ئایا ڕێژەى زەکاتى دانەوێڵە چەندە.؟

زەکاتى دانەوێڵە.؟

ئایا ڕێژەى زەکاتى دانەوێڵە چەندە.؟ وە ئایا زەکات لە میوەجات و سەوزەدا هەیە.؟

وەڵام: زانایان دەڵێن: خوداى گەورە بە ئایەتى: (يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَنفِقُوا مِنْ طَيِّبَاتِ مَا كَسَبْتُمْ وَمِمَّا أَخْرَجْنَا لَكُمْ مِنْ الأَرْضِ..) البقرة 267. وە ئایەتى: (..وَآَتُوا حَقَّهُ يَوْمَ حَصَادِهِ..) الأنعام 141. زەکاتى دانەوێڵەى لەسەر واجب کردووین.

زەکات لە سەردەمى پێغەمبەردا ﷺ تەنها لە گەنم، جۆ، خورما، مێوژدا، هەبووە، وەک لەم فەرموودەیەدا هاتووە: ((عن أبي بردة، عن أبي موسى ومعاذ ﷺ، أن رسول الله ﷺ بعثهما على اليمن يعلمان الناس أمر دينهم فأمرهم لا يأخذوا الصدقة إلا من هذه الأربعة: الحنطة، والشعير، والتمر، والزبيب.)). (رواه الدارقطني والحاكم والطبراني والبيهقي، وصححه الألباني في السلسلة الصحيحة) واتە: پێغەمبەر ﷺ ئەبو موساو موعازى نارد بۆ یەمەن تا فێرى ئیسلامیان بکەن، پێى فەرموون: زەکات تەنها لەم  چوار شتە وەربگرن: "گەنم و جۆو خورماو مێوژ".

شیاوى باسە لە سەردەمى پێغەمبەردا ﷺ زەکات لە سەوزە وەرنەگیراوە، وە لە میوەکانیشدا تەنها لە (ترێ و رووتاب)دا کە خورماى تەڕە زەکات وەرگیراوە، بە پێى ئەم فەرموودەیە: ((فعن عطاء ابن السائب أن عبدالله ابن المغيرة أراد أن يأخذ صدقة من أرض موسى ابن طلحة من الخضروات، فقال له موسى ابن طلحة ليس لك ذلك، أن رسول الله ﷺ كان يقول: ليس فى ذلك صدقة)). (رواه الدارقطني والحاكم والأثرم في سننه وهو مرسل قوي. رَوَاهُ الْأَثْرَمُ فِي سُنَنِهِ. هُوَ مِنْ أَقْوَى الْمَرَاسِيلِ لِاحْتِجَاجِ مَنْ أَرْسَلَهُ بِهِ. و رواه أبويعلى والبيهقي في الكبرى بسند رجاله ثقات) واتە: عەتاى کوڕى سائیب دەڵێ: عبداللە کوڕى موغیرە ویستى زەکاتى سەوزە لە موساى کوڕى تەلحە وەرگرێ، موسایش پێى وت: سەوزە زەکاتى تێدا نییەو پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتى: لە سەوزەدا زەکات نییە، بەیهەقى دەڵێ ئەم فەرموودانە (مورسەل)ن، بەڵام لەبەر ئەوەى لە چەند رێگەیەکى ترەوە ڕیوایەت کراون هەندێکیان بە هەندێکى تریان بەهێز دەبن، وە فەرموودەى هەندێ لە هاوەڵانى لەگەڵدایە، وەک: (عومەرو عەلیى و عائیشە). وە (ترمذى) دەڵێ: (والعمل على هذا عند أهل العلم أنه ليس في الخضورات صدقة). واتە: بەلاى زانایانەوە زەکات لە سەوزەدا نییە، ئیمامى (قرطبي) دەڵێ: زەکات تەنها لە رۆزییەکان (قووتەکان)دا هەیە، نەک لە سەوزەدا، لە (طائف) هەنارو هەنجیرو گەلێک میوەى تر هەبووەو بەڵگەش نییە لەسەر ئەوەى کە نە پێغەمبەر ﷺ و نە خەلیفەکانى دواى خۆى زەکاتیان لەو شتانەدا وەرگرتبێ.

ئیبن قەیم دەڵێ: لەو شەریعەتەى کە پێغەمبەر بە دیارى بۆى هێناوین لە لایەن خوداوە هیچ بەڵگەیەکى تێدا نەهاتووە کە زەکات لە ولآخى بەرزو هێسترو گوێدرێژدا هەبێ، وە هەروەها زەکات لە سەوزەدا وەرنەگیراوە، نە لە کاڵەک و نە لەو شتانەدا کە ناپێورێن و ناکرێن بە زەخیرە، تەنها ترێ و خورماى تەڕ نەبێ لەم دوو جۆرەدا زەکات وەرگیراوە.

ڕاى زانایان لەم بارەوە:

زانایان جیاوازیان لەوەدا نییە کە زەکات پێویستەو واجبە لە دانەوێڵەو بەروبوومدا، بەڵام جیاوازیان لە سەر جۆرەکانى دانەوێڵەو بەروو بوومدا هەیە، چەند ڕاو بۆچوونێکیان لەو بارەوە دەربڕیوە، ئێمەش کورتى دەکەینەوە لەم خالآنەى خوارەوەدا:

1-بە ڕاى (حەسەنى بەصرى)و (سەورى)، زەکات تەنها لەو شتانەدا هەیە کە دەق لە بارەیانەوە هاتووە، وەک: گەنم، جۆ، خورما، مێوژ، زەڕات، بێجگە لەمانە زەکاتیان تێدا نییە.

2- بە لاى (ئەبو حەنیفە)وە لە هەموو ئەو شتانەى کە لە زەویدا ئەڕوێن زەکاتیان تێدایەو جیاوازى لە نێوان وشکەو سەوزەدا نییە، بە مەرجێ چێنرابێ بە مەبەستى گرتنى ئەرزەکەو گەشە کردنى کشتوکاڵ بێ، بێجگە لە دارو پووش و شتى تر، بەڵگەى (ئەبو حەنیفە) ئەم فەرموودەى پێغەمبەرەیە ﷺ کە دەفەرموێ: ((فيما سقت السماء العشر)). (رواه أحمد والنسائي وأبي داود وابن ماجه، حديث صحيح رجاله ثقات غير عاصم. تعليق شعيب الأرنؤوط) واتە: ئەوەى بە ئاوى ئاسمان ئاو بدرێ (دە یەک) زەکاتى لێ دەدرێ.

3- وە بەلاى (ئەبى یوسف)و (ئەحمەد)ـەوە زەکات (واجب)ـە لە هەموو ئەو شتانەى کە لە زەویدا دەڕوێن و بۆ ماوەى ساڵێک دەمێننەوە بەبێ دەستکارى کردنى، زۆر جیاوازى نییە ئەو شتە پێوانە بکرێ وەک دانەوێڵە، یان کێشانە وەک لۆکەو قامیشى شەکر، بەڵام ئەگەر نەمایەوە بۆ ماوەى ساڵێک وەک: قۆخ، خەیار، کاڵەک و، شتى تر لە سەوزە، ئەوانە زەکاتیان تێدا نییە.

4- بە لاى (ئیمامى مالک)ـەوە مەرجە ئەو شتەى زەکاتى لێ دەدرێ چێنراو بێ و، وشک بێ بۆ ماوەى ساڵێک بمێنێتەوەو خراپ نەبێ، جیاوازى نییە قووت بێ وەک گەنم و جۆو کونجى و شتانێک کە ڕۆنى پێ بگیرێ، وە بەلاى ئیمامى مالیکەوە زەکات لە سەوزەو میوەدا نییە.

5- بەلاى شافیعییەکانەوە زەکات تەنها لەو شتانەدا هەیە کە قووتى ئادەمیزاد بن و هەڵبگیرێت و چێنراوى ئادەمیزاد بن، وەک: گەنم و جۆ، وە پێشەوا (نەوەوى) دەڵێ: زەکات لە میوەدا تەنها لە خورماو ترێدا هەیە، وە لە دانەوێڵەدا زەکات تەنها لەو شتانەدا هەیە کە خواردنى ئادەمیزادن و بۆ ماوەیەک هەڵدەگیرێن، بەڵام زەکات لە سەوزەدا نییە.

6-بەلاى (پێشەوا ئیمام ئەحمەد)ـەوە زەکات (واجب)ـە لە هەموو ئەو شتانەى کە لە زەویدا دەڕوێن لە (دانەوێڵەو بەرووبووم)، لەوانەى وشک ئەبن و ئەمێننەوەو پێوانە دەکرێن و چێنراوى دەستى ئادەمیزادن لە زەوییەکانیانداو خۆراکى ئادەمیزاد بن، وەک گەنم و جۆ، یا دانراوى ماڵ بن وەک: لۆبیاو نۆک و نیسک و ئەو شتانەى ڕۆنیان لێ دەگیرێ، وەک: کونجى و کەتان و شتى تر، وە بەلاى ئیمام ئەحمەدەوە بێجگە لە خورماو مێوژ، قەیسى و هەنجیرو چوالەو فستەقیش زەکاتیان لێ دەدرێ، بەڵام لە میوەکانى تردا زەکات نییە.

لە کۆتاییدا دەڵێین: سەوزەو ئەوەى کە ڕۆزى (قوت)ـى ئادەمیزاد نین، زەکاتیان تێدا نییە، وە ئەم ڕایەش ڕاى پەسەندکراویى زۆربەى زانایانى فیقهییە.

ڕێژەى زەکاتى دانەوێڵە:

1-  ئەبو حەنیفە دەڵێ: (النصاب ليس بشرط لوجوب العشر، فيجب في كثير الخارج من الأرض وقليله، لعموم قوله تعالى: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا أَنْفِقُوا مِنْ طَيِّبَاتِ مَا كَسَبْتُمْ ؤمِمَّا أَخْرَجْنَا لَكُمْ مِنَ الْأَرْضِ..) البقرة 26٧. واتە بوونى ڕێژە مەرج نییە بۆ (واجب) بوونى زەکات، واجبە (دە یەکى) لێ بدرێ لە کەم و زۆرى ئەوەى لە زەوى هەڵدەگیرێ، چونکە ئایەتەکە بە گشتى داواى زەکات دەکات، وە ڕێژەى دیارى نەکردووە، وەک ئەفەرموێ: ئەى بڕواداران ببەخشن لەو بەروبوومە چاکەى کە لە زەویدا بۆمان ڕوواندون و  ئێوەش بە شێوەیەکى حەڵاڵ پەیداتان کردووە.
وە فەرموودەى: ((فيما سقت السماء والعيون أو كان عثريا العشر، وما سقي بالنضح نصف العشر)).(صحيح البخاري، كتاب الزكاة، باب العشر فيما يسقى من ماء السماء، حديث : ‏1423‏) واتە: ئەوەى کە بە ئاوى ئاسمان و کانیاو ئاو بدرێ (دە یەک) زەکاتى لێ دەدرێ، ئەبو حەنیفە دەڵێ: ئایەت و فەرموودەکە ڕێژەى زەکاتیان دیاریى نەکردووە، بەڵام هەردوو هاوەڵەکەى ئەبو حەنیفەو کۆى هەموو زانایانى (فقە) دەڵێن: (نصاب) ڕێژە مەرجە بۆ زەکات دان لە دانەوێڵە، وە وتویانە: (ولا يجب الزكاة في شيء من الزروع والثمار حتى تبلغ خمسة أوسق)، واتە: زەکات واجب نابێ لە دانەوێڵەدا تا نەگاتە پێنج "وسق" کە دەگاتە (44) تەنەکەو، بە کیلۆ (653) کیلۆ، کەواتە ئەگەر لەم ڕێژە کەمتر بوو زەکاتى لێ نادرێ، چونکە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتى: (( ليس فيما دون خمسة أوسق صدقة)).(صحيح البخاري، كتاب الزكاة، باب زكاة الورق، حديث : ‏1390‏) وە لە فەرموودەیەکى تردا فەرموویەتى: ((ليس في حب ولا تمر صدقة حتى تبلغ خمسة أوسق)).(صحيح مسلم ، كتاب الزكاة، حديث: ‏1681‏) لەم فەرموودانەدا ڕێژەى زەکاتى دانەوێڵە دیارى کراوە، وە زانایان بێجگە لە ئەبوحەنیفە دەڵێن: ڕێژە مەرجە بۆ (واجب) بوونى زەکات لە دانەوێڵەدا، وە ئەو دانەوێڵەى کە بە تۆیکڵەوە هەڵدەگیرێ وەک چەڵتووک، ڕێژەى (واجب) بوونى زەکات تێیاندا (10) ویسقە، واتە: (98) تەنەکە، چونکە هەڵگرتنى ئەو جۆرە دانەوێڵە بە تۆێکڵەوە دەبێتە هۆى مانەوەیى و نافەوتێ، جا وەک لە پێشەوە باسمان کرد، ئەو دانەوێڵەى کە بە ئاوى ئاسمان و کانیاوەکان، یان لە ڕەگەوە بە هۆى جۆگەوە ئاو بخواتەوە (دە یەک) زەکاتى لێ دەر دەکرێ، بەڵام ئەوەى بە ماتۆڕو کاسەى ئاو دەرهێنان لە ژێر زەوى، یان ئاوى بۆ بکڕرێ و بەو ئاوە ئاو بدرێ (20) یەک زەکاتى دەکەوێ، واتە: لە (20) بیست تەنەکە گەنم یەک تەنەکە زەکاتى لێ دەدرێ پاش بوونى مەرجى واجب بوونى ڕێژەى زەکات، وە لە (20) بیست تەنەکە چەڵتوک یەک تەنەکەیە، پاش ئەوەى خەرمانەکە گەیشتە (98) تەنەکە، بە بەڵگەى ئەم فەرموودەى پێغەمبەر ﷺ کە ئەفەرمووێ: ((وفيما سقى بالنضح نصف العشر)).(صحيح البخاري، كتاب الزكاة، باب العشر فيما يسقى من ماء السماء، حديث : ‏1423‏) واتە ئەوانەى بە ناعورو ماتۆڕ ئاو دەدرێن نیوەى (دە یەک)یان دەکەوێ.

ئایا ئەو دانەوێڵەى زەکاتى لێ دەدرێ مەسروفى لێ هەڵدەگیرێتەوە.؟

ئیبن حەزم دەڵێ: بە پێى هەر چوار مەزهەبەکەو کۆى زانایان (الإجماع) هەڵگرتنەوەى مەسروفى دانەوێڵە درووست نییە، چونکە زەکات پەیوەندى بە بەرهەم هێنراوەکەوە هەیە، وەک خواى گەورە دەفەرموێت: (..وآتوا حقه يوم حصاده..) ئەم ڕایەش بەهێزو پەسەندە بەلاى زۆرێک لە زانایانەوە، وە لەو فەرموودەى پێغەمبەرە ﷺ کە دەفەرموێت: ((وفيما سقى بالنضح نصف العشر)).(صحيح البخاري، كتاب الزكاة، باب العشر فيما يسقى من ماء السماء، حديث : ‏1423‏).

بەڵام زانایان دەربارەى ئەو بەشە کە پێش کۆکردنەوەى دانەوێڵەکە دەخورێ دوو ڕایان هەیە:

یەکەم: بەلاى ئیمامى (مالیک و ئەبو حەنیفەوە) ئەوەیش کە خوراوە زەکاتى لێ دەکەوێ.

دووەم: بەڵام پرسیار لە ئیمام ئەحمەد کرا لەو بارەیەوە وتى: (لا بأس أن يأكل منه صاحبه ما يحتاج إليه). واتە: خاوەنى کشتوکاڵ ئەوەى کە پێویستیەتى پێش کۆ کردنەوەى دەتوانێ لێى بخوات، هەروەها ئیمامى شافیعى و (ليث) و ئیبن حەزم هەمان ڕایان هەیە.
جا ئەوەى کە شیاوى باسە ئەمڕۆ لە ناو کوردەواریى خۆماندا خاوەنى کشتوکاڵەکە هەندێ لەو گەنمەى کە هەیەتى بەسەوزى کۆی دەکاتەوە بۆ قەرەخەرمان، بۆ خواردن، یان فرۆشتن، تا ڕادەى (500) کیلۆ زیاتر، پێش کۆکردنەوەى هەمووى لەم حاڵەتەدا پێویستە کار بە ڕاى (ئیمام مالیک و ئەبوحەنیفە) بکرێ، ئەوەى کە کۆکراوەتەوە بە سەوزى مەزەندە بکرێ و زەکاتى لێ بدرێ ئەگەر ڕێژەى خوراوەکە زۆر بێت (خوا زاناترە).

چەند تێبینییەک:

1.جۆرەکانى بەرهەم دەخرێنە سەر یەک، با لە چاک و خراپییدا جیاوازن بن.
2.رەگەزە جیاوازەکان ناخرێنە سەر یەک، وەک ئەوەى کەسێک (24) تەنەکە گەنمى هەبێت لەگەڵ (20) تەنەکە جۆ، لەم حاڵەتەدا زەکاتیان ناکەوێ، چونکە دوو ڕەگەزى جیاوازن، بەڵام کەسێک (25) تەنەکە نۆکى سپى هەبێت لە گەڵ (20) تەنەکە نۆکى زەرد، ئەبێ زەکاتیان بدات کە دەکاتە چوار تەنەکەو نیو.

لە کۆتاییدا: بە ئایەتى: (..وَلَا تَيَمَّمُوا الْخَبِيثَ مِنْهُ تُنْفِقُونَ وَلَسْتُمْ بِآَخِذِيهِ إِلَّا أَنْ تُغْمِضُوا فِيهِ وَاعْلَمُوا أَنَّ اللَّهَ غَنِيٌّ حَمِيدٌ) البقرة 267. ئامۆژگارى ئەو موسڵمانە بەڕێزانە دەکەین کە زەکات لە سەریان واجب دەبێ، ئەوەى کە خۆتان دڵتان نایگرێ مەیدەن بە هەژاران، چونکە ئەگەر بیدەن بە خۆتان وەرى ناگرن، مەگەر چاوى لێ بنوقێنن، لەبەر ئەوە باش بزانن خواى گەورە دەوڵەمەندو سوپاس کراوە. 

(سەرچاوەکان: فقه السنة. 1/294-305. - البدائع. 2/59.- الشرح الكبير. 1/447.- الفتح القدير. 2/2.- مغني المحتاج. 1/381.- المغني لإبن قدامة. 2/ 690-695.- المجموع. 5/439.- الفقه الإسلامي وأدلته. 3/1890.- فتح الباري شرح صحيح البخاري. 4/116.- المحلى لإبن حزم. 5/258.- جامع الأحكام الفقهية للقرطبي. 1/311-313.).

 والله أعلم.

ئەحمەد كاكە مەحموود


بەروار2020/03/22سەردان 3187