ئایا ڕێگرتن لە سکبوون (منع الحمل)، دروستە.؟

ئایا ڕێگرتن لە سکبوون (منع الحمل)، دروستە.؟

وەڵام: لەسەرەتاوە هاوەڵان (عەزل)یان دەکرد، واتە: لە کاتی (جیماع)دا، بەرلەوە مەنیەکە بڕژێتە ناو منداڵدانی ژنەکەوە دەیانڕشتە دەرەوەی منداڵدانەوە، وەکو (جابر) دەڵێ: ((ئێمە لەسەردەمی پێغەمبەردا ﷺ (عەزل)مان دەکرد و قورئانیش دادەبەزی)). ((كنا نعزل والقرآن ينزل)). (صحيح مسلم - كتاب النكاح، باب حكم العزل - حديث : ‏2686) (جابر بن عبدالله) دەڵێ: پیاوێک لە پێغەمبەری پرسی: جارییەکم هەیە و لەکاتی جیماعدا خۆ عەزل دەکەم؟ پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: کاری وا ڕێ لەوە ناگرێ، خودا بیەوێ ببێت. جابر دەڵێ: بۆ دوایی ئەو پیاوە هات گوتی: ئەی پێغەمبەری خودا! ئەو کەنیزەیەی بۆم باسکردیت دووگیانە ! فەرمووی: من هەر بەندەو پێغەمبەری خودام. واتە: هیچ غەیبێک نازانم.
(خدامة بنت وهب الأسدية) دەڵێت: لەگەڵ پێغەمبەردا ﷺ چووینە ناوکۆمەڵە مەردمێکەوە و دەیفەرموو: ((لقد هممت أن أنهى عن الغيلة، حتى ذكرت أن الروم وفارس يصنعون ذلك، فلا يضر أولادهم)). ویستم ڕێ لە پیاوان بگرم نەچنە لای ژنی شیردەر، تەماشای (فارس) و (رۆم)م کردو دەبینم دەچنە لای ژنانی شیردەر و منداڵەکانیشیان تووشی زیان نابن، پاشان لە (عزل)یان پرسی: فەرمووی ((ذلك الوأد الخفى)) عەزل: سووکە زیندە بەچاڵکردنێکە. (صحيح مسلم - كتاب النكاح، باب جواز الغيلة- حديث : ‏2691).
ئیمامی (نەوەوی) دەڵێت: هەمووکات (عەزل) (مەکروهە)، ئیتر ژنەکە پێی ڕازی بێت یان نا؟ چونکە بنەبڕە بۆ (نەسل) و نەوەی ئایندە، هەروەها سەبارەت بەو فەرموودانە هەندێکیان ڕێ بە (عەزل) دەدەن و، هەندێکیشیان ڕێی لێدەگرن، دەڵێت: ئەوانەیان ڕێی لێدەگرن (كراهة التنزيه)، ئەوانەشیان ئیزن دەدەن، واتە: حەرام نییە، نەک کەراهەتی نەبێ.

قسەی پەسەند لەمەسەلەی (عەزل)دا:

دەتوانین بڵێین، عەزل لە بنەڕەتدا حەرامە، بەڵام ئەگەر هۆکارێ پەیدابوو (موباح) دەبێت، بۆ ئەوانە (إبن قدامة الحنبلى) دەڵێت: (والعزل مكروه إلا أن يكون لحاجة مثل أن يكون في دار الحرب فتدعو حاجته إلى الوطء فيطأ ويعزل أو تكون زوجته أمة فيخشى الرق على ولده..) یان ژنەکە نەخۆش بێت و بەکەڵکی سک و زا نەیەت، وە زۆریی منداڵ دەبێتە هۆکاری شەرعیی، بۆ ڕێ لە منداڵگرتن وەکو ئیمامی (غەزالی) لە (إحياء علوم الدين) بەرگی 2 ل 51 دا دەڵێت.

لەمەسەلەی ڕێگرتن لە سک  و زا، سێ شت پێویستە:

1- ژنەکە ڕازی بێت.
2- مێرد ڕازی بێت.
3- کۆمەڵگەی موسڵمانان ڕازی بن، چونکە جیهانی ئیسلامیی پێویستی بەزاو ڕۆڵەو نەوەی ئاییندە هەیە، لە بەرامبەر جیهانی کوفر و خوانەناسیەوە، تا هێزو توانای ڕووبەڕوونەوەیان هەبێت، ئەگەر پێویست بوو، خۆ ئەگەر لەبەرئەوە بوو جوانی و جەحێڵی ژنەکە نەفەوتێ بەسک و زا، ئەمە جێی سەرنج  و تێبینیە، ئەگەرچی لەوانەیە بۆ ماوەیەک دروست بێت، هەروەها ئەگەر دنیا دنیای هەراو کێشەو جەنگ بوو  و بەرەو گرانی و ڕۆژێکی ئاوارەیی دەچوون، لەو کاتانەشدا – بەشێوەیەکی کاتی – دەتوانێ ڕێی لێبگرێت، ئەگەرچى بەبەستنی دەرگای (ڕەحم)یشى بێت، لە فیقهی حەنەفییەکاندا هاتووە: (يجوز لها – أي للزوجة – سدّ فم رحمها كما تفعله النساء..) کەوابوو هەر شتێک ئەو مەنعە بکا و مەرجەکانی تر بۆ ڕێگرتن ببن، ژنان دەتوانن بەکاری بهێنن.

بەڕێز (عبدالکریم زەیدان) دەڵێ: لەهەر جێگایەک (عەزل) ڕەوا بێت، ڕێگرتن لە منداڵ بوونیش ڕەوایە. لیژنەی فەتوای (ئەزهەر) بەیاننامەیەکی – لەوبارەوە دەرکرد – تێیدا هاتووە: (إن استعمال دواء لمنع الحمل مؤقتا لا يحرم على رأي عند الشافعية، وبه تفتى اللجنة لما فيه من التيسير على الناس ورفع الحرج لاسيما إذا خيف من كثرة الحمل أو ضعف في المرأة من الحمل المتتابع، والله يقول: (يريد الله بكم اليسر ولا يريد بكم العسر..).

بێگومان شەریعەتی ئیسلام بۆ دابینکردنی ژیانی ئینسانەکان هاتووە، وەهەموو ئەگەر  و ئیحتیمالێکی ڕەچاو کردووە: کاتی ئاشتیی، کاتی جەنگ، کاتی ئاوارەیی، کاتی بەلآو نەهامەت  و کارەسات، کاتى بێ بارانی و گرانی  و قات و قڕی، لە تەواوى ئەم کاتانەدا، تاک، یان دەوڵەت، هەموو دەرامەتی خۆی دەزانێ، دەزانێ ساڵانە چەند گەنم و جۆ و دانەوێڵەو نەوت و موشتەقاتەکانی نەوتی هەیە، دەشزانێ ژمارەی خێزان و دانیشتوانی وڵاتەکەی چەندەو، چەندەش مەسرەف و خەرجیان دەوێ، کەوابوو - لەم سۆنگەیەوە - دەوڵەتان دەتوانن بەرژەوەندییەکانی خۆیان بپارێزن و چۆن بەرژەوەندی تێدایە ئەوە ڕەچاو بکەن بۆ خۆیان  و خێزان و وڵاتیان. (سوود لە (المفصل)، بەرگی (7) وە لە کتێبى (مسألة تحديد النسل) وەرگیراوە).


والله أعلم

ئەحمەد كاكە مەحموود

بەروار2020/03/29سەردان 8818