دیداری‌ به‌رێز كاك دكتۆر ئیبراهیم طاهر معروف

دیداری‌ به‌رێز كاك دكتۆر ئیبراهیم طاهر معروف

بسم الله الرحمن الرحیم
الحمد لله والصلاة والسلام علی‌ رسول الله وعلی‌ آله وصحبه ومن سار علی‌ نهجه وتمسك بسنته إلی‌ یوم الدین.

- من به‌ڕێز جه‌نابی‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حمودم ناسی‌ له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌ له‌ ساڵی‌ 1992 ز، به‌ڵام پێشتر له‌ ڕێگای‌ نووسینه‌كانی‌ ئاشنایه‌كی‌ ته‌واوم هه‌بوو به‌ كه‌سایه‌تی‌ وپله‌ی‌ زانستیی‌ و ڕۆشنبیری‌ ئه‌و كه‌ڵه‌ پیاوه‌. له‌ كاتی‌ بوونمان له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌ و به‌تایبه‌تی‌ كاتی‌ بوونمان له‌ ناوچه‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ زۆر له‌ جه‌نابی‌ مامۆستا نزیك بووم، چونكه‌ باوه‌ڕم به‌ بیرو بۆچوونه‌كانی‌ هه‌بوو، متمانه‌و سیقه‌ی‌ ته‌واوم هه‌بوو به‌ شاره‌زایی‌ مامۆستا له‌ بواره‌ جیاكانی‌ فیقهی‌ ئیسلام و مه‌زهه‌به‌كانی‌، هه‌روه‌ها له‌كاتی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ پرسیاره‌كانی‌ خه‌ڵك پله‌ی‌ شاره‌زایی‌ و تێگه‌یشتنی‌ قووڵی‌ جه‌نابی‌ مامۆستا بۆ بواره‌ جیاجیاكانی‌ زانستی‌ ئیسلام زیاتر ده‌رده‌كه‌وت. ئه‌و كه‌سه‌ی‌ كتێبه‌كانی‌ جه‌نابی‌ مامۆستای‌ خوێندبێته‌وه‌ پاكی‌ عه‌قیده‌و شاره‌زایی‌ مامۆستای‌ بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ی‌ فه‌تواكانیشی‌ خوێندبێته‌وه‌ ئه‌وا پله‌ به‌رزی‌ مامۆستای‌ بۆ ده‌رده‌كه‌وێت له‌ بواری‌ فیقهی‌ ئیسلامیی‌ به‌ هه‌موو مه‌وهوبه‌ جیاجیاكانیه‌وه‌، هه‌روه‌ها شاره‌زایی‌ له‌ ڕای‌ زانایانی‌ سه‌رده‌میش هه‌بوو. له‌ زۆر بوارو له‌زۆر مه‌سائیلدا جه‌نابی‌ مامۆستا ده‌یتوانی‌ به‌ ئیجتهادی‌ خۆی‌ وه‌ڵامی‌ دڵنیای‌ پڕ له‌ زانست وڕای‌ زانایان بداته‌ خاوه‌ن پرسیاره‌كه‌. زۆر جار به‌ جه‌نابی‌ مامۆستام ده‌وت كه‌وا ئه‌م وه‌ڵامه‌ فیقهیانه‌ هه‌مووی‌ كۆ بكاته‌وه‌و بیخاته‌ تۆی‌ كتابێكی‌ سه‌ربه‌خۆ، له‌ وه‌ڵامدا ده‌یوت من هێشتا نه‌متوانیووه‌ ته‌فسیره‌كه‌ی‌ قورئان بگه‌یه‌نمه‌ چاپ، كه‌لای‌ من زۆر گرنگتره‌ له‌ هه‌موو نووسینه‌كانی‌ ترم. به‌ڵام سوپاس بۆ خوا ته‌فسیره‌كه‌ی‌ كه‌وته‌ بازارو به‌رده‌ستی‌ خوێنه‌رانی‌ به‌ شێوه‌یه‌كی‌ زۆر نایاب و وخه‌ت و دیزانه‌كی‌ زۆر جوان.

 - جه‌نابی‌ مامۆستا له‌ سه‌ره‌تای‌ سه‌ر هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ بیری‌ جیهادو تێكۆشان له‌ ساڵانی‌ هه‌شتاكان ڕۆڵێكی‌ زۆر كاریگه‌ری‌ هه‌بوو له‌و بوژانه‌وه‌و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌، ئه‌ویش به‌ دوو شێوه‌ بوو، یه‌كه‌میان: شێوه‌یه‌كی‌ به‌رفراوان و گشتگیر بوو له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی‌ كوردستان له‌ ڕێگه‌ی‌ نووسینه‌كانی‌ و بڵاوبوونه‌وه‌یان به‌ناو گه‌نجه‌كان، دووه‌میان: زیاتر ناوچه‌یی‌ بوو له‌ ڕێگه‌ی‌ ووتاره‌كانی‌ هه‌ینی‌ و كاتی‌ بۆنه‌ ئایینیه‌كان و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، كه‌ زۆربه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ سوودیان لێوه‌رده‌گرت و دوایی‌ له‌ ڕێگه‌ی‌ كاسێت بڵاو ده‌بۆوه‌ ناو جه‌ماوه‌ر.
ئه‌و هه‌وڵانه‌ی‌ جه‌نابی‌ مامۆستا بۆ گۆشكردنی‌ جه‌ماوه‌ر به‌گشتی‌ و گه‌نجه‌كان به‌تایبه‌تی‌ له‌سه‌ر تێكۆشان دژی‌ زاڵم و سته‌مكاران و وه‌ستان به‌رامبه‌ریان و خزمه‌ت نه‌كردنیان، ئه‌وه‌ باشترین شێوه‌ی‌ جیهاد و تێكۆشان بوو كه‌ مامۆستا ئه‌نجامی‌ ده‌دا دژی‌ ڕژێمی‌ به‌عسی‌ سته‌مكار. كاتی‌ كۆچ كردنی‌ زانایان و پیاوماقولاَن و خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ بۆ سه‌ر سنووره‌كان مامۆستا پێشه‌نگی‌ كۆچكاران بوو، پاشان به‌رده‌وام بوو له‌ خه‌بات وتێكۆشان تاوه‌كو ڕاپه‌ڕین، له‌و چه‌ند ساڵه‌شدا مامۆستا هه‌رده‌م له‌گه‌ڵ یه‌كڕیزیی‌ و برایه‌تیی‌ و ته‌بایی‌ بوو، له‌گه‌ڵ جه‌نابی‌ مامۆستا مه‌لا عوسمان (ڕابه‌ری‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلام)یش ڕێزو خۆشه‌ویستیه‌كی‌ زۆر تایبه‌ت و به‌رزی هه‌بوو.  

 - ئه‌وه‌ی‌ گرنگ بوو جه‌نابی‌ مامۆستا ئیسلامیی‌ زۆر به‌ گشتگیری‌ وه‌رگرتبوو، چونكه‌ له‌كاتی‌ خه‌باتی‌ چه‌كداری‌ وازی‌ نه‌هێنابوو له‌ كاری‌ بانگه‌وازو نووسین و پێگه‌یاندنی‌ ڕۆڵه‌ی‌ باوه‌ڕدارو خه‌باتگێر، هه‌روه‌ها به‌رده‌وام بوو له‌ فێركردنی‌ قوتابیان به‌ زانسته‌ شه‌رعیه‌كان. چونكه‌ له‌و باوه‌ڕه‌ دابوو كه‌وا ده‌بێ‌ ده‌ستی‌ قه‌ڵه‌م و چه‌ك هاوشانی‌ یه‌كتری‌ بن له‌ خه‌باتكردندا ئه‌گینا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست نایه‌ت.

 - جه‌نابی‌ مامۆستا هه‌روه‌ك چۆن له‌ناو بزووتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ برایه‌تی‌ و ته‌بایی‌ ویه‌كڕیزیدا بوو،  ئه‌وا به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ كاری‌ ڕامیاریی‌ و په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی‌ تری‌ ناو كوردستان هه‌مان بیروو بۆچوونی‌ هه‌بوو، چونكه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دابوو كه‌وا كوردستان موڵكی‌ هه‌مووانه‌و به‌هه‌موویانه‌وه‌ جوانه‌، جێگه‌ی‌ هه‌مووان ده‌بێته‌وه‌،  به‌ هه‌موویانه‌وه‌ ئینجا ده‌توانن به‌ڕێوه‌ی‌ ببه‌ین. هه‌روه‌ها جه‌نابی‌ مامۆستا یه‌ك خاسیه‌تی‌ تری‌ هه‌بوو له‌ زۆر كۆبوونه‌وه‌كان داكۆكی‌ ده‌كرد له‌ خزمه‌ت گه‌یاندن به‌ ناوچه‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان، چونكه‌ ده‌یگووت ئه‌و ناوچه‌یه‌ زۆر خزمه‌تی‌ شۆڕشه‌كانی‌ كوردو لایه‌ن و پارته‌ ڕامیاریه‌كانی‌ كردووه‌، هه‌روه‌ها وه‌ك ناووكێك بووه‌ بۆ ناسینی‌ كێشه‌ی‌ كورد به‌ جیهان و هێنه‌ پێشه‌وه‌ی‌ دۆسیه‌ی‌ كورد له‌ دانوساندنه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان، بۆیه‌ خزمه‌ت گه‌یاندن به‌و ناوچه‌یه‌ به‌ ئه‌ركێكی‌ سه‌رشانی‌ خۆم و هه‌موو شورشگێرێك ده‌زانم.

 - له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێم: خه‌بات و ماندوو بوون و هه‌وڵه‌كانی‌ ئه‌و زانایه‌ زۆر به‌ نرخ هه‌ڵده‌سه‌نگێنم و داواكارین خوای‌ گه‌وره‌ پاداشی‌ خێری‌ بداته‌وه‌و به‌به‌هه‌شتی‌ پان و به‌رینی‌ خۆی‌ شادی‌ بكات وبیگه‌یه‌نێته‌ پله‌ی‌ شه‌هیدان و پیاوچاكان و موجاهیدانی‌ ناو ئوممه‌تی‌ ئیسلامیی‌.

 - وه‌هیچ گومانیش له‌وه‌ نیه‌ كه‌وا وه‌فات كردنی‌ پیاوێكی‌ ئاوا بیر كراوه‌و ڕۆشنبیرو نووسه‌رو موفه‌سیر كاریگه‌ری‌ ده‌بێت له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی‌ موسڵمانان و خه‌ڵكی‌ كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ ئیسلامیی‌ و ئه‌وانی‌ تر، به‌ڵام مامۆستاش له‌و ماوه‌یه‌دا خه‌ڵكان و قوتابیانی‌ زۆری‌ په‌روه‌رده‌ كردووه‌، كه‌وا شوێنی‌ ئه‌و بگرنه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ شوێن گرتنه‌وه‌ به‌ واتایه‌كی‌ ته‌واو زۆر زه‌حمه‌ته‌، به‌ڵام به‌ چاپ گه‌یاندنی‌ نووسینه‌كانی‌ و فه‌تواكانی‌ ووته‌و ووتاره‌كانی‌ تا ڕادده‌یه‌كی‌ باش ئه‌و كه‌لێنه‌ پڕ ده‌كاته‌وه‌. هه‌زاران ره‌حمه‌ت بۆ گیانی‌ مامۆستای‌ به‌ڕێزمان وبرای‌ خۆشه‌ویستمان جه‌نابی‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حمود. هیوادارم خوای‌ گه‌وره‌ له‌ ته‌مه‌نی‌ نه‌وه‌كانی‌ زیاد بكات بۆ خزمه‌تی‌ ئیسلام وته‌واو كردنی‌ ڕێگه‌ی‌ باوك وباپیریان.
[ من المؤمنین رجال صدقوا ما عاهدوا الله علیه فمنهم من قضی‌ نحبه ومنهم من ینتظر وما بدلوا تبدیلاً]

 والسلام علیكم ورحمة الله وبركاته

د. إبراهیم طاهر معروف - هه‌ولێر 9/2/ 2009

بەروار2020/03/30سەردان 679