بڵندبوونەوە بۆ سەر عەرش.!

بڵندبوونەوە بۆ سەر عەرش.!

(ثُمَّ إسْتَوَى عَلَى الْعَرْشِ)لە پاشان بڵندبوویەوە بۆ سەر عەرش. بە بڵندبوونەوەیەک شاییستەى زاتى خۆیبێت. (أيْ: استواءً يَلِيْقُ بِجَلاَلِهِ مِنْ غَيْرِ تَشْبِيهٍ وَلاَ تَمْثِيلٍ ولاَ تَعْطِيْلٍ ولاَ تَحْرِيْفٍ كَمَا هُوَ مَذْهَبُ السَّلَفْ..). واتە: بڵندبوونەوەیەک کە شاییستەى پلەو مەقامى خودا بێت، بەبێ هیچ جۆرە لێکچواندنێک و هاوشێوەییەک بۆ خودا، یان ڕەتکردنەوەى سیفاتگەلێک بۆ خودا، یان گۆڕانکاریی لە ناوو سیفاتى خودادا بکرێ، ئەمەش مەزهەب و پێڕەوى سەلەفى ساڵحە. خواش لە قورئاندا (7)جار باسى (ئیستوا)ى خۆی بە بڵندبوونەوە بۆ سەر (عەرش) کردووە، سوورەتى: (یونس: 3)، (ئەعراف: 54)، (رەعد: 2)، (طه: 5)، (فورقان: 59)، (سوجدە: 4)، (حەدید: 4)، جگە لەوەش کە لە سوورەتى (بەقەرە)دا [ثم استوى إلى السماء..] هاتووە. بۆ زانیارى زیاتر لە سوورەتى (بەقەرە: ئایەى 29و ئەعراف: ئایەى 54) سەبارەت بەم مەسەلەیە زیاتر دواوین، دەتوانن بچنەوە ئەوێ.

 لە بوخاریى و موسلیمیشدا چەندین فەرموودە هاتووە سەبارەت بە ماناى بێژەى (عرش)، لەوانە:

1- ((لَمَّا خَلَقَ اللًّهُ الخَلْقَ كَتَبَ في كِتابِهِ وهو يَكْتُبُ علَى نَفْسِهِ وهو وضْعٌ عِنْدَهُ علَى العَرْشِ إنَّ رَحْمَتي تَغْلِبُ غَضَبِي)). (صحيح البخاري، كتاب التوحيد، باب قول الله تعالى: ويحذركم الله نفسه، حديث: ‏6990‏، صحيح مسلم، كتاب التوبة، باب في سعة رحمة الله تعالى وأنها سبقت غضبه،حديث: ‏5045‏. باختلاف يسير). واتە: کاتێک خودا درووستکراوەکانى درووستکردو لێبوویەوە، لە کتێبەکەى خۆی لەسەر خودى خۆی نووسی، کە نووسراوەکەش لەسەر عەرش بوو، بێگومان بەزەیی و سۆزى من پێش تووڕەبوونمە.

2- ((..وكانَ عَرْشُهُ علَى الماءِ، وبِيَدِهِ المِيزانُ يَخْفِضُ ويَرْفَعُ..)). صحيح البخاري، كتاب تفسير القرآن، سورة البقرة، باب قوله: وكان عرشه على الماء، حديث: ‏4415‏. واتە: عەرشی خودا لەسەر ئاو بوو، وە تەرازووى داد هەر بەدەست ئەوەوەیە، نەوی دەکات و بەرزیش دەکاتەوە.

3- ((..كانَ اللّهُ ولَمْ يَكُنْ شيءٌ غَيْرُهُ، وكانَ عَرْشُهُ علَى المَاءِ)). واتە: خودا هەبوو، بێجگە لەو هیچ شتێکى دى نەبوو، وە عەرشی خودا لەسەر ئاو بوو. صحيح البخاري، كتاب بدء الخلق، باب ما جاء في قول الله تعالى: وهو الذي يبدأ، حديث: ‏3035‏. زمانناسەکانیش دەڵێن: هەرکات بیژەى (على) بە دواى وشەى (إستواء)دا هات، ئەوە تەنها ماناى بەرزیى و بڵندیى (العلو والإرتفاع) دەبەخشێت. بەڵێ.. دەبێ موسڵمان هەر بەو جۆرە کە خوا خۆى باسیکردووە بڕوای بە سیفەتەکانى هەبێ، ئیتر بێ هیچ شوبهاندن و گۆڕین و دەستکاریى و لە کار خستنیان، هەر بۆیە پێشەوا (مالیک) -خوا لێى ڕازى بێت- کاتێ لێى دەپرسن بۆ ماناى (إستوى)، دەڵێت: (الإستواء معلوم والكيف مجهول، والإيمان به واجب، والسؤال عنه بدعة). واتە: بڵندبوونەوەو بەرزبوونەوەى خودا زانراوە، چۆنیەتییەکەى نادیارە، باوەڕبوون پێیشی واجبە، وە پرسیارکردنیش لە بارەیەوە بیدعەو داهێنانە لە دیندا. پێشەوا (ئەحمەد)یش - خوا لێی ڕازى بێت- دەڵێت: (لا يوصف الله إلا بما وصف به نفسه أو وصفه به رسوله s، لايتجاوز القرآن والحديث، وهذا هو مذهب السلف). واتە: خودا وەسف ناکرێ بە شتانێک ئیللا بەو وەسفانە نەبێت کە خۆی یان پێغەمبەرەکەى خۆی پێ وەسف کردبێت، وە زیاد لە قورئان و فەرموودە ناڕۆین. جا کەوابوو هەرگیز ناگونجێ و ناڕەوایە کە ماناى سیفەتە جوانەکانى خوا تەفسیر بکرێنەوە، لەسەر ئەو بناغەیە نەبێت، کە خوا خۆى، یان پەیامبەرەکەى s ڕاڤەیان کردبێت. (سەلەف)یش هەر ئاوایان لێکردووە، بۆیە ئێمەیش دەڵێن: (نؤمن باستواء يليق بجلاله وعظمته من غير أن نمثل استواء كاستواء أحد من خلقه). واتە: باوەڕمان بە بڵندبوونەوەیەک هەیە کە شاییستەى شکۆو مەقامى خودا بێت، بەبێ هیچ جۆرە چواندنى بڵندبوونەوەى خودا بە بڵندبوونەوەى درووستکراوێکییەوە. جا بۆ زیادە ئاگاداریى لە (ئەسما)و (صفات) سەیرێکى کتێبى (لالەکایى) بەرگى 2/429. چاپى (1997) بکرێ، لەگەڵ تەفسیرى سوورەتى (ئەعراف).


ئەحمەد كاكە مەحموود


بەروار2020/03/28سەردان 755