکەن، تا چاک دەبنەوە، بەتایبەتی دەوڵەت و کاربەدەستان دەبێ هەڵسن بەجێبەجێکردنی ئەم کارەیە، هەروەها ئەگەر بابای خاوەن ئاژەڵا، بزانێ یەکێ لە ئاژەڵەکانی نەخۆشە، دەبێ خێرا لەوانی تری جیا بکاتەوە تا دکتۆری بۆ دێنێ، با ئەوانی تری تووش نەبن، وە هەر کەسێک نەخۆش بێ و خۆی لە خەڵکانی تر نەپارێزێ، ئەوە لە ڕووی شەرعەوە گوناحبار دەبێ، وە ئەگەر سوڵتە هەبوو، دەبێ بەزۆر جیایان بکاتەوە، کاتی خۆی لە (ئیبن تەیمیە)یان پرسی: ئەگەر کەسێک ئەو نەخۆشیانەی هەبوو، ئایا ساغەکان بۆیان هەیە لە خۆیان دووری بخەنەوە؟ گوتی: بەڵێ دەتوانن لەو جێگاو شوێنە دووری بخەنەوە، چونکە پێغەمبەر ﷺ دەفەرمووێ: ((لا توردوا الممرض على المصح)). (سبق تخريجه آنفا) جگە لەوەش پێغەمبەر ﷺ رێی نەدا کابرای گول بێتە لای بۆ بەیعەت و فەرمووشی: لە گول هەڵبێن، چۆن لەشێر هەڵدێن.

کەوابوو ئەگەر نەخۆشیەکى پەتا لە شارێکدا بڵاوبوویەوە، دەبێ ڕێ لە هاتووچۆ بۆ ئەو شارە بگیردرێ، نە خەڵکان لە دەرەوە بچنە ناویان، نەئەوانیش هاتووچۆی دەرەوەی خۆیان بکەن، بۆیە پێغەمبەر ﷺ دەفەرمووێ: ((إذا سمعتم بالطاعون بأرض فلا تدخلوها، وإذا وقع بأرض وأنتم بها فلا تخرجوا منها)). (صحيح البخاري - كتاب الطب، باب ما يذكر في الطاعون - حديث : ‏5403) لە ئیسلامدا نابێ هیچ کەسێک زیان بە مرۆڤەکانی تر بگەیەنێت، وە دەبێ بڕگەى((لا ضرر ولا ضرار)). (صحيح، صححه الشيخ الألباني في إرواء الغليل: 2175) ڕەچاو بکرێت.

تێبینى: ئەم خۆپاراستنە لە نەخۆشی پەتا، لەگەڵ ئەو فەرموودەدا دەفەرمووێ:

((لا عدوي ولا طيرة، ولا هامة، ولا صفر، وفر من المجذوم فرارك من الأسد)). (رواه البخارى، باب الجذام، كتاب الطب) دژ ناوەستێ، ئەگەرچى بەڕەواڵەت لەوە دەچێت، چونکە ئەو فەرموودە بۆ ڕاستکردنەوەی بیر وباوەڕی خەڵکانی سەردەمی جاهیلیەت بوو کە پێیان وابوو نەخۆشیی بە سروشتی خۆی لە کەسێکەوە دەگوێزرێتەوە بۆ کەسێکی تر، ئەوسا پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: (بە ئیزنی خودا نەبێ، نەخۆشی لە کەسێکەوە ناگوێزرێتەوە بۆ کەسێکی تر، هەر بۆیە خۆی لەگەڵ کابرای (گول)دا نانی خوارد! لەگەڵ ئەوەیشدا فەرمانیدا بە دوورکەتنەوە لەو جۆرە نەخۆشیە پەتایانە دەگوێزرێنەوە لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر. واتە: لەگەڵ ئیمان و باوەڕی بەهێز بەدەسەڵاتی خودا و هیچ شتێک بێ فەرمانی ئەو ڕوونادات، دەبێ هۆکار و ئەسباب بۆ هەموو شتێک – بە پێی خۆی – بدۆزرێتەوەو بەکاربهێنرێت بۆ سەرکەوتن و بۆ خۆپاراستن لەهەر شتێک بێتە ڕێگای مرۆڤ.
چارەسەری نەخۆشیی (موباح) و حەڵاڵە. (قورتوبی)دەڵێ: ئایەتی: (..فيه شفاء للناس..) نەحل – 69. بەڵگەیە بۆ حەڵاڵیەتی چارەسەر لە هەر نەخۆشییەک، سەرەڕای ئەوە کە پێغەمبەر ﷺ دەفەرمووێ: ((لكل داء دواء، فإذا أصيب دواء الداء برأ بإذن الله تعالى)). (صحيح مسلم - كتاب السلام، باب لكل داء دواء واستحباب التداوي - حديث : ‏4178) واتە: هەموو دەردێک دەرمانێکی هەیە، جا کە ئەو دەرمانە دەسکەوت و بۆ ئەو نەخۆشیە بەکار هات، بەئیزنی خودا چاک دەبێتەوە، یان دەفەرمووێ: ((تداووا فإن الله عز وجل لم يضع داء إلا وضع له دواء، غير داء واحد الهرم)). (سنن أبي داود- كتاب الطب، باب في الرجل يتداوى - حديث : ‏3375‏. وصححه الشيخ الألباني في سنن أبي داوود، برقم: 3855) واتە: دەرمان بەکار بهێنن بۆ نەخۆشیی، بێگومان خودا هیچ نەخۆشییەکی دانەناوە، مەگەر دەرمانیشی بۆ داناوە، بەدەر لە پیریی. لەم فەرموودانەوە پێشەوا (نەوەویی) دەڵێ: چارەسەر (مستحب) و پەسەندە لە ئیسلامدا، بەڵکو قسەی (راجیح) ئەوەیە هەندێ وەخت واجیبە، بەتایبەت بۆ ئەوکەسانە مانەوەیان ئیسلام  و موسوڵمانان قازانجی لێ دەکەن و بوونەکەی زەروورەتە.

تێبینی: ژن و پیاو لەم ئەحکامانەدا باسمانکردن چوونیەکن و هەرچی بۆ پیاو ڕێی درابێ، بۆ ژنیش ڕێی پێدراوە.

والله أعلم.

ئەحمەد كاكە مەحموود


بەروار2020/03/30سەردان 1801