دەزگاى چاودێریى و سۆراغ و پێداچوونەوە..؟!

دەزگاى چاودێریى و سۆراغ و پێداچوونەوە..؟!

پرسیار: ئایا لە تاقمێکى ئیسلامیدا درووستە دەزگایەک هەبێت کارى چاودێریى و سۆراغ و پێداچوونەوە بێت.؟ بۆ ئەوەى هەر خەلەل و ناتەواوییەک هەبێ ئەمیرو سەرکردەى ئەو کۆمەڵەیەى لێ ئاگادار بکاتەوە، بۆ چارەسەرکردنى و نەهێشتنى.؟

وەڵام: بوونى دەزگایکى لەو جۆرە لە ناو کۆمەڵ و حیزبى ئیسلامیدا کارێکى درووستەو ئیسلام ڕێگەى داوە ئەگەر بۆ چارەسەرى نا ڕێکیى و ئاگاداربوون بێت لە هەر شتێک زیان بە حیزب یان کۆمەڵەکە بگەیەنێت، بەڵگە لەسەر دروستى ئیش و کارى دەزگاى چاودێرى ئەم بەڵگانەى خوارەوەیە:

1- خواى گەورە لە قورئاندا دەفەرموێ: (ؤلَئِن سَأَلْتَهُمْ لَيَقُولُنَّ إِنَّمَا كُنَّا نَخُوضُ ؤنَلْعَبُ قُلْ أَبِاللّهِ ؤآيَاتِهِ ؤرَسُولِهِ كُنتُمْ تَسْتَهْزِئُونَ) التوبة 65. ئیبن کەسیر لە تەفسیرى ئەم ئایەتەدا دەڵێ: (پیاوێک – لە کاتى غەزاى تەبوکدا بوو – لە نێو مزگەوتدا وتى: کەسم نەدیتووە وەک قورئان خوێنەکانمان نەوسن و خەمخۆرى سکیان بن، وە ئەوەندەى ئەوان درۆزن و ترسنۆک بن لە کاتى شەڕو رووبەرووبوونەوەدا، پیاوێک کە لە مزگەوتەکەدا بوو، وتى: درۆت کرد تۆ دوو ڕوو و مونافیقى، وە سوێند بە خوا پێغەمبەر ﷺ لەم قسەیەت ئاگادار دەکەمەوە، جا وتەى ئەم صەحابەیە -سوێند بێ پێغەمبەر ﷺ ئاگادار بکەمەوە- بەڵگەیە لەسەر ئەوەى ئەگەر کەسێک خراپەى کردو وتەى نابەجێى وت، ئەمیرى لێ ئاگادار بکرێتەوە، تا خەڵکانى خراپ بناسرێن و ڕیزى موسڵمانان لاواز نەکەن و چارەسەرێ بۆ کارە خراپەکەى دابنێن.

2- ئیمامى بوخارى لە صەحیحەکەیدا لە زەیدى کوڕى ئەرقەمەوە دەگێڕێتەوە کە ئەڵێ: (من لە گەڵ مامدا بووم گوێم لە (ئوبەی کوڕى عەبدوڵڵاى کوڕى ئوبەى کوڕى سەلول) بوو، وتى: (لا تنفقوا على من عند رسول الله حتى ينفضوا..) المنافقين/ 7، هەروەها وتى: (لئن رجعنا الى المدينة ليخرجن الأعز منها الأذل) المنافقین/ 8. قسەکەى عەبدوڵڵا¬ى کوڕى ئوبەیم بۆ مامم گێڕایەوە، ئەویش بۆ پێغەمبەرى ﷺ گێڕایەوە، پێغەمبەریش ﷺ ناردى بە دواى عبدالله¬ى کوڕى ئوبەى و کۆمەڵێک لە خزمانى لەگەڵ بوون، هاتن سوێندیان خوارد کە ئەو قسەیان نەکردووە، زەید ئەڵێ پێغەمبەر ﷺ باوەڕى بە سوێندەکەى ئەوان کردو قسەکەى منى وەر نەگرت، جا منیش تووشى خەم و خەفەتێکى وا بووم کە هەرگیز بە خۆمەوە نەمدیبوو، ئیتر لە ماڵەوە دانیشتم، خواى گەورە ئەم ئایەتەى ناردە خوارەوە: (إِذَا جَاءكَ الْمُنَافِقُونَ ..) تا گەیشتە (هُمُ الَّذِينَ يَقُولُونَ لَا تُنفِقُوا عَلَى مَنْ عِندَ رَسُولِ اللَّهِ..)، (لَئِن رَّجَعْنَا إِلَى الْمَدِينَةِ لَيُخْرِجَنَّ الْأَعَزُّ مِنْهَا الْأَذَلَّ)..!! جا پێغەمبەر ﷺ ناردى بە دوامداو ئایەتەکانى بۆ خوێندمەوەو پاشان فەرمووى: خواى گەورە قسەى تۆى بە ڕاست داناو ڕاستى تۆى وەدەرخست).(بوخارى، رقم الحديث 4901)
ئەم رووداوە لە غەزاى (بنى المصطلق) بوو، (إبن حجر )ى عەسقەلانى دەڵێ: ئەم فەرموودەیە ئەوەى لێ وەردەگیرێ درووستە قسەیەک کە کردنى ناڕەوایە، بگەیەنرێتەوە بەو کەسەى قسەکەى لە دژى کراوە، وە ئەم کارە بە دوو زمانى (نميمة) ناژمێرێت، مەگەر مەبەستى گێڕەڕەوەکە کێشەو ئاژاوە نانەوە بێت و بەس، بەڵام ئەگەر ئەو قسە گێرانەوە مەصڵەحەت و بەرژەوەندى زیاتر بوو لە زیان و زەرەرى، ئەوە بە دوو زمانى دانانرێت کە ئیسلام حەرامى کردووە، فتح البارى 8/646.
بەڵگە لەم فەرموودەیەدا ئەوەیە کە پێغەمبەر ﷺ ئەو کارەى زەیدى پەسەند کردو نەیفەرموو کارێکى خراپت کردووە، بەڵکو فەرمووى ((إن الله قد صدقک)). کەواتە ئاگادار کردنەوەى ئەمیرو لێپرسراوان لە کارى خراپ و ناڕێک لە ناو شوێن کەوتوواندا بە مەبەستى چارەسەرکردنى درووستە:

1. سەیرى سورەتى منافقین ئایەتى (7-8 ) بکە لەگەڵ خوێندنەوەى تەفسیرەکەیدا.

2. ئیمامى بوخارى لە صەحیحەکەیدا لە عبدالله¬ى کوڕى مەسعودەوە ئەگێڕێتەوەو فەرمووى کاتێک پێغەمبەر ﷺ ئەو ماڵ و غەنیمەتەى کە لە حونەیندا موسڵمانان گرتبوویان بەشى دەکرد، پیاوێکى مەدینەیى (الانصار) وتى: ئەم بەش کردنە بەو جۆرە بەش نەکرا خوا پێى رازى بێت، نا عەدالەتى تیاکراوە، عەبدوڵڵا¬ى کوڕى مەسعود دەڵێ: منیش ڕۆشتم بۆ لاى پێغەمبەر ﷺ و قسەکەم بۆ گێڕایەوە، پێغەمبەریش ﷺ شێوەى دەم و چاوى گۆڕاو تێکچوو لە توڕەییدا، پاشان فەرمووى: ڕەحمەتى خوا لە موسا پێغەمبەر (علیە السلام) لەمە زیاتر ئازاریاندا، بەڵام ئارامى گرت و سەخڵەت نەبوو. لە ریوایەتێکى تردا فەرموودەکە بەم جۆرە هاتووە: ((سوێند بە خوا ئەى موحەممەد.! ئەم شێوە بەشکردنە لەبەر خواو رەزامەندى خوا نەبوو)).(بوخارى. 4335./ بوخارى. 6059)
(ئیبن حەجەر)ى عەسقەلانى دەفەرموێ: لەم فەرموودەوە وەردەگیرێ کە درووستە ئیمام و کەسانى چاک (أهل الفضل) ئەگەر قسەى ناشایستەیان پێ وترا، بۆیان بگێردرێتەوەو ئاگادار بکرێن تا بەئاگابن لەو کەسانەى قسەیان کردووە، وە هەروەها ئەوەشى تێدایە چ جۆرێک لە غەیبەت و دوو زمانى درووستە، چونکە قسەى عبدالله¬ى کوڕى مەسعود شێوەى غەیبەت و دوو زمانى تێدایە، لەگەڵ ئەوەشدا پێغەمبەر ﷺ پێى نەوت کارەکەت خراپە، چونکە مەبەستى عبدالله ئاگادارکرنى پێغەمبەر ﷺ بوو لە کەسێک کە قسەى ناشیرین بە پێغەمبەر ﷺ دەڵێ، کە بە ڕواڵەت موسڵمانە، بەڵام لە ژێرەوە نا پاک و مونافیقە..!! تا پێغەمبەر ﷺ بە ئاگا بێت لێى.. ئەم کارەى عبدالله ش دروستە، هەرچۆنێک جاسوسى کردن لە ناو کافراندا بۆ ئاگادار بوون لە فێڵ و هەر شتێکى خراپ بیانەوێ بیکەن دژ بە مسوڵمانان درووستە.(فتح الباري 20/512).

3. ئیمامى بوخارى دەگێڕێتەوە لە (عبدالرحمن)ى کوڕى عەوفەوە ئەڵێ: (ان رَجُلًا أَتَى أَمِيرَ الْمُؤمِنِينَ عمر بن الخطاب الْيَوْمَ فَقَالَ يَا أَمِيرَ الْمُؤمِنِينَ هَلْ لَكَ فِي فُلَانٍ يَقُولُ لَوْ قَدْ مَاتَ عُمَرُ لَقَدْ بَايَعْتُ فُلَانًا فَؤاللَّهِ مَا كَانَتْ بَيْعَةُ أَبِي بَكْرٍ إِلَّا فَلْتَةً فَتَمَّتْ فَغَضِبَ عُمَرُ ثُمَّ قَالَ إِنِّي إِنْ شَاءَ اللَّهُ لَقَائِمٌ الْعَشِيَّةَ فِي النَّاسِ فَمُحَذِّرُهُمْ هَؤلَاءِ الَّذِينَ يُرِيدُونَ أَنْ يَغْصِبُوهُمْ أُمُورَهُمْ).(صحيح البخاري، كتاب الحدود، باب رجم الحبلى من الزنا إذا أحصنت، حديث : ‏6455‏) ابن حجر عەسقەلانى دەڵێ: ئەمە لێى وەردەگیرێ کە دروستە سوڵتان و کاربەدەستى موسڵمانان ئاگادار بکرێنەوە لە وتەو قسەیەک کە مەترسى لێ بکرێت شتێکى وا لەو قسەیە رووبدات کە خراپەو زیان بگەیەنێت بە کۆمەڵى موسڵمانان، وە ئەم ئاگادار کردنەوەى سوڵتان و بەرپرسەش بە دوو زمانى دانانرێت. فتح البارى/154 .

4. ئیمامى نەوەوى لە کتێبى (رياض الصالحين)دا لە باسى (ما يباح من الغيبة) دەڵێ: (إعلم أن الغيبة تباح لغرض صحيح لا يمكن الوصول إليه إلا بها، و هو ستة أبواب) پاشان ئەو شوێنانە باس دەکات کە غەیبەت کردن تیایاندا دروستەو دەڵێ: (الرابع: تحذير المسلمين من الشر ونصيحتهم) واتە: یەکێک لەو جێگایانەى غەیبەت کردن تیایاندا دروستەو حەرام نییە ئاگادار کردنى موسڵمانانە لە شتێک زیانیان پێ بگەیەنێت بە ئامۆژگارى کردنیان.

5. ((عائیشە دەفەرموێ: (هیند)ى خێزانى ئەبوسوفیان بە پێغەمبەرى ﷺ وت: ئەبوسوفیان پیاوێکى زۆر ڕەزیلەو ئەوەندە یارمەتیم نادات بەشى خۆم و منداڵەکانم بکات، ئەوەى نەبێت لێى بدزم و نەزانێ من بردومە، پێغەمبەر ﷺ فەرمووى: بەشى خۆت و منداڵەکەت بە دزییەوە ببە، بۆت دروستە)).(بوخاري 5364، موسليم 1714) پێغەمبەر ﷺ قسەکەى هیندى وەرگرت و رێگاشیدا بەشى خۆى و منداڵەکەى بە دزییەوە ببات، کەواتە قسەکەى هیند کە دەڵێ ئەبو سوفیان پیاوێکى رەزیلە، غەیبەت نییە، چونکە زوڵمى لە هیندو منداڵەکەى کردووە.

6. (شيخ الاسلام) ابن تيميه لەباسى دروستیى و حەڵاڵى غەیبەت کردنى کەسێکى دیاریکراودا دەڵێ: (و في هذا المعنى نصح الرجل فيمن يعامله ومن يوكله ويوصي إليه ومن يستشهده بل ومن يتحاكم اليه وما أمثال ذلك، وإذا كان هذا في مصلحة خاصة فكيف بالنصح فيما يتعلق به حقوق عموم المسلمين من الأمراء والحكام والشهود والعمال (أهل الديوان و غيرهم).؟ فلا ريب أن النصح في ذلك أعظم، (مجموع الفتاوى 28/230 – 231) كما قال النبي ﷺ: ((الدين النصيحة، قلنا لمن؟ قال: لله، ولكتابه، ولرسوله، ولأئمة المسلمين، وعامتهم)).(صحيح مسلم، كتاب الإيمان، باب بيان أن الدين النصيحة، حديث : ‏107‏).

7. ئیبن حەجەرى عەسقەلانى دەڵێ: (و نقل ابن التين عن أشهب انه قال ينبغي للحاكم أن يتخذ من يستكشف له أحوال الناس في السر، ولْيَكن ثقة مأمونا فطنا عاقلا، لأن المصيبة إنما تدخل على الحاكم المأمون من قبوله قول من لا يوثق به اذا كان هو حسن الظن به، فيجب عليه أن يتثبت في مثل ذلك) شرح فتح البارى 13/190. واتە: لێپرسراوو کار بەدەستى موسڵمانان دەبێ بە پەنهانى کەسێکى هەبێت لە حاڵ و وەزعى خەڵک ئاگادار بکات، ئەبێ ئەوکەسەش ئەم کارە ئەکات بڕوا پێکراوو ئەمین و وریاو عاقڵ بێت چونکە ئەمیرو کار بەدەستى چاک لە ئەوەو بەهۆى وەرگرتنى کەسێکى بڕوا پێنەکراوەوە کە ئەو بەچاکى ئەزانێ زۆر خراپەى بۆ پێش دێت لەبەر ئەوە پێویستە لە دانانى ئەو کەسەدا زۆر بەوردى و دڵنیا بوونەوە دایبنێ.

8. ئیمامى بوخاریى لەباسى (باب بطانة الإيمان وأهل مشورته) دەڵێ: پێغەمبەر ﷺ فەرموى: ((ما بعث الله من نبي ولا استخلف من خليفة إلا كانت له بطانتان: بطانة تأمره بالمعروف وتحضه عليه وبطانة تأمره بالشر وتحضه عليه..)).(صحيح البخاري، كتاب الأحكام، باب بطانة الإمام وأهل مشورته، حديث : ‏6793‏) ئیبن حەجەرى عەسقەلانى دەڵێ: لە شەرحى ئەم فەرموودەدا دەڵێ: (البطانة) (الدخلاء) ماناى (الدخلاء) کۆى (دخیل)ـە بریتیە: لەو کەسەى بە تەنها دەچێتە لاى ئەمیرو کاربەدەست لە جێگاى تایبەتى خۆیى و هەر ئیش و کارێک لە ئەمیر شاراوە بێت بە ئەمیر ئەڵێت و ئەمیر باوەڕى پێ ئەکات لە هەموو ئەو شتانەى دەربارەى ژێردەستەکانى هەیەو ئەمیر زانیارى نییە دەربارەیان و پاشان ئەمیر کار لەسەر قسەکانى ئەو دەکات. فتح الباري 13/190. هەموو ئەم بەڵگانە باسمان کردن بەڵگەن لەسەر دروستى و شەرعییەتى بۆ کەسێک یان چەند کەسێک بۆئەوەى گەورەو سەرکردەى موسڵمانان ئاگادار بکەن لەهەر خەلەل و ناتەواوییەک لە ئیش و کاردا هەبێت چ وەک کەسەکان، یان وەک کارەکەیان، ئەو کەسانەى ئەم کارە ئەکەن پاداشتیان بۆ هەیە نەک گوناهبار بن، وە لە هەموو سەردەمەکانى مێژووى ئیسلامدا ئەم کارە هەبووە، بۆ ئاگادار کردنى ئەمیرو لێپرسراوەکان لە ئیش و کارى موسڵمانان، ئەگەرچى لە چۆنیەتییەکەیشیدا هەندێ جیاوازى بووبێت لەگەڵ ئەمەى کە ئەمرۆ هەیە لەناو موسڵماناندا، بەڵام کارەکەیان هەمان کارى دەزگاى پشکنین و پێداچوونەوەیە. 

والله أعلم بالصواب.

ئەحمەد كاكە مەحموود

بەروار2020/03/21سەردان 1645