(لاَ يَمَسُّهُ إِلاَّ الْمُطَهَّرُونَ) کەس دەستى لێنادات، فریشتەکان نەبێت، ئەم ئایەتە وەڵامێکە بۆ ئەو بتپەرستانەى پێیان وابوو قورئان شەیاتین دەیهێنێ بۆ پێغەمبەر، نەک فریشتە، (سەید قوتب) دەڵێ: ئەم مانایە ئاشکراو ڕوونترە بۆ مانا دانەوەى
(لاَ يَمَسُّهُ إِلاَّ الْمُطَهَّرُونَ)، چونکە بیژەى (لا) بۆ (نەفى)یە، نەک بۆ (نەهى)، ئەوەتا لە ڕووى زەویدا هەموو کەسێک دەستى تێوە دەدات: چاک و خراپ، بروادارو بێ بڕوا، ئەگەر نەهى بووبا دەبوو هیچ کەسێکى تر نەیتوانیبا دەستى تێوە بدات، ئایەتى:
(تَنزِيلٌ مِنْ رَبِّ الْعَالَمِينَ)یش پشتگیرى ئەو مەبەستە دەکات. (تَنزِيلٌ مِنْ رَبِّ الْعَالَمِينَ) لە لایەن پەروەردگارى جیهانەکانەوە دابەزێنراوەتە خوارەوە. دەستەیەک لە زانایان وەک (عەلى کوڕى ئەبوتالیب و ئیبنى مەسعوود و سەعد و، کۆمەڵێکیش لە پێشەواکان (مالیک و شافیعى) پێیان وایە بێ دەست نوێژ نابێ دەست بە قورئانەوە بدرێت، دەستەیەکى تریش وەک (ئیبن عەبباس و شەعبیى و ئەبووحەنیفە)و هەندێکیتر لە زانایان دەڵێن: دەستدان بە قورئانەوە بێ دەستنوێژ ڕەوایە. (ئیبن کەسیر)یش بۆ بەڵگەى ئەوە کە ڕەوا نیە بێ دەست نوێژ دەست بدرێت بە قورئانەوە دوو فەرموودەى هێناوە، بەڵام دواتر دەڵێ: (وفي إسناد كل منهما نظر، والله أعلم) واتە: لە سەنەدى هەردوو فەرمودەکاندا تێبینى هەیە!! کەوابوو ڕەوایە دەست دان لە قورئان بەبێ دەست نوێژ، هەرچەند جوانترو باشتر وایە دەستنوێژت هەبێ.!
والله أعلم.
ئەحمەد كاكە مەحموود