حوکمى خۆ پاڵاوتن بۆ وەدەست گرتنى بەرپرسێتى.؟
حوکمى خۆ پاڵاوتن بۆ وەدەست گرتنى بەرپرسێتى.؟
پرسیار: ئایا خۆ کاندید کردن بۆ ئەندام بوون لە هەر ئۆرگان و دەزگایەک ڕەوایە، وە لە هەمان کاتدا دەیشتوانى پڕوپاگەندە بۆ خۆت بکەى..؟
وەڵام: سوور بوون لەسەر بەرپرسێتیى و کار بەدەست گرتن، خواست و داخوازى زۆرینەى ئادەمیزادە، وەک پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتى: ((إنكم ستحرصون على الإمارة وستكون ندامة يوم القيامة)).(صحيح البخاري، كتاب الأحكام، باب ما يكره من الحرص على الإمارة، حديث: 6748) (وقال إبن حجر: قال المهلب: الحرص على الولاية هو السبب في اقتتال الناس عليها حتى سفكت الدماء واستبيحت الأموال، ووجه الذم أنه قد يقتل أو يعزل أو يموت). واتە: ئیبن حەجەر دەڵێ: موهەلەب وتوویەتى: سووربوون لەسەر کار بەدەست گرتن گەلێ جار دەبێتە هۆى کوشتار لە ناو خەڵکدا، وە هەروەها خوێن و سامان حەڵاڵ دەکرێ، لەولایشەوە لە پاشەرۆژدا دەبێتە هۆى پەشیمانى.
لەم سۆنگەیەوە زانایان دەڵێن: هەندێ جار داواکردنى کار بەدەست گرتن، نەک تاوانە، بەڵکو واجیب و پێویستە، وەک ئەوە:
أ)کەسێک نەبێ ئەو جێگەیە بگرێتەوە، ئەگەر ئەویش وەرى نەگرێ فەسادو خراپەکارى ڕوو بدات، ئیبن حەجەر دەڵێ: (ان من قام بالأمر عند خشية الضياع كمن أعطى بغير سؤال لفقد الحرص غالبا عمن هذا شأنه وقد يغتفر الحرص في حق من تعين عليه لكونه يصير واجبا عليه) فتح الباري 13/125-126.
واتە: ئەو کەسەى بەو کارە هەڵدەستێت و لە ترسى فەوتانى ئەو جێگە، یان ترسان لەوەى کە خەڵکى ناشایستە بیگرێتە دەست، خۆى هەڵدەبژێرێ، ئەوە وەک کەسێکە کە بە بێ داواکردن پێى درابێت، چونکە ئەو سوور نییە لە سەر ئەو جێگایە، وە زۆر جار چاوپۆشى دەکرێ لە کەسێک کە داواى کارێک بکات کە پێویست بێ لە سەرى، خۆى بۆ هەڵبژێرێ، چونکە ئەو جۆرە کەسە شیاوانە وەکو (واجب)، ئەبێ خۆیان کاندید بکەن و پێویست بووە لە سەریان.
ب) شێخى قورتوبى لە تەفسیرەکەیدا داواى کار بەدەست گرتن بۆ کەسێ کە لە توانایدا هەبێ و لەو چاکترو شیاوتریش نەبێ، وە متمانەى بە خۆى هەبێ، بە درووستى داناوە، وە دەڵێ: ڕاى پەسەند ئەوەیە کە دەتوانێ خۆى کاندید بکا. تفسير القرطبي 9/216. وە: 15/204. وە هەروەها خاوەنى (فتح الباری) بەهەمان شێوە تەرجیحى ئەم وتەى داوە. فتح الباری 13/125-126.
ج) شەوکانى لە تەفسیرى (فتح القدیر)دا لە شەرحى ئەم ئایەتەدا: (قال اجعلني على خزائن الأرض اني حفيظ عليم) يوسف 55. دەڵێ: (طلب يوسف (عليه السلام) ذلك ليتوصل به إلى نشر العدل ورفع الظلم ويتوسل به إلى دعاء أهل مصر إلى الإيمان بالله وترك عبادة الأوثان) فتح القدير 3/42.
واتە: یوسف ئەو داوایەى بۆیە کرد تا لە ڕێگەى ئەو کارەوە دادوەریى و عەدالەت بڵاو بکاتەوەو، ستەمکارى لە ناو بباو، ئەم کارە بکاتە هۆکارو فاکتەرێ بۆ بانگکردنى خەڵکى میصر بۆ لاى خوداو وازهێنان لە پەرستراوەکانى تر، وە لە هەمان جێگەدا دەڵێ: (فيه دليل على أنه يجوز لمن وثق بنفسه اذا دخل في أمر من أمور السلطان، ان يرفع منار الحق ويهدم ما أمكنه من الباطل طلب ذلك لنفسه).واتە: بەهەمان شێوە بەڵگەى ئەوەیشى تێدایە کە ئەگەر کەسێک متمانەى بە خۆى هەبوو درووستە خۆى هەڵبژێرێ بۆ کارێ لە کارەکانى سوڵتەو کار بەدەست گرتن، تا لەو ڕێگەیەوە بتوانێت چراى حەق و ڕاستى هەڵکاو بە پێى توانا قەلآى زوڵم و ماف خۆران بڕووخێنێ، وە هەروەها دەڵێ: (ويجوز لو أن يصف نفسه بالأوصاف التي لها ترغيبا فيما يرومه، وتنشيطا لمن يخاطبه من الملوك بإلقاء مقاليد الأمور اليه وجعلها منوطة به).. واتە: درووستە وەسفى خۆى بکا بەو ئاکارو شێوازە پەسەندانەى کە لە خۆیدا ڕا دەبینێ.. بۆیە یوسف دەفەرموێ: (..إني حفيظ عليم) تا خەڵکى بە هۆى ئەو ئاکارە پەسەندانەوە هەڵیبژێرن، وە تا مەلیک و کار بەدەستانیش زیاتر ڕووى ئاراستەو خۆیانى تێ بکەن و کارەکانى پێ بسپێرن.
لە کۆتاییدا دەڵێین: بەو مەرجانەى کە زانایان باسیان کردووە، خۆ هەڵبژاردن و دیعایە کردنى شەرعى بۆ هەڵبژێراوەکە – چ لە لایەن خۆیەوە، وە چ لە لایەن ڕاگەیاندنى سەردەمەوە – ڕەوایە، بە مەرجێ زیادە ڕەویى تێدا نەکرێت و ئەوەى کە دەیڵێت و ئەوەى کە دەوترێ یان خۆى ئەیڵێ تێیدا بێت و بەڵێنەکانى بباتە سەر.
ئەمە کورتە وەڵامێکى ئەو پرسیارە بوو، ئەڵبەت هەرئەوەندە بەسە، ئەگینە زانایان – بەتایبەت نوێکان – زۆرێکیان لەسەر نووسیوە. خواش باشتر دەزانى.!
ئەحمەد كاكە مەحموود
بەروار2020/03/21سەردان 1838
حوکمی پەیمان و ھاوپەیمانێتی لە ئیسلامدا.؟ حوکمی گومرگ و وەرگرتنى سەرانە.؟ حوکمى بەشدارى ئیسلامییەکان لە پەرلەمان و وەزارەت..؟! ئایا ئەزانى کێ هەڵبژێریت بۆ (پەرلەمان و سەرۆکایەتی وڵات).؟ حوکمى خۆ پاڵاوتن بۆ وەدەست گرتنى بەرپرسێتى.؟ دەزگاى چاودێریى و سۆراغ و پێداچوونەوە..؟! حوکمى گواستنەوەى گۆڕ لەبەر بەرژەوەندى گشتیى.؟ ئایا جەنگ كردن لە مانگە حەرامەکاندا دروستە.؟ ئایا سنوور (حدود)ـەکانى خوا، دەگۆڕدرێن بە پارە، یان بە زیندانى.؟ حوکمى دابەشکردنى زەوى لەلایەن شارەوانییەوە.؟ ماڵ و منداڵ بردنە نێو حەرەمى مزگەوتەوە..؟! دەبێت بەڕێوەبەرى زیندان کێ بێت.؟ مەسرەفى زیندانى لەسەر کێ دەبێ..؟! ئایا بەکارهێنانى (بیت المال) بۆ مەبەستى تاکە کەسى دروستە.؟ پەیوەندی دەوڵەتان و مافی ھاوڵاتیان و بێگانەکان (الأجانب) لە ئیسلامدا.!