فیقهى ئیسلامیى و ڕووداوەکانى ئەمڕۆى هاتوچۆ.؟

فیقهى ئیسلامیى و ڕووداوەکانى ئەمڕۆى هاتوچۆ.؟ (حوادث السيارات)

پرسیار کرا لە وەرگەڕان و ڕووداوى ئۆتۆمبێل کێ بەرپرسە.؟!

گومان لەوەدا نییە کە مرۆڤ زۆر خاوەن پلەو ڕێزە لە ئیسلامدا، ماڵ و سامان و خوێنى پارێزراوەو ڕەوا نییە دەست درێژى بکرێتە سەری بە ناهەق و ناڕەوا، تەنانەت بۆ ئەوەندە پایەدارکردنى مرۆڤ، زانایان مرۆڤ کوشتنیان بە (هەڵە -الخطأ) حیسابى تایبەتییان بۆ کردووە، وە فەرموودەى: ((رفع عن أمتي الخطأ والنسيان ومااستكرهوا عليه)).(حديث صحيح، صححه الألباني في صحيح وضعيف الجامع، برقم: 3515) لە پلەى دووەم خوێن نایەتە خوارەوە، بە پێچەوانەى هەندێ شتى ترەوە کە بە هەڵە بکرێن، دەبینى هیچ تۆڵەو بریتێکیان لە بەرامبەردا دانەنراوە، بەڵام بۆ ئەوەى مرۆڤەکان خوێنیان پارێزراو بێت و ژیانیان ئازاد بێت، ئەگەر بە هەڵەیش بکوژرێت تۆڵە دەخرێـتە ئەستۆى بکوژەکەیەوە، ئیتر بە هەر شتێک تیا چووبێت: بە گوللە، یا چاڵـێک هەڵکەنرێت و مرۆڤێکى تێکەوێت، یا بە وەرگەڕانى سەیارەو لە یەکدانى سەیارەو....هتد..

 جا بۆ ئەوەى ئەو مەسەلەیە (مەسەلەى تیاچوونى مرۆڤ بە سەیارە) ڕوون بێتەوە دەڵێین:

1- هەرکەسێک دەستى ببێ لە کوشتنى هەرکەسێکدا ئەگەر بە هەڵەیش بێت (زامن) دەبێ، (ئیتر کوشتنەکە هەر جۆر بێت)، وە دەبێت کەفارەت بدات و لە میراتى کوژراوەکەیش بێبەش دەکرێ، ئەگەر بکوژەکە میرات گربێت، ئەمە بۆ ئەو کەسەیە خۆى دەستى ببێ لە کوشتنەکەیدا، بەڵام ئەوەى بە هۆى هۆکارێکەوە بێت (المتسبب في القتل) وەک ئەوە بەردێک لە بەردەم هاتووچۆى خەڵکیدا دابنێت، وە یان بیرێک لە زەوییەکدا هەڵکەنێت و زەویەکە هى خۆى نەبێت، کەسێکى تێکەوێت و بمرێت، ئەوە بە دەستدرێژى دادەنرێ و (زامن) دەبێ و کەفارەتیشى لە سەرە، چونکە لە سنوورى خۆیدا نەبووە (بیرەکەى هەڵکەندووەو بەردەکەیشى لە ڕێگاى گشتیدا داناوە، بەڵام ئەگەر لە زەوى خۆیدا بێت، وە یا ڕێگاى هاتووچۆى خۆى بێت، ئەوە نە (کەفارەت)ى دەکەوێـتە سەرو نە (زامن) دەبێ، چونکە بە (متعدی) ناژمێردرێت.

2- ئەگەر دوو سوار بە یەکدا هەڵتەقێن و دایان لە یەک، دەرەنجام کەوتنە خوارەوە لەسەر وڵاخەکەیانەوەو مردن، دەبێ (عاقلة)و کەس و کارى نزیکى ئەو دووانە، خوێنى تەواو بدەن بە کەس و کارى یەکتر، چونکە هەر سوارەى بە هۆى (صەدمە)ى ئەوى ترەوە مردووە.. ئەمە لەسەر ڕاى حەنەفییەکانە، بەڵام شافیعى دەڵێت: نیوەى خوێن دەدرێ، چونکە هەریەکەیان هۆکار بووە بۆ مردنى ئەوى تریان، خوێنیش (100) سەد وشترە، یا هەزار دینارى زێڕە، دیارە بۆ ئەمە ئیسلام ئەوەندە خوێنى زۆرى داناوە بۆ پاراستنى بوون و کەرامەتى ئادەمیزادە، ئەگەر ڕێککەوتن لەسەر بڕێکى کەمترو عەفویان کرد خواى گەورە زۆرى پێخۆشە.

3- ئەسپ سوارێک، سواری سەرى ئەسپ سوارێکى تر بوو، وە لێیداو مرد، دەبێ خوێن بدات و، جگە لەوەیش (کەفارەتیش) کە بریتیە: لە ڕۆژووى (60) شەست ڕۆژ بێ پچڕان و بەین خستنى، بەڵام ئەگەر کەل و پەل و (بضاعة) لەناو ببات، ئەوە بژاردنەکەى لەسەر خۆیەتى، نەک خزم و کەس و کارى، خۆ ئەگەر سوارەکە خۆى مرد، ئەوە خوێنەکەى دەڕوات و هیچ حسابێکى بۆ ناکرێ، چونکە خۆى بوویە هۆکارى تیاچوونى خۆى.

4- ئەسپ سوارێک - کەسێک بە ڕەزامەندیى و لەسەر داواى ئەو کەسە – سوار بکات لەگەڵ خۆیى و پاشان کەوتە خوارەوەو مرد – بێ کەمتەرخەمى ئەسپ سوارەکە – ئەوە خوێنەکەى ناکەوێـتە سەر.

5- دوو کەس خەریکى بیر هەڵکەندن بوون – بە کرێ - پاشان یەکێکیان کەوت بەسەر ئەوى ترداو مرد، دەبێت نیوەى خوێنەکەى بدات، خاوەن بیرەکە بەرپرس نابێت.

بەڵێ.. ئەمە چەند یاسایەکى فیقهى بوون سەبارەت بەو جۆرە ڕووداوانە، دەتوانین ئەمڕۆ بیانکەین بە یاساى ڕووداوەکانى ئۆتۆمبێل و لەبەر ڕووناکییاندا بڕیار بدەین:

أ- ئەگەر سەیارەیەک بە (هەڵە) داى لە کەسێک و مرد، ئەوە خوێنەکەى لەسەر کەس و کارى شۆفێرەکەیەو، ئەگەر لەوانەیش بوو میراتى لێ ببات، لێى بێبەش دەبێت، دەبێت شەست (60) ڕۆژیش لەسەر یەک بە ڕۆژوو بێت.
- بەڵام ئەگەر لە شتێکى تر بدا – جگە لە ئادەمى - ئەوە بە تەنها شۆفێرەکە خۆى بەرپرس دەبێت، نەک کەس و کارى.
- ئەگەر سەیارەکە هى خۆیشى نەبێ و بە کرێ هێنابووى، وە مانگانە لێى ئە خوڕى، یان بە هەر شێوەیەکى تر بە دەستییەوە بێت، ئەوە خاوەنەکەى بەرپرس نابێـت.

ب- سەیارەیەک "بەهەڵە"  داى لە سەیارەیەکى ترو سەرنشینەکانى مردن... ئەوە – دیسان - خوێنیان لەسەر کەس و کارى شۆفێرەکەیەو خۆیشى (کەفارەت)ى لە سەرە، وە زیانى سەیارەکەیش بە تەنها لەسەر خۆیەتیى و دەبێ خۆى بیبژێرێ، ئەگەر خۆیشى تیاچوو مرد، ئەوە خوێنەکەى پووچەڵە، چونکە دەستى خۆى تیابووە.
ج- دوو سەیارە دایان لە یەک و سەرنشینەکانیان تێدا مردن، لەسەر شۆفێرەکانیان پێویستە خوێنى سەرنشینى هەر سەیارەو شۆفێرەکانیش دەکەوێتە سەر کەس و کارى شۆفێرەکان.
پێشەوا (شافیعى) دەڵێت: نیوەى خوێن دەدرێ، وە دەبێ زیانى سەیارەکانیش بۆ یەکتر ببژێرن.

د- هەرکەسێک بە ڕەزامەندى خۆى لە گەڵ ئۆتۆمبێلێکدا سواربوو و لە ڕێگەدا سەیارەکە  وەرگەڕا، وە یان کابرا کەوتە خوارەوەو مرد، ئەوە شۆفێرەکە بەرپرس نابێت، چونکە:
یەکەم: بە ڕەزامەندى خۆى سەرکەوتووە.
دووەم: ئەگەر ڕێگاى هاتووچۆى پێشچاو گرتبێ و شۆفێرێکى زانا بێت و مۆڵەتى یاسایی هەبێت بۆ لێخوڕین، بەڵام ئەگەر شۆفێرێکى لاسار بوو و هەرگیز گوێى بە یاساى لێخوڕین نەدەدا، ئا لەو حاڵەتانەدا هەرچى ڕووبدات لە سەر خۆیەتیى و خۆى بەرپرسیارە لە گیانى خۆیى و سەرنشینەکانی هاوڕێیشى..

هـ- خاوەن ئۆتۆمبێلێک شۆفێرێک بە مانگانە دێنێتە لاى خۆى، ئەگەر سەیارەکەى بە دەستەوە شکا، وە یا کەل و پەلى کابرایەکى تیا کەوتە خوارەوەو بزر بوو، ئەوە شۆفێرەکە بەرپرس نابێت، مەگەر کەمتەرخەم بوو بێت.

و- ئەو سەیارانەى دەدرێن بە کرێ بۆ (فێرکردن)، ئەگەر تیاچوون، وە یان تووشى زیان بوون بە دەست شۆفێرەکەوە، ئەو شۆفێرە (زامن) نابێت، مەگەر کەمتەرخەم بووبێت.

ز- هەر سەیارەیەک برایە لاى فیتەر، یان ڕۆن گۆڕ، یان پەنچەرچى، یان... ئەوە هەر ناتەواوییەک – لە کاتى کارکردنەکەدا – ڕووبدات لە سەیارەکە، فیتەرەکە، یان ڕۆن گۆڕەکە، بەرپرس دەبێت.. بەڵام ئەگەر پاش چاککردنەوەى تووشى هەر زیانێک بوو، ئەوە فیتەرەکە، یان کابراى ڕۆن گۆڕ، بەرپرس نابێت، چونکە ئەو سەیارەیە (ئەمانەتە) لاى، تا کەمتەرخەمى تیا نەکات، بەرپرس نابێت، وە ئەگەر لە ژێر دەستیدا تووشى زیان بوو بەرپرس دەبێت، چونکە بە کرێ کارى تیا کردووە، کەوابوو دەبێ بێ نەنگ و عار بیداتەوە دەست خاوەنەکەى.
بەڵام ئەگەر بە خۆڕایى چاکى دەکردەوەو تووشى زیانێک بوو، بەرپرس نابێت مەگەر ناشى بێت و لە خۆیەوە دەستى بەو ئیشە کردبێت.

ح- ئەگەر خاوەن سەیارەیەک دوو کەسى بە کرێ گرت بۆ داگرتنى بارى سەیارەکەى، پاشان کەل و پەلەکە کەوت بە سەر یەکێکیاندا، یان بەسەر هەردووکیانداو مردن، ئەوە خوێنەکەیان بە فیڕۆ دەڕوات و خاوەن سەیارەکە بەرپرس نابێت، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر بۆ ئەوەى بە کرێ گرتبوون بارى سەیارەکەى بکەن، ئینجا کەل و پەلەکە کەوت بە سەر یەکێکیانداو مرد، ئەوە نیوەى خوێنەکەى دەکەوێتە سەر کرێکارەکەى تر، وە ئەگەر خاوەن سەیارەکە چەند کرێکارێکى سوار کردو کەوتنە خوارەوە، وەیان سەیارەکەى وەرگەڕاو مردن، ئەوە بەرپرسى هیچیان نابێت، مەگەر کەمتەرخەمى کردبێت، وە یان سەیارەکەى ناتەواو بووبێت، وە یان شارەزاى لێخوڕین نەبووبێت.

ط- خاوەن سەیارەیەک هەندێ ئاژەڵى سوارى سەیارەکەى کردو لە ڕێگەدا گومبوون، وە یان زیانیان هێنا، ئەوە لێیان بەرپرس دەبێت، مەگەر خاوەنى ئاژەڵەکەیش لە گەڵیانا سوار بووبێت، لەو کاتە دەڕواتە ئەستۆى خاوەنەکەیەوە، خۆ ئەگەر بە خۆڕایى هەڵى گرتبێت، بەرپرس نابێت مەگەر کەمتەر خەم بووبێت و گوێى پێ نەدابێت.

ى- ئەگەر سەیارەیەک لە سایدى خۆیەوە نەڕۆیشت، وە یا لە جێگایەکى پێچدا وەستا کە بە یاساى هاتووچۆ نەدەبوو لەو جێگایەدا ڕایگرێ و، ڕێگاى هاتووچۆى خەڵکى دەگرت، ئەوە هەرچى ڕووبدات بەو هۆیەوە دەکەوێـتە سەر خاوەن سەیارەکە، بەڵام ئەگەر لەو کاتەدا سەیارەیەک خۆى پیا کێشاو زۆریش بە پەلە لێى ئەخوڕى، واتە یاساى لێخوڕینى پشت گوێ خستبوو، ئەوە هەرچى ڕووبدات دەکەوێـتە سەر هەردووکیان، چونکە هەردووکیان بە یاسا نەجوڵاونەتەوە، دەبێت بە نیوەیى بیبژێرن، وە ئەگەر لە جێگایەکدا سەیارەکەى وەستاند، وە مافى وەستانى نەبوو لەو جێگایەدا پاشان سەیارەیەک خۆى پیا کێشا، ئەوە ئەم بەرپرس دەبێت.

ک- سەیارەیەک زۆر لەسەرخۆ دەڕوات و یاساى هاتووچۆى پێشچاو گرتووە، ئا لەو کاتە کتوپڕەدا کەسێک بەپەلە هاتە سەر ڕێگاکەى، وە یان مناڵێک ڕاى ئەکردو بوون بە ژێر سەیارەکەوە، یاساى هاتووچۆ، وە یان خەڵکى ئەو ناوە دەیگوت ئەو سەیارەیە لەسەرخۆ ڕۆیشتووەو زۆریش هەوڵیدا نەیکات بە ژێرەوە، کەچى هەر خۆیان پیا کێشا، ئەوە لە کاتى ئاوادا نیوەى خوێن دەدرێ، چونکە هەڵ دەگرێ شۆفێرەکە کەمتەر خەمیەکى بووبێت.
لە (منهاج و مغنى)دا بەرگى چوار، لاپەڕە (245)دا هاتووە: (من كان مع دابة أو دواب – سواء كان مالكا أم مستأجرا، أم مودعا، أم مستعيرا، أم غاصبا)، (ضمن إتلافها بيدها أو رجلها أو غير ذلك، (نفسا ومالا ليلا ونهارا) لأنها في يده، وعليه تعهدها وحفظها، ولانه اذا كان معها منسوبا اليه، وإلا نسب اليها... سواء كان أ كان سائقها أم قائدها أم راكبها، ولو كان معها سائق وقائد فالضمان عليها نصفين).
وە هەروەها لە (منهاج و مغنى)دا بەرگى چوار لاپەڕە – 89 - دەڵێت:
(اذا اصطدمها أي: حران كاملان راكبان أو ماشيان، أو راكب وماش (بلا قصد) كإصطدام أعمين أو غافلين أو كانا في ظلمة (فعلى عاقلة كل منهما (نصف دية مخففة) وإن قصدا جميعا الاصطدام (فنصف مغلظة) على عاقلة كل منهما لورثة الآخر، (وإن ماتا مع مركبيهما فكذلك الحكم دية وكفارة).
بەڵێ.. ئەمە کورتە باسێک بوو نووسیمان سەبارەت بە ڕووداوەکانى ئەمڕۆى ئۆتۆمبێل، ئومێدەوارم سوود بەخش بێت و، هەموو کەسێکیش ڕێز بۆ خۆیى و سامانیى و مرۆڤەکانى تر دابنێت، وە لە یاساى ئیسلام لا نەدات، ئەو یاسایەى کە ئادەمى بەرز کردۆتەوەو ڕێزى تایبەتى بۆ داناوە، وە لە هەموو بوارێکدا یاساى بۆ دەستنیشان کردووە، یەکێ لەوانە: مەسەلەى لێخوڕینى سەیارەیە، هەرچەندە لەو کاتەدا زاناکانمان ئەو یاسایەیان پێش چاو گرتووە سەیارە نەبووە، بەڵام ئەوان هەموو باسەکانیان بەوە هێناوەتەوە کە وڵاخێک، وە یا وڵاخ و سوارێک زیان بگەیەنێت بە ئادەمییەک، وە یان بە کەل و پەل و شتومەک، ئینجا ئێستا هەر ئەو یاسایە دەبێتە یاساى سەیارە لێخوڕینیش.
هیوام ئەوەیە برا شۆفێرەکانمان بە ناوى خواوە لێبخوڕن، وە کاتێ سوار دەبن دوعاى سەفەر بخوێنن، وە هەروەها بڵێن:
الله اکبر (3) جار، ((سبحان الذي سخر لنا هذا وما كنا له مقرنين، وإنا الى ربنا لمنقلبون، اللهم انا نسألك في سفرنا هذا البر والتقوى، و من العمل ما ترضى، اللهم هون علينا سفرنا هذا وطو عنا بعده، اللهم اني أعوذ بك من وعاء السفر وكآبة المنظر وسوء المنقلب في المال والأهل)).(صحيح مسلم، كتاب الحج، باب ما يقول إذا ركب إلى سفر الحج وغيره، حديث : ‏2469‏)
وە کاتێ دەگەڕێنەوە ئەمەى بۆ زیاد بکەن: ((آيبون تائبون عابدون لربنا حامدون)).(صحيح البخارى، كتاب الحج، أبواب العمرة، باب ما يقول إذا رجع من الحج أو العمرة أو الغزو، حديث : ‏1713‏) وە هەرگیز خوایان لەبیر نەچێت، وە زۆر لەسەر خۆو بە ئارام سەیارەکانیان لێخوڕن و بەزەییان بە خۆیان و خەڵکیشدا بێتەوە، لەگەڵ نەفەرەکاندا زۆر ڕووخۆش و نەرم و نیان بن، هاوکاریى و کۆمەکیان بکەن، وە با ڕووخۆش بن بە تایبەت لەگەڵ منداڵ و پیرەمێردو پیرە ژن و هەژارو بێ نەوادا.
وە لە جێگاى قەرەباڵغ و شارو شارۆچکەکاندا زۆر لەسەر خۆ بڕۆن بۆ ئەوەى دوکاندارو هاتووچۆ کاران وەڕس نەبن.

شایەنى باسە بەلاى ئیسلامەوە فێربوونى (شۆفێرى) فەرزى کیفایەیە، واتە کارێکى پیرۆزە، لە هەمان کاتیشدا فێربوونى یاساى هاتوچۆو لێخوڕین واجبێکى ئیسلامیە، بە تایبەت موسڵمان دەبێت زۆر (ملتزم) بێت بە یاساى لێخوڕینەوە، هەر چۆن گوێ دەگرێ بۆ مەرجەکان و پایەکانى نوێژ، هەروایش دەبێ گوێ بگرێ بۆ یاساکانى لێخوڕین، بۆ ئەوەى خوا نەخواستە ئەگەر کارەساتێک پێش هات، بەرپرس نەبێت. دووریش نییە ئەگەر شارەزا نەبێت و یاساى لێخوڕین پێش چاو نەگرێت، هەر کارەساتێک ڕووبدات بە ئەنقەست لە سەرت بدرێتـە قەڵەم، ئەو کاتە بارت گران و قورستر دەبێـت.

لە کۆتاییشدا زۆر دۆعاى سەلامەتیتان بۆ دەکەین و خواتان لەگەڵ.

(سبحانك اللهم وبحمدك أشهد أن لاإله إلا انت أستغفرك، وأتوب اليك اللهم صل وسلم وبارك على محمد وآل محمد).

ئەحمەد كاكە مەحموود


بەروار2020/03/23سەردان 3826