ئایا (بسم الله) بە هێواش، یان بە دەنگى بەرز بخوێنرێ.؟

ئایا (بسم الله) بە هێواش، یان بە دەنگى بەرز بخوێنرێ.؟

لەبارەى (بسم الله الرحمن الرحیم)ـەوە: هەمیشە هاوەڵان بە (بسم الله الرحمن الرحیم) قورئانیان دەس پێدەکرد، وە بەکۆ دەنگى هاوەڵان (بسم الله الرحمن الرحیم)ـى سوورەتى (نەمل) ئایەتێکە لەئایەتەکانى قورئان، بەڵام ئەمە کە لە سەرەتاى هەموو سوورەتەکانەوە (بسم الله..) هەیە، ئایا ئایەتێکى سەر بەخۆیە؟ یابەشێکە لەسەرەتاى هەر سوورەتێ کەتێیدا نووسراوە؟ یان تەنها بەشێکە لە سوورەتى (فاتیحە)؟ یان هەر ئایەتێک نیە لەقورئان؟ بەڵکو تەنها بۆجیاکردنەوەى سوورەتەکانە لە یەکدى.؟ جابۆ ئەم وەڵامانە زانایانى پێشینان و پاشینان دەربارەى هەر یەک لەو بۆچوونانە قسەیان جیاوازە، بۆنموونە: (ئیبن عەباس) دەڵێ: ((كان النبي ﷺ لايَعْرِفُ فصلَ السورةِ حتى تَنْزِلَ عليه (بسم الله الرحمن الرحيم)). (ئەبى داود: كتاب الصلاة 1/209، وصححه الألباني: سنن أبي داوود/ 788) واتە: پێغەمبەر ﷺ سەرەتاى سوورەتەکانى قورئانى بۆ لێک نەدەکرایەوە، هەتا (بسم الله..) دەهات.. ئەبو عەبدوالله ى نیشابووریی (حاکیم) ئەم ریوایەتەى لە (مستدرک)دا هێناوە، وە لە (صەحیح)ـى (ئیبن خوزەیمە)شدا لە (ئوم سەلەم)ـەوە هاتووە: ((أن النبـي ﷺ قرأ في الصلاة بسم الله الرحمن الرحيم فعدها آية)). (ضعفه الذهبـي في التلخيص) کە پێغەمبەر ﷺ لە گشت نوێژەکانیدا لە سەرەتاى (فاتیحە)ـەوە (بسم الله..)ى دەخوێندو بە ئایەتێکى فاتیحەشى دادەنا. (ئیبن کەسیر) دەڵێ: (عەمرى کوڕى هاروونى بەڵخیى)ش ئەمە ریوایەت دەکا، بەڵام ڕیوایەتەکەى لاوازە، جا ئەو هاوەڵانەى لێیان دەگێڕنەوە کە (بسم الله..)یان بە ئایەتێک لە گشت سوورەتەکان داناوە بێجگە لە سوورەتى (بەرائەت)، ئەم بەڕێزانەن: (ئیبن عەباس، ئیبن عومەر، ئیبن زوبەیر، ئەبوو هورەیرە، عەلى ئەبى تالیب). لە پاشینانیش (تابعین): (عەتا، تاوس، سەعیدى کوڕى جوبەیر، مەکحوول، زەهرى، عبدالله ى کوڕى موبارەک ، شافیعیى، ئەحمەدى کوڕى حەنبەل، ئیسحاقى کوڕى راهوەیە، ئەبو عوبەیدولقاسم، ئیبن سەلام -ڕەحمەتى خودایان لێ بێ- بەڵام پێشەوا (مالیک و ئەبى حەنیفە)و، هاوەڵانیشیان دەڵێن: نە لە فاتحەو، نە لە غەیرى فاتحەدا ئایەت نییە.

جا ئاخۆ لەنوێژدا بەدەنگى بەرز دەخوێنرێ؟ یان بەدەنگى نزم و هێواش؟ بەڵێ ئەوانەى پێیان وایە ئایەتێک نیە لەسوورەتى فاتیحە، دەنگى بۆ بەرز ناکاتەوە، هەروەها ئەوکەسەش دەڵێ بەشێکە لەسەرەتاى فاتیحە، ئەوانەش کە دەڵێن بەشێکە لەسەرەتاى گشت سوورەتەکان لە نێو خۆیاندا قسەیان جیاوازە، پێشەوا شافیعیى و، زۆرێک لەهاوەڵان وەک: ( ئەبو هورەیرە، ئیبن عومەر، ئیبن عەباس، موعاویە، ئیبن عبدالبرّ و بەیهەقیى لە عومەرو عەلى)یەوە ئەیگێڕنەوە، وە لە ریوایەتێکى (غەریب)یشدا هاتووە کە هەر چوار خەلیفەکەش بەدەنگى بەرز لەنوێژا خوێندویانە. لە (تابعین)یشدا ئەم بەڕێزانە بەدەنگى بەرز خوێندوویانە: (سەعیدى ئیبن جوبەیر، عیکرەمە، ئەبو قەلابە، زەهریى، عەلى کوڕى حوسەین، موحەممەدى کوڕى عەلى، سەعیدى کوڕى موسەییەب، عەتا، تاوس، موجاهید، سالم، موحەممەدى کوڕى کەعبى قورەزیى، ئەبى بەکرى موحەممەدى کوڕى عەمرى کوڕى حەزم، ئەبى وائیل، ئیبن سیرین، موحەممەدى کوڕى مونکەدیر، عەلى کوڕى عبدالله ى کوڕى عەباس، موحەممەدى کوڕى نافیعى بەندەى ئیبن عومەر، زەیدى کوڕى ئەسلەم، عومەرى کوڕى عەبدولعەزیز، ئەزرەقى کوڕى قەیس، حەبیبى کوڕى ئەبى سابیت، ئەبى شەعسا، مەکحوول، عەبدوڵڵاى کوڕى مەعقیل، وە ئیمامى بەیهەقیى، عەبدوڵڵاى کوڕى سەفران و موحەممەدى کوڕى حەنیفەشى زیاد کردووە. بەڵگەشیان ئەوەیە کە:

(1) ئەبوو هورەیرە لەنوێژێکیدا بەدەنگى بەرز (بسم الله..)ى خوێند، کاتێکیش لێبوویەوە، وتى: ئەم نوێژەم پڕ بە پڕ وەکو نوێژى پێغەمبەر بوو ﷺ. نەسایى: كتاب الإفتتاح 2/134.

(2). ئیبن عەباس دەڵێ: پێغەمبەر ﷺ (بسم الله الرحمن الرحیم)ى بەدەنگى بەرز دەخوێند. (ئەبوو داود، ترمزیى).

(3) ئەنەسى کوڕى مالیک دەڵێ: لەشێوەى خوێندنەوەى پێغەمبەریان ﷺ پرسى: ئەویش وتى: ((كانتْ قِرَاءَتُهُ مَدّا، ثم قرأ (بسم الله الرحمن الرحيم) يَمُدُّ ببسم الله، ويمد بالرحمن، ويمد بالرحيم)). (رواه البخاري/ 4761).

 (4) لەتەک فەرموودەیەکى تریش کەپێشەوا (ئەحمەد) هێناویەتى. دەستەیەکیش دەڵێن: بە دەنگى بەرز ناخوێندرێ، ئەمەش راى هەر چوار خەلیفەکەو، عەبدالله ى کوڕى موغەففەل و خەڵکێکى ترە لەپێشینان و پاشینان. لە فەرموودەیەکى (متفق علیە)یشدا کە (ئەنەس) دەڵێ: (صَلَّيتُ خَلْفَ النبى ﷺ وأبي بكر وعمرَ وعثمانَ فكانوا يَسْتَفْتِحُونَ بالحمدلله رب العالمين)). (رواه البخاري/ 722) پێشەوا (موسلیم) یش ئەم ریوایەتەى دیکەى هێناوە: ((لايذكرون (بسم الله الرحمن الرحيم) فى أول قراءة، ولا فى آخرها)). (رواه مسلم/ 634) هەر وەکو ئیمامى (بوخاریى)ش هێناویەتى لە (كتاب الآذان،1/189. ئەمەى باسکرا بەڵگەى ئەو کەسەیە کە لەنوێژدا (بسم اللە..)ى بەدەنگى بەرز دەخوێنێ، ئەو کەسەش کە بەهێواش بیخوینێ، ئەوا نوێژەکەى هەردوولا دروستە، بەڵام خوێندنەوەى بە دەنگى نهێنى و هێواش لە رەوشتى پێغەمبەرو خەلیفەکانەوە نزیکترەو، فەرموودەى (متفق علیە)یشى لەسەرە.

والله أعلم

ئەحمەد كاكە مەحموود

بەروار2020/03/28سەردان 2210