دیداری به‌رێز كاك عبدالرحمن عبدالرحیم


دیداری ماڵپه‌ری مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ محمود له‌گه‌ڵ به‌رێز كاك عبدالرحمن عبدالرحیم ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پێشووی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی

بسم الله الرحمن الرحیم

پ1 : ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود ناوێكی دیاری ناو رابوونی ئیسلامی كوردستان ، زانایه‌كی روناكبیرو كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسی و سه‌ركرده‌یه‌كی مه‌یدانی بوو ، پێتان وا نیه‌ له‌ده‌ستدانی ئه‌م زاناو سه‌ركردانه‌ بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ له‌ ناو ریزی موسوڵماناندا دروست ده‌كات و به‌ ئاسانی پڕ نابێته‌وه‌ ؟

وه‌لامی‌ پ/1
سه‌ره‌تاسوپاس وستایش بۆئه‌و په‌روه‌ردگاره‌ی‌ كه‌ هه‌موومان ده‌گه‌رێینه‌وه‌ به‌ر دیوانه‌كه‌ی‌ ، وه‌ درودو سه‌لام له‌سه‌ر زاتی‌ پاكی‌ پێغه‌مبه‌ری‌ ئیسلام حه‌زره‌تی‌ محمد(ص)، ده‌پارێمه‌وه‌ له‌خوای‌ به‌رزو به‌توانا ڕۆحی‌ مامۆستای‌ خواویست وبه‌رزو به‌رێز جه‌نابی‌ مامۆستامه‌لا ئه‌حمه‌دكاكه‌ محمود له‌و مه‌قامانه‌دابێت كه‌ خوای‌ گه‌وره‌ بۆ زانایانی‌ ئاماده‌ كردووه ‌، په‌روه‌ردگارا ئه‌وه‌نده‌ی‌ ئێمه‌ بزانین ئه‌وپیاوه ڕاستگۆ بوو به‌رامبه‌ر به‌و وه‌عده‌ی‌ به‌ تۆی‌ دابوو ژیانی‌ فرۆشت ره‌نگ وسیما و مێزه‌رو ڕیش وگوتاروگوفتاری‌ هه‌مووی‌ له‌ به‌ر تۆ و بۆ تۆی‌ ته‌رخان كرد، ده‌سا تۆش بیخه‌ره‌ ناو قه‌سری‌ نور ، باخی‌ به‌هه‌شت ، له‌ به‌ر خاتری‌ ناوه‌ پیرۆزه‌كانت.
به‌ڵێ‌ كۆچی‌ جه‌نابی‌ مامۆستائه‌حمه‌د كاكه‌محمود خوا لێی‌ ببورێ‌ به‌راستی‌ كۆچێكی‌ زۆر به‌په‌له‌و زۆر گه‌وره‌ بوو ماوه‌ی‌ نه‌دا له‌به‌ری‌ داری‌ بیری‌ خۆی‌ بچنێته‌وه ‌، ماوه‌ی‌ نه‌دا به‌رهه‌می‌ خۆی‌ ببینێ‌ ، ماوه‌ی‌ نه‌دا خه‌ونی‌ گه‌وره‌ی‌ كه‌به‌ ره‌نج ومه‌شوه‌ره‌ت وهه‌وڵ وهه‌ڵوێست بونیادی‌ ده‌نا لێی‌ بێته‌دی‌. مامۆستا عالمێكی‌ گه‌وره‌ بوو پیاوێكی‌ راستگۆ بوو پیاوێكی‌ بێ‌ زیان وبه‌سود بوو پیاوێكی‌ په‌روه‌رده‌ سه‌نگین بوو پیاویكی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ وكه‌سایه‌تییه‌كی‌ ئیسلامی‌ بوو ، مامۆستا ئه‌حمه‌د مامۆستایه‌كی‌ ناسراو بو و، كامڵ بوبوو له‌ته‌جروبه‌و وانه‌و هه‌نگاوی‌ عه‌مه‌لی‌، ده‌ورو زه‌مانه‌ هه‌موو ڕووه‌كانی‌ ژیانی‌ بینی‌، چاوكراوه‌ بوو به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌رو پێش هاته‌كان گومانی‌ وابوو دوای‌ ئه‌م په‌راگه‌نده‌یی‌ و لێك جیاییه‌ی‌ نێوماڵی‌ موسڵمانان هۆیه‌كی‌ زۆر ئاماده‌ بێت بۆ یه‌كخستنه‌وه‌یان وێرای‌ ئه‌مانه‌ مامۆستا له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ رێز لێگیراو بوو ، جا كه‌سێك ئه‌مه‌ نموونه‌ی بێت له‌ دیدی‌ منی‌ دووره‌وه‌ ، چۆن وه‌فاتی‌ كاره‌سات نییه‌ چۆن جێگای‌ خاڵی‌ نییه‌ ، چۆن بۆ رابوون و موسڵمانان خه‌فه‌ت نییه‌ ، به‌راستی‌ مه‌گه‌ر خوا خۆی‌ جێگه‌ی‌ ئه‌و جۆره‌ پیاوانه‌ پر بكاته‌وه‌ . ئێمه‌ش ته‌نها له‌به‌رامبه‌ری‌ كۆچه‌كه‌یدا توانیمان بڵێین : [ إنا لله و إنا إلیه‌ راجعون ] .

پ2 : بانگه‌وازو هیجره‌ت و جیهاد سێ لایه‌نی پێكهێنه‌ری ئیسلامیه‌ ، پێتان وایه‌ ئه‌م لایه‌نانه‌ له‌ ژیانی مامۆستادا ره‌نگی دابوویه‌وه‌ ؟

وه‌لامی‌ پ/2
به‌ڵًێ‌ جه‌نابی مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود له‌ژیانی‌ كورتی‌ پر به‌ره‌كه‌تیدا توانی‌ واجباتی‌ دینه‌كه‌ی‌ خۆی‌ بگه‌یه‌نێ‌ پێش ئه‌مانه‌ توانی‌ خۆی‌ به‌ته‌واوی‌ پێبگه‌یه‌نێ‌ ، له‌ به‌رامبه‌ر خواو پاشان دین و خه‌ڵكدا ، خۆی‌ به‌ قه‌رزار ده‌زانی‌ بۆ گه‌یاندنی‌ ئیسلام ، خۆی‌ به‌ به‌رپرس ده‌زانی‌ به‌رامبه‌ر گه‌یاندنی‌ دینی‌ خوا ، خه‌ڵكی‌ پاك ، دڵی‌ پاك ، نییه‌تی‌ پاك له‌لایه‌نی‌ خوای‌ پاكه‌وه‌ ، هه‌موو ئه‌مانه‌ هۆی‌ یه‌كخستنی‌ ئه‌و دلاَنه‌ بوون كه‌ روویان له‌ بانگه‌وازه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی‌ جه‌نابی مامۆستا ده‌كرد ، مامۆستا به‌بێ‌ حیزب ، به‌بێ‌ سامان ، به‌بێ‌ … هتد ، كارێكی‌ زۆر گه‌وره‌شی‌ دابوویه‌ به‌ر چالاكی‌ ، هۆشیار كردنه‌وه‌ی‌ موسڵمانان و زیندوو راگرتنی‌ هه‌ست و بیری‌ نه‌وه‌ی‌ نوێی‌ و جۆشدانی چین و توێژه‌كان بۆ خواپه‌رستیی‌ و گوێنه‌دان به‌ ده‌نگی‌ ده‌فی‌ رژێم ، هه‌رچه‌نده‌ گه‌وره‌ بوو به‌لاَم به‌ناوبۆش وه‌سفی‌ ئه‌كرد و هه‌موو گه‌وره‌یی‌ و به‌ندایه‌تییه‌كی‌ بۆ خوا ئه‌گه‌رانده‌وه‌ ، هه‌موو شوكرو خه‌باتێكی‌ بۆخوا به‌ پێویست ده‌زانی‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو چاكانه‌ی‌ به‌سه‌رمانه‌وه‌ن . مامۆستا تا له‌ هه‌ق و راستی‌ زیاتر و زیاتر نزیك بوایه‌ته‌وه‌ ، ده‌چووه‌ ناو دڵی‌ خواپه‌رستانی‌ ناوچه‌كه‌وه‌ به‌تایبه‌ت مامۆستا مێزه‌ر پاكه‌كان ، كه‌ به‌ رووی‌ رژێمدا وه‌ك چیا راوه‌ستابوون . ئه‌مه‌ هۆی‌ نهێنی‌ و سه‌ره‌تای‌ هاتنی‌ جه‌نابی‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د بوو بۆناو كرۆكی‌ بانگه‌واز ، بۆناو ئه‌مه‌ل و هیوای‌ خواناسان ، بۆناو دڵی‌ موسڵمانان ، دیاره‌ به‌ینی‌ خۆی‌ و خوا كاریگه‌ر بوو ، هه‌رله‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو به‌ینی‌ جه‌نابی و خه‌ڵكه‌كه‌ زۆر كاریگه‌ر بوو تاوای‌ لێهات كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر هه‌وادارانی‌ رژێمیش دروست ده‌كردو ، پیلانی‌ تۆوی‌ ته‌فره‌قه‌ی‌ رژێم به‌رامبه‌ر چینه‌كانی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌گه‌یاندنی‌ دینه‌ جوانه‌كه‌ی‌ ئیسلام پووچه‌ڵ ئه‌كرده‌وه‌ ، رژێم سه‌خڵه‌ت بوو ، ئارامی‌ نه‌ما هه‌رچی‌ ده‌كا بێ‌ به‌رو بێ‌ بایه‌خه‌ ناچار گوشاری‌ زیاتری‌ خسته‌ سه‌ر موسڵمانان و پیلانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ جه‌نابی‌ و زانایانی‌ ترو گه‌نجه‌كانیدا ، هه‌رله‌به‌رئه‌وه‌ بوو مامۆستاو مامۆستایان و موسڵمانانی‌ ناوچه‌كه‌ روویان له‌ كۆچكردن كرد و ئه‌و رژێمه‌یان به‌ عه‌مه‌لی‌ ره‌فز كردو رویان نایه‌ ولاَتی‌ غه‌ریبی‌ له‌گه‌ڵ مامۆستا و برایانی‌ ناوچه‌كانی‌ تردا هه‌موو پێكه‌وه‌ توانییان ئاراسته‌و بیرو كاریان رێكبخه‌ن و دوای‌ بانگه‌واز و هیجره‌ت بیر له‌ راگه‌یاندنی‌ جیهاد به‌ رووی‌ زوڵم و زۆری‌ كوفری‌ رژێمدا بكه‌نه‌وه‌ ، به‌ڵێ‌ دوای‌ هیجره‌ت له‌گه‌ڵ مامۆستایاندا هه‌موو تواناكانیان كرده‌یه‌ك ، یه‌ك ئامانج ، یه‌ك هێز ، یه‌ك قیاده‌ ، یه‌ك ناو یه‌ك دوژمن دواتر چه‌ندین كاری‌ تر كران ، وه‌ك : فێرگه‌ی‌ سه‌ربازی‌ و راهێنان و دروستكردنی‌ رقی‌ پیرۆز و بانگی‌ جیهادو په‌روه‌رده‌ كردنی‌ مه‌فره‌زه‌كان به‌ئاكارو خزمه‌تی‌ ئیسلامه‌تی‌ و لێبران و سه‌ركرده‌یی‌ و سه‌ربازیی‌ و گوێرایه‌ڵی‌ و به‌قسه‌ كردن و .. هتد ، هه‌موو بوونه‌ كاری‌ به‌رده‌وامیی‌ ئه‌و كۆچ و قۆناغی‌ رووبه‌روبوونه‌وه‌ به‌رامبه‌ر رژێمی‌ پرله‌چه‌ك ، پرله‌ كیمیایی ‌، پرله‌تانك وتۆپ پرله‌سام و زۆر ، بونه‌ ئه‌مه‌ل و هیواو دوژمن مه‌رگی‌ خۆی‌ له‌هێزی‌ ئه‌واندا ده‌بینی‌. جه‌نابی‌ مامۆستائه‌حمه‌د له‌م كاتانه‌دا ئه‌ركی‌ زۆری‌ له‌سه‌ر بوو ده‌وری‌ زۆری‌ بینی‌ خوای‌ گه‌وره‌ لێی‌ قبوڵ بكات.

پ3 : مامۆستا بانگه‌وازی خۆی له‌ دوانگه‌ی مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ راگه‌یاندو ووتاره‌كانی هه‌ینی و بۆنه‌كان شوناسێكی ناوازه‌ی به‌م زانا سه‌ركرده‌یه‌ به‌خشی ، قۆناغی بانگه‌وازو چالاكی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د له‌م لایه‌نه‌وه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت ؟

وه‌لاَمی‌ پ/3
مامۆستاوه‌ك باقی‌‌ مامۆستاكانی‌ تر له‌مینبه‌ره‌وه‌ ئاراسته‌ی‌ موسڵمانانیان ئه‌كرد له‌به‌رئه‌وه‌ ماوه‌یان نه‌ئه‌دا نارێكی‌، یان ناره‌وایی‌ ، یان كه‌م وكوڕی‌ له‌بیرو عه‌قیده‌ی‌ موسڵماناندا ، یان له‌ده‌ستێوه‌ردانی‌ بێگانه‌ له‌ناو بیرو فیكری‌ موسڵماناندا هه‌ستی‌ به‌وه‌ ئه‌كرد به‌په‌له‌ راستكردنه‌وه‌و هه‌ڵوێستی‌ ڕون و ڕه‌وانی‌ له‌به‌رامبه‌ریانه‌وه‌ ئه‌داو ئه‌وكاته‌ خۆی‌ به‌ماندو نه‌ئه‌زانی‌ هه‌قێكی‌ پێبێ‌ و بیڵێ نه‌ك ناهه‌قی‌ ببینێ‌ و نه‌توانێ‌ روونكردنه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر بدات. وه‌ هه‌ولێ‌ زۆری‌ مامۆستا له‌سه‌رئه‌وه‌ بوو كه‌ گه‌له‌كه‌ی‌ شانازی‌ به‌ دینه‌كه‌ی‌ خۆیه‌وه‌ بكات كه‌ ئیسلامه‌و بۆته‌ حه‌یاتی‌ ، وه‌ بلاَو كردنه‌وه‌ی‌ نووسینه‌كانی‌ شاهیدی‌ گه‌وره‌ن له‌سه‌ر ئه‌مه‌.

پ4 ) مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د یه‌كێك بوو له‌ عه‌له‌مدارانی جیهادو دامه‌زرێنه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی ، كاریگه‌ریی ئه‌م سه‌ركرده‌ ئیسلامییه‌ له‌سه‌ر ره‌وتی ئیسلامی جیهادی كوردستان چۆن و له‌ چ ئاستێكدا بووه‌ ؟

وه‌لاَمی‌ پ/4
جه‌نابی‌ مامۆستا ئه‌حمه‌دیش وه‌ك هه‌ندێ‌ له‌ مامۆستایانی‌ تر پێش حیزب هه‌ربوون ، هه‌ر ناسراو بوون ، هه‌ر ئاماژه‌یان بۆده‌كرا ، به‌ رێبه‌رایه‌تی‌ هه‌موو مامۆستایان‌ به‌راستی‌ بزووتنه‌وه‌ زوو گه‌وره‌ بوو ، زوو چوویه‌ ئاستی‌ كاری‌ خۆیه‌وه‌ ، وه‌ كه‌سایه‌تی‌ زۆر زۆر له‌ده‌وری‌ بوون ، جه‌نابی مامۆستا ئه‌حمه‌دیش زۆربه‌ی‌ به‌رپرسیارێتی‌ مه‌كته‌به‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی‌ بریبوو ، وه‌ ئه‌ندامێكی‌ كاراو خاوه‌ن قورسایی و خاوه‌ن توانا بوو له‌ نێو مه‌كته‌بی سیاسیدا ، زۆری مه‌به‌ست بوو ئیسلام هێزی‌ هه‌بێ ، بوونی‌ هه‌بێ‌ ، ده‌نگی‌ هه‌بێ‌ ، سامانی‌ هه‌بێ‌ ، سیاسه‌تی‌ هه‌بێ‌ ، ئابووریی‌ و راگه‌یاندنی‌ هه‌بێ‌ . زۆری‌ مه‌به‌ست بوو ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ هه‌میشه‌ ده‌قاوده‌قی كاری‌ له‌خزمه‌تی‌ ئیسلام و موسڵماناندا بێ ، زۆری‌ لا مه‌به‌ست بوو ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده‌ روو جوان و رووگه‌ش و نه‌رم و نیان و به‌خزمه‌ت بێت به‌رامبه‌ر به‌ چین و توێژه‌كان ئه‌وانیش نكوولێ‌ نه‌كه‌ن له‌بوونی‌ . وه‌ ته‌نانه‌ت نه‌یارانیشی‌ حه‌زی‌ ده‌كرد نه‌توانن ره‌خنه‌ی‌ لێبگرن له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر په‌یره‌و كار بكات و گه‌وره‌و بچووكی‌ تیا بێت و هه‌مووی‌ ته‌واوكه‌ری‌ یه‌كترو خزمه‌تكاری‌ دین بێت .

پ5 : په‌یامتان بۆ هه‌واداران و قوتابیانی و هاورێبازانی چییه‌ ؟ !

وه‌لاَمی‌ پ/5
من دڵنیام مامۆستا ئه‌حمه‌د له‌سه‌ره‌تاوه‌ خۆی‌ خۆیی دروست كرد ، راستی‌ خۆی‌ هێنایه‌ پێشه‌وه‌ ، ئه‌م دینه‌ راستبه ‌له‌گه‌ڵیدا سه‌رت ئه‌خات ، شتی‌ دیكه‌ی‌ تێكه‌ڵ بكه‌ی‌ لێتی‌ قبووڵ ناكات . وه‌ مامۆستا كاری‌ كردو خوای‌ گه‌وره‌ش‌ كاری‌ لێداوایه‌ نه‌ك سه‌ركه‌وتن ، وه‌ ئه‌م چه‌ند دێره‌ی‌ شاعیر ده‌كه‌مه‌ جوابی ئه‌م پرسیاره‌ :

له‌لام سه‌یره‌ هه‌روه‌ك ته‌رازوو وایـه‌   *    هه‌ڵسه‌نگاندن له‌لای‌ ئـا ئـه‌م دنیایـه‌
دنیا سه‌یره‌ سه‌یر شێواوه‌پۆی‌ كێشان   *   قورس بۆ زه‌وی‌ سووكه‌ ئه‌چێ‌ بۆ ئاسمان

له‌ كۆتاییدا خوایه‌ گیان وامان لێبكه‌یت بۆ تۆ بژین ، بۆ تۆ بمرین ، خوایه‌گیان بمانبووره‌و لێمان خۆشبه‌ ، خوایه‌ گیان بمانكه‌ هه‌وێنی‌ برایه‌تی‌ و خۆشه‌ویستی‌ ، خوایه‌كیان ره‌حم به‌ زیندووه‌كانمان بكه‌یت ، به‌چاوی‌ رێز بۆیان بروانین ، وه‌ له‌ كۆچ كردووه‌كانمان خۆش بی‌ ، وه‌ بتوانین یادی‌ خێریان بكه‌ین ، وه‌ به‌هه‌شتی‌ خۆت به‌وان بده‌یت و چاوی‌ به‌زه‌ییشت له‌ ئێمه‌ بێت ، خوای‌ گه‌وره‌ و میهره‌بان به‌ئه‌ندازه‌ی‌ رهێڵه‌ی‌ باران سلاَوو رێزی‌ خوا بۆسه‌ر گیانی‌ پاكی‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د دا ببارێ ، له‌ قه‌بره‌كه‌یدا نووری‌ تۆ دایگرێ‌.

عبدالرحمن عبدالرحیم -  هه‌له‌بجه‌ی شه‌هید

بەروار2020/03/30سەردان 984