پێکھاتەی جەستەی ژن و پیاو لێکجودایە.!

پێکھاتەی جەستەی ژن و پیاو لێکجودایە.!

بەڵێ لەگەڵ ئەوەدا کە ژن و پیاو ھەردوو ئینسانن و مرۆڤن و، وە ھەردوو وەکو یەک خاوەن بەھاو بەحورمەتن، لەھەندێ شتدا پێکھاتەی جەستەیان لێکجودا دەبێتەوەو ھەرکامێکیان تایبەتمەندی خۆی ھەیە، بۆ نموونە: ژن دەکەوێتە (حەیز)و بێ نوێژییەوە، کەچی پیاو حەیزو بێ نوێژی نییە، ژن دووگیان دەبێ، پیاو دووگیان نابێت، ئەوجا لەگەڵ ئەو بەھاو حورمەتەیان و جیاوازی جەستەییان، ژن کارێکی زۆر گرنگتری پێدەکرێت، کە پیاو ئەوەی لێنایەت، ژن دەتوانێ بێ پەیوەندی نێرومێیی، دووگیان ببێ، بەڵام پیاو –ھەرگیز– بێ مێینە وەبەر نایەت، ئەمەیە کە قورئانیش ئاماژەی پێدەکاو دەفەرموێ: [ولیس الذکر کالأنثی...] (الإسلام/سعید حوی). بۆیە خاتوونە (مەریەم)یش، بێ پەیوەندی نێرومێ بە فەرمانی خودا (عیسا) پێغەمبەری لێبوو. تەفسیری (مەنار) دەڵێت: بەلای زاناکانەوە سەلمێنراوە کە لەھەندێ ئاژەڵدا، ھەندێ مێینە ھەیە بێ (تەلقیح) و متوربە لەگەڵ نێرەکەیدا، زاوزێ دەکا: (إنە من قیل ما ھو ثابت إلی الیوم عند العُلماء من التوالد البکری، وھو أن إناث بعض الحيوانات الدنیا تلد عدة بطون بدون تلقیح من الذکور) تفسیر المَنار. ب٧ لاپەڕە ٣٣١ ج٨. (عبدالوھاب نجار) دەڵێت: ٢٩/مایۆی ساڵی ١٩٣٩ز، ڕۆژنامەی (ئەھرام)ی میسری بڵاوی کردەوە کە: لە ١٤ی مایۆ، لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون، لە شاری (لیما)ی پایتەختی کۆماری (پیرۆ)ی ئەمریکای باشوور، کیژێکی تەمەن (٥) ساڵ، منداڵێکی بەنەشتەرگەری دیت و، تەندروستیشی زۆر باشە! (قصص الأنبیاء/ عبدالوھاب النجار) مەبەست لە ھێنانی ئەم بۆچوونە جۆراوجۆرانە، نرخاندنی دۆزی ئافرەتانە لەم بوونەوەرەدا ئەوەیە کە: ھێندێ شتی سەرسوڕھێنەر لە ژناندا دەبێ، لە پیاواندا دەست نادات، کەوابوو خوای گەورە زۆر ڕاست دەفەرموێ: [ولیس الذکر کالأنثی..] جا لەبەر ئەوە کە ئەو گشت نھێنییە لەژناندا ھەیە، خوا بە (مەریەم) دەفەرموێ: [إنَ اللە اصطفاکِ وطهرکِ واصطفاکِ علی نساءِ العالمین] ٣/٤٢.

باوە (ئادەم) و دایە (حەوا)، ھەردوو پێکەوە لەدرەختەکەی بەھەشتیان خوارد.!

 ئافرەت لەھەموو خێرو شەڕێکدا، شان بەشانی پیاو بووە، ھەردوولا قابیلی ئەنجامدانی کاری چاک و خراپن، خوای میھرەبان ھەردوو وەکویەک سەیر دەکا، (ئەمر)و (نەھی)یەکانی بۆ ھەردوولایانە، ھەردوو پێکەوە دەنێردرێنە (بەھەشت)ـەوە، لە بەھەشتدا لە ھەردووش رێدەگیردرێ بۆ خواردن لە درەختەکە، شەیتان ھەردوولا لەخشتە دەباو دەیانخەڵەتێنێ و، لە بەھەشت دەریان دەپەڕێنێت، ھەردوو پێکەوە دادەبەزێنێ بۆسەر زەوی، ھەردوو پێکەوە دەپاڕێنەوە لەخوا و پەشیمانی دەردەبڕن و خواش لێیان گیرا دەکات: [وقُلنا یا آدم اسکن أنتَ و زوجکَ الجنة وکلا منھا رغدا حیث شئتما ولا تقربا ھذەِ الشَجَرة فتکونا من الظالمین فَأزلھما الشیطان عنھا فأخرجھما ممّا کانا فیە و قلنا اھبطوا بعضکم لبعض عدوّ ولکم فی الأرض مستقر ومتاع الی حین. فتلقی آدم من رّبە کلمات فتابَ علیە إنەُ ھۆ التواب الرحیم] ٢/٣٥-٣٧. لەسوورەتی (ئەعراف)یشدا لەئایەتی(١١)دا ھەمان باس ھاتووە، بەڵام بەشێوەو شێوازێکی تر، دیسان ھەر لەوێ دەفەرموێ: [قالا ربنا ظلمنا أنفسنا وإن لم تغفرلنا وترحمنا لنکونن من الخاسرین] ئایەتی: ٢٣. 
 لەسوورەتی (گە)شدا، لەئایەتی (١١٥) وە تا(١٢٣) سەبارەت بەو بەسەرھات و داستانەیە ھاتـووە، ئـەمانـە ھەموو ئەوە دەگەیەنن کە ژن و پیاو، وەکو یەک بەڕێزن، وەکو یەک قابیلی (خیطاب)و ئاخاوتنن، وەکو یەک (تەکلیف)و ئەرک لە ئەستۆیان دەنرێت، مەگەر شتێک تەنیا لەپیاودا، یان لە ژناندا تەکلیف ھەڵبگرێت، واتە: ھێندێ شت ھەیە لە پیاواندا دەست دەدات، لە ژناندا نابێت، یان بە پێچەوانەوە. لەگشت [یاأیُھا الناس..] و [یاأیُها الذین آمنوا..] و [یابنی آدم...]ـەکانی قورئاندا، ژن و پیاو ھاوبەشن، وە ھەموو ئەو وشەو رستانەی (بیکە)و (مەیکە)ی قورئان رووی لە ھەردووکیانە.

ژن و پیاو لە ئایدیۆلۆژیادا دەبێ یەک بن.!

 ھەر لەسەر بەرژەوەندی (ژن و پیاوە) کاتێ لەئایدۆلۆژیاو بیروباوەڕیان دەدوێ، ئەگەر بیانەوێ ببنە ھاوسەرو پێکەوە ژن و مێردی بکەن، ئەگەر بیروباوەڕو فیکرەیان لێکجودا بێت، ئەو ژیانە سەقامگیر نابێ و دەوامی نابێت، ھەر بۆیە ڕێگە نادات پیاوی موسڵمان ژنی (موشریک) و بێ دین و بێ دیانەت مارە بکات، یان ژنی موسڵمان لەپیاوی (موشریک) و بێ دین وبێ دیانەت مارە بکرێت، بەڵام بۆ خاوەن نامەکان (عیسایی و موسایی) جیاوازییەکی ھەیە، بۆیە لەسوورەتی: ٢/٢٢١دا ھاتووە: [ولا تنکحوا المُشرکات حتی یُؤمنَّ ولأمة مؤمنة خیر من مشـرکة ولو أعجَبَتکـم ولا تنـکـحـوا المشرکینَ حتی یؤمنوا ولعبد مؤمن خیر من مشرک ولو أعـجَبَـکم أولئـکَ یدعونَ الی النار واللە یدعو إلی الجَنة والمَغفرة بإذنە ویُبیّن آیاتە للناس لعلھم يتذکرون] واتە: ئەو ژن و پیاوە دەبێ – تەنانەت– لە فیکرەشدا یەک بن، ئەگینە ژیانیان قابیلی تێکچوونە و، قابیلە نەتوانن، دوو مرۆڤی خاوەن فیکرەی لێکجودا، ژیانێکی ئاسوودە بەرنە سەرو، ماناو مەبەستی ژن و مێردی بێتە دی کە خوا ئەفەرموێ: [ھو الذي خلقکم من نفس واحدة وجَعَل منھا زوجھا لیسکن إلیھا...] أعراف/١٨٩. یان دەفەرموێ: [ومن آیاتە أن خلق لکم من أنفسکم أزواجاً لتسکنوا إلیھا و جَعَڵ بینکُم مودة و رَحمة إن في ذلک لایات لقوم يتفکرون] روم/ ٢١.

لە بەر ئاسوودەیی ژنانە، ھاوکووفیی رەچاوکراوە.!

 لەم سۆنگەوە بوو زاناکان -ھێندێکیان– پاش باس و لێکۆڵینەوە لە ژیانی ژن و پیاو (مێردو ھاوسەر) دەروازەیەکیان لە کتێبەکانیاندا کردەوە بەناوی (باب الکفاءة)ـەوە، واتە: ئەو پیاوەی دەیەوێ ببێتە ھاوسەری ھەر ژنێک، دەبێ لە کۆمەڵێ کاری پەسەندو جوامێریدا ھاو کووف و ھاوشانی ئەو ژنە بێت، وە خاوەن شان و شەوکەوت بێت، ئافرەتەکە ھەست بە کەم و کورتیی باری کۆمەڵایەتی ھاوسەرەکەی نەکات، لەناو کۆمەڵگەدا باری کۆمەڵایەتی پێی کەم نەبێتەوە، تا لە پاشەڕۆژو ئاییندەشدا مانا و مەبەستی ژن و مێردی، یان بڵێین ژیانیان باشتر بچەسپێ و، پڕ لەخۆشیی و دلۆڤانی بێت، ئەم خاڵەش، واتە: ڕەچاوکردنی مرۆڤێکی شیاوو خاوەن سومعە بۆ ئافرەتەکە پتر لەبەرژەوەندی ژناندایە، ئەگەرچی بە گشتیی لە خزمەتی خێزانەکەدایە.
 بێ شک ژیان لەگەڵ ھاوسەرێکی ئاوادا، پتر مایەی ئاسوودەیی و، مانەوەو درێژەدانە بەژیانی کامەرانیی و، بە دەگمەن بیر لە تەڵاق و جیابوونەوە دەکرێت، پێچەوانەی ئەمەش کە: پیاوەکە لە ھێندێ لە(فەزائیل)دا لە ژنەکە کەمتر بێت، دەگونجێت ئەو ژنە کەمتر گوێڕایەڵ بێت، کەمتر ڕووخۆش و دلۆڤان بێت لەگەڵ مێردەکەیدا، ھەمیشە ھەست بە کەمیی و بچووکیی و ناتەواوی مێردەکەی دەکات، ئەوساش خێزان لەو حاڵەتەدا تێکدەچێ و، منداڵ وێڵ و سەرگەردان دەبێ و، واوەیلاش بۆ ئاییندەی ھەردوو لایانە (الإسلام عقیدة و شریعة/ شیخ محمود شلتوت) (ئیشەڵڵا لە جێگەی خۆیدا، پڕتر باسی (کەفائە) و ھاوشانیی کچ و کوڕ دەکەین).

ئەحمەد كاكە مەحموود

بەروار2020/03/21سەردان 1358