دیداری به‌رێز مامۆستا صلاح الدین محمد


دیداری ماڵپه‌ری مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ محمود له‌گه‌ڵ به‌رێز مامۆستا سه‌لاحه‌دین محمد به‌هائه‌دین

1- پرسیار: ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حمود ناوێكی‌ دیاری‌ ناو ڕابوونی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان، زانایه‌كی‌ روناكبیرو كه‌سایه‌تییه‌كی‌ سیاسی‌و سه‌ركرده‌یه‌كی‌ مه‌یدانی‌ بوو، پێتان وانیه‌ له‌ده‌ستدانی‌ ئه‌م زاناو سه‌ركردانه‌ بۆشاییه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌ناو ڕیزی‌ مسوڵماناندا دروست ده‌كات‌و به‌ئاسانی‌ پڕنابێته‌وه‌؟

وه‌ڵام: بسم الله الرحمن الرحیم. الحمد لله والصلاه‌ والسلام علی‌ رسول الله محمد وا‌له المهتدین بهداه.

 بێ‌ گومان له‌ده‌ست دانی‌ مامۆستا احمد له‌ ده‌ستدانی‌ زانایه‌كی‌ شاره‌زا وكه‌سایه‌تیه‌كی‌ دڵسۆزی‌ ئیسلام وموسوڵمانانی‌ كوردستانه‌ .. به‌ڵام كۆچ كردن سونه‌تی‌ خوایه‌ بۆ هه‌موو گیانله‌به‌رێك وهه‌مومان ئه‌ینۆشین .. بۆیه‌ باسمان له‌وه‌بێ‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ خه‌ساره‌تانه‌ پڕبكرێته‌وه‌ وجۆن نمونه‌ی‌ مامۆستای‌ مه‌رحوم دوباره‌ ببنه‌وه‌ وئه‌و رێباز وبه‌رنامه‌ جوانه‌ی‌ درێژه‌ بدا به‌ كار وكاروانی‌.

2- پرسیار: بانگه‌وازو هیجره‌ت‌و جیهاد سێ‌ لایه‌نی‌ پێكهێنه‌ری‌ ئیسلامییه‌، پێتان وایه‌ ئه‌م لایه‌نانه‌ له‌ ژیانی‌ مامۆستادا ره‌نگی‌ دابوویه‌وه‌؟

وه‌ڵام: بێ‌ گومان مه‌رحوم بانگخوازێكی‌ سه‌ركه‌وتوو بو له‌ روانگه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ زانا ونوسه‌رێكی‌ شاره‌زای‌ بیری‌ ئیسلامی‌ بوو .. هه‌روه‌ها پله‌ی‌ هیجره‌ت وئاواره‌یی‌ له‌ سه‌ر ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ پێ‌ به‌خشرا .. به‌رده‌وامیش له‌ خه‌بات وتێكۆشاندا بوو به‌ هه‌موو شێوازه‌كانی‌ تێكۆشان وجیهاد .. داواكارم خوای‌ گه‌وره‌ لێی‌ وه‌رگرێ‌ وپاداشتی‌ بداته‌وه‌ ..

3- پرسیار: مامۆستا بانگه‌وازی‌ خۆی‌ له‌ دوانگه‌ی‌ مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ ڕاگه‌یاندو وتاره‌كانی‌ هه‌ینی‌و بۆنه‌كان شوناسێكی‌ ناوازه‌ی‌ به‌م زانا سه‌ركرده‌یه‌ به‌خشی‌، قۆناغی‌ بانگه‌وازو چالاكی‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د له‌م لایه‌نانه‌وه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟

وه‌ڵام: بێ‌ گومان زانا ووتار خوێنێكی‌ سه‌ركه‌وتوو بو مافی‌ مینبه‌ری‌ دابو ، ووتاره‌كانی‌ هه‌ینی‌ وبۆنه‌كان شایه‌تن له‌سه‌ر ئه‌و توانا ولێ‌ هاتنه‌ .. به‌ رای‌ من له‌و بواره‌دا پێشه‌نگ بوو ، ئه‌م قۆناغه‌ی‌ سه‌ركه‌وتوو ترین قۆناغی‌ ژیانی‌ بوو ..

4- مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د یه‌كێك بوو له‌ عه‌له‌مدارانی‌ جیهادو دامه‌زرێنه‌رانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌، كاریگه‌ریی‌ ئه‌م سه‌ركرده‌ ئیسلامییه‌ له‌سه‌ر ڕه‌وتی‌ ئیسلامیی‌ جیهادی‌ كوردستان چۆن‌و له‌چ ئاستێكدا بووه‌؟

وه‌ڵام: باسی‌ كاریگه‌ری‌ ئه‌و له‌ ره‌وتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیدا ئه‌مان بات بۆ باسی‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ كاروباری‌ بزوتنه‌وه‌ كه‌ لێره‌ شوێنی‌ نیه‌ .. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ ئه‌وه‌وه‌بوو به‌رای‌ من ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌كی‌ دڵسۆز وخۆنه‌ویست ولێ‌ بڕاو بوو ئه‌گه‌ر چی‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر تێكڕای‌ ره‌وتی‌ بزوتنه‌وه‌ زۆر به‌رچاو نه‌ده‌كه‌وت وله‌ قۆناغه‌ جیاكانی‌ كاروانه‌كه‌دا له‌ پێشه‌وه‌ بوو به‌ڵام ئه‌ندازه‌ی‌ كاریگه‌ری‌ له‌ پێشه‌وه‌ نه‌بوو له‌به‌ر تایبه‌تمه‌ندی‌ بزوتنه‌وه‌ وپێكهاته‌كه‌ی‌ وبارودۆخه‌ زاتی‌ وبابه‌تیه‌كانی‌ ..

5- پرسیار: په‌یامتان بۆ هه‌واداران‌و قوتابیانی‌‌و هاوڕێبازانی‌ چییه‌؟

وه‌ڵام: بێ‌ گومان په‌یامی‌ ئێمه‌ بۆ گشت برا وخوشكانی‌ وهاورێبازی‌ ئه‌و مامۆستا مه‌رحومه‌ ئه‌وه‌یه‌ یادی‌ چاكه‌كانی‌ بكه‌نه‌وه‌ وبه‌خێر ناوی‌ بهێنن وپه‌ند وعیبره‌ت له‌ مێژووی‌ ته‌مه‌نی‌ وه‌رگرن وبه‌وه‌فابن بۆ ئه‌و رێباز وبه‌رنامه‌یه‌ی‌ كه‌ ئه‌و له‌سه‌ری‌ ژیاو له‌سه‌ری‌ رۆیشت كه‌ خزمه‌ت به‌ ئیسلام وبه‌ گه‌لی‌ موسوڵمانی‌ كوردستانه‌ ..


 صلاح الدین محمد بها‌ءالدین
ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامیی - هه‌ولێر


29-1-2008 به‌ده‌ستمان گه‌یشتووه‌
 

بەروار2020/03/28سەردان 1365