حوکمى خوێندنی سورەى فاتیحە لە نوێژدا کاتێک ئیمام قورئان دەخوێنێ.؟

حوکمى خوێندنی سوورەتى فاتیحە لە نوێژى جەماعەتدا لەکاتێکدا کە ئیمام قورئان دەخوێنێ:

ئیمامى ئەحمەد لە (ئەبوو هورەیرە) دەڵێ: پێغەمبەر نوێژێکى بەدەنگى بەرز خوێندو، پاشان فەرمووى: ئەرێ هیچ کەسێکتان لەگەڵ من سوورەتى (فاتحە)و سوورەتى ترى خوێند؟ پیاوێک گوتى بەڵێ من خوێندم، فەرمووى: باشە! بۆ دەبێ لەگەڵ من قورئان بخوێنرێ ؟! واتە: ئێوە گوێ بگرن بۆ پێشنوێژەکە، ئەوسا خەڵکەکەش وازیان لە خوێندنى سوورەتى (فاتیحە)و قورئانى تر هێنا لەو نوێژانەدا بەدەنگى بەرز دەخوێنرێن. (عەبدوڵڵاى کورى موبارەک)یش دەڵێ: لە نوێژە (جەهرییە)کاندا، نابێ (مەئمووم) هیچ شتێک بخوێنێ، ئیمامى (مالیک)و، ئیمامى (شافیعی) لە قەولى (قەدیم)یداو، ڕیوایەتێک لە ئیمام (ئەحمەد)یشەوە هەروا دەڵێن، بەڵام (ئەبوحەنیفە)و ئیمامى (ئەحمەد) دەڵێن: (مەئمووم) هەر نوێژێک (جەهریى، یان سڕیى) بەکۆمەڵ بیکات (قیرائە)ى لەسەر نیە، بەڵام ئیمامى (بوخاریى) دەڵێ: هەموو کاتێک (قیرائە)ى لەسەرە، (ئیبن جەریر)یش دەڵێ: مەبەست لەم کڕوو بێ دەنگیە لەکاتى خوێندنى قورئاندا: کڕوو بێدەنگییە لەکاتى نوێژو وتارەکانى جەژنى قوربان و، جەژنى رەمەزان و، رۆژى هەینیدا، چونکە فەرموودە هەیە فەرمان دەدا کە لەپشت پێشنوێژو، لەکاتى وتارەکاندا بێدەنگ بن .

ئەحمەد كاكە مەحموود

والله أعلم

بەروار2020/03/28سەردان 2839