وته‌ی‌ به‌رێز مامۆستا ئیبراهیم مه‌ردوخی‌

وته‌ی‌ به‌رێز مامۆستا ئیبراهیم مه‌ردوخی‌

بۆ یادی کۆچی دوای مامۆستا ئەحمەد کاکە مەحموود

ئەی مامۆستای ھێژاو تێکۆشەرو چالاک، ئەی زانای خواناس و دڵپاک، کە ھەواڵی کۆچی دواییت گەیشتە لام، تەم و خەم و پەژارەیەکی چڕوپڕ، دڵ و دەرونمی داگیرکرد، کەوتمە دەریای بیرێکی قوڵ، ئەڵقە ئەڵقە فلیمی ژیانت، بە پێش چاومدا تێپەڕی، وەکو بەڕەزاو سورە ھەڵاڵەو شەوبۆ، لە شاخی سورێندا ڕوا، وەکو تاڤگەی زەڵم و چۆمی ئەحمەد ئاواو، جۆگەی دەلێن، پێ بە پێ لە «ئیڵانپێ»وە رژایتە دەشتی بەھەشتی شارەزور.
لە حوجرەکانی خورماڵ و شاری ھەڵەبجەی شەھیدداو، کوێ و کوێی دیکە، لە خزمەت مامۆستایانی، زاناو خواناس و بەڕێزدا چۆکت دادا، ماندو نەناسانە دەستت دایە فێربوونی زانیاریی و ئەخلاق و ئاکاری پەسەند.
رۆژ لە دوای رۆژ گەشەت کردو مێشک و بیرت کرایەوە، وەکوو بەژن و باڵای بەرزت، لە زۆرینەی بوارەکاندا، لە ئاستێکی بەرزدا بوی.
لە شەستەکاندا بوو لە سلێمانیدا بوم، ناوی ناوازەییتم بیست، پاش ماوەیەک چاوم بە بەژن و باڵاو ئاکارە جوانەکانتا ھەڵھات. تامەزرۆ بوم لە نزیکەوە وەکوو دۆستێکی خۆشەویست یەکتری بناسین. خودا نەکەوت بە دڵمەوەو ئەو ھەلەشی بۆ رەخساندم.
بە جم و جوڵ و بزوتنەوەو گفت و لفت و پەیڤینتدا، ئاسۆیەکی بڵند لە نێو چاوانتەوە بەدی دەکرا، داھاتوش ئەمەی چەسپاندو سوپاس بۆ خودا بوی بە کەسایەتیەکی بەرزو بڵندو تێکۆشەرو ماندونەناس.
پاش بڕینی پلەی بەرزی بیرو ھزرو، وەرگرتنی بڕوانامەی زانست لە زانستگاکاندا، وەکو زاناو بانگ خوازێکی دڵسۆزو کارامەو لێ زان، لە ھەموو چەمک و بوارەکانی ژیاندا دەستت دایە بانگەوازو، ماندوو نەناسانە چاکی چالاکی بۆ بەلادا کرد، بە ووتارو پەیڤین و نووسین و کردار، گەل و ھۆزەکەت راچڵەکاند. تێتگەیاندن کە ئیسلام ئایینی پیرۆزی خودایە، ھەرگەل و ھۆزو مرۆڤێک ئەو رچەو رێبازە بگرێت، سەربەرزی ھەردوو دنیایە، سەر بۆ ھیچ زلھێزو مل ھوڕێک نەوی ناکا، بە ھیچ ستەمکارو زۆردارێک گوێ نادا، بێجگە لە خودا ھیچ کەسێکی تر ناپەرسێ، لە ھەڕەشەو گوڕەشەی ھیچ کەس ناترسێ.
ئەی مامۆستای ئاگاو رۆشنبیرو زانا! لە راستیدا بە باشی خەڵکت تێگەیاند، بۆت باسکردن، دین و ژین دوو ئەڵقەن لە یەک ھەڵپێکراون، بە بێ یەکتر ناتەواون، نابێ دیندار تەنیا لە جەغزی مزگەوتدا بخولێتەوەو، گوێ نەدا بە دەوروپشتی و بێ ئاگا بێ لە دەرەوە، دەبێ وەک شەم بتوێتەوە بۆ گەل و بۆ نیشتمانی، پاسەوان بێ بۆ بیروبڕوا و ئیمانی، لەسەر مافی زەوت کراوی گەل و ھۆزی پێداگر بێ، لە پێناو ئەم چالاکی و تێکۆشانەدا خۆڕاگر بێ، ئەمانەو چەندین راستەقینەی ترت بە خەڵک گەیاند، بە ھەوێنی خوداپەرەستی بیروبڕوایانت مەیاند.
لەم بوارەدا ھەر تەنیا قسەو بانگەشەو راگەیاندنی رووت نەبوو، بەڵکوو بە کردەوەو ھەڵویست، بە دژایەتی لەگەڵ نەیاران و داگیرکەرانی نیشتمانەکەتدا، لە ئەنجامدا بوی بە یەکێک لە یەکەمین دانەری بەردی بناغەی، رابوون و بزوتنەوەو بێداری ئیسلامیش، لە پێناو ئەم ھەق و مافەرەوایەشدا، لە زێدی خۆت ئاوارە کرای، چەندین کۆچەڵکۆچ و، شارەو شارو گونداوگوندو شاخەوشاخ بەرداو بەردیشت کرد.
مامۆستا گیان! ئەوەی توانیت و پێت کراو، بە چاک و پاک و راستەقینەت دەزانی ھەوڵت بۆدا، من نامەوێ وەک سۆفیلکەیەکی ساویلکە، بەرەو لوتکەی چاکی و پاکی مەعسومییەت سەرت بخەم، ھەڵەو لاوازیەکانت بۆ پاساو بدەم. چوونکە بێجگە لە خودا ھەموو کەس لاوازەو ھەڵە دەکا. بەڵکوو لە کۆتاییا دەڵێم: ئەی پەروەردگار! لە پێناو ئەم ھەوڵ و چالاکی و تێکۆشانەیدا پاداشی بدەرەوە، گەر ھەڵە و لاوازیشی ھەیە قەڵەمی لێ‌بوردنی خۆت، بێنە بەسەر ھەڵەو لاوازیەکانیدا، وەرگێڕانی ئەو قورئانە پیرۆزەی خۆت کە چاکترین چالاکی رۆژانی کۆتایی ژیانی بوو، بیکە بە تکاکار بۆ بەرزبوونەوەی پلەی. لەگەڵ پێغەمبەران و راستگۆیان و شەھیدان و چاکانیشدا لەبارەگانی خۆتا کۆیان بکەرەوە، بەھ بەھ چەند ھاوەڵ و رەفێقێکی چاکن.

ئیبراھیم مەردۆخی - 2009/02/08

بەروار2020/03/30سەردان 750