دیداری به‌رێز كاك موشیر گه‌ڵاڵیی

دیداری ماڵپه‌ری مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ محمود له‌گه‌ڵ به‌رێز كاك موشیر گه‌ڵاڵیی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی دیمه‌شقی پێشووی باسك
 
بسم الله الرحمن الرحیم

وه‌لاَمی‌ پرسیاره‌كان:
سه‌ره‌تا زۆر خۆشحاڵم كه‌ یه‌كێكم له‌وانه‌ی‌ هه‌ڵتانبژاردووین بۆ یه‌كه‌مین ساڵرۆژی‌ وه‌فاتی‌ مامۆستای‌ ره‌حمه‌تیمان بدوێین : ئه‌مه‌ شانازییه‌ بۆ من وه‌ك قوتابی و سه‌ربازێكی‌ به‌وه‌فای‌ ئه‌م رێبازه‌ پیرۆزه‌ وه‌فاداری خۆم پیشان بده‌م .

*  بێگومان وه‌فاتی‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ دیار و زاناو روناكبیرێكی‌ له‌م ئاسته‌ كه‌لێنێكی‌ گه‌وره‌ ئه‌خاته‌ ناو ریزی‌ رابوونی‌ ئیسلامیی (موت العالم موت العالم) ، ئێمه‌ ئه‌گه‌ر موجاهیدێكی‌ خوێنده‌وارمان له‌ده‌ست دابێ‌ شوێنه‌واری‌ به‌ئاسانی‌ پڕ نابێته‌وه‌ ، چونكه‌ به‌بێ‌ خۆهه‌ڵكێشان و له‌خۆبایی بوون ئه‌و برایانه‌ی‌ له‌ده‌ستماندان بۆ هه‌ركه‌سێ خاوه‌ن ویژدان بێت ئه‌زانێ‌ كه‌وا هه‌ڵبژارده‌ی‌ شارو گوندو كۆلاَنی خۆیان بوون ، نموونه‌ی‌ ره‌وشت به‌رزیی‌ و جوامێری‌ بوون ، هه‌روا له‌خۆیانه‌وه‌ كۆنه‌كرابوونه‌وه‌ به‌ئه‌رك و ماندووبونێكی‌ زۆر گه‌یشتبوونه‌ ئه‌م قۆناغه‌.

* چ جا یه‌كێكی‌ وه‌كو مامۆستای‌ ره‌چه‌ شكێنی‌ بانگه‌وازو هیجره‌ت و جیهاد ، مامۆستا به‌مانای‌ ته‌واوی‌ نووسه‌ر ، مامۆستا به‌مانای‌ ته‌واوی‌ مامۆستا ، نووسه‌ر ، زانا ، رووناكبیر ، موجاهید ، هه‌موو ئه‌مانه‌و زیاتریش ئینجا هه‌ریه‌كێ‌ له‌م سیفه‌تانه‌ ئه‌گه‌ر بۆ قۆناغی‌ ئه‌مرۆ به‌شتێكی‌ ئاسایی وه‌ربگیرێ ئه‌وا هه‌رگیز بۆ ره‌عیلی‌ یه‌كه‌می‌ رابوونی‌ ئیسلامیی كارێكی‌ ئاسایی نه‌بوون بچووكترین باجیان گرتن و زیندانی و ئه‌شكه‌نجه‌و ده‌ربه‌ده‌ری‌ و تێكۆشان و چه‌ك هه‌ڵگرتن و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ماڵ و منداڵ و تینویه‌تی‌ و برسێتی‌ و خوێن و مه‌رگی‌ گه‌ره‌ك بوو.
مه‌لاو چه‌ك هه‌ڵگرتن !! مه‌لاو جیهاد و خه‌بات !! بێگومان ئه‌م چه‌مكانه‌ دوای‌ ده‌یان ساڵ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ مامۆستا مه‌لا علی‌ بیاره‌و مامۆستا شێخ عبدالله‌تیف و مامۆستای‌ رابه‌رو مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود و مامۆستا مه‌لا عه‌لی‌ راست كرانه‌وه‌ رێره‌وی‌ خۆیان وه‌رگرته‌وه‌ ، بۆكه‌سێك مه‌قام و پایه‌ی‌ مامۆستای‌ ره‌حمه‌تی‌ بزانێ ئه‌بێ‌ بگه‌رێ‌ و بزانێ‌ كتێبی‌ دادگه‌ریی‌ و سه‌ربه‌ستی‌ له‌ئیسلامدا له‌چ سه‌روه‌ختێك به‌چاپ گه‌یشتن و له‌چ ساڵێك بلاَو كرانه‌وه‌ !!.

* به‌ڵێ ئه‌م زانایانه‌ بوون بوونه‌ عه‌له‌مدارانی جیهادو دامه‌زرێنه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی ، هه‌رله‌ بۆنه‌ی‌ تریشدا وتوومه‌و ئه‌شڵێم ئه‌م به‌رێزانه‌ بوونیان له‌سه‌ركردایه‌تی‌ بزووتنه‌وه‌ پێویستییه‌كی‌ گرنگ بوو رابه‌رایه‌تی‌ ئه‌م رابوونه‌مان بۆبكه‌ن. بروام وابوو (به‌پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌ندێ‌ گه‌نجی‌ سه‌رشێت) ئه‌گه‌ر ئه‌م كه‌ڵه‌ پیاوانه‌ نه‌بوونایه‌ به‌س بوو به‌ فه‌توای‌ چه‌ند كۆمه‌ڵه‌ مه‌لایه‌ك فه‌توای‌ كافر بوونمان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن و بڵێن ئه‌مانه‌ وه‌هابین و شاربه‌ده‌ریان بكه‌ن ، به‌لاَم به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ زیندوو كوژو مردوو په‌رستین ، دوا په‌یامیشم بۆ هه‌وادارنی و دڵسۆزو قوتابییانی‌ ناو هاورێبازانی‌ و هاوسه‌نگه‌رانی‌ یه‌كبگرنه‌وه‌ و به‌س.


موشیر گه‌لاَڵی‌ - له‌نده‌ن

بەروار2020/03/30سەردان 938