دیداری به‌رێز مامۆستا شێخ محمد به‌رزنجی


دیداری به‌رێز مامۆستا شێخ محمد به‌رزنجی


1-  پرسیار: ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حمود ناوێكی‌ دیاری‌ ناو ڕابوونی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان، زانایه‌كی‌ روناكبیرو كه‌سایه‌تییه‌كی‌ سیاسی‌و سه‌ركرده‌یه‌كی‌ مه‌یدانی‌ بوو، پێتان وانیه‌ له‌ده‌ستدانی‌ ئه‌م زاناو سه‌ركردانه‌ بۆشاییه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌ناو ڕیزی‌ مسوڵماناندا دروست ده‌كات‌و به‌ئاسانی‌ پڕنابێته‌وه‌؟

وه‌ڵام: 1
بسم الله الرحمن الرحیم .. ئه‌وه‌ راستیه‌كه‌ كه‌س ناتوانێت نكوڵی‌ لێ‌ بكات به‌راستی‌ نموونه‌ی‌ كه‌م بوو , هه‌موو لایه‌كمانی‌ نیگه‌ران كرد كه‌ پیاوی‌ وا خاوه‌ن امتیاز جوانه‌ مه‌رگ بوو هه‌موو موسڵمانان به‌ تایبه‌ت موسڵمانانی‌ كوردستان زانایه‌كی‌ وا گه‌وره‌مان له‌ ده‌ست ده‌رچوو , هیوادارین رۆڵه‌ موسڵمانه‌ به‌ نرخه‌كانی‌ هه‌میشه‌ ئه‌و شارێگه‌یه‌ بگرن كه‌ باوكی‌ به‌ڕێزیان گرتبووی‌ و پیا رۆشتبوو.

2- پرسیار: بانگه‌وازو هیجره‌ت‌و جیهاد سێ‌ لایه‌نی‌ پێكهێنه‌ری‌ ئیسلامییه‌، پێتان وایه‌ ئه‌م لایه‌نانه‌ له‌ ژیانی‌ مامۆستادا ره‌نگی‌ دابوویه‌وه‌؟

وه‌ڵام : 2
بێگومان زانیاری‌ و بانگه‌واز و هیجره‌ت و جیهاد ره‌وشتی‌ به‌رزی‌ مامۆستا چراخانێك بوو هه‌رگیز ناكوژێته‌وه‌.

3 - پرسیار: مامۆستا بانگه‌وازی‌ خۆی‌ له‌ دوانگه‌ی‌ مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ ڕاگه‌یاندو وتاره‌كانی‌ هه‌ینی‌و بۆنه‌كان شوناسێكی‌ ناوازه‌ی‌ به‌م زانا سه‌ركرده‌یه‌ به‌خشی‌، قۆناغی‌ بانگه‌وازو چالاكی‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د له‌م لایه‌نانه‌وه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ 

وه‌ڵام: 3
به‌ پێی‌ سه‌رنجدانی‌ من له‌ قورئان و سوننه‌ت و سیره‌تی‌ یار و یاوه‌رانی‌ پێغه‌مبه‌ر (دروودی‌ خوای‌ له‌ سه‌ر بێت ) و زانایان و دۆستانی‌ خوا مێژووی‌ ژیانی‌ مامۆستا له‌ مینبه‌ره‌وه‌ كه‌ تێپه‌ر بكات به‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی‌ خزمه‌تی‌ ئیسلام تا په‌روازی‌ رۆحی‌ پیرۆزی‌ بۆ فیرده‌وسی‌ باڵا جودا ناكه‌مه‌وه‌ له‌ مێژووی‌ ژیانی‌ سه‌له‌فی‌ صاڵح .

4- مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د یه‌كێك بوو له‌ عه‌له‌مدارانی‌ جیهادو دامه‌زرێنه‌رانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌، كاریگه‌ریی‌ ئه‌م سه‌ركرده‌ ئیسلامییه‌ له‌سه‌ر ڕه‌وتی‌ ئیسلامیی‌ جیهادی‌ كوردستان چۆن‌و له‌چ ئاستێكدا بووه‌؟

وه‌ڵام: 4
كاریگه‌ری‌ دڵسۆزی‌ و هه‌ڵسوكه‌وتی‌ هه‌روه‌ها كردار و گوفتار و ره‌فتاری‌ مامۆستا احمد له‌و مه‌یدانه‌دا كه‌ باسی‌ ده‌كه‌ی‌ له‌ ئاستی‌ ره‌زامه‌ندی‌ خودا و قه‌ڵه‌می‌ فریشته‌كان و پیاچوونه‌وه‌ی‌ ئاگادارانی‌ ئیسلامی‌ پله‌ی‌ به‌رزی‌ به‌ ده‌ست هێنا بوو , من له‌و كاته‌وه‌ كه‌ پێی‌ ئاشنا بووم كه‌ هێشتا قوتابی‌ بوو له‌ قوتابخانه‌ و په‌یمانگا ئیسلامیه‌كان تا كاتی‌ خواحافیزی‌ بۆ ناو پۆلی‌ پیاو چاكانی‌ ئه‌م ئوممه‌ته‌ خاڵێكی‌ سه‌لبیم تیا به‌دی‌ نه‌كرد له‌و بوارانه‌دا كه‌ باسم كرد خوای‌ گه‌وره‌ پاداشتی‌ بداته‌وه‌ .

5- پرسیار: په‌یامتان بۆ هه‌واداران‌و قوتابیانی‌‌و هاوڕێبازانی‌ چییه‌؟

وه‌ڵام 5:
داوا ئه‌كه‌م له‌ كه‌س و كار و هاورێكان و قوتابیان و هاونیشتمان و هاوبیرانی‌ هه‌روه‌كو ئه‌و خاوه‌نی‌ استقامه‌ت بن له‌ په‌یڕه‌وی‌ كردن له‌ جوانترین قدوه‌ حسنه‌ كه‌ رسول الله یه‌ هه‌روه‌ها خاوه‌نی‌ استقامه‌ بن له‌و په‌یمانه‌ی‌ كه‌ ده‌یده‌ن به‌ خودا و پێغه‌مبه‌ر و له‌ گرێبه‌ستی‌ برایه‌تی‌ له‌ گه‌ڵ موسڵمانان وه‌ك ئه‌و برا به‌ڕێزه‌مان كه‌ نموونه‌یه‌كی‌ به‌رز بوو له‌ جیهانی‌ ئیسلامدا و له‌ میانره‌ویدا.

له‌ كۆتاییدا له‌ خوای‌ گه‌وره‌ ئه‌پاڕێمه‌وه‌ كه‌ ئه‌و به‌ڕێزه‌ له‌ خزمه‌تی‌ رسول اكرم و له‌ كۆڕی‌ زانایانی‌ خواپه‌رستدا گیانی‌ پاكی‌ شاد و شادومان بێت هه‌روه‌ها له‌ خوای‌ گه‌روه‌ ئه‌پارێمه‌وه‌ كه‌ زانایانی‌ ئایینی‌ جیهانی‌ ئیسلام به‌ گشتی‌ و كوردستان به‌ تایبه‌تی‌ مصداقی‌ فه‌رمووده‌ی‌ په‌روه‌ردگار بن كه‌ ده‌فه‌رموێت :

من المؤمنین رجال صدقوا ما عاهدوالله علیه فمنهم من قضی‌ نحبه و منهم من ینتظر و ما بدلوا تبدیلا

والسلام علیكم و رحمة الله
 
براتان: شیخ محمد برزنجی‌

21/1/2008
 

بەروار2020/03/28سەردان 1531