ئایا ژنان دەتوانن مومارەسەی کاری سیاسی بکەن.؟
ئایا ژنان دەتوانن مومارەسەی کاری سیاسی بکەن.؟
وەڵام: مومارەسەی کاری سیاسیی لە لایەن ژنانەوە – واتە: ببنە ئەندام لە دەوڵەتی سەردەمدا و یەکێ لە پۆستە گرنگ و گشتییەکانیان پێ بسپێردرێ و، لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ و ڕای خۆیانیان هەبێ و بتوانن خۆ کاندید بکەن، لەناو زاناکانی ئیسلامدا گرنگی خۆى دراوەتێ و قسەو باسێکی زۆری لێکراوە، چونکە بەشێکی زۆری پێکهاتەی عالەمی ئیسلامیی و جیهان بە گشتیى ژنانن، کەوابوو هەقیانە پۆستە گشتییەکانیان پێ بسپێردرێ.
ئیمام (ئەبوو حەنیفە) دەڵێ: لە (حدود) و (قصاص)دا نەبێ، ژنان کاری (قەزاوەت) و دادگایییان دەدرێتێ، بەڵام (ئیبن جەریری الطبري) دەڵێ: بەشێوەیەیکی گشتیی - واتە: بە (حدود و، قصاص)یشەوە- قەزاوەتیان دەدرێتێ، چونکە دادگایش وەکو (فەتوا) وایە، خۆ کەسێک نییە (ذکورەت) بکاتە مەرجی (فەتوا)، کەوابوو (قەزاوەت)یش هەروا، وە لە (ئیبن حەزم)یشەوە دەگێڕنەوەکە دەڵێ: بۆ ژنان ڕەوایە کاروباری حوکم و قەزاوەتیان بدرێتێ، خۆ (عومەر)یش (خوا لێی ڕازی بێت) خاتوو(شفا)ی کردە چاودێری کاروباری بازاڕەکان لەو دەمەدا، جا ئەگەر کەسێکیش ئەم فەرموودە بکاتە بەڵگەی ڕێ نەدان بە قەزاوەتی ژنان کە دەفەرمووێ: ((لن يفلح قوم ولّوا أمرهم إمرأة)). (صحيح البخاري، كتاب المغازي، باب كتاب النبي صلى الله عليه وسلم إلى كسرى وقيصر، حديث : 4172) دەڵێین: مەبەستی پێغەمبەر ﷺ – لەوە کەهیچ نەتەوەیەک بەختیار و ئاسوودە نابێ، کاروباریان بسپێرن بە ژنێک – خیلافەو ئەمیرایەتی گشتییە، نەک قەزاوەت.(المحلي لإبن حزم، ج9ص429 – 430).
لە ئیسلامدا هەقە ڕێ بەژن و پیاو بدرێت مومارەسەی کاری سیاسیی بکەن، بۆ ئەوە بەتوانای خۆیان خزمەت بەدین و نیشتمان و گەل و وڵاتیان بکەن و، لە پاڵ ئەوەیشدا کەسبی ڕزق و ڕۆزی بۆ خۆیان بکەن، بەڵام بێگومان بۆ ئافرەتان چەند مەرجێک هەیە لە مومارەسەی کارى سیاسەتدا، لەوانە:
1- نابێ بە هۆی ئەو کارەیەوە، کارەسەرەکییەکەی خۆی لەکیس بچێت.
2- کارکردنەکەى لەبەر پێویستیی بەژیان و بژێوی بێ.
هەموان دەزانن کە کاری بنەڕەتی و (ئەصڵ)یی بۆ ژنان، سەرپەرستیکردنی ناوماڵ و بەخێوکردن و پەروەردەی منداڵان و مافی ژن و مێردییە، بەشێک لەم فەرموودە ئەرکەکانی ژنان دیاری دەکات کە دەفەرمووێ: ((...والمرأة راعية في بيت زوجها ومسئولة عن رعيتها..)). (صحيح البخاري، كتاب الجمعة، باب الجمعة في القرى والمدن، حديث : 867).
ئاخۆ ئەو ژنانە کە لەدەرەوەی ماڵەوە کار بکەن و کارێکی دەوڵەتییان پێ بدرێت، دەتوانن وەکو پێویست ئەرکەکانی ماڵەوەیان ئەنجام بدەن ؟ دیارە ئەگەر ژنێک منداڵی نەبوو و مێردەکەشی ڕێی پێبدا لە دەزگایەکی دەوڵەتدا کار بکات، لە حاڵەتی ئاوادا (موباح)ـە بۆی، بەمەرجێ تووشی کارى ناشەرعیی نەبێت.
ژنان لەم ڕووەوە کە (نەفەقە)یان لەسەر باب و براو خزم و کەس و کارە، بەر لە مێردکردن، لەسەر مێردیشە، دوای مێردکردن، دەبێ لەبەرامبەر ئەوەوە ئەوانیش هەڵسن بەجێبەجێ کردنی کارەکانی خۆیان: (سەرپەرستی کاروباری ماڵ ، پەروەردەی منداڵان، مافی ژن و مێردیی) کەوابوو ژیان و بژێوی ژنان لەم ڕووەوە مسۆگەرە و زەروورەتێک نییە لەماڵ بچنە دەر و مومارەسەی کاری سیاسیی بکەن.
هەندێ کەس دەڵێ: ئەمڕۆ بژێویی و ژیان زۆر گران و سەخت بووە، جا ئەگەر لەم ڕێگایەوە ژن بەڕەزامەندی پیاوەکەی بچێتە دەزگایەکی دەوڵەتەوەو بە مانگانەکەی هاوکارییەکى مێردەکەی بکا و دایەن و کارەکەر بۆ ماڵ و منداڵەکەی بگرێ، چ کێشەیەک دەمێنێ..؟
بۆ وەڵامى ئەمەش زاناکان دەڵێن: ئەو پەیوەندییەی لە نێوان ژن و پیاودا هەیە، هەرگیز بە (خادمە) و کارەکەر چارەسەر ناکرێ، سەرەڕای ئەوەش لەوانەیە کارەکەرەکەش بەمانگانەی ژنەکە ئینجا کاریان بۆ بکات، لەولا تریشەوە هێنانی (خادمە)یەکی نامەحرەم بۆ ماڵەوە، گەلێ جار گیروگرفتی لێ دەوەشێتەوە، بچووکەکەیان دەست تێکەڵکردنى پیاوەکەیە لە گەڵیاو تەڵاقدانى ژنەکەیەتى، ئەمە جگە لەوەیش کە دەکرێ ئەو (خادمە)یەش ماڵ و مێردی بەجێ هێشتبێ کە ئەمەیش هەر کارێکی ناڕەواو ناپەسەندە.
والله أعلم.
ئەحمەد كاكە مەحموود
بەروار2020/03/29سەردان 1696
بڕیار لەمەڕ ئەو خوشکانەى مێردەکانیان بێ سەرو شوێن (مفقود)ن.؟ ئایا ئیسلام چۆن دەڕوانێتە (غسل العار).؟ قەدەغە کردنى فرە ژنی لە پەرلەمانى کوردستان.! وەڵام و هەڵوێست لەسەر قەدەغەکردنى فرەژنی.! حوکمى تەوقەکردنی ژن و پیاوی نامەحرەم لەگەڵ یەکدا.؟ ئایا دەنگى ژنان عەورەتە یان نا.؟ حوکمى بە شوودانى کیژى ناباڵغ.؟ حوکمى زەواجی کاتی (مؤقت = متعة).؟ حوکمی خەتەنەی کچان لە ڕوانگەی ئیسلامەوە.؟ ئایا ژنان دەتوانن مومارەسەی کاری سیاسی بکەن.؟ ئایا ژنان دەتوانن ببنە سەرۆک کۆمار.؟ ئایا ژنان دەتوانن بەشداری لە ناو سوپادا بکەن.؟ ئایا ژنان دەتوانن لە دەرەوەی ماڵ کار بکەن.؟ ئایا ژنان دەتوانن فێری هەموو زانیارییەک ببن.؟ ئایا نەشتەرگەرى جوانکاریی (عملیات التجمیل) دروستە.؟