ئایا ژنان دەتوانن لە دەرەوەی ماڵ کار بکەن.؟

ئایا ژنان دەتوانن لە دەرەوەی ماڵ کار بکەن.؟

وەڵام: لە دینی ئیسلامدا بە گەلێ ئایەت و فەرموودەی باوەڕ پێکراو مرۆڤ هاندراوە بۆ کردو کۆشش و هەوڵ و تەقالا بۆ پەیداکردنی ژیان و گوزەرانێکی خۆش، لەوانە: (فإذا قضيت الصلاة فانتشروا في الأرض وابتغوا من فضل الله...) سوورەتی (جمعە) ئایەتی 10. (هو الذي جعل لكم الأرض ذلولا فامشوا في مناكبها وكلوا من رزقه وإليه النشور) سوورەتی (ملک – 15). لە فەرموودەیشدا: ((إن الله يحب المؤمن المحترف)).(شعب الإيمان للبيهقي، الثالث عشر من شعب الإيمان، حديث : ‏1229‏. ضعفه الألباني في ضعيف الجامع، برقم: 1704) ((ما أكل أحد طعاما قط، خيرا من أن يأكل من عمل يده، وإن نبي الله داود "عليه السلام"، كان يأكل من عمل يده)).(صحيح البخاري، كتاب البيوع، باب كسب الرجل وعمله بيده، حديث : ‏1984) کەوابوو کارو کارکردن لە ئیسلامدا کارێکى پیرۆزو پێویستەو دەبێ پشتگوێ نەخرێت، هەر وەک فێربوونی پیشەو پیشەسازیش کارێکی پەسەندو (مستحب)ی ئیسلامە، خودا بە داود "علیە السلام" دەفەرمووێ: (وَلَقَدْ آتَيْنَا دَاوُودَ مِنَّا فَضْلًا، يَا جِبَالُ أَوِّبِي مَعَهُ وَالطَّيْرَ، وَأَلَنَّا لَهُ الْحَدِيدَ، أَنِ اعْمَلْ سَابِغَاتٍ وَقَدِّرْ فِي السَّرْدِ، وَاعْمَلُوا صَالِحًا، إِنِّي بِمَا تَعْمَلُونَ بَصِيرٌ) سوورەتی سبأ/10 – 11. یان ئایەتى (وَعَلَّمْنَاهُ صَنْعَةَ لَبُوسٍ لَّكُمْ لِتُحْصِنَكُم مِّن بَأْسِكُمْ، فَهَلْ أَنتُمْ شَاكِرُونَ) سوورەتی (ئەنبیاْ /80.

- کارکردن شتێکى ڕێ پێدراو و (مباح)ـە، خۆ ئەگەر مرۆڤ پێویستی هەبوو بە ژیان و گوزەرانی ماڵ و منداڵی، کارکردن (واجیب) دەبێ.

- مرۆڤ لە پەیداکردنی ژیان و گوزەراندا ئازادە، وەکو لە ئایەت و لە فەرموودەکانەوە دەردەکەوێت، واتە: نەبە زۆر کاری پێدەکرێ، نە ڕێگایشی لێدەگیرێ، بەڵکو ئازادە چۆن کاردەکا و کەی دەیکات، مەگەر کاتێ کارەکەى زیان بە مەردم بگەیەنێت، وەکو (ئیحتیکار)و قۆرخکردنی شتومەک و فرۆشتنی بە بەهایەکی زۆر و گران بەپێى ڕۆژگار، یان کاتێ ئەگەر کار نەکات، خۆیی و ماڵ و منداڵی برسیان ببێ، لەهەردوو ئەو حاڵەتەدا، شەریعەتی ئیسلام دەست دەخاتە کارەکەیەوەو بەزۆر کاری پێدەکات، یان رێى پێنادات ئەو جۆرە کەسابەتە بکات.

- بێگومان کارکردن بۆ بەدەستهێنانى ژیان و گوزەران و پەیداکردنى جل و بەرگ و مەسکەن و جێی نیشتەجێبوون، لای ئیسلام پێویست و واجیبە.
ئینجا سەبارەت بەکاری ژنان لەدەرەوەی ماڵ – لەکاتێکدا کە ئەوان ژیان و گوزەرانیان لەسەر براو باوک و خزم و مێردە – دەبێ ئەو کارکردنەیان کارە سەرەکییەکانی ماڵەوەى- وەکو کارەکانی ناو ماڵ و ژیانی ژن و مێردیی  و وەڵامدانەوەی خواستەکانی و پەروەردەو پێگەیاندن  و چاودێری منداڵان - لە کیس نەدات، چونکە جێبەجێکردنی ئەو کارانە کاتێکی زۆری دەوێت، لەوانەیە ئەگەر بەڕاستى مافی خۆیانیان بدرێتێ، ژن ئەوەند کاتی نەمێنێ بۆ کارکردن لە دەرەوەی ماڵ، خۆ ئاشکرایە کە یەکێ لە مافەکانی مرۆڤ بەسەر یەکەوە ئەوەیە بەرامبەر تەنگەتاو نەکاو مافی نەخوات.

- لەبەر ئەوەیە کە زاناکان رێ لە کاری ژنان لە دەرەوەی ماڵ دەگرن، چونکە بەو هۆیەوە کارە سەرەکییەکانی خۆیان لەدەست دەدەن  و تێکەڵى بە پیاوانیش ڕوو دەدات، بێ ئەوەی هیچ زەروورەت و ناچارییەک هە بێت، خۆ لەوانەیشە کەسێک بڵێت: ژنان دەتوانن لە جێى خۆیاندا (کارەکەر)ێک دابنێن بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان: (ئیش و کاری ناوماڵ  و پەروەردەی منداڵ و... هتد) ئایا لەو حاڵەتەشدا هەر ڕێیان لێ دەگیردرێ؟
بۆ ئەو وەڵامە دەڵێین: ئاشکرایە ئەو دڵسۆزی و دلۆڤانیە کە ژنان خۆیان بەرامبەر بە ماڵ و منداڵ و پەروەردەی منداڵان هەیانە، هەرگیز بەکارەکەر پڕ ناکرێتەوە و جێبەجێ نابێت، بەتایبەتی مافی ژن و مێردی، خۆ لەولایشەوە کارەکەریش هەر ژنەو لەماڵ هاتۆتە دەر و، لەوانەیە ئەویش ئیشەکانی خۆی لەدەست بدات !

پرسیارێکی تر دێتە پێش: ئایا ئەو ژنانە مێردیان نەکردووە، ڕێ لەوانیش دەگیردرێت لەدەرەوەی ماڵ کار بکەن ؟ لەوەڵامدا دەڵێین: لەحاڵەتی ئاوایشدا هەر ڕێیان لێ دەگیردرێ، چونکە – ئەگەر هەژار بن – نەفەقەو ژیانیان لەسەر پیاوانە و، ماڵیش باشترین رێ و شوێنە بۆ پاک ڕاگرتنیان و تووش نەبوونیان بەکاری ناشەرعیی، لەولایشەوە دەبێ خزمەت بە باوک و دایکیان بکەن  و لەسەر کاری ناوماڵ ڕابێن.

- بەڵام ئەگەر چوونە دەرەوەیان زەروورەت بوو و هیچ چارەسەرێکیان نەبوو، ئەوە لەژێر بنەمای: (الضرورات تبيح المحظورات) دەتوانن بە ئەندازەی پێویستییەکەیان بچنە درەوەو دەست بکەن بە ئیش و کاری شەرعیى و ڕێ پێدراو لە ئیسلامدا، هەروەها بە بەڵگەی ئەوە کە دوو کچەکەی (شوعەیب) - لە کاتێکدا باوکیان پیرەو ناتوانێ ئیش و کاری دەرەوە بکات - هەڵدەسن دەچنە لای پەزەکان و دەیانلەوەڕێنن و دەیان هێنن بۆ سەر ئەو گۆلاوانەو حەشامەتێکی لەسەر کۆبۆتەوە بۆ ئاوە خۆرەی ئاژەڵەکانیان، ئەمانیش لەدوورەوە چاوەڕوان دەکەن کە بەشکو گۆلاوەکان چۆڵ ببن  و ئەمانیش پەزەکان بێننە سەر ئاوەکەو ئاو بخۆنەوە، لەوکاتەدا (مووسا) پێغەمبەر - علیە السلام - لە (میسر)ـەوە دێتە (مەدیەن) و ئەو حاڵەتە دەبێنێ و بەزەیی دێتەوە پیایانداو بۆیان ئاو دەدات، دیارە ئەگەر زەروورەت نەبووبا و باوکیان پیر نەبووبا ئەو کارەیان نەدەکرد، وەکو لەم ئایەتەوە دەردەکەوێت: (لَمَّا وَرَدَ مَاءَ مَدْيَنَ وَجَدَ عَلَيْهِ أُمَّةً مِّنَ النَّاسِ يَسْقُونَ وَوَجَدَ مِن دُونِهِمُ امْرَأَتَيْنِ تَذُودَانِ، قَالَ مَا خَطْبُكُمَا، قَالَتَا لَا نَسْقِي حَتَّى يُصْدِرَ الرِّعَاءُ، وَأَبُونَا شَيْخٌ كَبِيرٌ، فَسَقَى لَهُمَا..) سوورەتی (قصص/23-24). خۆ دیارە ژیانی گوندنشینەکانیش لەگەڵ ژیانی شارنشینەکان جیاوازە، بێشک ئەگەر شوعەیب نێرینەیەکی لابووبا کچەکانی نەدەنارد بۆ ناو ئەو حەشامەتە، کەوابوو لەکاتی ناچاریدا بۆ ژنان ڕەوایە لە ماڵ بێنە دەرو ئیش و کاری خۆیان جێبەجێ بکەن، بەڵام لەگەڵ ڕیعایەتی پەردەی شەرم و حیشمەت دا، وەکو دوو کچەکە نەیان ویست تێکەڵ ببن بە پیاوەکان و چاوەڕوانیان کرد تا بەشکو چۆڵ ببێ !.

- ئیمامی (بوخاری) لە (ئەسمای کچی ئەبووبەکرەوە- خودا لێیان رازیى) دەگێڕێتەوە و دەڵێت: کاتێ (زوبەیر) مارەی کردم لەسەر ڕووی زەویدا جگە لە وشترێک (ئاومان پێ دەردەهێنا) و ئەسپێک، هیچ شتێکی نەبوو، ئینجا بۆ خۆم ئالیکم بە ئەسپەکە دەداو، ئاویشم دەردەهێناو سەتڵە گەورەکە – کە ئاوم پێ دەهێنا – دەم دووریەوە و هەویرم دەشێلا، ئەگەرچی باش نەمدەزانی نان بکەم، بەڵکو ژنە دراوسێ ئەنصاریەکان دەهاتن نانیان بۆ دەکردین، کە بەڕاستی کۆمەڵە ژنێکی ڕاستبوون، سەرباری ئەوەیش پووش و پلآشى ئەو زەویەی پێغەمبەر ﷺ دابووی بە زوبەیر دەمنایە سەرسەرم و دوورم دەخستەوە، جا لەکاتی ئەنجامدانی ئەو کارەدا بە پێغەمبەر ﷺ – کە کۆمەڵە پیاوێکی ئەنصار لە خزمەتیا بوون – گەیشتم و بانگی کردم و وشترەکەی پخ کرد، بۆ ئەوەی لەپشتی خۆیەوە سوارم بکات، (ئیبن حەجەری عەسقەلانی) دەڵێت: پێغەمەر ﷺ ویستوویەتی ئەسما  و کەلوپەلەکەی سواری وشترەکەی بکاو، بۆ خۆشی بچێ وشترێ پەیدا بکات سوارى ببێت، ئەسما دەڵێ: شەرمم کرد لەگەڵ پیاواندا بچم، لەولایشەوە غیرەتی زوبەیرم بیرکەوتەوە، کەبەڕاستی لە هەموو کەس بە غیرەتتر بوو، ئیتر کە پێغەمبەر ﷺ زانی من شەرم دەکەم، رۆیشت و منیش هاتمە لای زوبەیرو ئەوەم بۆ گێڕایەوە، ئەویش گوتی: سوێند بە خوا گواستنەوەى ئەوشتانەم بە سەر هەڵگرتن لا ناخۆشتربوو لەوە لەگەڵی سواربوویتایە، ئەمجا دەڵێ: بۆ دوایی (ئەبووبەکر - خوا لێى رازیى) خزمەتکارێکی نارد ئەسپەکەی بۆ بەخێو دەکردن، ئەوەندەم پێخۆشبوو وامدەزانی ئازادی کردووم. (فتح الباري / 990، ل 396، ژمارەی فەردوودە: 5223).

(ئیبن حەجەری ئەسقەلانی) دەڵێ: هۆکاری ئەوە کە (ئەسما) قبووڵی ئەو هەموو کارە قورس و سەختانە بکات  و (ئەبووبەکری) باوکیی  و (زوبەیری) مێردیشى بێدەنگ دەبن، سەرقاڵبوونیان بوو بە جیهادوو کارەکانی پێغەمبەرەوە ﷺ، زوبەیر بۆ خۆیشى پەردەژی نەبوو هەستێت بە ئەنجامدانی ئەو کارانەو دەسەڵاتیشی نەبوو کەسێک بە کرێ بگرێت بۆ کارەکان و (بەندە)یشى نەبوو ئەو کارانە بکات بۆیان، لەبەر ئەوە ئیش و کارەکان خڕبوونەوە سەرشانی (ئەسما) و ئەویش زۆر بە جوامێرانە شانی دایە بەریان و سەرباری ئەوانیش ئیش و کارەکانی ماڵەوەیشی دەکرد! تا زوبەیر باشتر خۆی یەکلا بکاتەوە بۆ سەرخستنی ئیسلام، جگە لەوەیش، باوونەریتی ئەو کاتە – وەکو ئەمڕۆ – هاوکاری ژنان بۆ پیاوەکانیان بە نەنگ و لەنگ دانەدەنرا.

ئەم فەرموودە وادەگەیەنێت کە ژنان هەستن بە ئەنجامدانی هەموو ئەو ئیش و کارانە مێردەکانیان پێویستیانە، وەکو ئیمامی (ئەبوو ثور) دەڵێ، بەڵام جەماوەری زانایان دەڵێن: ئەسما بە ئارەزووی خۆی  و بە (تطوع) هەستاوە بەو کارانە، نەک وەکو ئەوە لەسەر شانی پێویست بووبێت. (ئیبن حەجەری ئەسقەلانی) دەڵێ: ئەوی بۆم دەردەکەوێ لەم ڕووداوەو وێنەی ئەو ڕووداوە، حاڵەتی ناچاریی  و (ضرورت) نیشاندەدات، بۆیە ئەوە ناکرێ بە حوکم و بڕیارو بدرێ بەسەر ژنانی تردا.

کە وابوو لەم داستانەی خاتوو (ئەسما)وە دەردەکەوێت کە ژنان دەتوانن لە ماڵ بچنە دەرەوەو کار بکەن، ئەگەر زەروورەت و پێویست بوو، چونکە هەمیشە (زوبەیر)ى مێردى خاتوو ئەسما سەرقاڵى جیهاد بوو، خاتوو ئەسمایش بە تەنها لە ماڵەوە هەموو کارەکانی دەرەوەو ناوەوەی ماڵەوەی دەکرد و خزمەتی (زوبەیر)یشی لەکیس نەدەچوو، وەکو چۆن ژنانی ماندو نەناسى ئەمڕۆی لادێکانى خۆمان، شان بەشانی پیاوان کاردەکەن و بە سەختیشى نازانن  و کەسیش بەنەنگ و لەنگی نازانێ، چونکە ژیانی لادێ بۆ ئەوان وا بە رێوە دەچێت، هەقە زانایان بڕیار لەسەر حاڵەتی زەروورەت و ناچاری بدەن و دیاری بکەن، بێگومان ژنێکی هەتیوبارو بێکەس، زۆر بە ئاسانی دەتوانێ بچێتە دەرەوەو کارەکەریی و باخەوانی  و کشتوکاڵ بکات، بەڵام هەرکات زەروورەتەکەی نەما، بۆ نموونە: منداڵەکانى گەورەبوون، یان لە لایەکەوە مانگانەیەکیان بۆ دیاریکرا، دەبێ دەست لەکاری دەرەوە هەڵگرێ و بگەرَێتەوە ماڵ.

دکتۆر (سیباعی)دەڵێت: ئەوی لە ئەحکام و شەریعەتی ئیسلام شارەزابێت، دەزانێ کە کڕین و فرۆشتن لە لایەن ژنان و بازرگانی کردنیان ڕەواو دروستە، تەنانەتى پێویست بە مۆڵەتی مێردو سەر پەرستیاریشی ناکات، هەروەها لەو حاڵەتەدا کە ژنان کەسێک شک نەبەن نەفەقەیان بکێشێت، لە نێو زانایاندا هیچ ئیختیلاف و ناکۆکى نییە کە دەتوانێ لە ماڵ بچێتە دەرو کار بکات، تەنانەتی ئەو کچەش کە بەپێى شەریعەتى خودا تا مێر دەکات نەفەقەی لەسەر باوکیەتی، ئەگەر باوکی مۆڵەتی دا بچێت – بۆ نموونە – لە دەرەوەى ماڵ بەرگدروویی بکات، دەتوانێ بچێ کار بکا، ئەوسا نەفەقەی لەسەر شانی باوکی نامێنێت.

بەڵێ.. ئیسلام زۆر بەحورمەت و بە ڕێزو سەنگەوە سەیری ژنان دەکات، بە هیچ شێوەیەک رازیى نییە سەرماو گەرمایان ببێت، ڕازی نییە ئیش و کاری قورس و سەختیان پێ بکرێت، سەرەڕای ئەمانەیش گشت ژیان و ژینیانی خستۆتە سەر شانی پیاوان: تا کچن و مێردیان نەکردووە، دەبێ باوک و دایک و براو خزم و کەس و کاریان بێ منەت بیانژیەنن، کە کاتێکیش مێردیان کرد، پێویستە مێردەکەیان بەشێوەیەکی شەرعی پەسەند گوزەرانیان بدەنێ، جا لەم سۆنگەوەیە کە ژنان – تا ناچار نەبن – ڕێیان نادرێ لە ماڵ بچنە دەر بۆ ئیش و کار، بەڵام بەلاى خۆرئاوایییەکانەوە هەرکات کیژ گەیشتە (17) ساڵ، دەبێ بچێت هەوڵی نان و تفاق و گوزەران بۆ خۆی بدات، بۆ ئەوە شتێک پێکەوە بنێت بۆ ئەو ڕۆژەی مێرد دەکات، تا پێشکەش بە مێردەکەی بکات، جا کە مێردیشی کرد، دەبێ شان بەشانی مێردەکەی هەوڵ بدات بۆ بژێوی خۆی، ئەوسا کە پیریش دەبێ و لە هەمانکاتدا توانای کاری دەمێنێ، هێمان هەر دەبێ بەردەوام بێت لەهەوڵی پەیداکردنی نان  و ئاودا، ئەگەرچی کوڕی ملیۆنلێریشی هەبێت ! ئەمەیە کەلەوێ وادەکات ژنان شەوو ڕۆژ لەدەرەوەی ماڵ لە یەکێ لە کۆمپانیەکاندا سەرقاڵی ئیش و کارو کاریگەری بن، سەرەڕای (حەمل) و سک و زایان  و تێرکردنی ئارەزووی گورگانەی پیاوەکانیان ! ئەگەر ژنان بەلاى ئەوانەوە ئەوە حاڵیان بێ و خۆرئاوا بەرنامەی ئاوای بۆ تۆمارکردبن، خەریکە بڵێین ڕاکردنیان لەماڵەوە بۆ دەرەوە لە پێناو بەدەست هێنانى ژین و گوزەران هەقە، خۆ بێگومانیش گەلێ جار وەکو پێویست کاریان دەست ناکەوێ، بۆیە ناچاری لەشفرۆشیش دەبن ! چونکە نەباوک و برا لێیان دەپرسێتەوە، نەمێردیش پاش شووکردنیان.
جا کە ئەوە حاڵى ئەوان بێ، بێشک ناچارن و دەتوانن لە ماڵ دەرپەڕن، بەڵام بۆ دەبێ ژنانی لای خۆمان وەکو ئەوان پێیان خۆش بێت لە ماڵ بێنە دەرو شان بدەنە بەر ئیش و کار، لەکاتێکدا ئیسلام هەموو کات ژیانی مسۆگەر کردوون ؟!. جارێکیان لەگەڵ کچە لاوێکی زانکۆدا – کە لە یانەیەکی بازرگانیدا لەسەر ئامێرێکی تایپ - کاری دەکرد و پێویستیشی بەو کارکردنە نەبوو، کەوتمە باس و توێژینەوەو  پێمگوت: دەبێ فەلسەفەی چی بێت تۆ کاردەکەیت و ئاتاجیش نیت ؟ گوتی: تا هەست بە ئینسانیەتی خۆم بکەم ! گوتم: کارکردن و کارنەکردن پەیوەندیان بەهەستکردن بە ئینسانییەتەوە نییە، چونکە زۆرێک لەوانە کار دەکەن، هەر نازانن هەستی ئینسانیەت چییە؟ زۆرێکیش هەن کار ناکەن بەڵکو بە فیکری خۆیان هەوڵدەدەن، لە هەموو کەسێک پتر هەست بە ئینسانیەتی خۆیان دەکەن.

بۆ نموونە: لەهەندێ وڵاتدا سەربازو کارمەند ڕێیان نادرێ بازرگانی بکەن، چونکە سەرقاڵی ئیش وکاری ترن و لە یەک کاتدا ناتوانن هەردوو کارەکە ئەنجام بدەن، سەرباز دەبێ هیچ کارێکی تر نەکات ئەگینا خزمەت و پارێزگاری وڵاتی پێناکرێ، ئایا ئەو ڕێ پێنەدانەیان دەبێتە ئیهانەو سوکایەتی بە (ئینسانیەت)یان؟ ئایا سەرۆک کۆمارێک ڕۆژ تا ئێوارە سەرقاڵی ئیشوکاری جەماوەرەو ڕێی بازرگانی و کاری تری لێگیراوە، هەست بە سوکایەتی دەکات.؟. گوتی: من نامەوێ ببمە نانە خۆری بابم، دەمەوێ بە ئارەقی نێوچاوانی خۆم و دەست و بازووی خۆم بژیم، گوتم: مەگەر ئەو کارمەندو سەربازانەی لەدەوڵەت مووچە وەردەگرن، خۆیان بەنانەخۆری دەوڵەت دەزانن و چاو لەبەری دەوڵەتن، لە کاتێکدا ژیانیان لە خزمەتدا دەبەنە سەر؟ ئەو کچەش لەماڵەوەیە هەمیشە لەخزمەتی پاک و تەمیزی ناو ماڵ و رێک و پێک کردنیدا دەژی و هەردەم لە خزمەت باوک و دایکیدایەو، هیچ منەتێکی تێدا نییە، ئەگەر نەفەقەی لەسەر کەس وکاری بێت، ئایا ئەو ژنانەی لە ماڵ دەچنە دەرو (8-9) کاتژمێر سەرقاڵی ئیش وکارن، کاتێ دەگەڕێنەوە ماڵ پەلاماری خزمەتی منداڵ  و ناوماڵ نادەن؟ مەگەر تا دیسان دەچێتەوە دەرەوە شەوو ڕۆژ خەریکى رێکخستنى ناو ماڵ نین ؟ واتە: ئیشوکارەکانی ژنان دوو بەرامبەر بۆتەوە، چونکە ئەو ماوە زۆرە لە دەزگایەکی دەوڵەتدا، یان لە کۆمپانیایەکدا خەریکی ئیش وکارە، کە دەشگەڕێتەوە ماڵ، حاڵی لەوە باشتر نییە ! ئایا ئەمە ستەم نییە لە ئافرەتان..؟ بە داخەوە ژنانی لای خۆیشمان دەیانەوێ چاو لەوان بکەن! بۆیە داوای کار دەکەن لەدەرەوەی ماڵ، ئەگەرچی ژنانی خۆرئاواو وڵاتەکانی سۆڤیەت ناچاریش بن لەدەرەوەی ماڵ کار بکەن.

ئێمە دوو بەرامبەرکردنەوەی کاری ژنان بەو شێوەیە، بەکارێکی ناهەق و ستەم دەزانین، بێگومان ژنێک لە ماڵەوە خەریکی خزمەتی ماڵ و منداڵ بێت، پاشان ئیش وکاری کشتوکاڵ و ئاژەڵ بە خێوکردن و باخداری پێ بکرێت بە ستەمی دەزانین، بە ستەمی دەزانین بنێردرێتە دەزگایەکەوە لەبەرامبەر پاروویەکەوە کە ئەویش لەگەڵ ڕێزدا بۆیان تەنها بەشی ئاراییش و خۆ ڕازاندنەوەی خۆی دەکات، بەتایبەتی ئەگەر لەم لاى خوارەوە بکرێتە خزمەتکاری قوتابخانەیەک، یان نەخۆشخانەیەک، یان لەجێگایەکدا چای پێ لێ بنرێت! یان لەدەرگای (وەزیر)ێکدا لەسەر کورسییەک دانیشێ تا جەڕەسی بۆ لێبداو بچێتە خزمەتی بزانێ چی دەفەرموێ ؟!

بەستەمی دەزانین کە گەلێ جار جەنابی بەڕێوەبەر ئیش و کاری ماڵەوەیشى پێدەکات، جا لەم سونگەیەوە بەپێویستی دەزانین – کە هەردوولا – ئیسلامیی و خۆرئاواو سۆڤیەت، بە جیددى چاوێ بگێڕنەوە بە مەسەلەی ژناندا، چونکە ئەوی ئیسلام دیاری دەکات بۆ ژنانى موسوڵمان، بێگومانم بەڕێک  و پێکی بۆیان ئەنجام نادەن، دیارە کە خۆرئاوایش ئەرکی ژنانی دووبەرامبەر کردۆتەوە! سەرباری ئەوەش کردوویەتی بە ئامێرێکی ڕابواردن بۆ پیاوان و، ئەوەند یانەی خۆجوانکردنیان بۆ ئامادە کردوون و ئەوەند خەرج و باجی خۆ ئارایشدانیان خستۆتە سەرشانیان، ئەگەر وەکو ئنیسانییەت بنێردرێ بۆ ڕەش و ڕووتەکانى ئەفەریقا بەشی هەموان دەکات.


 والله أعلم.

ئەحمەد كاكە مەحموود


بەروار2020/03/29سەردان 3526