شەفاعەت لاى ئەهلى سووننە.؟


شەفاعەت لاى ئەهلى سووننە:

(لالەکایى) لە کتێبى (شرح أصول إعتقاد أهل السنة والجماعة) بەرگى 3 لاپەڕە (1160)دا دەڵێت: مەسەلەى شەفاعەت و تکاى پەیامبەر ﷺ لە ڕۆژى قیامەتدا بەم جۆرەیە: دیارە کە خواى گەورە پێش هەمووشتێک، خۆى لەم سوورەتانەدا باسى شەفاعەت دەکات، بۆ نموونە سوورەتى: (زومەر/ 44، بەقەرە/ 255، یوونس/ 3، نەجم/ 26، نەبەء/ 38، سەبەء/ 23، مەریەم/ 87، ئەنبیاء/ 28، تاها/109). ئەوجا زاناکان ئەو ئایەتانەى کە ددان بە شەفاعەتدا نانێن کۆیان کردوونەتەوەو یەکیان خستوون.، بێجگە لەو ئایەتانەش چەندین فەرموودەى ڕاست و ڕەوان هەیە بۆ پشتگیرى لە بوونى شەفاعەت، وەکو دەفەرموێ: ((إن لكل نبيٍ دعوةً مُسْتَجابَةً، وإني أُحِبَّ أن أَدّخِرَ دعوتِي شفاعةً لأمتي يوم القيامة)). (صحيح البخاري، كتاب الدعوات، باب: لكل نبي دعوة مستجابة، حديث : ‏5953) واتە: بەڕاستیى هەموو پێغەمبەرێک داواو داخوازییەکى قبووڵکراوى لاى خوا هەیە، منیش پێم خۆشە ئەو داوایەى خۆم بکەمە زەخیرەى ڕۆژى بەرێ بۆ شەفاعەتى ئوممەتەکەم. یان وەکو ئەم فەرموودەیە: ((أُعْطِيتُ خمسا لم يُعْطَهُنّ أحدٌ من الأنبياء قبلى، وذكر منها الشفاعة)). (صحيح البخاري، كتاب الصلاة، أبواب إستقبال القبلة، باب قول النبي ﷺ: جعلت لي، حديث: ‏429) واتە: پێنج شتم پێدراوە کە بەهیچ پێغەمبەرێ بەر لەمن نەدراوە: ئەوجا یەکە یەکە ناوى هێنان و، پاشان شەفاعەتیشى باسکرد. وە بەدەر لەمانەش، (16) فەرموودەى (صەحیح)ـى تر لەریوایەتى ترەوە دەربارەى بوونى شەفاعەت هاتوون، هەروەها (مقامەل مەحموود) کە لە ئایەتى (ئیسرا)دا هەیە مەبەست پێى ئەوەیە کەخواى گەورە لەناو هەموو پەیامبەراندا شەفاعەتى بە موحەممەد ﷺ بەخشیوە. جگە لەوانەش هێمان چەندین فەرموودەى (مشهور)و (متواتر) هەن و، ددان بەوەدا دەنێن کە خەڵکانێک دەچنە دۆزەخەوەو، پاشان پێغەمبەر ﷺ شەفاعەتیان بۆ دەکاو دێنە دەرەوە. بۆیە ئەهلى سوننەت  و جەماعەتیش لەسەر ئەو ڕایەن کە تاوانبارانى (موحِّد) بەپێى تاوانەکانیان دەسوتێنرێن، بەڵام بەهەمیشە لەناو دۆزەخدا نامێننەوەو پێغەمبەرمان موحەممەد ﷺ شەفاعەتیان بۆدەکا.
ئەوانەیش کە نکووڵى شەفاعەتیان کردووە دوو دەستەن: (موعتەزیلە)و (خەواریج)، ئەمانیش لاى ئەهلى سووننەت و جەماعەت هەردووکیان بە گومڕاو سەرلێشێواو دادەنرێن.

(حافیزى حەکەم)یش (رەحمەتى خواى لێبێ) لە کتێبى (أعلام السنة المشهورة)دا شەفاعەت دەکات بە شەش بەشەوە:

1) شەفاعەتە گەورەکەى بەرپابوونى رۆژى قیامەت، کەخواى گەورە لەو رۆژەدا خۆى داوەریى نێوان بەندەکانى دەکا، ئەمەیان تایبەتە بەڕابەرو پێشەوامانەوە موحەممەد ﷺ.
2) شەفاعەت بۆکردنەوەى دەروازەکانى بەهەشت، دیارە کە یەکەم کەسیش دەیانکاتەوە پێغەمبەرمان موحەممەدە ﷺ.
3) شەفاعەت بۆ رزگارکردنى ئەو ئیماندارانەى بڕیارى دۆزەخیان بۆدراوە.
4) شەفاعەت بۆ خەڵکانى ئەهلى (تەوحید) کە لەناو دۆزەخ بێنە دەرێ.
5) شەفاعەت بۆ بەرزکردنەوەى پلەو پایەى هێندێ لە بەهەشتییەکان.
6) شەفاعەت بۆ سوککردن و کەمکردنەوەى سزاى (ئەبوو تالیب)ـى مامى پێغەمبەر ﷺ.
ئەمە کورتەى ڕاو بۆچوونى ئەهلى سووننەت و جەماعەت بوو لەبارەى شەفاعەتەوە، هیوادارین توانیبێتمان بەشێکى زۆرى ڕوون بکەینەوەو، پێغەمبەرى هێژایشمان شەفاعەتمان بۆ بکات. ئامین.

ئەحمەد كاكە مەحموود
 

بەروار2020/03/23سەردان 2351