ئایا ژنان دەتوانن فێری هەموو زانیارییەک ببن.؟

ئایا ژنان دەتوانن فێری هەموو زانیارییەک ببن.؟

وەڵام: هەر ئایەت و فەرموودەیەک لەبارەی فێربوونی زانست و زانیاریەوە هاتبن، ژن و پیاو تیایاندا وەک یەک هاوبەشن و پێویستە هەردوو فێریان ببن و لەکاری ڕۆژانەیاندا کاریان پێ بکەن، بۆیە (ئیبن حەزم) دەڵێت: (وفرض على كل امرأة التفقه في كل ما يخصها كما ذلك فرض على الرجال..) هەروا لەسەر باسەکەی دەچێ و دەڵێت: (ولو تفقهت امرأة في علوم الديانة للزمنا قبول نذارتها، وقد كان ذلك، فهؤلاء أزواج النبي ﷺ وصواحبه قد نقل عنهن أحكام الدين ـ وقامت الحجة بنقلهن، ولا خلاف بين أصحابنا وجميع أهل نحلتنا في ذلك، فهن أزواجه عليه السلام: أم سليم وأم حرام وأم عطية وأم كرز وأم شريك وأم الدرداء وأم خالد وأسماء بنت ابي بكر وفاطمة بنت قيس وبسرة، وغيرهن، ثم في التابعين: عمرة وأم الحسين والرباب وفاطمة بنت المنذر، وهند الفراسية وحبيبة بنت بسرة، وحفصة بنت سيرين و غيرهن) الإحكام في أصول الأحكام ج3ص324. کەوابوو فێربوونی زانیارییە ئیسلامیەکان و هەرچی پێویستی ژیانی ئینسانەکانی لەسەر بێت، پێویستە لەسەر شانی ژنانیش وەکو پیاوان، تەنانەتی ئەگەر ئەوان شتێکیان داهێناو ئیجتهادێکیان بوو لەهەر مەسەلەیەکدا پێویستە جیهانی ئیسلامەتی گوێڕایەڵیان بن و کاری پێ بکەن، چونکە فەرموودەی: ((من يرد الله به خيرا يفقهه في الدين)) (صحيح البخاري، كتاب العلم، باب: من يرد الله به خيرا يفقهه في الدين، حديث : ‏71). گشتگیرە بۆ پیاوو ژنان.

ئیمامی (بوخاری) لە خاتوو (عایشەوە) – خوداى لێ رازیى بێت - دەگێڕێتەوە و دەڵێت: ((نعم النساء نساء الأنصار لم يمنعهن الحياء أن يتفقهن في الدين)). (رواه البخاري، باب: الحياء في العلم، كتاب العلم) بەخ لە ژنانی ئەنصار، چونکە بۆ فێربوونی کاروباری دین، شەرم رێی لێ نەگرتن. دووبارە (بوخاری) لە (زینب بنت أم سلمە)وە دەڵێت: (ام سلمە) هاتە لای پێغەمبەر ﷺ گوتی: ((يا رسول الله إن الله لايستحيي من الحق، فهل على المرأة من غسل إذا احتلمت ؟ قال النبي ﷺ: إذا رأت الماء)). (صحيح البخاري، كتاب العلم، باب الحياء في العلم، حديث : ‏129) ئەی پێغەمبەری خوا! خودا هەقەو شەرمی لە هەق نییە، مەگەر ژنیش خۆششتنی لەسەرە کاتی (ئیحتیلام) بوو؟ پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەرکات ئاوی دیت، واتە: ئەگەر کەسێک لە خەویا ئەو کارەی کرد، لەهەمان کاتیشدا (ئاوی) هاتەوەو ئاوەکەی دیت، دەبێ خۆی بشۆرێت (پیاو بێ یان ژن). ئوم سەلەمەی خێزانی پێغەمبەر ﷺ لە بیستنی ئەو قسەیە شەرمگرتی و دەم و چاوی داپۆشی  و گوتی: مەگەر ژنیش ئیحتیلامی دەبێت؟! پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: دەستت بەخێردا بچێت، ئەی ئەگەر وانییە چۆن منداڵ لەدایکەکەی دەچێت؟.

ژنانی سەردەمی پێغەمبەر ﷺ لەبەرامبەر کاروباری دینیاندا ئاوا بوون، هەرگیز شەرم ڕێی لێ نەگرتوون لە پرسیارکردن، پێغەمبەریش ﷺ دنەی دەدان و پێی دەفەرموون: ((فلتسأل، فإن طلب العلم فريضة)). (معرفة الصحابة لأبي نعيم الأصبهاني، باب الكاف، أم كثير بنت يزيد الأنصارية، حديث : ‏7388) واتە: دە با ژن بپرسێ، بەڕاستی هەوڵی فێربوونی زانیاری (فەرز) و پێویستە، بۆیە ژنانیش لە پێغەمبەریان ﷺ خواست کە ڕۆژێکیان بۆ تەرخان بکات بۆ وەرگرتنى زانست و زانیاریى، ئەویش ﷺ بەڵێنی دانێ و هەموو کات لەو ڕۆژانەدا دەچوونە خزمەتی و ئامۆژگاری دەکردن، دیارە هەر شتێک پێویستی ژیان بێت، لە ئیسلامدا ڕێی پێدراوە کە ژن و پیاو فێری ببن، بەڵکو پێویستی کردۆتە سەریان، بەتایبەتی ئەو زانیارییانەی پەیوەندییان بە ژنانەوە هەیە وەکو منداڵبوون و نەشتەرگەری بۆ ژنان و.. هتد. ئیسلام بەفەرزی دەزانێ کە ئەو جۆرە ژنانە لە کۆمەڵگەی موسڵماناندا ببن، وەبە واقیعیش بوون و کاریان کردووە.

ژنان هەقیانە فێری پیشەو پیشەسازی بکرێن، زانای بەناوبانگ (ئیبن عابدین)ى حەنەفیى ئەو مەبەستە ڕادەگەیەنێت کە دەڵێت: (فله – أي للأب – دفعها – دفع ابنته – لإمرأة تعلمها حرفة كتطريز وخياطة مثلا).. بەڵام هێندێ پیشە هەیە کە پتر شاییستەی پیاوانە وەکو بیناسازی  و کاری میکانیکی – پێویست نییە ژن خۆی پێوە سەرقاڵ بکات، چونکە بە پیاوانیش دەکرێت، ژنانی پزیشک دەتوانن (عیادە) بکەنەوەو کاری ژنانەی تیا بکەن، مەگەر زەروورەت بێت پیاوانیش بیبینن.
ژنان – ئەگەر پێویست بوو – دەتوانن لەگەڵ مەحرەمی خۆیاندا بچنە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندنی ئەو زانیاریانەی پێویستن بۆ ژنان  و لەوڵاتی خۆیاندا مەیسەر نابێت.

ژنان دەتوانن ژنانی تر فێری پیشەو پیشەسازی و نووسین و خوێنەواری بکەن، (ئەبووداود) دەڵێ: (شفاء بنت عبدالله) گوتی: من و خاتوو (حەفصە) پێکەوە بووین و پێغەمبەر ﷺ هات  و فەرمووی: ئەوە بۆ حەفصە فێری چارەسەری نەخۆشی (نەملە) ناکەیت، هەرچۆن فێری نووسینت کرد؟ (نەخۆشی نەملە: لەتەنیشت مرۆڤەوە کۆمەڵە برینێک دەردەچن و هەمیشە خاوەنەکەی وادەزانێ مێروولە پێوەی دەدا، خاتوو شفاء چارەسەری دەکرد).
لەم فەرموودەوە وەردەگیردرێ کە ژنان دەتوانن، ژنانى تر فێری نووسین و خوێنەواری بکەن  و هیچ قسەیەکیشی تێدا نیە (وەکو خطابي و ابن القيم) دەڵێن.
(ئیبن خەلەکان) لە کتێبی (وفيات الأعيان) دا باسی خاتوو (شهدة بنت أبي نصر) دەکا و دەڵێت: (شهدە) خان یەکێک بووە لە ژنە زاناکانی ئەو سەردەمەی خۆی، وە لە هونەری خۆشنووسیدا باڵا دەست بووە، خەڵکانی زۆریشی فێر کردووە، وە لە ساڵی (574 ک) کۆچی دوایی کرد.
(مقری)یش لە کتێبی (نفح الطيب)دا دەڵێ: (ئیبن حبان) لەبارەی (عائشة بنت أحمد القرطبية) گوتویەتی: (لم يكن في زمانها من حرائر الأندلس من يعدلها علما وفهما وأدبا، وكانت حسنة الخط تكتب المصاحف) توفیت سنە (400 هــ). واتە: لەسەردەمی خۆیدا (لە ئەندەلووس) لەناو ژنانی ئازاددا، لەڕووی زانست و تێگەیشتن و وێژەو ئەدەبەوە وێنەی نەبوو، وە ژنێکی خۆشنوسیش بوو، گەلێ جار قورئانی دەنووسیەوە، ئەوەبوو ساڵی (400)ک بە یەکجارى گەڕایەوە بۆ لای خوداى گەورەو میهرەبان.

بێگومان لە فێربوون و فێرکردنی ژنان لە قوتابخانەو لە هەر شوێنێکی تردا، پێویستە کۆمەڵە ئاڕاستەو (تعالیم)ێکی ئیسلامیی ڕەچاو بکرێن، لەوانە:

1- قوتابخانەو ڕێ و شوێنی خوێندنیان لە کوڕان جیا بێت، بەتایبەتی لە قۆناغی ناوەندیی و دواناوەندیی و زانکۆ و بەرەو ژوررتردا.
2- جل و بەرگی باڵاپۆش و (حیجاب)ی ئیسلامیی پەسەند لەبەر بکەن بۆ هاتووچۆیان بۆ قوتابخانە.
3- هەتا دەکرێت دەبێ ژنان وانەکان بڵێنەوە پێیان.
4- بەرنامەی خوێندنیان ئیسلام پەسەند بێت.


والله أعلم.

ئەحمەد كاكە مەحموود


بەروار2020/03/29سەردان 796