ئایا لەباربردنی منداڵ (الإجهاض)، دروستە.؟
ئایا لەباربردنی منداڵ (الإجهاض)، دروستە.؟
وەڵام: لەباربردنی منداڵ – بەرلە تەواوکردنی ماوەی خۆی – بەهەر وەسیلەیەک هەبێ، وە بەهەر شتێک ببێ، بەتایبەتی پاش تەواوکردنی چوار مانگ، لای تەواوى فوقەهاو زاناکانی ئیسلام حەرامە.
ئیمامی (غەزالی) لە کتێبی (إحياء علوم الدين) دا دەڵێ: (وليس هذا – أي العزل – كالإجهاض والوأد، لأن ذلك جناية على موجود حاصل، وله أيضا مراتب، وأدل مراتب الوجود أن تقع النطفة في الرحم، وتختلط بماء المرأة وتستعد لقبول الحياة، وإفساد ذلك جناية فإن صارت مضغة وعلقة كانت الجناية أفحش، وإن نفخ فيه الروح واستوت الخلقة إزدادت الجناية تفاحشا، وينتهى التفاحش في الجناية بعد الإنفصال حيا). بەرگی دووەم لاپەڕە 51. واتە: خۆ گرتنەوە دواوە (عەزل) لەکاتی جوتبووندا – کە کاتی خۆی هاوەڵان دەیانکرد و پێغەمبەر ﷺ ڕێی پێدەدان – وەکو لەبار بردن و زیندە بەچاڵکردنی منداڵ نییە، چونکە ئەو لەبار بردنە تاوانە بەرامبەر بەبوونێک کە هەیە، ئەوەیش چەند قۆناغێکی هەیە، قۆناغی یەکەمی لەوەوە دەست پێدەکات تۆمەکە دەکەوێتە منداڵدانەکەوەو، لەگەڵ ئاوی ژنەکەدا تێکەڵ دەبێ و خۆ ئامادە دەکات بۆ ژیان و گەشەکردن، دیارە لەناوبردنی شتی وا جنایەت و تاوانە، خۆ ئەگەر بوویە خوێنپارە و گۆشتپارە، تاوانەکە دزێو ترە، ئینجا ئەگەر ڕوح بەبەریا کرا و ئەندامەکانی جیابوونەوە و دەرکەوتن، بێگومان تاوانەکە گەورەتر دەبێ، خۆ ئەگەر پاش لە دایکبوون بە زیندوویی هات و لەناوبرا، دیارە تاوانەکە زۆر مەزنتر و گەورەترە.
لەم بۆچوونەی (غەزالی)یەوە، وەردەگیرێ کە لە تەواوی قۆناغەکانی (حەمل)دا (ئيجهاض) حەرامە، بەڵام ئەم قسەیە، زاناکانی تر ئەرێی لەسەر ناکەن و هەریەکەیان ڕای خۆی بەیان دەکاو دەڵێ:
یەکەم – شافعی دەڵێن:
أ – ئەگەر لەسەرەتای (حەمل)ەکەوە تا ئەو ڕۆژ و کاتە چل ڕۆژ بوو و، ژن و پیاوەکەش هەردوو لەسەری ڕازیبوون و دوو پزیشکی (عادل) گوتیان: هیچ زیانێکی بۆ ژنەکە نابێ، بە لای هەندێکەوە حەڵاڵەو، بەلای هەندێکی ترەوە (کەراهەتی تەنزیهی) هەیە.
ب- ئەگەر چل ڕۆژ تێپەڕیبوو بەسەر (حەمل)ەکەدا، دیسان لەباربردنی حەرامە، ئیتر کۆرپەلەکە بجووڵێت، یان ڕۆحی بەبەرا کرابێ یا نا؟
دووەم – حەنەفی دەڵێن: بەر لە تێپەڕبوونی چوار مانگ، واتە: ڕۆحی بەبەرا بکرێ، لەباربردنی دروستە ئەگەرچی هەندێ زانای خاوەن ئیمتیازیان دەڵێن بەر لە رۆح لەبەرکردنیا – بێ بیانووی شەرعیی – حەڵاڵ نییە.
سێیەم – حەنبەلییەکان دەڵێن: پاش تێپەڕ بوونی (120) ڕۆژ، لە سەرەتای پەیدابوونی (حەمل)ەکەوە، کە ماوەی ڕۆح بەبەراکردنی کۆرپەلەکەیە، لەباربردنی حەرامە.
چوارەم – مالکییەکان دەڵێن: هەر کە ئەو نوتفەیە چووە منداڵدانەوە، ئەگەرچی پێش چل ڕۆژیش بێت، حەرامە لەباربردنی، هەرکە ڕۆحیشى بەبەرا کرا، بە ئیجماعی زاناکانیان حەرام دەبێ. کەوابوو بەلای ئەوانەوە هیچ ڕێگەیەک واڵاناکەن بۆ ئەو کارەیە و گشت یەکدەنگن لەسەر حەرامێتی.
پێنجەم – ظاهریەکان: نەبەر لە چوار مانگ، نە لە دوای چوار مانگ ڕێگە نادەن منداڵ لەبار ببرێت، کەوابوو پاش تێپەڕبوونی چوار مانگ (120) ڕۆژ بەسەر (حەمل)ەکەدا، لای تەواوی زاناکان حەرامە لەباربردنی منداڵ لەبەر نەخۆشی دایکەکەیی و بەر لە چوار مانگ، وەکو چارەسەرێکی دایکەکە ڕێى پێدراوە و قەیناکات، بەڵام پاش تێپەربوونی چوار مانگ (120) ڕۆژ، فوقەها بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن لەبار ببرێت، ئەگەرچی دایکەکەشی بمرێت، ئەگەر لەبار نەبرێت، تەنانەتی لەباربردنی منداڵی زیناو ناشەرعیش بە هیچ شێوەیەک لە ئیسلامدا جێی نابێتەوە، بۆ ئەمەیش بەڵگە گەلێک بەدەست زانایانەوەیە، لەوانە:
یەکەم: (ولا تزر وازرة وزر أخرى) ئيسرا: 14.
دووەم: ژنە (غامدییە)کە، حاملە بوو هاتە لای پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: بچۆ هەر کە منداڵەکەت دانا، ئەو کات تۆڵە دەدرێیت.
سێیەم: ئەوانەیش لە ماوەی چل ڕۆژدا ڕێگە دەدەن، منداڵ لەبار ببرێت، دەڵێن بۆ شتی حەڵاڵ و شەرعییە، نەک بۆ (مەعصیەت) و تاوان، دیارە کە (حەمل)ی ناشەرعیی و زینا، هۆکارى گوناح و تاوانە، کەوابوو لە ماوەی چل ڕۆژەکەیشدا هەرنا بێت. (لە پەراوێزی کتێبەکەی (شیخ متولی الشعراوی / أحكام الزواج والطلاق والخلع) درێژە بەم مەسەلەی (ئيجهاض)ە دراوە، بەڵام لەبەر درێژ بوونەوەی باسەکە، نەمانتوانی زۆرتر سوودی لێ وەرگرین).
بەڕێز (محمد سعيد رمضان البوطى) لە کتێبى (مسألة تحديد النسل) دا کۆمەڵێ بەڵگەى هێناوەتەوە بۆ حەرامیەتى لەباربردنى منداڵى زیناو سەفاح، بۆ خۆت دەتوانى سوودى لێوەربگریت. (عبد الکریم زەیدان)یش مەسەلەی ئيجهاض - لەسکى شەرعیى- پوخت دەکاو دەڵێ: لەباربردن لەبەر ژیانی دایکەکە، ئەگەرچی پاش گیان بەبەرکردنیشدا بێت، دروستە، قسەکەی خۆی بە بۆچوونێکی (إبن قدامة)و (شيخ محمود شلتوت) بە هێز دەکات، کە لە حاڵەتی بەگیرهاتنی دایکەکەیدا، بەکارهێنانی بنەمای (إرتكاب أخف الضررين) کاری پێدەکرێت و دایکەکەی ڕزگار دەکرێ، بەلەباربردنی منداڵەکە.
والله أعلم.
ئەحمەد كاكە مەحموود
بەروار2020/03/29سەردان 4038
بڕیار لەمەڕ ئەو خوشکانەى مێردەکانیان بێ سەرو شوێن (مفقود)ن.؟ ئایا ئیسلام چۆن دەڕوانێتە (غسل العار).؟ قەدەغە کردنى فرە ژنی لە پەرلەمانى کوردستان.! وەڵام و هەڵوێست لەسەر قەدەغەکردنى فرەژنی.! حوکمى تەوقەکردنی ژن و پیاوی نامەحرەم لەگەڵ یەکدا.؟ ئایا دەنگى ژنان عەورەتە یان نا.؟ حوکمى بە شوودانى کیژى ناباڵغ.؟ حوکمى زەواجی کاتی (مؤقت = متعة).؟ حوکمی خەتەنەی کچان لە ڕوانگەی ئیسلامەوە.؟ ئایا ژنان دەتوانن مومارەسەی کاری سیاسی بکەن.؟ ئایا ژنان دەتوانن ببنە سەرۆک کۆمار.؟ ئایا ژنان دەتوانن بەشداری لە ناو سوپادا بکەن.؟ ئایا ژنان دەتوانن لە دەرەوەی ماڵ کار بکەن.؟ ئایا ژنان دەتوانن فێری هەموو زانیارییەک ببن.؟ ئایا نەشتەرگەرى جوانکاریی (عملیات التجمیل) دروستە.؟