حوکمی وێنەگرتن (وێنەی فۆتۆگرافی).؟

حوکمی وێنەگرتن (وێنەی فۆتۆگرافی). پاشان حوکمی وێنەی ژنان لە بڵاو کراوەکاندا.؟

  وەڵام: سەرەتا وێنەو ڕەسم کە ئەمڕۆ بڵاوەو بازاری گۆڤارەکانی پێگەرمکراوە، لە سەردەمی پێغەمبەردا ﷺ و بەڵکو لە سەردەمەکانی دوای پێغەمبەریشدا ﷺ نەبووە، بەڵام پەیکەرو ڕەسم و وێنە کێشان بە دەست و بت تاشین ھەبووە، پێغەمبەری ئیسلام ﷺ لە چەندین فەرموودەی ێەحیحدا ھەڕەشەی کردووە لەو کەسانەی وێنە دەکێشن و پەیکەر درووست دەکەن، وەک دەفەرمووێ: ((إن أشد الناس عذابا عند اللە یوم القیامة المصورون)). صحيح البخاري، كتاب اللباس، باب عذاب المصورين يوم القيامة، حديث: ‏5612‏.، وە دەفەرموێ: ((إن الملائکة لا تدخل بیتا فیە تماثیل أو صورة)). رواه الترمذي، وصححه الألباني في الجامع الصحيح لسنن الترمذي، برقم: 2805. 
بەڵام ئایا ئەم وێنەو ڕەسمەی ئەمڕۆ ئەو ھەڕەشەو بە حەرام دانانەی کە پێغەمبەر ﷺ لە فەرموودەکانیدا فەرموویەتی، ئەیگرێتەوە یان نا..؟! زانایانی ئیسلام دوو ڕایان ھەیە لە سەر حەڵاڵی یان حەرامی وێنەی فۆتۆگرافی:

 یەکەم: کۆمەڵێک لە زانایان وێنەی فۆتۆگرافی بە حەرام دادەنێن تەنھا بۆ ھەندێ شتی زۆر زەروور نەبێت، وەک ڕەسمی دەفتەر نفوس و جنسیەو مۆڵەتی شۆفێری... ھتد، لەم زانایانەی ئەم ڕایەیان ھەیە: (عبدالعزیز بن باز، محمد ناصرالدین الألبانی، محمد علی الصابونی، الدکتور محمد رمضان البوطی) بەڵگەیان ئەمانەیە:

 أ. ئەم جۆرە وێنانەیش جۆرێکن لە (صور)، جا فەرموودەکەی پێغەمبەریش ﷺ گشتییەو دەیگرێتـەوە.
 ب. بت پەرستی لە میللەتاندا لە ڕێگەی وێنەو پەیکەر درووست کردنەوە بڵاوبووەتەوە، وەک گەلی نوح کە قورئان باسی دەکات: (..ۆڵا تَژَرُنَّ ودًّا ۆڵا سُواعًا ۆڵا ێغُوث ۆێعُوقَ ۆنَسْرًا) نوح/ ٢٣. ئەم ناوانە ناوی کۆمەڵێک پیاوی چاک بوون، پاش مردنیان پەیکەریان بۆ درووست کردوون، بۆ ئەوەی لە یادیان نەچن، بەڵام پاشان کراونەتە پەرستراو..!
 ج. چاکتر وایە (احتیاط) بکرێت لە ڕێگە نەدان بە وێنەی فۆتۆگرافی.

 دووەم: کۆمەڵێکی تر لە زانایانی ئیسلام وێنەی فۆتۆگرافی بە حەڵاڵ دادەنێن، لەو زانایانە: (محمد بخیت) موفتی میصر لە سەردەمی خۆیدا، ھەروەھا (حسنێن مخلوف) موفتی میصر لە کاتی خۆیدا، (محمد رشید ڕەزا) خاوەنی تەفسیری مەنار، (عبدالرحمن الجزیری) خاوەنی کتێبی: الفقە علی المذاھب الأربعة، (محمد علی السایس) خاوەنی کتێبی: تفسیر آیات الأحکام، دکتۆر (یوسف القرضاوی)، (منصور علی ناصف) خاوەنی کتێبی: التاج، الجامع للأصول، (سید السابق) خاوەنی کتێبی: فقە السنة، لیژنەی فەتوای ئەزھەر، بەڵگەی ئەم زانایانە بریتییە لە:

١. وێنەی فۆتۆگرافی درووستە، بە قیاس لەسەر فەرموودەی: (الرقم فی الثوب) کە لەفەرموودەکاندا باسی (صورة) دەکەین، بە حەڵاڵ دانراوە، وە ئەم فەرموودەیە کە موسلیم لە ێەحیحەکەیدا دەیگێڕێتەوە لە بوسری کوڕی سەعیدەوە، ئەویش لە زەیدی کوری خالیدەوە، ئەویش لە ئەبو تەڵحەوە کە ھاوەڵی پێغەمبەرە ﷺ لە پێغەمبەرەوە ﷺ ڕیوایەتی کردووە: ((ان الملائکة لا تدخل بیتا فیە صورة)) بوسر دەڵێ: پاشان زەید نەخۆش کەوت، سەردانمان کردو بینیمان پەردەیەک بە دەرگاکەیانەوە بوو، وێنەی (صورة)ی تیادا بوو، (بوسر) دەڵێ: بە عوبەیدوڵڵا¬ی خۆلانیم وت: زەید ڕۆژی پێشوو فەرموودەی پێغەمبەری بۆ نەگێڕاینەوە دەربارەی (صورة) وێنەو ڕەسم، عەبدوڵڵا وتی: گوێت لێ نەبوو زەید وتی: – إلا رقما في الثوب – مەگەر وێنەیەک لە قوماشدا بێت ئەوە قەیناکات. صحيح مسلم، كتاب اللباس والزينة، باب لا تدخل الملائكة بيتا فيه كلب ولا صورة، حديث : ‏4024‏.

 ٢. ئەم جۆرە ڕەسم و وێنەی ئەمڕۆیە فەرموودەکان نایگرێتەوە، چونکە ئەو فەرموودانەی لە بارەی وێنەو ڕەسمەوە وتراوە کە لەسەر دەمی پێغەمبەردا ﷺ بووە، بەڵام وێنەی فۆتۆگرافی زۆر دواتر داھاتووە، ڕاستـتـر وایە بخرێتە ریزی حەڵاڵەوە.
 ٣. ھۆی حەرامی وێنەو ھەیکەل لاسایی کردنەوەو بە گەورە دانانە (المضاھات والتعظیم)، کە ھەردوو ئەم سیفاتە لە وێنەی فۆتۆگرافیدا نییە.
 ٤. وێنەی فۆتۆگرافی سینەمائی وەک: وێنە لە ئاودا، یان لە ئاوێنەدا وایە، کە ھیچ کەس ناڵێت وێنە لە ئاودا یا لە ئاوێنەدا حەرامە.
 لەسەر ڕووناکی ڕای زانایان دەربارەی وێنەگرتن، بە گشتی ئەمە ڕایانە. بەڵام دەربارەی وێنەی ئافرەت بڵاوکردنەوە لە ڕۆژنامەکاندا وەک لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا (پەخش کردنی بابەت و بەرنامەی ئافرەت لە تەلەفزیۆندا) وتمان ئەێڵ وایە ئافرەت وێنەی بڵاو نەکرێتەوە لە ڕۆژنامەدا، لەبەر ئەو بەڵگانەی پێشتر باسمان کرد، کە ئافرەت دەبێت کاری لەناو ماڵدا بێت بۆ ھەندێ کاری زۆر زەروور نەبێ نەیەتە دەرەوە، بۆیە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئافرەت زۆر زەروور نییەو خەلەلێکی گەورە لە ڕۆژنامەکەدا درووست ناکات، ئێمەش وەک کادیرێکی ئیسلامیی تایبەتمەندی خۆمانمان ھەیە، ئەبێت پارێزگاری لێ بکەین و لاسایی کەسانی تر کە موسوڵمان نین نەکەینەوە، لەبەر ئەوە وێنەی ئافرەت بڵاو نەکرێتەوە لە حاڵەتی زۆر زەرووردا نەبێت، کە ھەموو کەس بڵێت بەبێ وێنە ئەو بڵاوکراوەیە ئەنجام نادرێت، بەڵام ئەگەر رۆژنامەکە یان گۆڤارەکە بازاری گەرمتر بکرێت و پێشکەوتوترو باشتر بکرێت بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ئافرەتان، ئەوە نابێ وێنەی ئافرەتان بڵاوبکرێتەوە. واللە أعلم.

ئەحمەد كاكە مەحموود

بەروار2020/03/21سەردان 4507