نەسخ و لە کارخستن لە قورئاندا.؟


 جوولەکەو هاوەڵدارەکان دەیانگوت: سەیرى موحەممەد ناکەن چۆن ئەمڕۆ شتێک دەڵێ و، سبەینێ شتێکى تر؟! خواى گەورە لەوەڵامیاندا فەرمووى: (مَا نَنْسَخْ مِنْ آيَةٍ أَوْ نُنْسِهَا) ئێمە لەقورئاندا هەر ئایەتێک بسڕینەوەو لەکارى بخەین، یان فەرامۆشى بکەین و لەبیرى ببەینەوە (نَأْتِ بِخَيْرٍ مِّنْهَا أَوْ مِثْلِهَا) ئێمە لەباتى ئەوە، ئایەتێکى چاکتر و ئاسانتر، یان هەر وەکو ئەو دەخەینە جێى، تا لەپاشە رۆژدا ببێ بەمایەى پاداشتى گەورەترو زیاتر، (تەبەریى) بۆ لەکارخستنى ئایەتەکان و گۆڕینیان، چەند نموونەیەک دێنێتەوە:

یەکەم: گۆڕینى قورس بۆ ئاسان، وەک لابردن و سڕینەوەى شەو نوێژ لەسەر موسڵمانان.

دووەم: گۆڕینى ئاسان بۆ قورس، وەک گۆڕینى چەند رۆژێ ڕۆژوو- کە لەسەرەتاوە هەبوو- بۆ ڕۆژووى مانگێکى رەبەق، ئەمە هەرچەندە قورسترە، بەڵام لەرووى پاداشتەوە گەورەترو باشترە.

سێیەم: گۆڕین و سڕینەوەى بڕیارێک بۆ بڕیارێکى تر وەکو خۆى، وەک گۆڕینى رووگە لە (بیت المقدس)ـەوە بۆ(کەعبە).

خواى گەورە سەیرى بەرژەوەندى خەڵکى خۆى دەکا،چاک دەزانێت کە ئەمڕۆ بڕیارێک زۆر لەبارو گونجاوە، بەڵام بۆ سبەینێ نەگونجاوە، ئەوسا ئەویش بە فەزڵى خۆى دەیسڕێتەوە، چونکە: (ألم تعلم أن الله على كل شىء قدير) مەگەر نەتزانیوە کە خواى گەورە بەسەر هەموو شتێکدا بەتواناو دەسەڵاتدارەو هەرچیش بکات دەیکات، ئەمڕۆ بڕیارێکە، بۆ سبەینێ بریارێکى ترە ( ألم تعلم أن الله له ملك السموات والأرض) ئایا نەتانزانیوە کە بێ سۆ دەسەڵاتدارێتى و موڵکایەتى گشت ئاسمانەکان و زەوى هەر بۆ خوایە؟ ( وما لكم من دون الله من ولي ولانصير ) و دیارە بێجگە لە خواش، هیچ یاوەرو کۆمەک کارێکتان نیە بێ بە هاوارو هاناتانەوە. ئەم مەسەلەى (نەسخ) و سڕینەوەیە، لەکۆنەوە بۆتە هەراو کێشەى ناو زانایان و، کتێب و نووسراوى زۆریان تێدا نووسیوەو، هەر یەکە بەبارى ڕاو بۆچوونى خۆیدا رایدەکێشێ و، پەسەندى دەکات، ئەگەرچى لە کتێبەکانى خۆماندا دەڵێن: جەماوەرى زانایان لەسەر ئەوەن کە: نەسخ لە (ئەوامیرو نەهییدا) هەیە، قورتبیى دەڵێ: (أنكرت طوائف من المنتمين للإسلام المتأخرين جوازه وهم محجوجون بإجماع السلف على وقوعه في الشريعة الإسلامية).

والله أعلم

ئەحمەد كاكە مەحموود

 

بەروار2020/03/25سەردان 1836