هاتنی دەعباکە (دابة الأرض).؟

 
یەکێکە لە نیشانە گەورەکانی ڕۆژی قیامەت. (سەیید قطب) – خوا لێی خۆش بێت – دەڵێت: لە گەلێ فەرموودەدا باسی (دابة الأرض) هاتووە، ئەگەرچی هەندێکیشیان ڕەوان و پەسەندن، بەڵام هیچ شێوەیەکی ئەو (دابە)یە باس ناکەن، جا لەبەر ئەوە پشت بەو فەرموودانەی دیکەش نابەسرێ کە دەڵێن: درێژی ئەو (دابة الأرض)ـە (60) گەزە، پەڕو باڵا و سمی هەیە! ڕیشی هەیە! سەری وەک سەری گایە، چاوی وەک چاوی بەرازە، شاخی وەک شاخی بزنە کێوییە، مل و کلکی وەک بەران وایە، پێى وەک پێی وشترە.. هتد،  بەداخەوە زۆربەی (موفەسیرین) بێ سێ و دوو ئەو جۆرە شتانەیان هێناوە، بەڵام ئێمە ناتوانین جێ پێیان هەڵگرین و پێیان قایل ببین، چونکە هیچ دەقێکی بڕوا پێکراو نیە کە ئەو قسانە بسەلمێنێ، تەنها ئەوەند هەیە کە (دابة الأرض) یەکێکە لە نیشانە گەورەکانی ڕۆژی قیامەت، وەک پێغەمبەر دەفەرموێ: ((لا تقوم الساعة حتى تروا عشرآيات: طلوع الشمس من مغربها، والدخان، والدابة، وخروج يأجوج ومأجوج، وخروج عيسى ابن مريم، والدجال، و ثلاثة خسوف: خسف بالمغرب، وخسف بالمشرق، وخسف بجزيرة العرب، ونار تخرج من قعر عدن تسوق – أو: تحشر – الناس، تبيت معهم حيث باتوا، وتقيل معهم حيث قالوا)).(صحيح مسلم، كتاب الفتن وأشراط الساعة، باب في الآيات التي تكون قبل الساعة، حديث : ‏5271) واتە: ڕۆژی قیامەت بەرپا نابێت تا دە (10) بەڵگەو نیشانە نەبینن.. هەڵهاتنی خۆر لە خۆرئاواوە، هاتنی (دابة الأرض)یشی لەو دە بەڵگانە ژمارد، (ئیبنی کەسیر) دەڵێ: ئەم (دابة الأرض)ـە لە ئاخرو ئۆخری دونیاوە پەیدا دەبێ، کاتێ کە خەڵک دەبێتە فەسادکارو ئایینی ڕاستى خوا دەگۆڕنەوە بە ڕێچکەو بیردۆزى مرۆڤ کردەکان، هەندێ دەڵێن: لە مەککەدا سەرهەڵ دەدا، هەندێکی دیکە دەڵێن: لە نزیکی شاری مەککەوە، (ئیبن عەباس) دەڵێ: لە دەوروو بەرى دۆڵەکانی (توهامە)دا دەبێ. (تەبەریى) دەڵێ: ئەو داببەیە پەیدا دەبێ و قسە لەگەڵ خەڵک دەکاو دەڵێ: (إن الناس كانوا بآياتنا لا يوقنون).

 والله أعلم.

ئەحمەد كاكە مەحموود

 

 

 

بەروار2020/03/25سەردان 1753