ئایا ژنان دەتوانن ببنە سەرۆک کۆمار.؟

ئایا ژنان دەتوانن ببنە سەرۆک کۆمار.؟

وەڵام: سەرۆکایەتی دەوڵەت - لەبەر ئەو فەرموودەیە کە دەفەرمووێ: ((لن يفلح قوم ولّوا أمرهم إمرأة)). (صحيح البخاري، كتاب المغازي، باب كتاب النبي "صلى الله عليه وسلم" إلى كسرى وقيصر، حديث : ‏4172). واتە: ئەو کەسانە کاروباری خۆیان بە ژن بسپێرن، هیچ کات ڕزگار نابن – بۆ پیاوان قۆرخکراوە و بە ژنان نادرێ، بۆ ئەمەش (شەوکانی، ئیبن حەزم..و) دەتوانی بڵێیت تەواوی فوقەهاکان یەکدەنگن!

دکتۆر (محمد سعيد رمضان البوطى) دەڵێ: چونکە خیلافەت، یان سەرۆک کۆماری، پێش ئەوە کە کارێکی سیاسی بێت، کارێکی ئایینیى و (دین)ییە، بگرە دینییەکی ڕووتە و سیاسی نییە، بۆ نموونە: یەکێ لە کارەکانی خەلیفە کۆکردنەوەی مەردومە بۆ بەرپاکردنی نوێژی هەیینی، خۆ لە ئیسلامیشدا ژنان نوێژی هەینیان لەسەر نییە، کەوابوو کەسێک خۆی بەرپرس نەبێت لە کارێکدا، تەکلیفی ڕێکخستنی ئەو کارەشی لێناکرێت، یان کارێکی تری خەلیفە ڕاگەیاندنی جەنگە لەگەڵ ئەوانەی تەماح لە خاک  و وڵاتی موسڵمانان دەکەن، دیارە سەرۆکایەتی جەنگ  و هێزە جەنگاوەرەکان لە ئەستۆی پیاو دایە و ژنان – وەک پیاوان – جیهاد و جەنگیان لەسەر نییە، کەوابوو سەرۆکایەتی هێزەکانیشی نادرێتێ، یان ئاگربەسی جەنگ، دەبێ خەلیفە بڕیاری بداو ئیمزاو مۆری بکات، یان ئامادەکردنی خەڵکان بۆ نوێژى جەژنەکان  و نوێژە بارانە، هەر لە ئەستۆی پیاوان دایە، چونکە وتار و پێش نوێژی تێدایە، ئەمانەش لە ئیسلامدا – دووبارە – بەپیاوان سپێردراون، نەک بە ژنان.

دکتۆر (مصطفى سيباعي) دەڵێت:
سەرباری ئەوە کە ژنان لە ئیسلامدا لە ئەرک و تەکلیفدا وەکو پیاوانن، بەڵام پاش کۆچی دوایی پێغەمبەر و کۆبوونەوەی هاوەڵان لە (سقیفە بن ساعدە)دا بۆ دانان و هەڵبژاردنی خەلیفە، هاوبەشی ژنان لەو ڕۆژەدا بۆ ئەو کارە، بەرچاو ناکەوێ، جگە لەمەیش نابینین (خولەفای ڕاشیدین) لەو کارانەدا کە پیاوانیان بۆ کۆ دەکردەوە، بەو شێوەیە ژنانیشیان بۆ کۆ کردبێتەوە، وەلە لاپەڕەیەکی مێژوودا نابینین ژنان شان بەشانی پیاوان لە بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەتدا هاوبەش ببوون.
ئەوەی مێژوو بۆمان باس دەکات هەر ئەوەیە کە: پێغەمبەر ﷺ ڕۆژی فەتحی مەککە – بێ تەوقەو موصافەحە – بەیعەتی لە ژنان وەردەگرت، هەر کەسێک وابزانێ ئەو بەیعەتە دەلالەت لەسەر هاوبەشی  و کاری ژنان دەکات لە کاروباری سیاسەتدا، ئەوە بێگومان داوایەکى ناهەق دەکاو ڕووداوەکانی مێژووی هەڵگێڕاوەتەوە! هاوبەشی هێندێ لە ژنان لە جەنگەکاندا بۆ برینپێچی و ئاودان بەدەم جەنگاوەرەکانەوە – هەموو ئەمانە هاوبەشکردنی ژنان لەکاروباری سیاسەتدا ناگەیەنێت، بەڵکو تەنها ئەوە دەگەیەنێت کە ژنانیش لە جەنگەکاندا لە برینپێچی و ئاوگێڕان بۆ بریندارەکان هاوبەشییان کردووە، خۆ ئەمەیش کەسێک ناتوانێ حاشای لێ بکات.
دەزانین کە لە سەرەتای هاتنی ئیسلامدا ژنانیش بە چڕوپڕى بەشداربوون لە گەیاندن  و بڵاوکردنەوەی دینی ئیسلامدا و فیداکار بوون بۆى، لەوانە: خوشکەکەی (عومەری کوڕی خەتتاب)  و (ئەسمای کچی ئەبووبەکر) و دەیان و سەدانی تر، خوا لێیان ڕازی بێت، خۆ ئێستاش بەشداری ژنان بۆ ئیسلام  و چاکسازی نێو کۆمەڵگە بەردەوامەو دەبێ پتر لەجاران هەوڵ بدەن بۆ ئەو کارە و بچنە ناو کۆمەڵگەوە بەوشێوەیە شەریعەتی ئیسلام بۆیانی دیاری دەکات، دەزانین کە لە ژیانی پێغەمبەر ﷺ دا ژنان لە نوێژی جەژنەکان  و وانە ئامۆژگاریەکاندا ئامادەبوون.

دەزانین کە (عائیشە، دایکی موسڵمانان) لە جەنگی (جەمەل)دا بەشداری کرد  و سەرکردایەتی جەنگەکەشی لە ئەستۆ گرت، بەڵام بەتەئکید بۆ دوایی لەو کارەی زۆر پەشیمان بوو و ژنەکانی تری پێغەمبەر ﷺ لۆمەو سەرزەنشتیان کرد، چونکە بەدەقی قورئان ژنی پێغەمبەر ﷺ نابێ لە ماڵ دەرچێت، بەڵام خاتوو عائیشە (تەئویل)ێکی بۆ خۆی کرد و تووشی ئەو هەڵەیە بوو، بێگومان ئەو کارە بەشداری ژنان لە سیاسەتدا حەڵاڵ ناکات، کەوابوو لە مێژووی ڕابردووی موسڵماناندا ژنانی ئیماندار قەت بەشداری سیاسەتیان نەکردووە بەو مەفهووم و چەمکە ئەمڕۆ بۆ سیاسەتی دادەنێن ! بەرز ڕاگرتنی شان  و شکۆی ژنان لە ئیسلامدا و گەیاندنی بە پلەی پیاوان لە مافەکانیاندا نکووڵی لێناکرێت، بەڵام دینی ئیسلام وا بەچاک دەزانێ کە ژنان لە هەموو ئیش  و کارێکی تر ئازاد بکرێن و خۆ یەکلابکەنەوە بۆ کاروباری خێزان، هەر لەم ڕووەوە بوو ژیان  و بژێوی لەسەرشان هەڵگرت  و خستیە سەربراو کەس  و مێرد – لەگەڵ ئەوەیشدا کە دەتوانێ بەئازادانە مامەڵە و کڕین و فرۆشتن و بازرگانى بۆ خۆى بکات.
لەمانەوە دەتوانین پەنجە بخەینە سەر حیکمەت و فەلسەفەی ڕێ نەدان بە ژنان کە لە دەرەوەی ماڵ – بە مەفهوومی ئەمڕۆ – کار بکەن و بچنە ناو سیاسەتەوە. (المرأة بين الفقه والقانون).
دەبێ ئاماژە بۆ ئەوەش بکەین کە ژنی موسوڵمان – ئەمڕۆ کەوتۆتە ژێر کاریگەری خۆرئاواوە – و لەماڵەوە جوڵاوە و هاتۆتە دەرەوە و دەیەوێ لە کاروباری سیاسەتدا شان بەشانی پیاوان کار بکەن  و لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار بێ و، بۆ سەرۆک کۆماری  و بەئەندام بوون لە ئەنجومەنی جێگراندا (مجلس النواب) خۆی کاندید بکات !

خۆ ئاشکرایە ئەو بیرۆکەیە لە ئازادیی  و بیر وتێڕامانینی ژنان خۆیانەوە هەڵنەقولآوە، بەڵکو گوشارو بیرۆکەی خۆرئاوایە..! بەهەرحاڵ هەر چۆنێک بێت ئەو جۆرە ژنانە، ئەمڕۆ بە مافی خۆی دەزانێ هەڵبژێردرێ و خۆی کاندید بکات، دەبێ هەڵوێستی ئیسلام چۆن بێت ؟

پاش هەوڵ و کۆشانێکی زۆرو کۆڵینەوە لەو مەسەلەیە، دەرکەوت کە هەڵبژاردن دانانی بریکار و (وەکیل)ـە لە لایەن ئوممەتەوە بۆ هەڵسووڕاندنی ئیش  و کاری ناوخۆ و دەرەوە، بێگومانە کە ژنیش دەتوانێ بریکار بگرێ  و بەڕای خۆی بیکاتە ئەندامێکی ئەنجوومەنی جێگران  و کاروباری وڵاتیان پێ بسپێردرێ، بۆ ئەنجامدانى ئەو کارەیش دەتوانێ بچێتە بەردەم صندوقەکانی هەڵبژاردن و ڕای خۆی بە ئازادانە بدات، بەڵام دەبێ جل  و بەرگی شەرعیی لەبەر بکاو تێکەڵ بە خەڵکانی نامەحرەم نەبێ، خۆ ئەگەر مەڵبەندێک بۆ دەنگدانی ژنان جیا بکرێتەوە و هەر ژنانیش بەسەر صندوقەکانەوە بن، کارێکی شەرعیی  و تەواو پەسەندە.

بەڵام ئەگەر بەوردی تەماشای ئەم (نوێنەرایەتی)یە بکەین، دەبینین کۆمەڵێ ڕێگر هەیە لە ژنان ببنە نوێنەر لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دیارە لەبەر ئەوە نییە کە ژنان توانایان لە پیاوان کەمتر بێت، یان شانیان هەڵنەگرێ، بەڵکو لەدەرەوەی کەسایەتی ژنانەوە کۆمەڵێ هۆکار هەن، بۆ نموونە: چاودێری ماڵ  و حاڵ  و خێزان  و خۆ یەکلاکردنەوە بۆی، ئەوەند لە ژنان دەوەشێتەوە، ئەوەند لە پیاوان ناوەشێتەوە، کەوابوو هەقیانە جگە لەوە کاری تر نەکەن، تا مەسەلە سەرەکیی  و گرنگییەکەیان لەدەست نەدەن، ئەگینە لەبار دەچێ  و کۆمەڵێ گیر وگرفت پەیدا دەبێت.
سەرباری ئەوەش لەو نوێنەرایەتییەدا (إختلاط) و تێکەڵی بە پیاوانی نامەحرەمەوە ڕوودەدا، لەوانەیشە گەلێ جار (خەڵوەت) و دەرخستنی دەم و چاو  و دەست و ڕوو، ڕوو بدات، ژنان بەتەنها بچنە سەفەر بۆ دەرەوەی وڵات.
بێگومان ئەمانە – کە لە دەرەوەی کەسێتی ژنانەوەن – ئیسلام جەختی کردۆتەوە کە نابێ هیچ کامێکیان ڕێیان پێ بدرێت – کاتى ناچاریی و زەروورەت نەبێ – خۆ ئەو کارەش (نیابەت)، هەموو ئەوانەی – بە زیادیشەوە – تێدایە، دەبێ ژن ماڵ بەجێ بهێڵێت، لەگەڵ پیاوان تێکەڵ ببێ ـ ڕووخسار و دەستی دەربخات، بەتەنها بچێتە دەرەوەی وڵات..و..و.. لەبەر ئەم هۆکارانە وا دەزانم هیچ موسڵمانێک نەوێرێ ڕێ بە (نیابەت)ی ژنان بدات، جگە لەمانەش ئیسلام هەموو کات لە (تەشریعات)دا، بەرژەوەندییە گشتییەکان پێش دەخات، جا هەر شتێ بەرژەوەندی گشتیی داوای بکات، ڕێی پێدەدات، هەر شتێکیش بەرژەوەندی داوای نەکات ڕێی لێدەگرێت.
دەسا با بێین پێکەوە تەماشای مەسەلەی (نیابەت)ی ژنان بکەین، بزانین بەرژەوەندییە گشتییەکان ڕێمان پێدەدەن ببنە جێگر لە ئەنجوومەندا، یانا؟ چونکە بە ئەندامبوونی ژنان لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا: ماڵ و منداڵ و بەرژەوەندییەکانی تری ماڵ و پیاوان لە دەست دەچێ، وە هەر لەو ڕێگایەوە هەراو کێشەی حیزبایەتی لەناو خێزانەکەدا سەر هەڵدەدات.

دکتۆر سیباعى دەڵێ: لە یەکێ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا ژنێک مێردەکەی خۆی کوشت، چونکە ئەم حەزی دەکرد سەرۆک کۆمارێک دەرچێت، مێردەکەشی حەزى دەکرد یەکێکی دی دەرچێت.
سەرقاڵکردنی ژنان بە سیاسەتەوە، هیچ مرۆڤێکی خاوەن ویژدان و هەقڕەو ناتوانێ نکووڵی لە زیان و زەرەرەکانی بکات، مەگەر مرۆڤە نەخۆش ویژدان  و دەغز دارەکان، وەبێگومانە کە زیانی لە قازانجی زیاترە! خۆ ئەگەر دروست بێ بڵێین: ئەگەری ئەوەیش هەیە کە ئەو ژنە (نوێنەر)و جێگرە، ژنێکى قەشەنگ  و جوان  و شۆخە شەنگ بێت، جا لە حاڵەتی ئاوادا دەکرێ لەبەر جوانییەکەی سەرنجى گەلێ لە پیاوان بۆ خۆی ڕاکێشێ و چەواشەیان بکا و دەنگی بدەنێ، ئەگەرچی شاییستەی ئەو گۆڕەپانەیش نەبێ !

گریمان ئەوا بووە (نوێنەر) لە پەرلەماندا، ئەی دایکایەتییەکەی چی لێ دەکات ؟ ڕاستە واز لە کارى دایکایەتى بێنێ ؟! یاگریمان ببێ بە دایک، بەڵام ناوبەناو مۆڵەتێکی (سێ چوار) مانگی وەرگرێ و بێتە دەر، وەکو ژنە وانەبێژو کارمەندەکانی تر؟ خۆ گەلێ جاریش (حەیز) و بێ نوێژى، یان دووگیان دەبێ، لەو ماوەیەشدا ژن مەشرەب  و سر وشتی تێک دەچێ  و پێویستی بە مۆڵەت و حەوانەوەیە، بەکورتیى لەوانەیە ئەگەر ئەو مۆڵەتانەى بخەیتە سەر یەک، تەواوى دەورە دانیشتنەکانی پەرلەمان بگرێتەوەو ئەو هەر لە ئیجازەو مۆڵەتدا بێت ! دە ئاخۆ دەزگا دەوڵەتییەکان بە کارى ئاواى ژنان چاودێری دەکرێت، یان دەتوانن یاسایەک (تەشریع) بکەن، کە ئەوە حاڵیان بێت.؟.

ئەگەر ژنان خاوەن ویژدان بن، بەوردی لەم مەسەلەیە تێدەگەن و بۆ خۆیان خەریکی کاری دایکایەتیی و منداڵ بە خێوکردن و پەروەردەکردنیان دەبن و لە ڕووی لەشساغیی و تەندروستیی و گەشەدان بە ئەقڵ و ژیریان چاودێریان دەبن، ئایا (خادمە)، یان خزم و کەس و کار دەتوانن وەک دایک دلۆڤانی و خۆشەویستی بە منداڵ ببەخشن..؟ ئایا ئەو منداڵانە کە ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک لە دایکیان دوور دەخرێنەوە، وەکو ئەو منداڵانە میهرەبانن کە هەمیشە لەگەڵ دایکیان دەژین ؟.
نازانم دەبێ کەڵکی چی بێت ژنان بکرێنە نوێنەر؟ بڵێیت بۆ پاراستنی هەستی ئینسانیەتی خۆیان بێت؟ واتە: بەوە ویژدانی خۆیان ئاسوودە بکەن کە لە کاروبارەکانی دەوڵەتدا هاوبەشن، بڵێیت بۆ ئەوە بێت ڕێزو حورمەتیان بگێڕنەوە؟ بە ڕای ئێمە هیچ کام لەوانە نییە، چونکە هەر بەپێی یاسا ئەوانەی لە (سیلک)ی سوپادا کار دەکەن، مافی بەشداربوونیان نییە ببنە ئەندامی پەرلەمان ! دە ئاخۆ بەوە پلەو پایەیان دابەزیوەو سووک بوون ؟.

بەرژەوەندی گەل وا هەڵدەگرێت – هێندێ جار – کۆمەڵێک بە کارێکەوە خەریک بن و، کۆمەڵێکیش بەکارێکی تر، دەبێ هەندێ سەرباز و پاسەوانی وڵات بن، هەندێکیش بازرگان، هەندێکی دی سەرپەرستی و چاودێری منداڵان بکەن و دایک بن، هەر کەس لە سنوور و توانای لێهاتوویی و لێوەشاوەیی خۆیەوە، هەموو ئەوانەش جێگەی ڕێزو حورمەتن لای گەل و جەماوەر، هیچ کامێکیشیان لەوی تر کەمتر نییە لە بواری خۆیدا بۆ خزمەت بە کۆمەڵگە.

دکتۆر دەڵێ: ئەم مەسەلەیە لە جیهانی ئیسلامیەوە هەڵنەقوڵیوە و زادەی بیری موسڵمانان نییە، بەڵکو گوشارێکی خۆرئاواییە و چاو بڕینە لەوان، کە ئەوانیش پاش سەدان ساڵ ئەوسا ئەو بڕیارەیان دا  و ژنانیان هێنایە پەرلەمانەوە، ئەویش ساڵ دوای ساڵ ژمارەی (نائبات) کەم دەبێتەوە لە پەرلەمانەکاندا، چونکە دەزانن سەرقاڵکردنی ژنان بە کاری سیاسەتەوە تەکلیفە مەزنەکەی خۆی – چاودێری ماڵ و مێردو دایکایەتی و پەروەردەی منداڵان – لەکیس دەچێ و ئەوسا خێزان هەڵدەوەشێتەوە، سەرباری ئەمانەش من بۆ خۆم سەردانێکی پەرلەمانى (بەریتانیا)م کرد، تەنها ژنێکم نەدیت، چونکە هەریەکە بە بیانوویەکەوە (غائب) بوون و نەهاتبوونە سەرکارەکانیان !.
(سویسرا)کە وڵاتێکی پێشکەوتەو لەبەرە تا ئێستاش ژنەکانیان بە ئارەزووی خۆیان مومارەسەی کاری سیاسیی ناکەن و هەر کاتێکیش ڕیفراندۆم کرابێ بۆ ئەوە لە 95% ى دەنگەکان (نا) بووە بۆ مومارەسەی کاری سیاسی.

لە کۆتایی بابەتەکەدا – دکتۆر سیباعی – دەڵێ: ئەگەرچی تۆمەتباریش بکرێم بە دواکەوتەو جێماو لە قافڵەی گۆڕانکارییە نوێکاندا، بەڵام بە ڕاشکاوی ڕادەگەیەنم کە: سەرگەرمکردنی ژنان بە (سیاسەت)ـەوە، لای ئیسلام زۆر بێزراوو نکۆڵی لێکراوە، ئەگەر بڵێم حەرام  و قەدەغەیە ! لەبەر لێنەهاتوویی و هەڵنەگرتنی شانی ژنان نییە بۆ سیاسەت، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە کۆمەڵە زیانێکی گەورەی لێ پەیدا دەبێ بۆ کۆمەڵگە و بە ئاشکرایش پێچەوانەی داب و نەریت  و ئەخلاق  و قییەمی ئیسلامە، چونکە تێکەڵی ژن و پیاو و خەڵوەت و سەفەر بۆ دەرەوەو..و..و.. لێى پەیدا دەبێ.

بەڵێ.. بەپێی ئەم نووسین  و شیکردنەوەیە، دەرکەوت کە لە بنەڕەتدا هیچ ڕێگر و هۆکارێک نییە بۆ مومارەسەی کاری سیاسی لەلایەن ژنانەوە، وە لەبەر لێنەهاتوویی و کەمتواناییان نییە – ئەگەر ڕێنەدرێن – ئەوە نەبێت کە کارە سەرەکییەکەی خۆیانیان – دایکایەتی  و پەروەردەی منداڵان و مافی مێرد – لە کیس دەچێ و ئیختیلاط  و تێکەڵی لەگەڵ پیاوان ڕوو دەدات، ئایا چارەسەری ئەو شتانەى بۆ دەکرێ تا بچێتە گۆڕەپانی سیاسەتەوەو کار بکات و کارەکانی خۆی ئیفلیج نەبن..؟!.
دکتۆر (محمد سعید رمضان البوطي) لە کتێبی (المرأة بين طغيان النظام الغربي ولطائف التشريع الرباني) دەڵێت: کاتێ خوا دەفەرمووێ: (..وشاورهم في الأمر..) آل عمران: 159. واتە: لە کارەکاندا ڕاوێژو مەشوەرەتیان پێ بکە، یان دەفەرمووێ: (وأمرهم شورى بينهم..- شورى: 38). واتە: کارەکانیان لەسەر بناغەی مەشۆرەتە لە نێوان خۆیاندا، دیارە ئەوانە کە ڕاوێژیان پێدەکرێت پێک دێن لە پیاوان  و ژنان  و هەردوولایان مافی ڕاوێژ پێکردنیان هەیە، ڕۆژی (حودەیبیە) – پاش ئەوە ڕێ لە پێغەمبەرو هاوەڵان گیرا کە بچنە ناو مەککەوەو عومرە بکەن – پێغەمبەر ﷺ داوای لە هاوەڵان کرد: ئەو حەیوانەى بە (هەدیى) و دیاریی هێناویانە بۆ (كعبة الله) سەرى بڕن  و سەریان تێغ بکەن تا تەعبیر لە شکاندنى ئیحرام بکات، بەڵام ئەوان – لەبەر ناڕەحەتی  و کاریگەری ئەو مەسەلەیە لەسەر دڵیان – نەجووڵان و کارەکەیان ئەنجام نەدا ! پێغەمبەریش ئەمەی بۆ (أم سەلەمە)ی خێزانی گێڕایەوە، ئەویش گوتی: ئەی پێغەمبەری خودا ! ئەگەر دەتەوێ ئەوان ئەو کارە بکەن، بچۆ بێدەنگ بۆ خۆت دیاریەک سەربڕەو کەسێ بانگ بکە سەرت بتاشێ، پێغەمبەریش ﷺ هەڵسا چوو کاری بە قسەکەی (ئوم سەلەمە) کرد. (بوخاریی ڕیوایەتى کردووە).

شێخ (حەسەنی بەصری) دەڵێت: پێغەمبەر ﷺ هەمیشە لەبەر ڕیعایەت و چاودێرى خودا دا ژیاوە، وە لەهیچ کارێکدا پێویستی بە ڕاوێژ نەبووە بە ژنان، بەڵام ویستی بەو کارەیەى - دوای خۆی فەرمانبەرانی ئیسلام - پرس و ڕا بەژنان بکەن  و بیکەنە بنەمایەک بۆ ڕاوێژ پێیان.

(ئیبن حەجەری عەسقەلانی) لە کتێبی (الإصابة)دا دەڵێ: (ئەبوو بردە) لە باوکییەوە گوتی: هەر گرفتێکمان پێش هاتبا و بردبێتمانە لای خاتوو (عائیشە- خوا لێی ڕازی بێ) دەربارەی ئەو گرفتە زانیاریی هەبوو و چارەسەری دەکرد. (عەتا بن ڕەباح) دەڵێ: خاتوو عائیشە لەناو خەڵکدا لە هەموو کەسێک زیاتر تێڕامانینی لە هەموان باشتر بوو.

(خولەفای ڕاشیدین)یش لەگەلێ ئیش و کاردا مەشوەرەتیان بە ژنان دەکرد و کاریشیان پێ دەکرد، وە لەهیچ فەرموودەو کتێبێکدا نەهاتووە: مەشوەرەت بە ژنان نەکرێ، یان بەگوێیان نەکرێت، ئەگەرچی لەوانەیشە درۆ و دەلەسەیەکی زۆر بەدەم پێغەمبەرەوە دژ بە ژنان هەڵبەسرابێ.
مەسەلەی پرس و ڕا بەژنان  و قبوڵکردنی ڕاو بۆچوونەکانیان، لەلای ئیسلام و زاناکانی ئیسلام قبوڵەو کاری پێدەکرێ  و هیچ کێشەیەکی تێدا نییە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ بووبێتە هەراو کێشەو ئیختیلاف لای زاناکانی سەردەم ئەمەیە کە: ئەو پرس و ڕا وەرگرتنە و مەشوەرەتە پێیان، لەسەردەمی پێغەمبەرو خولەفای ڕاشیدیندا بە شێوەو شێوازی ئەمڕۆ نەبووە، واتە: هاتبن لە جێگایەکدا کۆمەڵێ ژن و پیاو بە تێکەڵە، یان بەرامبەر بەیەکتر کۆ بکەنەوە، چونکە پێغەمبەر ﷺ هاتووە لە رێ و شوێنێکى تایبەتدا مەشوەرەتى بە خێزانی خۆی دەکرد، (عومەری کوڕی خەتتاب) کە مەشوەرەت بە (حەفصە)ی کچی خۆی دەکات، لەناو کۆڕو ئەنجومەنێکدا نەبووە پێکهاتبێت لە پیاوان  و ژنان، تا (ئيختيلاط) و تێکەڵی ڕووبدات، یان ژنان نەتوانن کارە سەرەکییەکانیان تێپەڕێنن ! لێرەوە کێشەکە سەر هەڵدەدات و دەبێتە هەراو ناکۆکی نێو زانایانی سەردەم و، ئەوانەیان زاناو بەرجەستەن دەڵێن: نابێ ژنان ببنە ئەندام و نوێنەر لە ئەنجوومەنەکانی ئەمڕۆدا، یان ئەگەر کرانە نوێنەر، دەبێ لە ماڵەوە پرس و ڕایان پێ بکرێت، نەک بچنە ناو ئەو کۆڕەوە کە پڕە لە کاری حەرام و ناشەرعیی بەرامبەر بە ژنان. (سەیری کتێبی: (المفصل في أحكام المرأة..) ل4،ل333، وە کتێبی (نظرية الإسلام وهديه في السياسة والقانون والدستور) (أبو الأعلى المودودي) وە کتێبی (المرأة بين الفقه والقانون)ي دكتۆر سيباعی بكە.

لەبەر ئەو هۆکارانەیە کە زانای پایە بەرز (أبو الأعلى المودودي) دەڵێ: مەرجی بە ئەندامبوون لە ئەنجوومەنی ڕاوێژدا (ذکورەت)ـە، واتە: دەبێ نێرینە بێت. یان لە کتێبی (النظام السياسي في الإسلام) (ذکورەت) دەکاتە مەرج بۆ ئەندامبوون لە ئەنجومەنی ڕاوێژدا، جا ئەگەرچی هێندێ بەڵگەش دێننەوە بۆ بۆچوونەکەیان، وەک مەسەلەی (قیوومیەت)ی پیاوان بەسەر ژناندا: (الرجال قوامون على النساء..) سوورەتى: نيساء /34، بەڵام (الأحكام السلطانية)ی (ماوەردی) کاتێ باسی مەرجەکانی (خەلیفە) دەکات، لە (ذکورییەت) بێ دەنگە ! بەڵام کە دێتە سەرمەسەلەی دانانی (وزير التفويض)، کە ئەمڕۆ جێگری سەرۆک کۆمار دەگرێتەوە (ذکورییەت) دێنێتە ناو.
سەبارەت بەکردنى ژنان بە (وەزیر) هەر وەزیرێک بێت لە وەزارەتەکان، دکتۆر (بووتی) دەڵێت: لە هیچ ئایەت و فەرموودەیەکدا نەهاتووە ڕێ لە ژنان بگیردرێ ببنە وەزیرو هەر کەسە بە پێی توانا و لێوەشاوەیی خۆی کار بکات، بە مەرجێ پابەند بن بەحیجاب و بە (تعالیم)ـەکانی ئیسلامەوە، هەروەها دەڵێت: ئەو فەرموودەیەش کە دەفەرموێ: ((لن يفلح قوم ولّوا أمرهم إمرأة)) کەسانێک کاروباری خۆیان بە ژن بسپێرن، هەرگیز ڕزگار نابن، پێغەمبەر ﷺ کاتێ ئەوەى فەرموو کە (پوراندخت)ی کچی (شیر ویە) لە (ئێران) کرابوویە پادشاو لەسەردەمى بابیا نوێنەرەکەی پێغەمبەریان کوشتبوو، کەوابوو تەنها پەیوەندی بە سەرۆک کۆمارەوە هەیەو تەنها لە سەرۆک کۆمارى ڕێى لێدەگیردرێ، نەک بە ئەندام و وەزیر بوون لە پەرلەمان و وەزارەتەکان.

لەکتێبى (الحريات العامة في الدولة الإسلامية، نووسینى: راشد الغنوشى) هاتووە: ئەو فەرموودەى ((لن يفلح قوم..)) لەوە تێپەڕ ناکات بۆی گوتراوە، واتە: نابَیتە سەرچاوەیەک بۆ مەسەلە یاساییەکان و لەوەوە ڕێ لە ژنان بگیردرێ بۆ سەرۆک کۆماریى، لەولایشەوە زانایانى (علم الأصول) یەک دەنگ نین لەوەدا کە ئیعتیبار بە (عموم اللفظ)ـە، نەک بە (خصوص السبب)، واتە: هەرشتێک بێژەکەى (عام) و گشتگیر بوو، مەرج نییە حوکمەکەیشى (عام) و گشتگیر بێت.
(غەنووشى) دەڵێت: نە ئایەتى (قەووامە- الرجال قوامون على النساء..)، نە فەرموودەى ((لن يفلح قوم ولوا أمرهم إمرأة)) بەڵگەن بۆ رێگرتن لە ژنان بۆ سەروک کۆماریى و، بوون بە ئەندمام لە مەجلیسى نوێنەران، چونکە ئایەتەکە سەبارەت بە ئاڵۆزى و کێشەى ناو خێزان هاتووەو دەدوێ، ئیتر هیچ پەیوەندییەکى بە مەسەلەى سیاسەتەوە نییە تا ببێتە لەمپەرێک بۆ رێگرتن لە ژنان لە کاروبارى سیاسەتدا، ئاماژەشى بە ڕاو بۆچوونى (تقى الدین النبهانى) و (ئیبن حەزم) کردووە کە هەردوو رێیان داوە ژنان ببنە ئەندام لە پەرلەماندا، جا بۆ دواییش باسى سیستمى ئێران دەکات کە ژنانى گەیاندۆتە پەرلەمان، بگرە کردوونى بە جێگرى سەرۆک کۆمار.

پوختەتر بڵێین: ئەو ئاڵوگۆڕ و تەکانەی دنیای ئەمڕۆ – لە هەموو ڕوویەکەوە – جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ چاخەکانی پێشوودا، جا لەبەر ئەوە بۆ چارەسەرى ئەو کێشانە، فەتوای موفتییەکى زیرەک  و دیندار و چاوکراوەو دنیا دیدەى دەوێ، دەیەوێ زاناکان – ئەوانەیان باوەڕ بە فەتوایان دەکرێت – لێرەو لەوێ- کۆببنەوە و زۆر بەوردی لە مەسەلەکە بکۆڵنەوەو ئەوسا ئیجتیهادى تێدا بکەن و ڕای خۆیان دەربڕن.

من وا دەزانم – وەکو سیباعی دەڵێت – ژنان هیچ کەم و کورتیی و ناتەواویەکی جەستەیی و یاسایی و شەرعییان نییە، تا ڕێیان لێ بگیردرێ بۆ مومارەسەی کاری سیاسیی، بەڵکو سەرەتا و کۆتایی ئەوەی لەمپەڕ بێت لەبەردەم ئەو کارەدا: تێکەڵبوون و لەدەسچوونی کارە سەرەکییەکانیانە، وەکو (سەرپەرستی ناوماڵ، پەروەردەو پێگەیاندنی منداڵان، مافی ژن و مێردیی، تێکەڵ نەبوون) خۆ ئەگەر ڕۆژێ هات توانرا شەرعپەسەندانە ئەو کێشانە چارەسەرکران، هیچ ئەستەمێکی تر نابینرێ بۆ مومارەسەی کاری سیاسیی ئافرەتان. 


والله أعلم.


ئەحمەد كاكە مەحموود


بەروار2020/03/29سەردان 1293